نەریەتی ناوچەگەری Cosmopolitan کۆزمۆپۆڵتن

Wednesday, 20/01/2021, 6:13

4084 بینراوە


نەریەتی ناوچەگەری نێگەتیڤ ژەهرێکی کوشندەیە دەرهەق بە دۆزی کورد


کوردستان بە هۆی جوگرافیا هەڵکەوتوەکەی و بێ دەربەستی خودی خەڵکەکەی خۆشیەوە بۆتە ئاڵۆزترین شوێنی وڵاتانی خاورمیانە (مێسۆپۆتامیا) کە دەست بردن بۆ هەر ژانێکی، پڕیشکی بورکانێکی گەورەی خەفە نەکراو دەبێت، کە هەڵدانەوەی ئاسەواری ئەو مەنهۆڵە برینی دەیان و سەدان زامی کۆن و نوێمان دەکولێنێتەوە.
ڤایرۆسی درمی نەریەتی ناوچەگەرێتی ئاوەژوو ئەو پەتا چەقبەستوە کوشندەیەیە کە شیرازەی کۆمەڵگا هەڵدەوەشێنێت و کۆمەڵگا دەگێڕێتەوە بۆ سەدەکانی تاریکستان یان پێش شارستانیەت کە زهینی مرۆڤ تەنها چەند هەنگاوێک بڕی کردووە، بۆیە خۆ ڕزگارکردن لەو مێشک بەستوییە کە متوربە کراوە بە نەریەتی ناوچەگەرێتی نێگەتیڤ دەبێت لە گۆڕنرێت، ئەگینا هەتا ماوین دەبێت بلێین، ئەم خەمە بەو دەمە (ئەم خەمە بۆ ئەو کاتە).
نەخۆشی نەریەتی ناوچەگەری لە کۆندا نەیار و دوژمنانی کورد بەرهەمیان دەهێنا و گەورەترین هەوڵ و ماندبونیان بۆدەدا تا بتوانن بیخزێنە نێو ماڵی کوردەوە، بەڵام لە ئێستادا لەم ڕۆژگاری جیهانگیریەدا کورد خۆی خۆبەخشانە بۆتە پۆستەچی ئەو ئەرکە قورسە، کە دوژمنانی کورد تەنها پلان داڕێژەر و تەماشاکەرن لەم گۆبەندەدا،

نمونەیەکی ڕابوردوو:

سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕ کە دەچووە شاری هەولێر، بە هولێریەکانی دەگوت کە دەچمە شاری سلێمانی، سلێمانیەکان گاڵتە بە هەولێریەکان دەکەن، یان پێچەوانەکەی، زۆر جاریتریش دەیگوت بادینی گاڵتە بە سۆرانی دەکەن یان پێچەوانەکەی دەگوت، لە ئێستادا ئەو ئەرکە نەگریسە خۆمان بۆ دوژمنانی کورد جێبەجێی دەکەین.
نەریەتی ناوچەگەری ژەنگاوی لە پەیرە و پرۆگرامی حیزەبە کوردستانیەکاندا بۆتە بەرنامەی کاریان بۆیە بەرەو ئەم جۆرە هەڵدێر و سەرگەردانی و پاشگەردانیە دەڕۆین، کە بە هەموو زانایانی دنیا نایەتەوە سەر سکێڵی خۆی ئەگەر ڕۆژیش لە ڕۆژئاواوە هەڵبێت، چونکە داچۆڕاوە لە پەروەردەی سەقەتی خێڵەکی، لە کەلەڕەقی، لە پەروەردەی نەوەیەکی نەخۆشی دەبەنگ، لە مل ملانێ و مل شکاندنی یەکتر، داچۆڕاوە لە وەهم، گەندەڵی، دزی، تاوان و باندی مافیاگەری.
ئەم نەریەتی ناوچەگەریە ناشرینە، بەوەشەوە ڕانەوەستاوە، هەستان بە دابەشکردنی زۆنەکان، بە دابەشکردنی وشەی کوردی کە هەر لە ناوچە و شارێک دوو وشەی جیاواز بەکاربهێنن بۆ ئاخافتن یان بۆ فەرمانگاکان وەک، قوتابی + فێرکار، ئافرەتان + ژنان، ناوچە + هەرێم و دەیان و سەدان وشەی جیاواز بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانەی خەڵکی.
ئاخر وەرە چۆلکە خۆت چی و گۆشتاوت چی؟ ئێستاش بە وەفدی جیاواز بۆ پۆستی جیاواز لە جەنگی نەریەتی ناوچەگەریەتی جیاوزدا بۆ هەرێمی جیاواز دەجەنگن.
تەنها کوردە کە مێژوو بۆ دواوە دەگێڕێتەوە، کورد 100 ساڵ خەباتی کرد بۆ ئەوەی فێری شەری برا کوژی بێت، نەک بۆ شکۆی ڕزگاری، کورد 100 ساڵ شۆڕشی کرد بۆ ئەوەی فێری دووبەرەکی و جودایبێت، نەک شکۆی سەربەرزی، کورد تازە زمانی لە گڕوگاڵ دەرچووە و داوای خۆ بچوکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیی دەدات لە مافی چارەنوس سازەوە Self Determination بۆ کەم کردنەوەی قەوارەی خۆیی لە پێناوی شۆڕشی ورگدا کە موچەیە نەک دایکی نیشتمان، ئێ ئێوەش کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی دزستان بەسە و کەمێک ویژدان و خواتان هەبێت، ئەوەی دزیوتانە دزیوتانە و ئیتر بەسە کەمێک دەماری پیاوەتیتان بجوڵێن و کەمێک لەو هەموو ملیار دۆلارەی ئاودیوتان کردووە یان ئەوانەی لە ژێر زەمینەکانتایە کەمێکی سەرف بکەن بۆ ئەو خەڵکەی کە ئێوەی کردە مێردەزمەی گیان کێشانی خۆیان، کەمێکی دەرکەن بۆ ئەو میللەتە هەژارە و بۆیان سەرف بکەن با ئاهێک بە ژیانی ئەو کۆمەڵگا داماوەبێتەوە کە 100 ساڵە خەباتان بۆ دەکەن و قوربانیان بۆ ئێوە داوە، ئێوەش لە پاداشتی ئەو میللەتە داماوەدا کە زیاتر لە 30 ساڵە ڕەنجتان بۆ دەدەن دەیان ڕوتێنەوە هەر وەک پۆری خوراو، تکایە بەسەو با لەوە زیاتر گوڵە بەیبون هەڵنەوەرێت، با لەوە زیاتر کۆمەڵگا زەلیل نەبێت، با لەوە زیاتر شکۆی وڵات نەڕوشێت، پێش ئەوەی میللەت ڕاوتان بنێت چونکە جامەکە پڕبووە و هەتۆتە سەر لێوان، جا ئەوجا شەق دەزانێت قۆناخ لە کوێیە.
ئەگەر ژیریش بوون بە تەبایی و یەکڕیزی دەتوانن نێو ماڵی خۆتان ڕێکبخەن و ژەهری نەرێنی نەریەتی ناوچەگەری شومیش لە گۆڕنێن و خەندە و شادی بگەڕێنینەوە بۆ سەر ڕوخسارە تۆراوەکان، یان وڵات چۆڵکەن با کەسایەتیە دڵسۆزەکان و ئەکادیمیەکان وڵات بەرن بەڕێوە، خۆ قابیلە ئێوە ئۆکسجین نین کە کورد بەبێ ئێوە نەژی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە