مۆدی ماڵپەڕی ئەدەبی

Wednesday, 01.20.2021, 13:04

1318 بینراوە


گومانی تێدا نییە، کە میدیای ئەدەبی و هونەری پاڵنەرێکی باشە بۆ دروستکردن و پەرەدان بە شاکارو بەرهەمە جۆراوجۆرەکان، بەڵام وێرای ئەمە و دوای ئەوەی زۆربەی زۆری گۆڤارو رۆژنامە کاغەزییە ئەدەبی و هونەریەکانی باشووری کوردستان شکستیان هێنا، دوای ئەوەی حیزب ئابوونەی لێبڕین و چیتر ئیشی پێیان نەما، هەروەها خۆشیان خاوەنی هیچ ستراتیژی و دنیابینی و ئامانج نەبوون، چونکە هەر لە یەکەم هەنگاویانەوە دیاربوو لە سنووری سێ شاردا ئەو هەموو بڵاوکراوانە دەربچن بێگومان هەر خوێنەریشیان بۆ پەیدا نەدەبوو، چۆنایەتیشیان زۆر لاواز بوو، ئەمە جێ پەنجەی فەوزایەکی رووونی بواری سیاسی بەسەرەوە دیاربوو، کە هەمووان لاوەکی خەریکی دەنگ کۆکردنەوە و چەق دروستکردن بوون بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەریەکە بە ناوی دەزگا، مەسئول، پاناڵێك، گروپێك، سەنتەر، خانە، رێكخراوێك، تاقمێك و بگرە حیزبێکیشەوە خۆیان بە چەقی بزاڤی رۆشنبیری دەزانی و دادەنا، هەمووشی مۆرکی تاکەکەسی بەسەرەوە دیاربوو، هیچ شتێکی ئەوتۆی رەسەن و بەرهەمدار و داهێنانی نوێیان پێشکەش نەکرد، هەر وا بووە و هەرواش دەبێ. ئەوانە وەکو کەفی سەرئاو ماوەیەك دەردەکەون، بەڵام زوو شەپۆلەکە دەیابنات و جارێکی تر ناگەڕینەوە.
لە هەموو وڵاتێكدا کە رۆشنبیران پێگەیان لە کۆمەڵگادا هەبیت کۆمەڵێك رۆشنبیر و بیرمەند و تایبەتمەندی بوارەکانی ئەدەب و هونەرو هزر لە سنووری کاری ئەکادیمی خۆیاندا بڵاوکراوەی یان مانگانە و وەرزی دەردەکەن و دەستەیەکی باش لە کەسانی پسپۆر سەرپەرشتی دەرکردن و هەڵسەنگاندنەکان دەکەن، ئیتر شار ئاو بیبات و حیزب ملی بشکێت و ئیفلاس بکات ئەوان هەر بەردەوامی دەدەن بە کارەکانی خۆیان، چونکە لەسەرەتاوە بە مەبەست دامەزراوە و بنچینە و کۆڵەکەی چەسپاوی بنیاتنانیان هەمیشە لە بارە بۆ پێشکەوتن و برەودان، هەر بەهەمان شێوەش ژمارەی خوینەرانیان زیاد دەکەن و ئەوەش هەیانە لێیان ناکشێتەوە، سەرچاوەی داهاتیشیان هەر خۆیان و بازارو خوێنەرەکانیانە، ئیتر نە میزاجی شەخسی و نە کاڵ وکرچی مەعریفی زاڵ دەبێت بەسەر رووبەری کارەکانیاندا و وەکو گوتراوە نان بۆ نانەوا دەبێت و گۆشتیش بۆ قەساب، بەڵام ئەم لایەنە گرنگەی ژیانی فەرهەنگی لە کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا زۆر پێچەوانەی ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانە بووە و دەبێت، ئێستا دەبینین مۆد گۆڕدراوە و هەرکەسێك کەمێك فوو بکاتە خۆی دەتوانێت سایتێك دروست بکات و ناوێکی قەبەی رۆشنبیریی لێبنێت و ئەگەر نەخۆش کەوت پرۆژەکە لەگەڕ دەکەوێت، ئیتر نازانم ئەمە لەعنەتی سیاسیەکانە سەراپا خەڵکی گرتووەتەوە و لە نیوانیشیاندا بەناو ڕۆشنبیران، یان هەر سروشتی تاکی ئێمە وایە کەس ئیعتیراف بە کەس نەکات و هەر یەکە لە پێشتی خۆیدا کول في کول بێت؟ هەمووشیان بەس لە گۆشەنیگای تاکەکەسیەوە بنواڕنە چەمك و بابەتەکان و ئەم مۆرکە تاکەکەسییە زاڵ بێت بەسەر سەراپا جوڵە و بڕیاریاندا، ئەمە ئەوپەڕی ستایڵی دیکتاتۆریی و پۆپۆلیزمی حیزبیی و سیاسیی کوردییە، بەڵام لەبەرگێکی تردا، هەر ئەمانەشن کە رۆژانە ریکلام بۆ خۆیان دەکەن بە دابەزاندنی جۆرەها شێوازی وێنەی شەخسی خۆیان، وەك ئەوەی داهێنان و بەخشین لای ئەوان بەس لە پۆرترێتی شەخسیدا کورت بهێنێت، ئەمە چ عەقڵییەتێکی پاشکەوتوو و دابراو و نەزانە؟ ماڵپەرێکی ٢٠ دۆلاری ئەو هەموو کش و فشەی پیوە لێبدرێت و هیچ جیاوازییەك و نوێبوونەوەیەکیش بەرپا نەکات؟!
برادەرێك لەم ماوەیەی پێشوودا پێی گوتم ژنەفتن و کوردڕاوت بیستووە؟ گوتم رەنگە ناوی کوڕانە بێت، گوتی ناوی کچانەش نییە، ئەوانە لەو مۆدە تازانەی کەفوکوڵی خۆدەرخستن و خودە مەنفوخەکانن کە هەرگیز تاکی کورد ناتوانێت شتێکی بەسوودیان لێوە فێربێت، جا ئەوەی شتێکی نەبێت چۆن دەتوانێت بیبەخشێت؟ زۆرمان کەم نەبوو لەم بوارەدا وا ئەوانەشی هاتە سەر.
گوتم با لە کورتی بیبڕینەوە چەند ماڵپەڕێکی زۆر کەمی لێدەرچێت کە خاوەنی پرۆژەیەکی رۆشنبیری و مەعریفی و فەرهەنگیین و خەباتی چەندان ساڵەیان لەم بوارەدا هەیە و بێلایەنی مۆرکی کاری بڵاوکراوەییان بووە، ئیتر ئەوانی دی ژمارەیان دەیان و سەدانن و هەر خۆخڵەفاندنن و وا باشترە کاتی خۆتیان پێوە نەکوژیت، ئێمە ئەو هەموو سەکۆ و وێبلاگ و هەوڵە کەموکورت و پەرتەوازانەمان بۆچییە جگە لە سەر لێتێکدانی ئەوانەی بێ ئیشانە رۆژانە لەم ماڵپەڕ بۆ ئەو ماڵپەر و لەم پێگە بۆ ئەو پێگە دەخولێنەوە تا گێژ دەبن، دواییش کە کامپیوتەرەکە دەکوژێننەوە هیچیان لە بیر نامێنێت. رۆشنبیری راستەقینە لەم چەواشەکاریانە خۆی بە دوور دەگرێت تا لە کەشێکی تەندروستدا خۆی پەروەردە بکات و تواناکانی پەرە پێبدات و ئەزموون پەیدا بکات.
چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر