دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


ئەدەبیاتی سەردەمی کۆماری مەهاباد

Thursday, 01.21.2021, 15:48

956 بینراوە


خشتی یەکەمی زمانی هەر نەتەوەیەک، رێنووس وڕێزمانی ئەو نەتەوەیە کە دەبێتە شووناسێکی بە هێزی نیشتمانی و نەتەوەیی. بۆ پەرەپێدانی ئەو زمانەش لە هەر سەردەمێکدا لە لایان بەرپرسانی دەسەڵاتی ئەو نەتەوەیە ڕاهێنان و پەوەردەکردنی کەسانێکە لە ژێر سیستم ودامودەزگای پەوەردەوڕاهێنان بۆ گەشە کردنی زمانی ئەو نەتەوەیە.
بناغەی ستاندارکردنی زمانی هەر نەتەوەیەک پەیوەندیی راستەوخۆی بە پەروەردە و ڕاهێنانە. لێرەدا نابێ پێڤاژۆی فۆلکلور و ڕاوێژیی ئاخاوتنی رۆژانەی دانیشتوانی کۆمەڵگا لە بەرچاونەگرین. کۆڵەکەی بەهێزیی زمان، رێگوزەریی فۆلکلۆرە بە واتای زانستیی خەڵک پێناسە کراوە. لە دونیای دێرین و سەردەمیشدا هیچ زمانێک بە بێ زمانێکی دیکە نەژیاوە. زۆر جار وشەیەک لە چەند زمانی زیندووی دونیادا هاتۆچوو دەکات، بە بێ ئەوەی هیچ گرفتێکی زمانەوانی بێتە پێش. بۆ نموونە وشەی سەماوەر کە وشەیەکی رووسیە لە زمانی کوردیدا خۆی داکوتاوە و بەکاردەهێنرێ.
ئەوەی کە جێگای داخ و سەرسووڕمانە ئەوەیە کە لە سەردەمێکی مێژووییدا کاتێك کۆماری مەهاباد راگەیەنرا، بوو بە خاوەنی گۆڤار و رۆژنامە و چاپەمەنی وسیستمێک بە ناوی پڕۆسەی پەروەردە و رەوشنبیری کە گرینگترین و پێویستترین بەشە لە دەسەڵاتی یەک ساڵەی ئەو کۆمارەدا. لەو بەشەدا کەسانێک لە لایان قازی محەممەدەوە رادەسپێردران کە چاوەدێری بەسەر ئەو سیستمەدا بکەن. وەها دەزگایەک پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێ بە پێی سەردەم پەرەی پێ بدرێ.


ئەوەی کە جێگای پرسیارە؟

بنچینەی هەر زمانێک لە دونیادا دەگەرێتەوە بۆ ریشەی ئەو زمانە. ریشەی هەر زمانێکیش بە واتای رەگەز و ناسنامەی ئەو زمانەیە.هیچ وشەیەک لە ئاسمان ناهاتۆتە خوارێ و لە بن عەرز هەڵنەقوڵیوە. گەڕان بەدوای ریشەی هەر زمانێکیشدا هەروا هاسان نییە و کاری کەسانی پسپۆڕ و شارەزای زمانەوانییە. دەتوانم بە ڕاشکاوی بڵێم، نەتەوەی کورد لەو بوارەدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بە دەست نەهێناوە. فەرهەنگی وشەکان لە لایان چەند کەسەوە بە شێوەی پەڕتووک نووسراون و بڵاو بوونەتەوە، بەڵام ئەوە کاری سەرەکی و زانستیی نییە بۆ ستاندارکردنی زمانی نەتەوەیەکی 40 تا50 میلیونی.
ئەوەی کە جێگای پرسیارە ئەوەیە، کۆمەڵگایە یان نەتەوەیەک زۆر بە هاسانی بە پێنووسی خۆی بکەوێتە ژێڕ کاریگەریی زمانی نەتەوەیەکی داگیرکار! مێشک، پێگەیەکی بە هێزە بۆ ڕاهێنان و پەروەردەکردنی کەسایەتی مرۆڤەکان، زمان ئامرازێکە بۆ پەیوەندیی کردن دەگەڵ مرۆڤەکان. پەیوەندیی ئەو دوو بابەتە گرینگە کەسایەتیی تاکی کورد دەنەخشێنێ. چۆن بیر بکەیەوە وئاواش دەئاخفی. چۆن بیربکەیەوە ئاواش دەژی.
بە باوەڕێ من ئەدەبیاتی دامودەزگای بەرێوە بەریی سەردەمی کۆمار، ئەدەبیاتێکی سەقەت و لاڕێی بووە. راوێژی ئاخاوتنی بەر پرسانی کۆمار، ئەو ئەدەبیاتەی کە لە گۆڤار و چاپەمەنیدا رۆژانە کەڵكی لێ وەردەگیرا، دەکرا بە هیندێک وردبینیی بەوشێوەیە نەبایە. کاریگەریی وشەی عەڕەبی و بەتایبەت فارسی لەو سەردەمدا ئەوەمان پێدەڵێن کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی دامەزرێنەریی ئەو کۆمارە زۆر سست ولاواز بووە! من کۆمەڵگای سەردەمی کۆمار دەگەڵ ئێستا بەراورد ناکەم و لە تەنیشت یەکتریان هەڵناسەنگێنم، بەڵام رەخنەکەی من لە سەرنەبوونی ئەزمونێکە کە لەو سەردەمەدا کۆماری لە سەر راگەیندرا! کەرەستە و بناغەی ئەو کۆمارە ئامادە نەکرابوو بۆ پڕۆسەیەکی پێویست بە ناوی پەروەردە و رەوشەنبیریی. تێوەگلانی ئەو گشت وشەیە لە زمانی سەرۆک کۆماریی ئەو کات شەهید قازی محەممەد، ئەوەمان پێدەڵێ کە بەدەنەی ئەو کۆمارە لەو بواردە سست ولاواز بووە. بەهاسانی دەکرا خۆیان لە وشەی بیانی بە دوور ڕاگرتبایە. شێوەی داڕشتنی ئەدەبیاتی کۆماری ئازەربایجان بۆ بەرێوە بردنی دامودەزگای حوکومەتیی ئەو کات بە سەرپەرەستیی پیشەوەری زۆر پوخت و پاراوتر بووە لە کۆماری مەهاباد.


دیاردەیەکی مەترسیدار!

لەو وتارەدا ناکرێ باس لە کۆماری مەهاباد و کەسایەتی قازی محەممەد وشکستی کۆمار بکرێ، چون پێویست نییە. نزیکەی ٧٤ ساڵ لە روودانی کۆمار تێپەڕبووە. تا ئێرەش هیچ خەسارناسیەک جگە لە پێداهەڵاگووتن بە شەخسیی قازی محەممەد و کۆمار من هیچ بابەتێکی رەخنەییم بۆ ئەو سەردەمە نە بە کتێب، یان نووسراو، یان لە مێدیا کوردیەکان نەبینیوە!
چین و توێژێکی تاڕادەیەک گەنج سەریهەڵداوە کە بۆتە سووتمانی چین و توێژێکی تاڕادەیەک بەساڵاچوو و نزیک تەمەن ٦٥ساڵ بەرەو سەرو. چین وتوێژیی دووهەم ئەوەی بیستوویە، شڕۆڤەیەکی ناڕاست وب ێ لێکۆڵنەوەی بیستووە یان بە هەستێکی بێ بنەمای دەمارگرژانە دەڕوانێتە مێژووی کۆمار و شەخسی قازی محەممەد، بۆیە زۆرینەی چین وتوێژی یەکەمی وەها بەلارێدا بردوە، کە کاری حەزرەتی فیلی تێیان بگەیەنێ کە ئەوەی لە کۆماری مەهاباددا رووی دا ئایەتی قورعان نییە، کە نەگۆڕ بێ. قازی محەممەدیش مرۆڤ بووە، مرۆڤیش تووشی هەڵە دەبێ. چما کەس دەوێرێ بڵێ: راگەیاندنی ئەو کۆمارە هیچ پشتیوانیەکی ستڕاتیژیی ناونەتەوەیی بە پێی ئەو سەردەم لە پشت نەبووە. چما کەس دەوێرێ بڵێ: قازی محەممەد زۆر هاسان خۆی رادەستی دووژمن کرد! چما کەس دەوێرێ بڵێ راگەیاندنی ئەو کۆمارە پیلانێکی ناونەتەوەیی بوو لە نێوان ستالین و ئامریکا بۆ سات و سەودای ناونەتەوەیی! لەدوای رووخانی کۆماریش ئەوە حاڵ و رۆژی ئەو حیزبەیە لە باشووری کوردستان. حیزبێک کە دەبیری یەکەمی قازی محەممەد بووە. حیزبێک کە خۆی بە میراتگریی کۆمار دەزانێ و ناوی دێمۆکڕاتی لە خۆی ناوە بەڵام لەگەڵ دیموکراتییدا پێکەوە ناسازێن!

هیچکات بۆ رەخنەگرتن درنگ نییە:

دیاردەیەکی دیکەی مەترسیدار ئەوەیە، لە وتار لە مێدیاکان، لە چاپەمەنیی، لە شرۆڤە سیاسیەکانی سەردەمدا زۆرم بیستووە دەڵێن: رۆژگاری سەردەمی کۆمار و رۆژگاری ئەو سەردەمە جیاوازن. دەبێ بە پێی جیاوازیەکان سیاسەتەکان بنرخێندرێن. منیش ئەو گووتنەم پێ راستە، بەڵام پرسێکی دیرۆکی تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سەردەم جیاوازە لە سەر کام بنەمای ستڕاتیژیی قازی محەممەد کۆماری راگەیاند؟ وەڵامەکەی بۆ من زۆر هاسانە ئەوەیش ئەوەیە:
وابزانە تۆ خاوەنی زەوەیەکی کە دەتهەوێ خانوویەکی لە سەر ساز بکەی. بۆ سازکردنی خانوو کەلوپەلی پێویست وکەرەستەی پێویست دەبێ ئامادە بکرێ. دەنا ناتوانی خشتێک لە سەر خشتێک دابنێی. بەرپرسانی کۆمارنەیانتوانی ئامرازی دامەزراندنی کۆمار ئامادە بکەن، چون پشتیان بە یەکێتی سۆڤیەت بەستبوو! یەکێک لەو ئامرازانە رێکوپێک نەکردنی زمانێکی پاراو بووە بۆ گەیاندنی دەنگی کۆمار بە ڕای گشتیی کورد و دونیای دەرەوە. نەبوونی رێنووس و رێزمانێکی خۆش نووسی کوردی یەکێکە لە کەموکورتیەکانی سەردەمی یەک ساڵەی کۆمار.


بەڵگەیەک:

خوێنەری هێژا، دەقی نامەیەکی جێگریی‌ فەرهەنگیی ئەوکاتی کۆمار بخوێننەوە و سرنج بدەنە شیوەی داڕشتنەکەی، ئەوکات لە مەبەستەکەم تێدەگەن. لۆگۆی نامەکە و ناوی ئیدارەی فەرهەنگیی هەردووک وشە بە فارسی نووسراوە! هەروەها زۆر وشەی دیکەش بیانین کوردستان دەبینن. ئەو نامەیە مەڕحومی دڵشآد رەسووڵی بۆ مەرحومی حوسێن گڵۆڵانی نووسیوە! ئەو نامەیە لە ٧٢ وشە پێکهاتوە هەروەها کۆپی نامەکەش کە هەردووکیان پڕن لە وشەی بیانی. لەو سەردەمیش دەکرا ئەو ئەدەبیاتە ئاڵوگۆڕێکی زمانەوانیی بەسەربێ ووشە گەلی بیانی لێ دەرکرێ.