من ئاگامەندم کەواتە هەم

Monday, 18/01/2021, 23:07

3047 بینراوە


دەبوایە بوترایە : من ئاگامەندم، کەواتە من هەم، نەک: من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم. چونکە مەیمونو زۆر لە ئاژەڵانی دەریاییش بیر دەکەنەوە بەڵام ئاگامەند نین. ئەو کەسەی ئەو وتەیەی درکاند وای دەزانی کە ئاژەڵان بیر ناکەنەوە، ئازاریش ناچێژین. راستە، ژوری ئەشکەنجەدانیان نیە، ڕاپەڕینو شۆڕش ناکەن بۆ گونجاندنی باری ژیانیان. ئەوان وەک سارتەر ناڵێن: (ئەگەر دەمانچەیەک لە چەکمەجەی دۆڵابەکەمدا بەڕێکەوت بدۆزمەوە، فیشەکێك دەنێم بەسەرمەوە). ئەوان خۆکوشتن نازانن چیە، ئەوان پرۆسەی پەرەسەندنیان وەستاوە، یان باشتر بڵێم: ئێمەی مرۆڤی ساپیان وەستاندومانە.
من غەريیب بوم، من خێو بوم، من بۆشایی بوم، من هیچ بوم، دەمویست خۆم نمایش بکەم، هەتاوەکو خۆم ببینمەوە. بەرگێکی نوێ بەبەر خۆمدا بکەم، من گەردیلەبوم، لە ژێر هەتاوێکی جێگیر و چەند دڵۆپپێک ئاواد، لەژێر دارێکدا بیرم کردەوە، بوم بە ئەتۆم، بوم بە مۆلوکول، بوم بە ئۆرگانیکی ئاڵۆز و پاشان ئۆرگانیکی زیندو، ئینجا ئۆرگانیکی بیرکەرەوە. من ( بەستە +زمان ) بوم، پاش چەندەها شکست، هاوارم کرد، زمانم گرت، بوم بە بونەوەرێکی ئاگامەند و بەخەبەر بومەوە. 
وەک ئەوەی نامەی پەیامێکی ئەزەلی بە ئێمەی مرۆڤ درابێتو دەبێت بە توانای ئاگامەندیمان بیگەیەنین بە جیگایەکی دیاریکراو، بەڵام هەتا دێت نە باوەڕمان بەو جێگایە هەیەو نە بەو پەیامەش ماوە، لەبەر ئەوەی وا هەست دەکەین کە مرۆڤ لەبەر ئەوەی کە خۆی بەرهەمی وەرگێڕانە، کاری وەرگێرانی پێ سپێردراوە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر، لەهەر قۆناغێکدا لە دوبارەبونەوەی ڕوداوەکاندا دەژیێتەوە لە بەرگێکی نوێدا. لەهەر گۆڕانکاریەکیشدا مرۆڤ بڕێک لە سەربەستی خۆی ون دەکات، وەک هاوکێشەیەکی ماتماتیکی بەرامبەر برێک بەهای نوێ کە خۆیان لە ماتریالدا دەبیننەوە. ئەم پرۆسەیەش : باوەڕ نەبون بە بەردەوام بون، کە جۆرێکە لە ئاگامەندی بە ژیانێکی بێ مانا، ترسی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی لێ دەبێتەوە. کۆمەڵگە : کە میکانیزمی پرۆسەی بەردەوام بونە، بە بێ ئەو ژیان دەکەوێتە حاڵەتی ئەنارشیستیەوە، بۆیە لەهەر پەلەیەکی ئاگامەندیدا، تاک، بڕێک لەسەربەستی خۆی گوم دەکات، لەبەر ئەوەی سیستەمی حوکمڕانی، تەکنیکێكو سیاسەتێکی تر بەکار دەهێنێت بۆ بەستنەوەی تاکەکانی بەخۆیەوە، بە پێی بەرزبونەوەی ئاستی ئاگامەندی، هەتاوەکو ئەو لەشە هەڵنەوەشێتەوە .
پرۆسەی بەدەستهێنای ئاگامەندی بەرامبەر بە لەدەستدانی ئازادی، دەوری مرۆڤ هەتا بێت کەم دەکاتەوە لە بڕیارداندا. بۆیە پرسیار لە خۆمان دەکەین ئایا ئێمە بڕیار ئەدەین ؟ توانای هەڵبژاردەمان هەیە ؟ یان مێشولەیەکین لە ناو گێژەڵوکەیەکدا بەرەو ئەو جێگایە دەڕۆین کە ئەو دەمان بات. کەواتە ئاگامەندی سودی چیە ئەگەر نەتوانێت بڕیار بدات ؟ بارەکە بە لادا ببات، ئاراستەکەی بگۆڕێت ؟ مانایەک بدات بە ژیان.
مرۆڤ تەنێکی هەمیشە لە گۆڕاندایە لەبەر ئەوەی خۆی بەرهەمی پەرەسەندنو گۆڕانکاریە، بۆیە توانای گۆڕانکاری وەک پەیامێک پێ دراوە، ئەگەر خەو بە خودایەکی نەگۆڕەوە دەبینێت بۆ خود، لەبەر ئەوەی کە گۆڕانکاری واتە ئەشکەنجە و ئازار.خۆ ئەگەر ڕاستگۆبین لەگەڵ خۆماندا، ئەوا ئازار و ئەشکەنجە و شکست، نۆتی نەساز، هاندەری سەرەکین بۆ گەیاندنی مرۆڤ بە ئاگامەندیەکی رەها. دەنا تۆ هەرگیز نازانیت هەستی بەزەیی چیە.
ئاگامەندی، لەمنەوە دەردەچیت، بە هەستکردنو لێکدانەوەی روداوەکانی دەرەوەی من، بە بێ ئەو هەستکردنە، ئاگامەندی بونی نیە، ئەو ئالوگۆڕەیە لە نێوان منو دەرەوەی مندا، هەستکردنی منە بە روداوەکانی دەرەوەی من، منیش بەرهەمی گەردیلەم، ئەتۆمم ، مۆلوکولم، بومەتە ئۆرگانیسمێکی ئاڵۆز. ئاگامەندی پەیوەندی کردنو بەستنەوەی ملیارەها روداون بە یەکەوە، لە نێوان دەرەوەی منو لەشی منو مێشکی مندا. ئاگامەندی جۆرێکە لە بینینو لێکدانەوەی ئالۆزی ئێمە بۆ جیهانی دەرەوە. ئایا بە لەناوچونی منی مرۆڤ، ئەو ئاگامەندیە لە تەنێکی تردا سەر هەڵئەداتەوە ؟ یان ئەمانە هەموی خەو و خەیاڵن، نە ئاگامەندی بونی هەیە نە هەمو ئەو باسانەی باسمان کردن ؟
ئاگامەندی بە مانای ئەقڵی زۆر ئاڵۆز دێت، بەشداری کردنی زۆرترین نۆرۆنە لە بیرکردنەوەدا، لەسەرنجداندا. بەڵام وەک چۆن ماسولکە بە وەرزش خەبەری دەبێتەوە ، بیرکردنەوەش پێویستی بە پەرەوەردە و زانیاریە، دەنا مرۆڤ کەسێکی خەوتوە، ئاگامەندی تیایدا لە حاڵەتی نوستندایە. وەک چۆن گەردیلە بە هەتاوێکی جێگیرو چەند دڵۆپێک ئاو بوە ئۆرگانیسمێکی زیندو، بوە ئۆرگانیسمیکی بیرکەرەوە، ئاگامەندیش بە هۆکاری دەرەکی ( سیستەمو کۆمەڵگە ) خەبەری دەبێتەوە. پێ دەچێت چەندەها ئاینشتاینو پیکاسۆ لە ئەفغانسانو کوردوستان هەبن، بەڵام لە حاڵەتی خەوتوییدان، هیچ هاندەرێک نیە وەخەبەریان بکاتەوە، وەک گەنم لەسەر خاکێکی بێ پیتان. ئاگامەندی ڕۆحێکی ترە، ڕۆحێکی نوێە دەچێت بەبەری زیندوداو زیندوتری دەکاتەوە، ئاگامەندی دیۆنیزۆسە. من ئاگامەندم کەواتە هەم. ئەگەر لەئەمەریکا تاکەکانیان کردون بە مریشکی مەکینە بە چەوری و شەکرو خواردنی ژەهراوی، هەتاوەکو ئاگامندی خەبەری نەبێتەوە تیایاندا، لە چین ئەو ئاگامەندیە بە تەکنەلۆژی مۆدێرنی G5 کۆنترۆڵ دەکەن، ئەوا لە ئەوروپا، ئەوروپای سەدەی ڕوناکی، دۆژ داماوە، بەتایبەتی فەرەنسا چۆن تاکە بەخەبەربوەکانی کۆنترۆڵ بکات. لەبەر ئەوەی ئێمە چەندە ئاگامەند بین هێندەش دژی ئەو سیستەمە دەوەستینەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمەکە، بە پێچەوانەی هەستو سۆزی منەوە هەنگاو دەنێت، هەستو سۆزو خۆشەویستی وەردەگێڕیت بۆ ماتریال، بۆیە سیستەم ناچارە بەرامبەر هەر پلەیەکی ئاگامەندی، پلەیەک لە ئازادیمان لێ زەوت بکات. 
هەر ئاستێکی ئاگامەندی، سیستەمێکی جیاوازی حوکمڕانی پێوسیتە بۆ کۆنترۆڵکردنی و دانانی سنورێک بۆ داواکاریەکانی تاکی ئاگامەند، بۆیە وەک تاکێکی ئاگامەند دژی ئەو سیستەمە دەوەستیتەوە کە حوکمت دەکاتو سیستەمەکەش ئاگامەندی تۆ بە گێل دەزانێت، لەبەر ئەوەی ئەو ئاگامەندیەکی تری هەیە، بەدیلی گوێنەگرتنی بەداواکاریەکانت ئەوەیە کە سیستەمەکە، خۆی بەتەنها چارەسەر دەزانێت بۆ مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی گوایە بە لۆژیک هاتوە، مێژویەکی هەیە، کەواتە ڕەوایە، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ خۆی لە ململانێدایە کەواتە ئەم سیستەمە دەبێتە کۆنترۆلکردنی ملاملانێی تاک.
وابزانم ئاگامەندی ئەگەر ئاراستەی نەبێت، ئەگەر مانایەک نەدا بەژیانو کاری تەنها لێکدانەوە بێت، سودی نیە و نامان گەیەنێت بە هیچ، بۆیە ئێمە بۆ هەتا هەتایە لە هەمان بازنەدا دەسوڕێینەوە.
من هەناسە ئەدەم کەواتە بەرد نیم، من هەستو سۆزم هەیە، بێ گیان نیم، من بیر دەکەمەوە ، ئاژەڵ نیم، من ئاگامەندم، ڕەشۆک نیم، من بودام، من ئیفالاتونم، من گالیلێـم، ئاینشتاینم، من سارتەرم، من کامۆم، من مارکسم، من ڤانگۆگم، من ڤۆلتێڕم، من ڤیکتۆر هیوگۆم، من شێرکۆ بێ کەسم، من ئاپۆم.
جاران وەک ڕوبار خوڕەم دەهاتم وەک ماسی شەپۆلەکانم دەبڕی، زەویم ئاو ئەدا، گژوگیام دەبوژاندەوە، مندالانم فێری ئەلفوبێ دەکردن، وەک دێو هەنگاوم دەنا، ئێستاکە وەک ماسیەک لەناو بەندەرێکدا گیرم خواردوە، لەدارستانی بێ داردا گولوگوڵزارم وشکبون، باڵەکانم شاکاون، زاکیرەم گوم کردوە، دەناڵینم ..... بۆنی وەنەوشەو ناعنام نەماوە، پەپولە ڕەنگاو ڕەنگەکان بەدەورمدا سەما ناکەن، جێیان هێشتوم، بیابان تەنگی بە دارستانەکانم هەڵچنیوە، دەریاکان لێم توڕەن، ماسیان تیا نەماوە، نەهەنگو دۆفین جیگایان پێ هەڵچێنراوە، مویمەنەکانم لەپەرەسەندن دابڕاندوە، ئەژەڵانم تەرە کردوە، لمی روبارەکان پێش ئەوەی بگەنە دەریا، دەبن بە کۆشکە هەوربڕەکانم.
من مانگایەک بوم ئێستاکە گوانەکانم شیریان تێدا نەماوە و دەیانەوێت پێستەکەم کەوڵ بکەن، دەنکە گەنمێكم لە نێوا دو بەردە ئاشدا، کاپیتالیسمی دڕندە لەسەر زانستی من خۆی بنیات ناوە، تاکە ڕەشۆکەکانی جارانیش کە گوێ رایەڵم بون، عەوامەکانی جاران کە نەیان دەوێرا لەبەردەما فزە بکەن، شەرمیان لە من دەکرد، شەرمیان لە داهێنانەکانم دەکرد، لە مۆسیقاکەم، لە ماشینەکەم، لە سەتەلیتو تەلەفزوێنو، شەرمیان لەمانگی دەستکردم دەکرد، ئێستاکە دەیان بینم، زمانیان کراوەتەوە و زانستەکەی خۆم، دژی خۆم دەوەستنەوە.
لەبەر ئەوەی کە چەقم بەستوە و ڕیگام ون کردوە، لە پێشمەوە کاپیتالیسمی دڕندە لەسەر زانستی من خۆی بنیات ناوە ، لەدوامەوە عەوام هەر بە زانستی خۆم پێم گەیشتۆتەوە و ددانەکی جێڕ کردۆتەوە لێـم، خەنجەری لێ تیژکردومو دەیەوێت سەرم لە لاشەم بکاتەوە، ئێخەی گرتومو دەقیژێنێت بەسەرمداو پێم دەڵێت : من پێم نەوتی خودا یەکەو پێغەمبەر ڕەوانەکراوی خوایە ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە