بنەمای ئینترۆپی چییە؟

Tuesday, 19/01/2021, 16:21

10431 بینراوە


بۆچی هەموو شتێک لەم گەردوونەدا بەرەو پشێوی و شێوان و مردن دەچێت؟

پێناسەی بنەمای ئینترۆپی

کەسمان لەخۆمان پرسیووە، بۆچی گەردوون و گشت کارلێکە فیزیکییەکان هەمیشە بە یەک ئاراستەن و هەردەم هەنگاوەکان لە ڕابردووەوە بەرەو دواڕۆژن؟ بۆ سەرلەبەری شتگەلەکان وێران دەبن و ئەوەی تێک دەچێ چاک نابێتەوە و ناگەڕێتەوە دۆخی جارانی، هەموو شتەکانیش لە ڕێکوپێکی و ڕێزبوونەوە دەگۆڕێن بۆ هەڕەمەکیی و پشێویی؟ بۆچی پەرداخێک چا و شیر بەتەواوی تێکەڵ بەیەک دەبن، بەڵام هەرگیز نابینین بە تێکدانی زیاتر بگەڕێنەوە دۆخی سەرەتاییان و هەریەک لە چایەکە و شیرەکە لە شوێنێکی جیاوازی ناو پەرداخەکە کۆببێتەوە و داببڕێت لەوەی دیکە؟ لەبەرچی بەردەوام گەرمی لە تەنە گەرمەکانەوە بەرەو تەنە سارەکان دەچێت، ئەستەمە بەپێچەوانەوە ڕوو بدات؟
ڕاڤە و وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بەندن بە بنەمایەکەی هەرە سەرەکیی و بنچینەیی لە زانستدا کە پێی دەگوترێت ئینترۆپی.
ئینترۆپی (Entropy)، پێوەرێکە بۆ پلەی هەڕەمەکیی، یاخۆ نارێکی تەنۆلکە هەرە وردەکانی پێکهێنەی سیستەمەکانی دینامیکی گەرمیی (Thermodynamics). بەهاکەشی دەوەستێتە سەر گۆڕانی بڕی ئەو ماددەیەی کە هەیە، بەوەی چەندەی پشێوی و شێوان لە ناوەندێک پتر بێ و تەنۆلکەکان بە ئاراستە جیاجیاکاندا پەرتوبڵاوتر ببنەوە، هێندە ئینترۆپی زیاتر دەبێ، زێدەبوونی ڕیزبەندی و رێکوپێکیش، واتای کەمبوونەوەی ئینترۆپی دەگەینێت. فیزیازانی ئەڵمانی ڕودۆڵف کلاوسیوس (Rudolf Clausius: 1822 - 1888)، داهێنەری ئەم زاراوەیەیە کە لە وشەی (tropi) بە واتای گۆڕان خواستووە، لەبەرئەوەی پتر لە بواری وزە و گەرمیدا بەکار دەهێندرێ، بۆیە ویستوویەتی لە وشەی وزەش (energy) نێزیک بێت.
دوو یاسای بنەڕەتی هەن لە یاساکانی دینامیکی گەرمیی کە لەسەر سیستەمە داخراوەکان پێڕەو دەکرێن، ئەو سیستەمانەی تێیاندا ئاڵۆگۆڕی وزە و ماددە و زانیارییەکان ئەنجام دەدرێن. دەکارین بڕوانینە گەردوون وەک سیستەمێکی داخراو، ئەمەش وا دەکات بتوانرێ ئەم دوو یاسایەی تێدا بەڕێوە بچێت. یاسای یەکەم دەبێژێت، بڕی وزە هەمیشە جێگیرە و بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە (بنەمای پارێزرانی وزە)، ئەمەیە مەبەستی ئەوەی کاتێک دەگوترێت، وزە نە دروست دەکرێت، نە لەناویش دەچێت، تەنیا دەشێ لە شێوەیەک بۆ شێوەیەکی دیکە بگۆڕدرێت. یاسای دوومیش بەندە بە بنەمای ئینترۆپی کە دەڵێت، ڕێژەی ئینترۆپی لە سیستەمە داخراوەکان بەرەو زیادبوونە، تەنیا ئەو دەمە کەم دەبێتەوە، ئەگەر هاوکات لە سیستەمێکی دی بەرزتر ببێتەوە. یەک ئاراستەیی و پتربوونی ئینترۆپی بەتێپەڕبوونی کات، وای کردووە ئەو چەمکە ناو بنرێت بە تیری کات، چونکە بەردەوام بۆ پێشەوەیە، ئەوەشە یاسای دووەمی تێرمۆدینامیکی کردۆتە تاکە یاسایەکی فیزیایی کە تێیدا هاویەکی لە کاتدا نەیەتە دی.
ئینترۆپی چەمکێکی گەلەک گرینگە بۆ تۆژینەوە و تێگەیشتن لە ژمارەیەکی زۆری دیاردەکانی ئەم گەردوونەمان و ژیانی ڕۆژانەمان، هاوکات بنەمایەکی بنەڕەتییە لە زانستی فیزیا و کیمیا و چەندان بواری جیاجیای وەک، زانستی ئابووری و گەردوونناسی. بیرۆکەی ئینترۆپی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم دەستی پێکرد، پاشان پەرەی پێدرا و چەندان یاسا و هاوکێشەی ماتماتیکی لەخۆ گرت. ئینترۆپی دەربڕێنێکە بۆ ڕێژەی هاوسەنگبوون لە سیستەمەکان، بەگوێرەی ئەم بنەمایە گەرمی هەرگیز ناتوانێ لە تەنێکی ساردەوە خۆبەخۆ بچێتە یەکێکی گەرم، بەبێ ئەنجامدانی کارێک بۆ ئەم گوێزانەوەیە، چونکە پشێوی و هەڕەمەکیی لە تەنە ساردەکان کەمترە و ڕیزبوونی تەنۆلکەکان ڕێکوپێکترە. بەپێچەوانەوەش گەرمیی لە تەنە گەرمەکانی خاوەن هەڕەمەکیی بەرز، هەر لەخۆوە دەگوێزرێتەوە بۆ ساردەکان، تا گەیشتن بە هاوسەنگی گەرمیی لە هەردوو تەنەکاندا.
لە هەموو سیستەمە تیرمۆدینامیکییەکان، لەبەر چەند هۆکارێکی وەک لێکخشاندن، گەرمی بەفیڕۆ دەچێت و بەهیچ شێوەیەک نەکارین ڕێی لێ بگرین. بۆیە بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئامێرێکی خۆکار و هەمیشە جووڵاو کارێکی ئەستەمە، کەچی بەداخەوە هەندێک هەن باوەڕ بەمە ناکەن و بەردەوام هەوڵ دەدەن، شتێکی وا بەبەرهەم بهێنن. بۆ نموونە، زانراوە هەسارەی زەوی لە هەر چرکەیەکدا 128 پێتا جول (Petajoule = 10^15جول) وزەی بۆ دێت، بێگومان ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار گەورەیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، پاشان بەیەکسانی هێندەی بڕی وەرگیراو، لێیەوە دەردەچێت! مەبەست لەوەیە گۆڕانەکان دەوەستنە سەر جۆری وزەکان نەک قەبارەیان.
چەمکی ئینترۆپی تێزێکی ئاڵۆز و ناوازەیە و تێگەیشتن لێی بەتەواوی، شتێکی سەخت و دژوارە، بۆیە پێویستە بۆ ئاسانکاری لە ڕوانگەی بواری دینامیکی گەرمیی و بیردۆزە ئەژمارەکییەکانەوە لێی بڕوانین. هەرچۆنێکی بێت لێرەدا هەوڵ دەدەین تا ئەو ڕادەیەی بۆمان بکرێ، بە شێوازێکی سادە و ساکار و نموونەی ناسراو ڕوونی بکەینەوە.

یاساکانی دینامیکی گەرمیی

کاتێک باڵۆنێکی پڕ لە هەوا بەرەڵا دەکەین، دەبینین بەخێرایی هەواکەی ناوی دێتە دەرەوە، باشە بۆ بەپێچەوانەوە هەوای دەرەوە کە هەرچەندە زۆر زیاترە لەوەی باڵۆنەکە، ناچێتە ناوی تا بەتەواوی پڕی بکات و بیتەقێنێت؟ یان بۆ ئەو دەمەی چایەکەمان لەسەر ئاگر دەهێنینە خوارەوە، پاش تۆزێک سارد دەبێتەوە و هەر بەگەرمی نامێنێتەوە؟ لێرەشدا ئاشکرایە کە وزە لە دەرەوە گەلەک پترە لەوەی ناو پیاڵە چایەکە. ئەم پرسیارانە لەگەڵ ئەوەی سادە و ساکار دێنە بەرچاو بەڵام کێشەیەکی گەورەن، چونکە ئێمە وایان دەبینین کردارەکان گشتیان بە ئاراستەیەک بەڕێوە دەچن کە پێیان ڕاهاتووین، بەبێ ئەوەی لە هۆکارەکانیان بپرسین کە بۆچی نابێ بە ڕێڕەوێکی دیکەدا بڕۆن؟ لە ڕاستیدا دەشێ هەموو ئەمانە ئاراستەی پێچەوانە وەربگرن، هەوای دەرەوە بچێتە ناو باڵۆنەکە، ئەگەری ئەوەش هەیە پیاڵە چایەکەمان هەرگیز سارد نەبێتەوە!
بۆ ڕوونکردنەوە و بەدەستهێنانی وەڵامی گونجاو بۆ ئەم پرسانە، با سەرەتا لە یاسای یەکەمی دینامیکی گەرمییەوە دەست پێ بکەین، ئەوەی بەندە بە پارێزرانی وزە. بەوەی پیاڵەکەمان چەندە وزەی ون کرد، ڕێک هێندەی ئەو دەبێ هەوا وزە وەربگرێت، واتە ئەوەی شتێک ون دەکات، ئەوا بۆ یەکێکی دی دەچێت. ئینجا بهێنینە بەڕچاومان چەندە چا و قاوە و شتگەلی دیکەی تێدا سارد بۆتەوە؟ دیسانەوە دەیڵێین کە هەرچەندە هەوا وزەیەکی یەکجار زۆری لەوەی پیاڵە چایەکەمان لەخۆوە گرتووە، کەچی ئەو پیاڵە بچووکە بڕیار دەدا بڕە کەمە وزەکەی ببەخشێتە دەوروبەرەکەی، نەک وزەی دەرەوە چایەکە گەرمتر بکات. بۆ ڕاڤەی ئەمە یاسای دووەمی دینامیکی گەرمیی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: ئینترۆپی هەمیشە لە زیادبووندایە و هەموو شتێک لەم گەردوونەدا بەرەو پەرشبوون و بڵاوبوونەوەیە، هیچ کاتێک وزە نایەوێت لە شوێنێک پتر بێ لەوەی دیکە، پێویستە شتەکان هەردەم بەیەکسانی دابەش بن. پیاڵە چایەکەمان ڕاستە وزەکەی کەمە، بەڵام زۆر چڕترە (گەرمترە) لە وزەی دەوروبەرەکەی بەبەراورد لەگەڵ ڕووبەرێکی بچووکی هێندەی پیاڵەکە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم دیاردەیەی بەرەو یەکسانیی بۆچی ڕوو دەدات کە لە سوودی ئێمەدا نییە؟ بەرژەوەندی ئێمە لەوەیە وزەی چڕ هەروەک خۆی بمێنێتەوە، تا بتوانین بەکاری بهێنین و ئیش و فەرمانێکی پێ ئەنجام بدین. ئەگەر کەسێک بیەوێت بیر بکاتەوە بۆ وەڵام دانەوە و بڵێ، باڵۆنەکە لەبەرئەوەی پەستان لە ژوورەوەی پتر بوو بۆیە بەتاڵ بووەوە، چایەکەش سارد دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی پلە گەرمییەکەی بەرزە. لێرەدا ڕاستەخۆ دەزانین کە ئەو کەسە لەمەبەستی ئێمە تێنەگەیشتووە، چونکە بنچینەی پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی پەستانی بەرز دەبێ نزمتر ببێتەوە، گەرمیش هەمیشە بەرەو ساردبوونەوە بڕوات؟

گرەوکردن لەسەر ڕێژەی ئەگەرەکان

بۆ شارەزایی باشتر با بێین و پێکەوە یارییەک بکەین، وا دابنێ من گرەو لەگەڵ تۆ دەکەم لەسەر چەند دۆلارێک. لە یارییەکدا چوار دراوی کانزاییم هەیە و بۆ جارێک هەر چواریان پێکەوە هەڵ دەدەم و لێت دەپرسم: چەند دانەیان وێنە، چەندیشیان نووسین دەردەچێت؟ پێویستە لێرەدا تۆ بیر بکەیتەوە و گرەو لەسەر زیاترین ئەگەر بکەی. ئایە ڕێژەی ئەگەرەکان چەندە، بۆ دەرچوونی وێنە و نووسین لەم یارییەدا؟
1- چوار جار دراوی وێنە، یان چوار جار دراوی نووسین، بۆ هەر یەکەیان تەنیا یەک شێواز هەیە: هەر چواریان وێنە، یان هەر چواریان نووسین.
2- سێ وێنە و یەک نووسین، یان سێ نووسین و یەک وێنە، بۆ هەر یەکەیان چوار شێوازمان هەیە: یەکەم نووسین و سێیانەکەی دیکە وێنە، دووم نووسین و سێیەکانی دیکە وێنە، سێیەم نووسین و سێیەکانی دیکە وێنە، چوارەم نووسین و سێیەکانی دیکە وێنە. بەهەمان شێوە بۆ سێ نووسین و یەک وێنە.
3- دوو وێنە و دوو نووسین، بە شەش شێواز ڕوو دەدات: یەکەم و دووەم وێنە و سێیەم و چوارەم نووسین، یەکەم و دووەم نووسین و سێیەم و چوارەم وێنە، یەکەم و سێیەم وێنە و دووەم و چوارەم نووسین، یەکەم و سێیەم نووسین و دووەم و چوارەم وێنە، یەکەم و چوارەم وێنە و دووەم و سێیەم نووسین، یەکەم و چوارەم نووسین و دووەم و سێیەم وێنە.
کۆی گشتی ئەگەرەکان شازدەیە، لە هەنگاوی ژمارە 1دا یەک و یەک، لە ژمارە 2دا چوار و چوار، لە ژمارە 3دا شەش، کۆیان دەکاتە شازدە ئەگەر. واتە تۆ بتەوێ بەزیرەکانە یاری بکەی دەبێ هەنگاوی ژمارە 3 هەڵببژێریت، چونکە خاوەنی بەرزترین ئەگەرە کە دەکاتە شەش. ڕێژەی ئەگەرەکەش دەکاتە ژمارەی ئەگەرەکان لەسەر کۆی گشتی ئەگەرەکان کە یەکسان دەبێ بە 37٪ (6/16). کەچی بۆ نموونە، هەڵبژاردنی هەنگاوی ژمارە 1 بۆ وێنە و نووسین، ئەگەرەکەی تەنیا یەکە دەکاتە 6٪ (1/16)، بەمەش لە یارییەکەدا ئەگەری زۆرە کە بدۆڕێیت.
ئەی ئەو دەمەی یاریمان کرد بە 10 دراو؟ دەبێ بزانیت هاتنی وێنە، یان نووسین لە هەر دە دراو، یەک جارە و کەمترین ئەگەرە، بەڵام 5 وێنە و 5 نووسین، دەشێ بە 252 ڕێی جیاجیا بەدەست بێت. یاریکردنیش بە 50 دراو، هاتنی 25 بە 25 وێنە و نووسین، ئەگەرەکەی خۆی لە 100 ملیۆن ملیۆن شێواز دەدات. دواجار دەبێ بۆمان ڕوون ببێتەوە کە چەندەی ژمارەی دراوەکان پتر بکەینەوە، هێندە شێوازی دابەشبوونیان بەیەکسانی بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە. بوونی ژمارەیەکی زۆر لە شێوازی جۆراوجۆر بۆ ڕوودانی هەر دیاردەیەک، واتاکەی ئەوەیە دابەشبوونە هەڕەمەکییەکەی گەورەیە و ڕێکخستن و ڕێکوپێکی کەمترە، بەمەش ئەگەری ڕوودانی زیاترە. بەپێچەوانەوەش ڕاستە، دیاردە هەیە هەڕەمەکیی تێدا کەمە و ڕێکوپێکی زۆرە، دەرەنجام ئەگەری ڕوودانی گەلەک پترە.
نموونەیەکی دیکە، ئەگەر بێین و دڵۆپێک مەرەکەب بکەینە ناو پەرداخێک ئاو، چاوەڕێی چی دەکەین؟ بێگومان دەبینین پاش تۆزێک ئەو دڵۆپە خۆبەخۆ و بەبێ دەست تێوەردانی ئێمە، بەشێوەیەکی یەکسان بە ئاوەکەدا بڵاو دەبێتەوە. ئەمەش نەک بەگوێرەی پێشبینی ئێمە، بگرە هۆکاری دیاردەکە لەوەدایە کە ژمارەیەکی لەڕادەبەر شێوازی جیاجیا هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو دڵۆپە مەرەکەبە لەناو ئاوەکەدا، بەڵام تەنیا یەک شێواز، یان یەک ڕێ هەیە بۆ بڵاونەبوونەوە و جێگیربوونی ئەو دڵۆپە لە شوێنی خۆیدا. گشت بەشە بچووک و وردەکانی (گەردیلە) ئەو مەرەکەبە، ئازادن و دەتوانن بچنە هەر شوێنێک لەناو پەرداخەکە، تا بەتەواوی دابەش دەبن لە ئاوەکەدا. کەچی بۆ ئەوەی هەموو گەردیلەکانی مەرەکەبەکە دیسانەوە بێنەوە پاڵ یەک و لە خاڵێکدا ببنەوە بە یەک دڵۆپ، ئەوا یەک ئەگەر زیاتری نییە، چونکە ئەگەری دابەشبوون و بڵاوبوونەوە یەکجار بەرزترە لە ئەگەری ڕێکوپێکی و کۆبوونەوەیان لە یەک خاڵدا. بۆیە ئێمە هەمیشە بڵاوبوونەوەکان دەبینین و هەر ئەوەشە ڕوو دەدات، هەرگیز لە ژیانماندا ناتوانین جارێکی دی پێکەوەبوونیان ببینینەوە. ئەمە تەواو هاوشێوەی هەڵدانی دراوەکانە، بەوەی ئەگەری دابەشبوونیان بەیەکسانی لە هەموو ئەگەرەکانی دیکە پترە، مەرەکەبەکەش لە کۆتاییدا دەبێ لە گشت ڕووبەرە بچووکەکاندا دابەشبوونەکانی بەیەکسانی بێ، بۆ بەرپابوونی ئەو دۆخەی کە گەورەترین پشێوی و بەرزترین ئاستی هەڕەمەکیی تێدا دێتە کایەوە. ئەمە هەمان بیرۆکەی باڵۆنەکەمان بوو، هۆکاری هاتنە دەرەوەی هەواکەی زێدەیی پەستانە، پەستانی گازیش مانای چڕییەکەی دەگەینێت، واتە لێرەشدا وەک دڵۆپە مەرەکەبەکە، ئەو هەوایەی لەناو باڵۆنەکەیە، لە خاڵێکی دیارکراودا چڕبۆتەوە.

گریمان لەناو باڵۆنەکەدا سێ گەردیلەی هەوا هەیە، هەمان ڕووبەری باڵۆنەکە لەدەرەوەدا یەک گەردیلەی تێدایە. ئەگەر پێت وابێ سێ گەردیلەکە لە شوێنی خۆیان و تاکە گەردیلەکە هەر لە دەرەوە دەمێننەوە، وەک ئەوەیە بڵێیت چوار دراوەکە سێیان وێنە و یەکێکیان نووسین دەبێ، ئەمەش وەک زانیمان ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە. ئێستە با سەرنج بدەینە ئەگەرەکانی دی، تاکە گەردیلەکەی دەرەوە بچیتە ژوورەوە لەگەڵ سێیەکەی ناوەوە کۆ ببێتەوە، هاوشێوەی هاتنی وێنە، یان نووسینە لە هەر چوار دراو کە بە یەک شێواز ڕوو دەدات و کەمترین ئەگەرە. هاتنی سێ گەردیلەکەی ناو باڵۆنەکەش بۆ دەرەوە، تا لەگەڵ ئەو یەک دانەیەی دەرەوە پێکەوە کۆببنەوە، وەک ئەوەی پێشوو نزمترین ئەگەرە. ئەی بەیەکسانی دابەشبوون چۆنە، واتە دووان لە ژوورەوە و دووان لە دەرەوە؟ ئەمە ڕێک وەک دوو وێنە و دوو نووسینی دراوەکەیە کە بە شەش ڕێی جیاجیا بەدەست دێ و خاوەنی بەرزترین ئەگەرە.
ئایە جگە لەم ئەگەرانەی باسمان کردن، هیچ ئەگەرێکی دیکە نییە؟ بێگومان هەیە و دەشێ ڕوو بدات، بەوەی کاتێک دەمی باڵۆنەکەمان دەکەینەوە، گشت گەردیلەکان لە شوێنی خۆیان بمێنن و هیچیان نەیێنە دەرەوە، بەڵام ئەمەیان ئەگەرەکەی لەڕادەبەدەر کەمە. ئایە دەکارین بپرسین ئەگەرەکەی چەندە؟ ئەو دەمەی لە دابەشبوونی یەکسانی 25 و 25ی پەنجا دراو دەدواین، گوتمان ئەگەرەکەی خۆی لە سەد ترلیۆن دەدات، لەڕاستیدا ئەمە هاوتای هیچ نموونەیەک نییە، چونکە ئێمە باسی ملیاران ملیار گەردیلە دەکەین کە بەندکراون لە ڕووبەرێکی بچووک، بۆیە دەکرێ بڵێین، ئەگەری مانەوەیان پێکەوە سفرە، یاخۆ هەر نییە. واتە کرانەوەی دەمی باڵۆنەکە و نەهاتنە دەرەوەی هەواکەی ناوی، ئەستەمە و هەرگیز ڕوو نادات، لەبەرئەوەی پێویستمان بە ژمارەیەکی بێکۆتا ساڵ، هەروەها بێکۆتا باڵۆن هەیە تا ئەگەرێکی وایان تێدا بدۆزینەوە.
با بێینە لای پیاڵە چایەکەمان، ئەمیش بە ترلیۆنان ترلیۆن تەنۆلکە لەخۆ دەگرێت، بۆیە دیسانەوە دەتوانین ببێژین، ئەگەری مانەوەیان و دابەشنەبوونیان هەر نییە، ئەمەشە هۆکاری ئەوەی هەرگیز نابینین پیاڵە چایەک هەتا هەتایە بمێنێ و سارد نەبێتەوە. بەڵام وەک ئاماژەمان پێی دا، دەشێ پاش ژمارەیەکی بێکۆتا ساڵ و ژمارەیەکی بێکۆتا لە پیاڵە چا، دانەیەکمان بەرچاو بکەوێ کە گەرمییەکەی خۆی پاڕاستبێ. باشە پرسیارێک، ئەی چۆن وەڵامی ئەو کەسە بدەینەوە کە دەڵێت، من دەتوانم چایەکەم بخەمە ناو ترمۆزێک و نەهێڵم سارد ببێتەوە؟ وەڵامی بەوە دەدرێتەوە کە ڕاستە پێت دەکرێ، بەڵام تۆ چایەکەت دابڕی لە هەوای دەوروبەرەکەی، واتە گەردوون لێرەدا بۆ چایەکە بووە ترمۆزەکە، چونکە ئەو ترمۆزە نازانێ شتێک لە دەرەوە هەیە بەناوی هەوا، بۆ ئەوەی تێیدا دابەش ببێت و ئاڵوگۆڕی گەرمییەکەی لەگەڵدا بکات، تەنیا لە ناوەوەدا گەرمییەکەی بەیەکسانی دابەش کردووە.

دژەکردار و کەمکردنەوەی ئینترۆپی

لەمانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئینترۆپی هەمیشە بە ئاراستەی زیادبوونە، نابێ بەرەو کەمبوونەوە بچێت. گوتمانە کە هیچ کاتێک ناکرێ ساردیی شتە گەرمەکان سارد بکاتەوە، گەرمییش شتە ساردەکان گەرم بکاتەوە، یان باڵۆن بکەینەوە زیاتر پڕ ببێت، یاخۆ هەموو دراوەکان بەیەک هەڵدان ببنە وێنە؟ بەڵێ دەکرێ، بەڵام نەک خۆکار، بگرە بە دەستێوەردانی ئێمە، ئێمە دەکارین گشت دراوەکان بکەینە وێنە، یان نووسین، دەشتوانین هەوای پتر بخەینە ناو باڵۆنەکە. بەهەمان شێوە پێمان دەکرێ، بە دژەکردارێک مۆتۆڕێک بهێنین و هەوای گەرمی ناو بەفرگرە و ساردکەرەوەکانمان بۆ هەڵبداتە ناو هەواکەی دەوروبەرمان، بێگومان ئەمەش کردارێکی خۆبەخۆ نییە. کەواتە دەبێ من وزەیەک بخەمە کار و ئیشێک ئەنجام بدەم، بۆ ئەوەی بتوانم ڕێژەی ئێنترۆپی کەم بکەمەوە و ڕێکخستن و ڕێکوپێکی زێدە بکەم، تا ڕێژەی هەرمەکیی کەمتر ببێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دواجار ئینترۆپی گشتی هەر دەبێ پتر ببێت!
بۆ تێگەیشتنێکی باشتر با بەردەوام بین لەسەر ئەم نموونەیەی بەفرگرە، دەبینین بەر لە داگیرساندنی، پلەی گەرمی ژوورەوە و دەرەوەی بەفرگرەکە یەکسانە. وای دابنێین لەناوەوەدا 2 جول وزە هەبێ، دەروەش وەک ئەو 2 جول بێت، ئەمە باشترین و بەرزترین ئاستی ئینترۆپییە کە باسمان کرد، کاری مۆتۆڕەکەش ئەوەیە، ئەو دوو جول لە وزەیە بهاوێتە دەروەی بەفرگرەکە، بۆ کەمکردنەوەی هەڕەمەکیی و زیادکردنی ڕێکخستن. پاش هەڵدانی ئەم دوو جولە لە وزە، ئێستە لە دەرەوەی بەفرگرەکە چووار جول لە یەک شوێندا کۆبۆتەوە و ئینترۆپی لەدەرەوە کەمتر بووە. لەڕاستیدا وا نییە، گەلەک هۆکاری دیکە کاریگەری هەیە، چونکە مۆتۆڕەکەشمان هەر بە وزە کار دەکات، بۆیە دەبێ بۆ ئەویش ڕێژەی ئینترۆپی بپێوین.
ئەگەر مۆتۆڕەکە 5 جول کارەبا وەربگرێ بۆ کەمکردنەوەی هەڕمەکیی بەفرگرەکە، خۆیشی هەرمەکیی پتر دەکات. لەبەرئەوەی ئەو پێنج جولەی وەردەگیرێت بۆ کارکردن و پەستانی گازی ساردکردنەوەکە (Freon)، هاوکات مۆتۆڕەکە و ڕادیاتۆری دەرەوەی بەفرگرەکە گەرم دەبن، بەمە گازەکەی فریۆنیش گەرم دەبێ، واتە پێنج جولەکە لە وزە ناتوندرێ هەمووی بۆ پەستانی گازی ساردکەرەوەکە بەکار بهێندرێت. یەک جول بە گەرمی مۆتۆڕەکە دەڕوات، دوو جولیش بۆ گەرمکردنەوەی گازی فریۆن، بەمەش ئەو پێنج جولەی هەمان بوو بۆ پەستانی گازەکە بۆ پێنج باڕ (Bar)، تەنیا دوو جول مایەوە بۆ پەستانێک بڕەکەی دوو باڕ بێت. بەمە سێ جول لە وزە لە دەرەوەی بەفرگرەکە، چووە پاڵ هەوای دوروبەر بۆ زیادکردنی ئینترۆپی. دەبێ ئەوەش بزانین کە هەرگیز مۆتۆڕێک، یان ئامێرێک نادۆزینەوە پێنج جول وەربگێڕێ بۆ پێنج یەکە لە پەستان و هیچی ون نەکات. ئەمە تەنیا لە یەک هەلومەرجدا دێتە دی، ئەگەر لە پلەی گەرمی سفری ڕەها کار بکات، بێگومان شتی واش ئەستەمە و ببڕای ببڕ ڕوو نادات. دەرەنجام پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێ، هەر دەمێک ئێمە هەوڵی ئەوەمان دا کارێک بەڕێوە ببەین و لە ڕووبەرێکدا هەڕەمەکیی کەم بکەینەوە و ڕێکوپێکی بەدەست بهێنین، لە کۆتاییدا ئینترۆپی لە گەردوون پتر دەکەین، کەواتە لە هەموو بارێکدا ئینترۆپی گەردوون بەرەو زێدەبوونە.

چۆن ڕێژەی ئینترۆپی دەپێوین؟

دەکرێ بپرسین، ئایە ناتوانین سوودێک لەم دیاردەیەی ئینترۆپی وەربگرین؟ بێگومان دەتوانین ئەگەر بەپێچەوانەوە لێی بڕوانین، لەبری ئەوەی بزانین سیستەمێک هەڕەمەکیی پتر دەکات، یان کەمتر، بێین و سەیر بکەین، ئایە لەم سیستەمەدا ئینترۆپی پتر بووە، یان کەمتر؟ بەمەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەو سیستەمە خۆکار و سروشتییە، یان پێویستە کاری بۆ بکەین تا بکەوێتە ئیش.
ئینترۆپی، یاخۆ ئاستی هەڕەمەکیی بەو یاسایە دەپێورێ کە دەڵێت: S=kB*InW، واتە ئینترۆپی (S)، یەکسانە بە کۆی لێکدانی نەگۆڕی بۆڵتزمان (kB=1.38065*10^23جول/کلڤن) و لۆگاریتمی سروشتیی ژمارەی سەرهەڵدانی ئەگەرەکان (lnW). بە گوێرەی ئەم یاسایە پێوەندییەکی ئەرێنی هەیە لەنێوان ئینترۆپی و ژمارەی ئەگەرەکان، ئینترۆپی بەرز ڕاستەوخۆ واتاکەی زۆربوونی ئەگەرەکانە. بۆیە پیاڵە چایەکەمان ئاساییە سارد ببێتەوە، تا ئەگەرەکانمان بۆ زیاد بکات (ئەگەری دابەشبوون بەیەکسانی زۆرترین ئەگەر بوو)، بەمەش دەزانین بەشێوەیەکی سروشتی و خۆبەخۆ ڕوو دەدات. بەڵام بەفرگرەکە هەرگیز لەخۆوە خواردنەکەمان بۆ سارد ناکاتەوە، چونکە ژمارەی ئەگەرەکان و ئینترۆپی کەم دەکاتەوە، لەبەرئەوەش بوو ناچار بووین کە مۆتۆڕێک بهێنین ئیشمان بۆ بکات.
دەشێ وەک ئامرازێکی پێشبینیکردن، یان بۆ جیاکردنەوەی درۆ و ڕاستیش بڕوانینە بنەمای ئینترۆپی. ئەو دەمەی کارلێکێکی کیمیاییمان هەبێ و بمانەوێت بزانین ئایە خۆبەخۆ ڕوو دەدات، یان نا؟ بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک وتی من لوولەکێکم (بۆڕی) هەیە و هەوای تێدەکەم، لەلایەکەوە هەوای گەرم، لەلایەکەی دییەوەش هەوای سارد دێتە دەرەوە، بەبێ کارەبا و بەبێ هیچ سارچاوەیەکی دیکەی وزە. پاش سەرنجدان و پێوانەکردنی دەرەنجامی ئەمە، بۆمان دەرکەوت کە ئینترۆپی لە دەوروبەر پتر دەکات، بەمەش ڕاستگۆیی کەسەکەمان بۆ سەلمێندرا. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لوولەکە هەیە و ناو دەنرێت بە لوولەکی گێژاوەکی، یاخۆ گەردەلوولەکی (Hilsch vortex tube)، بەوەی ئەگەر هەوای پەستراوی تێ بکەی، لە سەرێکییەوە هەوایەکی گەرمی تا ڕادەی 200 پلەی سەدی، لەسەرەکەی دییەوەش دەگاتە (-50) پلەی سەدی، خۆبەخۆش کار دەکات بێ دەست تێوەردانی ئێمە.

قەیرانی وزە و مردنی گەردوون

لەگەڵ بوونی گرینگی و پێگەی بنەمای ئینترۆپی لە گەردووندا، کەچی بەداخەوە هۆکاری سەرەکیی قەیرانی وزەیە لەم جیهانەماندا. ئەو زێدەبوونە بنچینەی بەفیڕۆچوونی وزەیە، لەبەرئەوەی گشت کاتێک ئەو وزە چڕە بەسوودەی لە شوێنێکدا کۆبۆتەوە کە دەتوانین بەکاری بهێنین، ئەمەیان دێت و پەرتوبڵاوی دەکاتەوە. ڕاستە وزە بڕەکەی یەکجار زۆرە، بەڵام بە هەموو لایەکەوە دابەش بووە و ناتوانین هیچی پێ بکەین. ئاشکرایە پلەی گەرمی بە وزەی جووڵاوی تەنۆلکەکان پێناسە دەکرێ، تەنۆلکەی گەرم واتە بەخێرایی دەجووڵێت، تەنۆلکەی ساردیش، یان پلەی گەرمی نزم جووڵەیەکی لەسەرەخۆ نیشان دەدات.
گریمان 3 جولمان هەبێ لەگەڵ 3 گەردیلە، لە سیستەمی یەکەمدا هەر سێ جول لەسەر یەک گەریلە کۆببێتەوە، لەوەی دووەمیش هەریەکەیان لەسەر گەردیلەیەک بێت، پێشتر زانیمان کۆبوونەوەیان لەسەر یەک گەریلە ئەگەری کەمە و تەنیا بە یەک شێواز دەبێ، لە دووەمیان دەشێ بە شەش رێ ڕوو بدات. باشە جیاوازییان چییە، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لە هەردوو سیستەمدا 3 جول هەیە؟ جیاوازییان زۆرە، لە یەکەم سیستەم سێ جول لەسەر یەک گەردیلەیە و پلەی گەرمی ئەو گەردیلەیە لە کۆی سیستەکەمەی دیکە پترە و دەکرێ ئیشی پێ ئەنجام بدەین. ئەوەی دووەم وزەکە دابەش بووەتە سەر هەموو گەردیلەکان و پلەی گەرمی نزمە و کارێکی زۆری پێ ناکرێت. مۆتۆڕی بەفرگرە بەردەوام وزەی کارەبایی وەردەگرێت تا لە ئینترۆپی ڕزگاری ببێت، خۆ ئەگەر ئینترۆپی بەرەو زیادبوون نەبووایە، ئەوا دەکرا بۆ ماوەک مۆتۆڕەکە ئیش بکات، تا شتەکانی ناوەوە سارد بکاتەوە، دوای ئەوە دەهاتین و کارەبامان لێی دەپجڕاند و ساردییەکە وەک خۆی دەمایەوە، پێویستی نەدەکرد مۆتۆڕەکە گشت کاتێک کار بکات. ئەو بەنزینەی ئۆتۆمبێلێک دەخاتە گەڕ، زۆربەی بەشێوەی گەرمی دەچێتە ناو هەوا و ئینترۆپی پتر دەکات، تەنیا بەشێکی بۆ خستنەگەڕی ئۆتۆمبێڵەکەیە.
پاش هەموو ئەوانە ئەم ئینترۆپییە دەرەنجام دەبێتە هۆی لەناوچوونی گەردوون، چونکە ئێمە هەرچییەک بکەین دواجار وزە لەدەست دەدەین و دابەش دەبێتە سەر گەردوون، سەرلەبەری ئەستێرە و هەسارەکانیش ئەمەیان بەسەردا دێت و وزەی چڕ لە هیچ شوێنێک بوونی نامێنێت. ڕاستە بڕ و ڕێژەی وزەی گەردوون وەک خۆی دەمێنیتەوە، لەبەر یاسای پارێزرانی وزە، بەڵام وزەیەکی پەرتوبڵاوە و هیچ بەهایەکی نابێ. وزەی بڵاو واتە پلەی گەرمی نزمی تەنۆلکەکانی وەک نموونەکەی پێشوومان لەسەر 3 جول و 3 گەردیلەکە، ئەم کەمی پلەی گەرمییە مانای بوونی تەنۆلکەی جووڵە خاوەکان دەگەینێت، ئەمەش وا دەکات بەرەبەرە شتێک نەمێنێت لەم گەردوونەدا کە خاوەنی جووڵە بێت، نە لە ئاستی گەورە و نە لە ڕووبەرە بچووکە گەردیلەیی و وردتر لە گەردیلەکان، ئەم کردارەش ناو دەنرێ بە مردنی گەرمییەکی گەردوون (Heat death of the universe).
.......................................

سەرچاوەکان؛

https://www.ma3lomat3ltayer.com-1

https://www.arageek.com-2

https://www.arageek.com-3

https://nasainarabic.net -4

https://nasainarabic.net/ -5

https://ziid.net -6

https://www.facebook.com/sharafestei-7


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە