كێ خاوه‌نى قه‌زیه‌ى كوردى باشووره‌ له‌ئێستادا؟

Sunday, 01.17.2021, 16:29

4479 بینراوە


گه‌لى كورد له‌باشورى كوردستان له‌ ساڵى 1961 ده‌ستى به‌ خه‌بات و تێكۆشان كردوه‌ له‌پێناوى به‌ده‌ست هێنانى مافه‌كانیدا   كه‌ ده‌كاته‌  60 ساڵى ته‌واو . نزیكه‌ى 29ساڵیشه‌ كوردانى باشور خاوه‌نى حوكمڕانى خۆیانن له‌ ژێر سێبه‌رى یه‌كێتى وپارتیدا . كورد له‌ ماوه‌ى ئه‌و 60 ساڵه‌دا توشى ده‌ربه‌ده‌رى و ماڵ وێرنى وئه‌نفال و كێمیابران و كۆڕه‌وى یه‌ك ملیۆنى بوه‌و ده‌ریایه‌ك خوێنى ڕشتوه‌ . زۆر  هه‌لى مێژویی زێڕێن وبه‌نرخمان بۆ هاتونه‌ پێشه‌وه‌ وه‌كو ڕاپه‌ڕینى ساڵى 1991 و ڕوخانى ڕژێمى سه‌دام له‌ ساڵى 2003 دروستبونى داعش و به‌و هۆیه‌وه‌ هه‌موو ناوچه‌ داگیركراوه‌كان كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزى پێشمه‌رگه‌وه‌ . 
له‌ هه‌موى گرنگتر ئه‌و پشتیوانیه‌ گه‌وره‌یه‌ى هاوپه‌یمانان له‌ كوردیان كردو ئه‌و هه‌موو هاوكاریه‌ مادى و مه‌عنه‌وى و چه‌ك و تفاقى جه‌نگییه‌ى دایان به‌ كورد . به‌ڵام ئێمه‌ى كورد نه‌مان توانى سود له‌ هیچ وه‌رگرین و  دواڕۆژى خۆمان مسوه‌گه‌ر بكه‌بن دواى 29 ساڵ  حوكمڕانى  هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار واته‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌  خه‌ریكى شه‌ڕو ئاژاوه‌و تاڵانى سامانى نیشتمانى بون . خه‌رێكى رشِتنى خوێنى  هاوڵاتیان بون به‌ناوى كوردایه‌تییه‌وه‌ له‌پێناوى مانه‌وه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا . 
ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ خه‌ریكى سازش بون له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و به‌غداو ژێر به‌ ژێر دژى یه‌كترى كاریان كردوه‌و میلله‌تى كوردیان سوك كردوه‌.  من نامه‌وێت  بچمه‌ باسى ورده‌كارى هه‌موو ڕابوردو و 29 ساڵى حوكمڕانى چونكه‌ ئه‌وه‌ زۆرى ده‌وێت و زۆرینه‌ى خه‌ڵكیش له‌ناوجه‌رگه‌ى ڕوداوه‌كاندا بونو ئاگادارى هه‌موو ورده‌كاریه‌كانن .  ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت باسى بكه‌م ئه‌وه‌یه‌:  
كێ خۆى به‌ خاوه‌نى قه‌زیه‌ى كورد ده‌زانێت له‌ باشورى كوردستان . كێ به‌رپرسیاره‌  له‌ به‌رامبه‌ر داواكانى خه‌ڵك . ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵك . ئاینده‌ى  باشورى كوردستان . دواجار ئه‌ركى جه‌ماوه‌ر چییه‌ له‌م قۆناغه‌دا كه‌ بیكه‌ن ؟.  ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین له‌ ئێستادا كه‌س له‌ خه‌مى ئه‌م هه‌رێمه‌دا نییه‌ . واته‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ كه‌س خاوه‌نى نییه‌ . كه‌سیش له‌ خه‌مى هاولاتیدا نییه‌ . له‌ هه‌موى خرابتر ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتیانیش له‌ خه‌مى خۆیاندا نین . یه‌كێتى و پارتى وه‌كو كۆمپانیایه‌كى گه‌وره‌ى به‌رهه‌م هێن مامه‌له‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن . واته‌ ئه‌وه‌ى بیرى لێ ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌سكه‌وتى خۆیانه‌ .   له‌ ئێستادا خه‌ڵك له‌ هه‌موو كاتێك بێ ئومێدتره‌ له‌ ئاینده‌ى خۆیی و مناڵه‌كانى . خه‌ڵك بێ نان و ئاو موچه‌یه‌ . ته‌عریب له‌ ناوچه‌ كورد نشینه‌كان ده‌ستى پێكردۆته‌وه‌ . له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هات و هاواره‌ى خه‌ڵك  یه‌كێتى و پارتى  به‌ ئاشكراو به‌ڕۆژى ڕوناك  داهاتى گومرگ و ناوخۆو نه‌وت بۆخۆیان به‌تاڵان ده‌به‌ن . هه‌رچى زه‌وى حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆخۆیانیان بردوه‌ و موچه‌ش به‌ خه‌ڵك ناده‌ن . 
هه‌رێمى كوردستان بۆته‌ دوو به‌شه‌وه‌و په‌ڕله‌مان بۆته‌ شوێنى كاراتى و  چه‌قۆكێشى و به‌ ئاشكرا په‌لامارى چێشتخانه‌و پزیشك و پۆلیسى هاتوچۆ ده‌درێت و كه‌س نییه‌ پرسینه‌وه‌ بكات . كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى  هه‌ى له‌وه‌ى ئازابێت و  به‌شى خۆى ببات .  له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا جه‌وله‌ى مه‌كوكى ده‌ست پێده‌كرێت  بۆ خه‌ڵه‌تاندن و ده‌ست بڕینى یه‌كترى له‌ لایه‌ك و ده‌ست بڕینى جه‌ماوه‌ر له‌ لایه‌كى تر . كاتێكیش هه‌ڵبژاردن ته‌وا ده‌بێت و به‌ به‌ فرت و فێڵ ده‌نگى زۆر ده‌هێنن ، وه‌كو جاران ئه‌وان ده‌بنه‌وه‌ به‌سوار و خه‌ڵكیش پیاده‌و ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ تاڵان . 
كاتێك نێچیر بارزانى به‌ناوى سه‌ربه‌خۆیی ئابورى كوردستانه‌وه‌ نه‌وتى تاڵان فرۆش كرد ، ده‌یگوت لێره‌ به‌دواوه‌ هه‌موو كه‌س به‌شى خۆى به‌ جیا له‌نه‌وتدا ده‌بێت . ئێستا میلله‌ت نزیكه‌ى 30 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌ . قوباد تاڵه‌بانى ده‌یگوت ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وم 5 هه‌زار كارگه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌س داده‌مه‌زرێنم . ئێستا كه‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌ خه‌ریكن فۆڕم دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌ناوى دامه‌زراندنه‌وه‌ . ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌  هه‌مووساڵى 2020 ته‌نها 5 موچه‌ دراوه‌ .  سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و نه‌خه‌ڵكیش  هیچ وانه‌یه‌كیان  له‌ ڕابوردوى ئه‌م حیزبانه‌ وه‌ر نه‌گرتوه‌ . ئاخر تاكه‌ى له‌ درۆوساخته‌چییه‌تى ئه‌مانه‌ شاره‌زانابن ؟. 
سه‌رده‌مانێك  پارتى كلاِوى كردبوه‌ سه‌رى یه‌كگرتوى ئیسلامى و  به‌شدارى حكومه‌تیان كرد له‌پێناوى چه‌ند پۆستێكدا ، دوایی خۆیان بینیه‌وه‌ چیان به‌سه‌ر هات . ئێستا كڵاویان كردۆته‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و  به‌ناوى چاكسازیه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌تن . ئه‌وه‌تا گۆڕانخوازان خه‌ریكى خۆپیشاندانن دژى سه‌رانى حیزبه‌كه‌یان .  به‌یانیش هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وه‌ى ئه‌م حیزبانه‌ باوكیان كوشتوه‌ نانیان بڕیوه‌ موچه‌یان نه‌داوه‌تێ له‌ پێش هه‌موانه‌ ده‌چێت بۆ ده‌نگدان و شه‌ڕ ده‌كات ئه‌ویان ده‌ڵێت خوێنم سه‌وزه‌و ئه‌ویان ده‌ڵێت زه‌رد . به‌ڕاست ده‌بێ میلله‌تێكى ترى وه‌كو ئێمه‌ له‌ جیهاندا هه‌بێت ؟. 
له‌ ئێستادا كه‌ هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى عێراق نزیك بۆته‌وه‌ هه‌موو حیزبه‌كان خه‌رێكى خۆ ئاماده‌كردنن بۆ هه‌ڵبژاردن . به‌ڵام كه‌س له‌ خه‌مى قه‌زیه‌ى كورد و ئاینده‌ى میلله‌تدا نییه‌ . گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگى باش بهێنێت و  به‌ناوى كورده‌وه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ ده‌سكه‌وتى خۆى . ئه‌گه‌ر بڵێم تا ئێستا  هه‌رێم نوێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى له‌ به‌غدا نه‌بوه‌ درۆ نییه‌ .
 بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كار هه‌ر وه‌كو ڕابوردوو بڕوات  ئه‌مجاره‌ش كورد بێ خاوه‌ن ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ به‌غدا .  ئه‌گه‌ر چاو به‌ڕابوردوى  دوو بنه‌ماڵه‌دا بخشێنینه‌وه‌  ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ى تا ئه‌مانه‌ حوكمڕان و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بن نه‌ك كورد به‌ مافه‌كانى ده‌گات ، ئه‌وه‌شى هه‌مانه‌ له‌ ده‌ستى ده‌ده‌ین . ئه‌مانه‌ نوێنه‌رى كوردنین به‌ڵكو  دوو لایه‌نى  دزوتالانچى و مافیاو نیشتمان فرۆش و  دژ به‌ میلله‌تن .بۆ  كه‌مكردنه‌وه‌ى  ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى و پارتى واته‌ دوو بنه‌ماڵه‌ پێویسته‌ ڕه‌چاوى ئه‌م خاڵانه‌ى خواروه‌ بكرێت :
1-هه‌موو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان  واته‌ نه‌وه‌ى نوێ ، یه‌كگرتوى ئیسلامى ، كۆمه‌ڵى ئیسلامى ، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و حیزبى شیوعى  ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌كه‌ن و خۆیان به‌ نوێنه‌رى میلله‌ت ده‌زانن  پێویسته‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یك ڕیككه‌ون و به‌ یه‌كگرتویی بچنه‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ . هیچ یه‌كێك له‌م حیزبانه‌  به‌ ته‌نیا هیچیان پێ ناكرێت  ئه‌گه‌ر كورسییه‌كانیشیان ببێته‌ دوو هێنده‌ چونكه‌ خاوه‌نى هێزى چه‌كدار نین . ئه‌م حیزبانه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌شدارن له‌ په‌ڕله‌مان و نه‌یان توانیوه‌ هیچ بكه‌ن چونكه‌ په‌ڕله‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى كه‌مینه‌و زۆرینه‌ كار ده‌كات . حه‌ق وایه‌ تێ بگه‌ن و چیتر خۆیان نه‌خه‌ڵه‌تێنن و ڕێگایكى تر تاقیبكه‌نه‌وه‌ . 
2-كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌  كه‌سانى ڕۆشنبیر و نوسه‌رو خاوه‌ن كه‌سایه‌تى و مامۆستایانى زانكۆ هه‌موو دڵسۆزانى ئه‌م میلله‌ته‌ بكه‌ونه‌ خۆیان و بێنه‌ سه‌رخه‌ت و  هه‌وڵ بده‌ن  زه‌مینه‌ خۆش بكه‌ن بۆ پێكهێنانى  به‌ره‌یه‌كى  نیشتمانى به‌هێز  بۆئه‌وه‌ى ئه‌م به‌ره‌یه‌ ببێته‌ جێگره‌وه‌ى  هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار و  نوێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى جه‌ماوه‌ر و چى تر ڕێگا نه‌ده‌ن  پارتى و یه‌كێتى  بازرگانى به‌ داهاتوى ئه‌م هه‌رێمه‌و دانیشتوانیه‌وه‌ بكات . 
3- ئه‌گه‌ر حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌انى ئێستا ئاماده‌ نه‌بون  له‌سه‌ر پیكهێنانى به‌ره‌یه‌كى ئاوا ڕێك بكه‌ون ، حه‌ق وایه‌  كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كانى ناو ئه‌و حیزبانه‌  به‌تاك  ببنه‌ پشتیوانى ئه‌و به‌ره‌یه‌ . خۆشبه‌ختانه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌ به‌ دیار كه‌وتوه‌و ئێستا كه‌سانێك هه‌ن كه‌ به‌ ئاشكرا پشتیوانى له‌ پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى بنكه‌ فراوان ده‌كه‌ن دژى بۆچونى حیزبه‌كانى خۆیان . 
4- جه‌ماوه‌رێكى ناڕازى یه‌كجار زۆر هه‌یه‌ كه‌ زۆر زیاتره‌ له‌ جه‌ماوه‌رى پارتى و یه‌كێتى . خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دوایه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ى سه‌لماند و چه‌ندین كه‌س شه‌هید و بریندار بون . به‌ڵام ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌  به‌رفراوانه‌ ناڕازیه‌ پیویستى به‌ ڕێخستن هه‌یه‌ . پێویستى به‌ڕابه‌ر هه‌یه‌ . لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌ ڕابه‌رى تاكه‌ كه‌سى  نییه‌ چونكه‌ هه‌مومان ده‌ستمان به‌و ئاگره‌ سوتاوه‌ . مه‌به‌ستى من له‌ ڕابه‌ر  به‌ره‌یه‌كى فراوانه‌  كه‌ هه‌موو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و خه‌ڵكه‌ ڕۆشنبیره‌كان و  جه‌ماوه‌ره‌ زۆره‌كه‌ى تێدا كۆببیته‌وه‌ و هه‌موان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك ڕیك بكه‌ون و به‌ره‌یه‌كى تۆكمه‌ى به‌هێز دروست بكه‌ن . 
ده‌تونرێت ئه‌و به‌ره‌یه‌ ناوى بنرێت  به‌ره‌ى گه‌ل له‌ به‌رامبه‌ر  به‌ره‌ى گه‌نده‌ل  یه‌كێتى و پارتى و هاو ئاوازه‌كانیان ده‌گرێته‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ره‌یه‌ بتوانێت ژماره‌یه‌كى كورسى باش له‌ په‌رله‌مانى به‌غدا بهێنێت ، یه‌كێتى و پارتى چیتر ناتوانن كوێخاى كوردبن له‌ به‌غدا . ئێستا سه‌یركه‌ن ئه‌و 15 ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ى له‌ به‌غدا  فراكسیۆنى هێوایان پێك  هێناوه‌  ترسى زۆریان بۆ پارتى و یه‌كێتى دروست كردوه‌ . ئه‌وه‌تا هه‌ردووو لایان له‌ ترسان پیرۆزباییان ڵێ ده‌كه‌ن .
 ئه‌وه‌ مامه‌ حه‌مه‌ییه‌ بۆیان . چونه‌كه‌ كه‌ پارتى چۆته‌ به‌غدا لاى عه‌ره‌به‌كان وتویانه‌  ئێمه‌ زۆرینه‌ین و  نوێنه‌رى كوردین ، ئه‌وان پَیان وتون چیتر ئێوه‌ به‌ ته‌نها نوێنه‌رى كورد نین و  ئه‌وه‌تا خه‌ڵكى تریش هه‌یه‌ نوینه‌رى  كوردن . ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كى زۆر باش و موژده‌ به‌خشه‌ . ئێستا وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ ته‌نها ئه‌م 15 ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ نوێنه‌رى خه‌ڵكى كوردبن . ئه‌مانه‌ داواده‌كه‌ن كورد له‌گه‌لأَ به‌غدا ڕێك بكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى خه‌ڵك بدرێت . به‌ڵام پارتى ڕێك ناكه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بن له‌ دزینى پاره‌ى نه‌وت .
به‌ڵام ئیستا زۆر زوه‌ له‌ مه‌به‌ستى پێك هێنانى ئه‌م فراكسیۆنه‌ تێ بگه‌ین . ئایا ئه‌م هات و هاواره‌یان له‌پێناوى به‌رژوه‌ندى كورده‌ یان خۆیانه‌ ؟. ئایا ده‌یانه‌وێت  له‌م ڕێگایه‌وه‌ پێگه‌ى خۆیان له‌ناوجه‌ماوه‌ردا به‌ هێز بكه‌ن ، یان به‌رژوه‌ندى گشتى ؟. ئایا ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه‌ جارێكى تریش ببنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامى په‌ڕله‌مان یان مه‌به‌ستیان به‌رژوه‌ندى كورده‌ ؟؟ . له‌ داهاتودا وه‌ڵامى هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت . به‌ڵام ده‌توانرێت  ئه‌مه‌ بكرێته‌ پێوه‌ر ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر  بیانه‌وێت  ده‌توانن  به‌ره‌یه‌كى به‌هێز دروست بكه‌ن و ببنه‌ به‌دێلى پارتى و یه‌كێتى . 
بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌یه‌كى نیشتمانى فراوان پێك بهێنرێت  و به‌ جیا بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بێشك جێگا به‌ یه‌كێتى پارتى له‌ق ده‌كات . ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌ره‌یه‌ پێك بهێنرێت و ده‌ست بكه‌ن به‌ ڕونكردنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك و هوشیاریان بكه‌نه‌وه‌  سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ست دێت . بۆ نمونه‌ بڵێن كارمه‌ندانى  بارى شارستانى و  ره‌گه‌زنامه‌و پاسپۆرت و ئیقامه‌و به‌نداوه‌كان و پۆلیسى دارستان و پاراستنى سنووره‌كان  ئاگاداربن هه‌موومانگێك موچه‌كه‌تان دێت و  ئه‌م حكومه‌ته‌  پێتان نادات . مامۆستایانى به‌شى كوردى له‌ كه‌ركوك  ئه‌وه‌تا هه‌موو مانگێك  ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر به‌غدان موچه‌ وه‌ر ده‌گرن به‌ڵام بۆ ئێوه‌ نییه‌ . 
ئه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئیشیان پێتانه‌ بۆ شه‌ر بانگتان ده‌كه‌ن و به‌ شه‌هیدكردنتان ده‌ده‌ن و دوایی له‌ كه‌س و كارتان ناپرسنه‌وه‌ . له‌ برى ئه‌وه‌ موچه‌ى ئێوه‌ ده‌ده‌ن به‌10 هه‌زار  چه‌كدارى كوردى سورى و ئێرانى  بۆ ئه‌وه‌ى به‌ گژ كوردیاندا بكه‌نه‌وه‌ . ڕونكردنه‌وه‌ بۆ خوێندكارانى زانكۆكان بده‌ن و پێیان بڵێن پاره‌ نییه‌ بۆ دامه‌زراندنى ئێوه‌ ، به‌ڵام به‌ ده‌یان هه‌زار موچه‌ خۆرى بندیوارى حیزبى هه‌یه‌ . 
دواجار داوا بكه‌ن و هانى خه‌ڵك بده‌ن هه‌موو كه‌سێك به‌شدارى هه‌لأَبژاردن بكات . تا ئیًستاش  هه‌ندێك كه‌س له‌ دژى یه‌كێتى و پارتى  به‌شدارى ده‌نگدان ناكات و واده‌زانێت  ئه‌گه‌ر ده‌نگى نه‌دا  ئه‌وه‌ كارێكى باشى كردوه‌ . به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ى نه‌چێت بۆ ده‌نگدان وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ دوو ده‌نگى به‌ لایه‌نى ده‌سه‌ڵات دابێ . بۆیه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌مه‌ بۆ جه‌ماوه‌ر ڕو ن بكرێـته‌وه‌ . 
تاكه‌ ڕێگا بۆ ڕزگار بون له‌م بارودۆخه‌ نا هه‌مواره‌ى ئێستا میلله‌ت تێی كه‌وتوه‌  پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى فراوانى نیشتمانى  له‌ هه‌موو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان  و كه‌سه‌ دڵسۆزه‌كانى ناو ئه‌م حیزبانه‌و  كه‌سانى نوسه‌ر و ڕۆشنبیر و  دڵسۆزو مامۆستایانى زانكۆو  كه‌سایه‌تى ناسراو و جه‌ماوه‌رى فراوانى ناڕازى  له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى مافیایی یه‌كێتى و پارتی
 ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكى له‌م شێوه‌یه‌ نه‌درێت  هیچ گومانى تێدا نابێت هه‌ر یه‌كێتى و پارتى زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست دێنن چونكه‌ سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌  له‌ به‌رژوه‌ندى حیزبه‌ گه‌وره‌كاندایه‌ . كه‌واته‌ دواى هه‌ڵبژاردنیش ده‌سه‌ڵات هه‌ر لاى پارتى و یه‌كێتى ده‌بێت و ئه‌و كاتیش ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌ده‌نگى خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتمان وه‌رگرتوه‌و ئه‌وانیش  به‌ كه‌یفى خۆیان موچه‌ ده‌ده‌ن و كه‌سیش  حه‌قى گله‌یی كردنى نابێت .   هیوادارم  هه‌مومان به‌جدى كار بكه‌ین بۆ له‌دایك بونى به‌ره‌یه‌كى له‌م شێوه‌یه‌  بۆ ئه‌وه‌ى  بتوانین سیسته‌مى سیاسى چه‌قبه‌ستوى  29 ساڵه‌ له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵته‌كێنین. ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت ، هیچ شتێك مه‌حاڵ نییه‌.