بێدەنگ نابین: خۆپیشاندان لە شاری مالمۆی سوید دژی ماڵی مەلا مستەفا


جوزێف ماتزینی، پەیامبەری نەتەوایەتی (بەشی ٢ ـ٢)

Thursday, 01.21.2021, 16:03

742 بینراوە


ماتزینی، بۆ ئارامکردنەوەی ڕۆحی و پشوودان بە جەستەی شەکەتی، شەوانە پەنا بۆ Gitarre ەکەی دەبات و بەدەست و پەنجەی ڕەنگینی چەند ئاوازێکی دڵفڕێن دەژەنێ و وردە گۆڕانیشی لەتەکدا دەچڕێ. بەم جۆرە خەمەکانی بە بادا دەدات. خەمی گەورەشی بیرکردنەوە بوو لەم دەستکەوتە گەورە، لەم دۆخە هیوابەخشە، تۆ بڵێیت تا کەی بەردەوام بێت؟داخۆ زلھێزەکان نەمسا و فەرەنسا و ئیسپانیا و رووسیا و پورتوگال لێمان بگەڕێن؟ ..
لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا دەڵێ: « ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و نموونەیەکی باش و جوان پێشکەشی ھاوڵاتیانی خۆمان لە تەواوی ئیتالیادا دەکەین. ئیدی دیارە ھەر بەم شێوەیە دەتوانین سەرکەوین، سەرکەوتن بپارێزین ».. لەم سەروەختەدا 20.12.1848 ە فەڕەنسا Louis Napléon Bonaparte دەبێتە سەرۆک و خێرا جەنەڕاڵ Ondinot دەنێرێتە ڕۆما- پێدەچێ لەسەر داخوازی پاپا ئەم کارە کرا بێت- تا دەست بەسەر دۆخەکەدا بگرنەوە و ئاسایش بپارێزن.
دانیشتوانی ڕۆما بەتوندی دژی ئەم بڕیارە دەوستنەوە بڕیاری بەرگری کردن بەدڵ وگیان دەدەن. فەرەنسا ھەر وازناھێنی و 3 جار شاند دەنێرێ و ھەڕەشە دەکات. ھەر ناگەنە ئەنجام. لەم چرکەساتەدا بیرۆکەیەک لای کۆمەڵێک دروست دەبێ بچنە لای پاپای ڕازی بکەن بەوەی مشورێک بخوات شەڕ ڕوونەدات و بەئاشتی کێشەکە چارەسەر بێت. ئەم هەوڵەش ئەنجامی نابێت. ئەنجوومەنی شار بڕیاری بەرگریکردن دەدات. جەنەڕاڵی ناوبراو بەفڕوفێڵ خۆی نزیک دەکاتەوە لەپڕ بە 30,000 هەزار سەربازەکەیەوە پەلامار دەدات. شەڕێکی سەخت هەڵدەگیرسێ. لە هیکڕا گاریباڵدی بە 14,000هەزار لایەنگرەوە پەیدا دەبێت و فەرەنسییەکان تێک دەشکێنێ و هەواڵ بۆ ماتزینی دەنێرێ، کەوا دەیەوێ فەرەنسییەکان تا Civitavecchia ڕاویان بنێ و بیانکوژێ. ماتزینی بە پێچەوانەوە داوای گەڕانەوەی لێ دەکات،بە مەبەستی ئەوەی فەرەنسییەکان نەورووژێن و ئیتالیا نێتێکی باشیان نیشان بدات. گاریباڵدی بەم بڕیارە نیگەران دەبێت،بەس فەرمانەکە جێبەجێ دەکات.
لەم کەینوبەینەدا، فەرەنسا سەرگەرمی گێڕانی ھەڵبژاردنە. ناپلیۆن چاوەڕێی ئەنجام دەکات. ئەگەرچی دەبوو فەڕەنسا بە ھەڵوێستی ماتزینی دڵخۆش بێت، کە نەرم و ئاشتیخوازانە بوو، لێ ناپلیۆن لەسەر دوو تەوەر بە فڕوفێڵ و تاکتیک وەڵامی ماتزینی و ئیتالییەکان دەداتەوە. سەرەتا بۆ ئارام کردنەوەی Ferdinand de Lesseps کە ھاوکات دروستکەری کەناڵی سویسیشە، دەنێرێ بۆ گفتوگۆ. ماتزینی و ئەم نوێنەرە گفتوگۆی بەسوود دەکەن و دەگەنە ئەنجامێکی باش. بەڕادەیەک لێزەپس زۆر سەرسامی ھزر و تێڕوانین و ھەڵسوکەوتی ماتزینی دەبێ. ھێشتا گفتوگۆکان تەواو نابێت ناپلیۆن جەنەڕاڵ Oudinel بە فەرمانێک دەکاتە بەرپرسی ڕۆما . بەمەش دەردەکەوێ کە ناپلیۆنی سێ ئاشتی ناوێت. بەم ھەڵسوکەوتە ماتزینی تێدەگات ناپاکی و فێڵی لێکراوە. بڕیار دەدەن خۆیان بۆ شەڕکردن ئامادە بکەن و ھەڵدەستن بە مەحکەمکردنی دەوروبەری ڕۆما. بەداخەوە لێرەدا ھەندێ ئیتالی دەکەونە بەرەی دوژمنەوە.
جێی ئاماژە پێدانە کە بەرەی زلھێزە جیھانییەکان نەمسا، فەرەنسا، ئیسپانیا ھەموویان بەیاننامە دەردەکەن و داوای دەست بەسەرا گرتنەوەی ڕۆما دەکەن. لە 4.6.1849 دا شەڕ ھەڵدەگیرسێ. ھێزە فەرەنسییەکان باڵا دەست دەبن و ئیتالییەکان بەرگری تەواویان پێ ناکرێ. ماتزینی خۆی لە پێشی پێشەوەی بەرەی شەڕدا دەبێت و ئامادە نییە رۆما چۆڵ بکات و بە سانایی بیداتە دەستەوە. لەم ساتەدا گاریباڵدی بانگ دەکات و دەیکاتە بەرپرسی بەرەی شەڕەکە. فەرەنسییەکان ژمارەی سەربازەکانیان دەکەنە سێ قاتی 13,000 ئیتالییە خۆبەخشەکەی بە دڵ و گیان بەرگری لە ڕۆما دەکەن..
میللەتی ئیتالی زۆرینەی بۆ پشتیوانی ماتزینی و ھاوڕێکانی ڕادەبن لەم ڕووەوە P.Ventura دەڵێ:« ئەگەر کڵێسا- واتە پاپا- لەگەڵ میللەتدا نەبێت، ئەوا ئەم شەڕە بێ ئەو و لەدژی ئەو بەڕێوە دەچێت».. بەھەرحاڵ کوشتارێکی زۆر دەکرێ و ئیتالییەکان بۆ بەرگری لە رۆما دەڵێن: مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا دەست بگرن بەسەر رۆمادا.
لەم کاتەدا گاریباڵدی داوا دەکات شەڕ بەرنە دەرەوەی ڕۆما، ماتزینی ڕازی نابێت و بانگەوازێ بۆ ھێزە ئەوروپاییەکان دەردەکات و دەڵێ:« با پاشایەتیش بڕوخێنن یا خۆی ببەزێ، کۆمارییەکان خۆیان نادەنە دەستەوە و نابەزن و بڕیارە، بە گیان و باوەڕی بەرگریی و ناڕەزاییەوە بمرن»..
هەر سێ زلھێزەکەی ئەو سەردەمە دژ بەم کۆمارە ساوایە وەستانەوە. ئیتالییەکانیش بە تەنھا. ھێزە فەرەنسییەکان پارەیەکی زۆر بۆ سەری ماتزینی تەرخان دەکەن و جارێکی تریش بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەکەن. ئیدی ھاوڕێکانی، ماتزینی بەزۆر ناچار دەکەن خۆی دوور بخاتەوە و ھەڵ بێت. لەم کاتەدا نێردراوێکی ئەمەریکی دێت و پەساپۆرتێکی بەناوێکی خواستراوەوە دەدەنێ و بەرەو مارسیلیا دەڕوا و لەوێوە دەچێتە ژنێف.
مانەوەی زیاتر لە ساڵێکی ماتزینی لەدەسەڵات لە ئیتالیا، زۆر کار دەکات و دەستکەوتی گەورەی بەدەست دەھێنێ. لە لۆزان/ سویسرا دەست دەکات بە نووسینی سیاسی و ئەدەبی و پلان داڕشتن بۆ جارێکی تر بۆ تێھەڵچوونەوەی شۆڕش و ڕاپەڕین.1850 گۆڕانێکی سەیر ڕوودەدات و ماتزینی بۆ بینینی دوژمنە گەورەکەی ناپلیۆنی سێیەم دەچێتە پاریس. لەسەر کۆمەڵێ شت ڕێک دەکەون، لێ ناپلیون پاش ماوەیەکی کەم لەدەسەڵات دەخرێ و ھەڵدێ، رێکەوتنەکە ھیچی لێ شین نابێتەوە.ماتزینی لە پاریسەوە دەچێ بۆ لەندەن بۆ بینینی ھاوبیر و دۆستەکانی. لەوێ ئەم جارە" کۆمیتەی ئەوروپا" دروست دەکات لەگەڵ ئەم پۆلە لە کەسانی دیار و هەڵکەوتوودا:
Alexander Ledrn- Rolli,Arnold Ruge,Albret Daraß پاشان دێتەوە سویسرا . دیارە لەھەر شوێنێ بوو بێت بەردەوام سیخوڕ و چاودێری بەدواوە بووە.مانگی 11.1850 دەچێتەوە بۆ لەندەن ئەمجارە لە میراتی باوکی پارەیەکی مۆڵی باشی بۆ دێت. دواتر خانەنشینی دایکیشی دەگات بەدەستی ساڵانە 4 ھەزار لیرە بووە. بەم پارەیە کاری باش دەکات و یارمەتی زۆری دۆست و ھاوبیر و ھەژار و لێقەوماوان دەکات. بۆ خۆی ھەروەک جاران سادە و ساکار ژیان بەسەر دەبات.
"کۆمیسیۆنی نەتەوەیی"ش دروست دەکات پاشان "کۆمیسیۆنی ناوەندیی دیموکراتی ئەوروپا" دروست دەکات.بۆ بەرپاکردنی ئامانجی خەباتی کۆماری لەتەواوی ئەوروپادا. بەتایبەت ئیتالیا و ئەڵمانیا و رووسیا. ھەر لەم ڕێگایەوە خاتووی شاعیری ئەڵمانی کە ئەویش ھەڵاتووە و لە لەندەن ژیان دەکاتMalwida von Meysenberg دەناسێ. ئەم خانمەش شێت و شەیدای ماتزینی بیر و ڕەفتاری دەبێت. دواتریش بیوگرافیایەکی باش لەسەر ماتزینی دەنووسێ. ھاوکات زۆر کەسایەتی گەورە لە لەندەن دەناسێ و پێیان ئاشنا دەبێت.
1852 دایکی دەمرێ و تەواو نیگەران دەبێت. لەو سەردەمەدا بەناوی "دایکی ئیتالیاوە" ناوبانگی دەردەکات. دایکی لەسەرە مەرگدا دەڵێ : «خۆشەویستان تکایە لە خەمی کوڕەکەم Pippoدا بن». ھەموو شاری جێنوا بەشداری بەخاک سپاردنی دەکەن. خەڵكەکە یەکێ ڕادەسپێرن Emilin Ashurst ھەواڵی مردنەکە بدات بە ماتزینی. ناوبراو دەگێڕێتەوە " کاتێ پێم گووت ماتزینی ڕەنگی سپی داگەڕا، بە دەنگێکی لەرزۆکەوە پێی وتم: تکایە ئێمیلیا، بەتەنیا جێمبهێڵە.دوو دانە ڕۆژ بە ئازاری مردنی دیکییەوە تلایەوە: ماتزینی پاشان بە دەنگێکی نەرم دەڵێ: وا ھەست دەکەم دایکم لێم نزیکە.. ئەو ھێشتا ھێزم پێدەبەخشێ تا بە ئەمەک بم بەرانبەر بە ئەرکەکانم بۆ نیشتمانم خەبات بکەم...
ماتزینی هیچ گومانی لەوە نەبوو گەلەکەی تا گەیشتن بە دوا ئامانج کۆڵ لەخەبات نادات. لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ دۆخەکە دەکات و دەگاتە ئەنجامێک:-
1-دەستبەرداری ئەو خەباتە بێت، کە ساڵانێکە لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆی تێدەکۆشن و قوربانی زۆریان داوە
2- یاخود بەدوای دۆزینەوەی ڕێگایەکی ترەوە بێت بۆ گەیشتنە ئامانج..
ئیدی لێرەوە ماتزینی شۆڕشگێڕ دەبێتە سیاسەتمەدار و لە ئایدیالیستێکەوە دەبێتە پیاوی دەوڵەت. ساڵی 1850 کەسایەتی گەنجی تازە ھەڵکەوتووی دەڤەری پیمۆنت بەناوی
کافوورCamillo Benso Cavour دەبێتە وەزیری کشتوکاڵ و بازرگانی و دەریا. ئەم کەسایەتییە لەبنەچەدا لە باوکێکی ئیتالی و دایکێکی فەرەنسیی سویسرییە. کافور کەسایەتییەکی زیرەک، وریا، دانووسانکاری بێ پەروایە. ئەمیش وەک ماتزینی باوەڕی بە شۆرش ھەیە لە پیمۆنتەوە دەست پێ بکات و تەواوی ئیتالیا بتەنێتەوە. باوەڕی بە یەکگرتنەوەی ئیتالیا ھەبوو بۆیشی تێدەکۆشا. لێ لەگەڵ ماتزینیدا لەوەدا جودا بوو، کافور باوەڕی بە کۆمەکی دەرەکی بوو بۆ گەیشتنە ئامانج، نەک وەک ماتزینی دەیگووت: "جگە لە خوا، ئیتالییەکان نابێ پشت بە ھیچ کەسێکی تر ببەستن".
Alexander Herzen کە بیوگرافیایەکی ماتزینی بە ئینگلیزی نووسیوە،دەڵێ: "ماتزینی پیاوێکی هەڵکەوتووی بێهاوتا بوو،باوەڕێکی پتەوی هەبوو، کە هەمیشەی ورەی پێدەبەخشی لە ساتەوەختەکانی تەنگانەدا، لەودا شتێکی گەورە هەبوو، دەتوانی ناوی بنێیت شتێ لە شێتێتی، بەڵێ ئەم شێتێتییە زۆر جار دەبووە مایەی سەرکەوتن(...) ماتزینی هێزێکی موگناتیسی بەهیزی ڕاكێشانی خەڵکی هەبوو". ساڵی 1853 لەمیلان ڕاپەڕینێ بوو زوو دامرکایەوە. دوو ساڵ دواتر ماتزینی لە لەندەن بە شێوەیەکی سەیر لەھێرشێکی کوشتن ڕزگاری بوو. ئەم ڕووداوانە زیاتر ڕێگای بەردەم کافور تەخت دەکەن تا بێتە شۆڕەسواری مەیدان.
دواتر کۆمەڵەی « دۆستانی ئیتالیا» ی لەساڵی 1851 دا لەگەڵ کۆمەڵێ لە بیریار و زانا ناسراوەکانی ئینگلیزیدا دروست دەکات بۆ پشتیوانی مەسەلەی ڕەوای ئیتالیا بۆ یەکگرتنەوە. لە 2.12.1852 ناپلیۆن دێتە سەر دەسەڵات و خۆی بە نزیکی ئیتالییەکان دەزانێ و دەیەوێ ھاوکارییان بکات بۆ رزگاربوون لە چنگی نەمسا.. ڕووسیا دەیەوێ سوود لە لاوازی تورک وەرگرێ و باڵ بکێشێ بەسەر بالکان مسۆگەر بکات. ئینگلیز و فەرەنسا لە دژی خەونەکەی رووسیا دەوەستنەوە. نەمسا نایەوێ دژایەتی ئاشکرای ڕووسیا بکات. کافور دەستبەجێ ئەم پێشھاتە نوێیانە دەقۆزێتەوە. پێشنیاز دەکات ئەویش بچێتە ھاوپەیمانێتییەکەوە و پاڵپشتی لە فەرەنسا بکات. ئەمەش بەئامانجی ئەوەی لەکاتی سەرکەوتندا بتوانێ سوودێک بۆ ئیتالیا بپچڕێ.
سەرەتا پەرلەمان دوودڵ دەبێت لە ھەنگاوەکەی کافور پاشان دەنگی زۆرینەیان بەدەست دێنێ و نزیکەی 15,000 ھەزار سەرباز ئامادەی شەڕ دەکات. داوا دەکات ڕێگەی پێ بدرێ بەشداری کۆنگرەی ئاشتی بێت، کە لە پاریس دەبەسترا. ساڵی 1855 پاشا Emanoele Karl Albert و کافور ڕێگەیان پێ دەدرێ بەشداری کۆنگرە بن لە پاریس و جارێکی تر لە لەندەن. ناپلیۆنی دۆستی ئیتالیا لە شاندەکە دەپرێ: « ئەتوانین چی بکەین بۆ ئیتالیا؟». کافور کە بە بەرنامە و پلانی پێشوەختەوە ئامادە بووە، یەکسەر بیرخەرەوەیەکی دەداتە دەست. داواکاری سەرەکی داوای کشانەوەی ھێزەکانی نەمسایە لە دەوڵەتی کڵێسا/ واتە ڕۆما و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی بە تاڵان و دزی براوی دەوڵەتی ناوبراو. ھەڵبەت کافور دەزانێ لەگەڵ ناپلیۆندا بە وریایی مامەڵە بکات و سەرئێشەی بۆ دروست نەکات. ھاوکات خەونی گەورەی خۆیشی بوو بێتە سەرۆکی ئیتالیای داھاتوو.
کافور لەم ھەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو و یەک ھەنگاو نەچووە پێش. ھەست بەوە دەکات ناپلیۆن دەستی بڕیوە بەتایبەت کاتێ تەواوی کەسوکاری خۆی دەکاتە بەرپرسی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئیتالیا. ئیدی قسەکانی ماتزینی بیر دەکەوێتەوە، کە نابێت بە پشتیوانی بێگانە ئیتالیا رزگار بکەین. لەژێرەوە ھەوڵی سازدانی شۆرش و ناڕەزایی دەربڕین لە سیسیلیا دەدات و داوا یارمەتیش لە ماتزینی و گاریباڵدی دەکات کە لە لەندەن دەژیان. سەرەتا دەیەوێ ناپۆلی لە دەستی فێردیناندی دوو ڕزگار بکات، کە لەژێر دەسەڵاتەکەیدا زیاتر لە 25,000 زیندانی سیاسی ئیتالی ھەبوو. مانگی6/1857 Pisacane بە 300 کەسەوە دەچێ Kalabrien ھەست دەکەن کە ماتزینی ماوەیەکە بەدزییەوە لە جێنوایە لەگەڵ گاریباڵدی خۆیان شاردۆتەوە. دەیانەوێ جموجوڵێک بکەن و کافوریش لە پلانەکەی خۆی ئاگاداریان کاتەوە. بەم جۆرە بۆ یەکەم جار باکوور و باشوور گیانی برایەتی ھاوبەشی خەباتیان پێکەوە دەبێ و ھاوپەیمانێتی ساختەی نێوان پیمێنتۆت/ دەوڵەتی کڵێسا و فەرەنسا شکست دەخوات.
لەم کاتەدا سیخوڕەکانی فەرەنسا چالاک دەبن و Pisacane بەدەستەوە دەدەن و سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێت. جەماوەری ئیتالی بەم ڕەفتارە گەلێ نیگەران دەبن ڕادەپەڕن و پەلاماری ھێزە فەرەنسییەکان دەدەن. بەڵام دیسان بەداخەوە سەرکەوتوو نابن. بەم شێوەیە ھەردوو ماتزینی و گاریباڵدی بە سەرسوڕمانەوە لە گرتن ڕزگاریان دەبێت. سزای مەرگ و کوشتن جارێکی تر بۆ ماتزینی دەردەچێت. لەناکاو ڕووداوێکی سەیر لە 14.1.1858 دا پێش دێت، Felice Orsini ھێرشێک دەکاتە ناپلیۆن و 10 کەس لە یاوەرانی دەکوژرێ و نزیکەی 141 کەس بریندار دەبێت. ئەم کەسە و باوکیشی لە ھاوبیرانی ماتزینی دەبن. بەھۆی چالاکی و خەباتیان زۆر جار گیراون و ئازار دراون. بەڵام ئەمجارەیان سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێن. ناپلیۆن ماتزینی بە بەرپرسی ئەم کردەوەیە دەزانێ . تا دەهات لیستی تاوانەکان لەسەر ماتزینی، لە چاوی فەرەنسا و نەمسادا درێژ دەبۆوە، چونکە سەرلەبەری چالاکییەکان بەناوی ئەوە دەکران.
کافوری دۆستی فەرەنسا ئەم ھەواڵی کوشتنەی ناپلیۆنی پێ ناخۆش دەبێت، حوکمی کوشتن بۆ ماتزینی دەردەکات و دەڵێ: ھەر کەسێ ماتزینی بگرێ خەڵاتێکی باشی دەدەینێ و داواش لە فەرەنسییەکان دەکات زۆر بەخێرایی ھاوکار بن لەگەڵیدا. بەڵام ماتزینییەکی خۆشەویستی میللەت و خاوەنی زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی خەباتی ژێرزەمینی و ھونەری خۆشاردنەوە و خۆقوتارکردن، لەدەست دەسەڵاتی چەندین دەوڵەتی گەورە . ماتزینییەک نزیکەی دەرزەنێ جار بە قاچاخی بەناو فەرەنسادا ھاتووە و چووە، ھەرگیز بەئاسانی ناکەوێتە داوی کافورەوە.
کافوور دەست ھەڵناگرێ لە ھەوڵەکانی خۆی ئەو ھیوا و پەیوەندییەی لەگەڵ ناپلیۆندا ھەیەتی لە 22.7.1858 دا جارێکی تر لەگەڵ ناپلیۆن باس لە دەرپەڕاندنی نەمسا دەکاتەوە و لەگەڵی ڕێک دەکەوێ. ماتزینی لەناو پاپۆردا دەبێت بەرەو لەندەن، کاتێ ئەم ھەواڵەکە دەبیستێ زۆر نیگەران و تووڕە دەبێت. دەستبەجێ نامەیەکی کراوە بۆ کافوور دەنووسێ:„ من ئەگەر ئێوەم ھەرگیز خۆش نەوێ، ئەوا ئێستا ڕقم لێتان دەبێتەوە". ماتزینی ھیچ بڕوای بە فەرەنسییەکان نەبوو، لێیان بەگومان بوو، بۆیە دژی ڕێکەوتنەکە بوو. ھەروەھا بەلایەوە سەیر بوو بۆ کافور پەنا بۆ گەلەکەی نابات و سوود لە وزە و توانای گەل وەرناگرێ؟.
ناپلیۆن لە10.1.1859 دا وتارێک بەناوی ھاواری ئازار دەدات دوا لە ئیتالییەکان دەکات ڕابن و دژ بە نەمسا بوەستنەوە. ئیتالییەکان بەم ھاوارە دڵخۆش دەبن . فێریدیناندی دووەم دەکەوێتە مەترسیتەوە. مۆڵەت دەدات بە ئیتالییەکان تا 23.4.859 ئارام بنەوە و ئاژاوە نەگێڕن و پەلاماری سوپاکەی نەدەن و چەکەکانیان دانێن. بەکورتی شەڕ نزیک دەبێتەوە فەرەنسا ھێز بۆ تورین و جێنوا دێنێ. ھەر لەم کاتەدا لە مۆدێنا و پارما و تۆسکاناش شۆرش سەرھەڵدەدات و ھێزە بێگانەکان دەردەپەڕێنن. لە دوو شەڕی یەکلاکەرەوەدا 12.6.1859 لە Magenta و لە 24.6.1859 لە Solferino نەمسا تێک دەشکێن. دواتر کۆبوونەوەیەک لە Villafanca دەکرێ و بڕیارەکان دیسان بە سوودی ئیتالیا نابێت.مانگی ئاوگۆست پاشای ئیمانۆیل،کە جێگرەوەی باوکی بوو زۆر دڵگران دەبێت و بڕیار دەدات بە ھەموو شێوەیەک فەرەنسییەکان تێک بشکێنێ. لەژێرەوە بەکافور دەڵێ: پەیوەندی بە ماتزنییەوە بکە تا ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش لە Sizilien بکەن .
ماتزینی لەم کاتەدا خەریکی سازدانی شۆرش دەبێت و گاریبالدی بەخۆیی 10,000 پارتیزانەکەیەوە بۆربۆنەکان تێکدەشکێنێ و تەواوی باشوور دەگرێ و دوای 700 ساڵ باشوور بەتەواوی ڕزگاری دەبێت . ماتزینیش لە 4.4.1860 دا پالێرمۆ و میلان رزگار دەکات و سیسیلیا و ناپۆلی رزگاریان دەبێت. گاریباڵدی ھەڕەشە دەکات تا ڕۆما ناوەستێ و دەوڵەتی کڵێساش رزگار دەکات. لەمەدا کافور ترسی لێ دەنیشێ .لەم کاتەدا بەس ڕۆما و بەشێک لە ڤێنیسیا ماوە ڕزگار بێت. 1870 سەرەتا تۆرین و دواتر فلۆرەنس دەبێتە پایتەخت. فەرەنسا و ئینگلتەرا دان بەم دەسەڵاتە ئیتاڵییەدا دەنێن. دواتر پاپا و ئەڵمانیا و رووسیا و نەمساش ئەوانیش ددانی پێدا دەنێن.
ماتزینی بەم نیوە سەرکەوتنە ڕازی نابێت. بۆیە ناتوانێ واز لە ئامانجەکەی بھێنێ. ئیتالیایەکی بێ ڕۆما و ڤێنیسیا واتای چییە!. دەچێ بۆ لەندەن و ھاوبیر و ڕێکخستنەکان بەسەر دەکاتەوە. کێشەی سەرەکی لەم دۆخەدا ناپلیۆنی سێ بوو. ئەو نەیدەویست ئیتالیا لەوە زیاتر گەورە بێت و ڕۆمای کڵێسای پیرۆز ڕادەستی ئیتالییەکان بکاتەوە.کافور بە پارێزەوە باسی ڕۆما دەکرد و پاپاش لەگەڵ ئەوەدا بوو دەوڵەتی کڵێسا بمێنێتەوە.. بەم جۆرە تەواوی گفتوگۆکان سەر ناگرن. ماتزینی و گاریباڵدی لاوازییەکیان لە کافوردا بەدی دەکرد بە ڕادەکی زۆریش لە پاپادا. لەم کاتە ناسکەدا کافور لە مانگی 6/1861 دا بە جەڵدە دەمرێت. قۆناغێکی تر دێتە پێشەوە. ماتزینی نزیکەی نیو ملیۆن واژۆی کۆکردۆتەوە و دەیگەیەنێتە ناو پەرلەمان بۆ داوای دەرکردنی ھێزە فەرەنسییەکان. ساڵی 1862 گاریباڵدی لە شەمەندەفەردا بەرەو ڕۆما زۆر بەسەختی بریندار دەبێ و دەگیرێ و دەخرێتە زیندانەوە.کەواتە لە ڕۆژە سەختەکاندا ئەم دوانە هەر یەک گیان بوون. بە خۆڕاییش نەوتراوە: ماتزینی سەر و مێشک و گاریباڵدی بازوو و مستی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالییان.
لە Lugano ماتزینی ھەڵمەتێکی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ ئازادکردنی گاریباڵدی دەکات و کۆمیتەیەک بۆ ھەمان مەبەست دروست دەکات دەینێرێ بۆلای پاشا و تا دواجار گاریباڵدی ئازاد دەکرێ.
1864 جارێکی تر لە لەندەن لە ماڵی ھاوڕێ رووسەکەیان بەدیاری یەکتر شاد دەبن.
ئەم دوو سەرکردە گیانی بەگیانییە،جارەوجاریش لێک زویر دەبوون.
ماتزینی بەرە بەرە لە تەمەندا هەڵدەچوو و بەرەو پیربوون ھەنگاو دەنێ و نەخۆشی ڕۆماتیزم پەڕێشانی دەکات و چاوەکانی کز دەبن و حەزی خواردنیشی زۆر کەم دەبێتەوە . ھەژار و کەم دەرامەتیش لەولاوە بوەستێ بە ڕادەیەک پارەی چوونە لای پزیشکی بەدەستەوە نابێت. ھەر یارمەتیەکیشی پێ دەگات، دەیداتە ھاوبیران و ھەژاران. بەڵام باوەڕی پۆڵایینی خەباتی بەتینتر و دڵی گەرمتر دەبێت بۆ شۆڕشگێڕی. خەیاڵی رزگارکردنی رۆما لە مێشکی دەرناچێ چونکە ڕۆما واتە ئیتالیا، ئاخر ئەو هەر دەیگووت :" پێویستە پێوەری کۆماری ئیتالیا،لە پایتەختەوە هەڵقوڵێ و ئاڵای ئاینی پێشکەوتن لە ڤاتیکانەوە". دەگەڕێتەوە بۆ لۆگانۆ لەوێشەوە بۆ ژنێڤ بۆ بەسەرکردنەوەی ڕێکخستن و ھاوبیر و دۆستەکانی . ئەمانە زۆربەیان چەکدار بوون و ماتزینیان دەپاراست و چاوەڕێی فەرمانی بوون بۆ ھەر کار و کردەوەیەک..
ساڵی 1869 بە تەمەنی شەست و چوار ساڵی ماتزینی لە سویسرا دەردەکرێ لەسەر جموجوڵە سیاسییەکانی. لێھاتووانە خۆی دەرباز دەکات و لەوێشەوە حەسرەتی وڵات ھەڵی دەپێچێتەوە بۆ سەردانی ئیتالیا. بەھاوڕێکانی دەڵێ: « ھیوام ئەوەیە بتوانم لە ئیتالیا و بۆ ئیتالیا بمرم، وڵاتەکەم کە بەدرێژایی تەمەنم لێم قەدەغە کرا». دەگەڕێتەوە بۆ لوگانۆ بۆ وەشاندنی دوا گورزی کوشندە لە پاشایەتی. ھاوڕێکانی زۆر ئامۆژگاری دەکەن ئەم کارە زەحمەتە و ھەلومەرج لەبار نییە، بەڵام ماتزینی سور دەبێ لەسەر باوەڕی خۆی و لێناگەڕێ کەس ئارام بگرێ تا تەواوی ئیتالیا ئازاد نەبێت. بەداخەوە ئەم ھەوڵەش بەھۆی ناپاکیەوە دواتر تێک دەشکێ.
نوێنەرێک بەناوی Wolffدەنێرێ بۆ سیسیلیا بۆ لای لایەنگرانی تا لە پالارمۆ و ڤێنیسیا دەست بەکار بن. ڤۆلف سەرکەوتوو نابێت لەگەیاندنی پەیامەکەدا. ئیدی ماتزینی خۆی پێ ناگیرێ و بێ ئەوەی شێوەی خۆی بگۆڕێ و پەنا بەرێتە بەر تاکتیک و سەرلێشێواندنی دەسەڵات، دەچێ بۆ شوێنی ناوبراو بە یارمەتی پەساپۆرتە ئینگلیزییەکەی بەناوی Joseph Brown . ماتزینی لە کۆنترۆڵی پۆلیس بەھۆی وێنەکەیەوە دەناسرێتەوە لەلایەن Pietro Biondi پۆلیسەوە. دەبرێ بۆ لای کۆمیساری باڵای پۆلیس لە سیسیلیا، کە ناوی Giacomo Medici دەبێت. مێدیسی ھاوڕێی منداڵی خۆی بووە و سەردەمانێکیش لەئاوارەیی لەندن پێکەوە ژیاون. ماتزینی دەیناسێتەوە. بیۆندی پۆلیس لە بنەڕەتدا سیخوڕی بۆ ھێزە فەڕەنسیەکان دەکرد. بۆیە مێدیسی ناتوانێ ھیچ بۆ ئازادکردنی ماتزینی ڕابەر و ھاوڕێی بکات. بەمجۆرە بە زیندانی دەبرێ بۆ قەڵای Gaeta و بۆ ماوەی دوو مانگ دەمێنێتەوە. لێرەدا ھەستێکی ناخۆشی بۆ دێت دەڵێ: وا بۆ چل ساڵ زیاتر ھەموو ژیانی خۆم بەم وڵاتە بەخشی، کەچی ئێستا تێیدا زیندانیم!.
لەم کاتەدا شەڕی نێوان فەرەنسا و پرووسیا1870-1871 سەر ھەڵدەدات. ماتزینی ھیوایەکی گەورە لەسەر ئەم پێشھاتە نوێیە ھەڵدەچنێ. پرووسیا تەنگ بە فەرەنسا ھەڵدەچنێ . بۆیە فەرەنسا دوا سەربازی خۆی لە ڕۆما بۆ شەڕی پرووسیا دەکێشێتەوە.دەرئەنجام فەرەنسا تێکدەشکێ و ناپلیۆنیش بە دیل دەگیرێ.
ئیتالیاییەکان ئاهێکیان پێدا دێتەوە و بەم جۆرە سەرلەنوێ پایتەخت دێتەوە ڕۆما و ماتزینیش لە زیندان دەبەخشرێت و ئازاد دەبێت و وەک مرۆڤێکی ئازاد بۆی ھەیە لە ئیتالیا بسووڕێتەوە. ماتزینی ئەم جۆرە لێبووردنەی پاشا ڕەت دەکاتەوە. ئاخر ئەو چۆن لێبووردنێکی وا قبووڵ بکات! لەکاتێکدا بەدرێژایی ژیانی دژ بە پاشا بووە. ئیتالیایەکان بەم دۆخی ئازادییە زۆر خۆشحاڵ دەبن و ئاھەنگ دەگێڕن. بەتایبەت لە ڕۆما و میلان و لیڤۆرنۆ و جێنوا و ماتزینی ئازاد دەکەن و گەورەترین پێشوازی و ئاھەنگی بۆ ساز دەکەن و ستایشی دەکەن دروودی بۆ دەکێشن.
گەورەیی و ناوبانگی ئەم سەرکردە لێرەدا دەردەکەوێ،کە ماتزینی ھیچ لەخۆی ناگۆڕێ و بەتاقی تەنیا دەسووڕێتەوە و دەچێت بۆ جێنوا و بۆ لای ھاوڕێکانی و سەردانی گۆڕی دایکی دەکات. ئێوارەیەکی درەنگ دەیەوێ لەسەر گۆڕستان بگەڕێتەوە کاتێ دەگاتە بەردەرگا ئەمبەرەوبەر خەڵک چاوڕێن و ڕیزیان بەستووە و ھاوخەمی خۆیان دەردەبڕن.
ماتزینی جارێکی تر بەرەو لەندەن دەڕوات و لەوێ ھاوبیرەکانی بە دیداری شاد دەبنەوە. لەم کاتەدا ژنەکەی دەمرێ ئەمەش داخێکی تری گران دەنێ بە جەرگی ماتزینییەوە.
دوای نزیکەی 35 ساڵ مانەوەی پچڕپچڕی ماتزینی لە لەندەن ماڵئاوایی دەکات و دێتەوە جێنوا دواتر پیساPisa و فلۆرەنسا لاپەرەی سەرەوە لە 6.2.1872 دەچێ بۆ لای خانمە هاوڕێکەی بەناوی Roselliqلە پیسا و لە ھوتێلی Minerra ژوورێک بەکرێ دەگرێ بەناوی بارزگانێکی ئینگلیزیی لەژێر ناوی جۆسیف براون.
ماتزینی دەیەوێ کەس نەیناسێتەوە و پشوویەک بدات، چونکە پیری و نەخۆشی بڕستیان لێ بڕی بوو. ژنی ناوبراو و مێردەکەی ئاگاداری خاوەن ھوتێلەکە دەکەن مستەر بران ھەر شتێکی بوو خێرا پەیوەندییان پێوەبکات و ئاگاداریان کەنەوە. پشکنینێکی پزیشکی بۆ ماتزینی دەکەن دەردەکەوێ نەخۆشی سووتانەوەی سییەکانی ھەیە...دوا نامەی ماتزینی نووسیویەتی دەگەڕیتەوە بۆ ڕێکەوتی مانگی دووی1872 بۆ بنەماڵی ئاشرست نووسیویەتی. لە دوا دێرەکاندا بەستە شیعرێکی گۆتە دەنووسێ: باڵندەکان لە دارستانەکان دا بێدەنگ دەبن،تەنیا چاوەڕێ بکە، بەمزوانە تۆش بێدەنگ دەبیت".
نووسەرێک دەربارەی ماتزینی دەنووسێ:" ئەو پیاوێکی بە پەرۆش بوو، ئەقڵێکی گەورە بوو، هەتا بێت ناوبانگی بە تێپەڕبوونی کات هەر زیاد دەکات،لە کاتێکدا هی زۆر پیاوی تری دەوڵەت دەکوژێتەوە". فریای نووسینی نامەیەکی تر لە 4.3.1872 دا دەکەوێ باس، لە ئازارەکانی دەکات. ژنێک بەناوی Sara Nathan سەرپەرشتی و خزمەتی دەکات. رۆژێک پرۆفیسۆر Minari دەیەوێ بیپشکنێ. ماتزینی بە مستەر براون پێ دەناسێنن. دکتۆر تەماشا دەکات، مستەر براون دەتوانێ بە ئیتالیش قسە بکات، دکتۆر دەڵێ: ئەم مستەر براونە ئینگلیزە ئیتالیای خۆش دەوێ، ماتزینی کە گوێی لەم وتەیە دەبێت، ئیدی دەرووونی کڵپە دەکات و هەستی دەکەوێتە جۆشێکی گەرمەوە و خۆی پێناگیرێ و دەڵێ:" ئیتالیام خۆش دەوێ، ئیتالیام خۆش دەوێ، هەرگیز هیچ کەسێک هێندەی خۆش ناوێ، وەک من خۆشم دەوێ". خانەوادی رۆسەلی ھەر بە دیارییەوە دەبن و لە دوا چرکەکانی ژیانیدا لە ماتزینی دەپرسن : چ حەز و ئاواتێکت ھەیە؟. لە وەڵامدا ماتزینی دەڵێ: « خواکەم و باوەڕەکەم قەت منیان بەجێ نەھێشت». ئەمە دواتەی ئەم رابەر و بیرمەندە گەورەیە بوو لەدوای 11.3.1872 بۆ ئیتالیا و جیھانی جێدێڵێت. ئاواتی بوو:" ئەگەر ڕۆژگار یارمەتیم بدات، حەز دەکەم شاکارێکی مێژوویی لەسەر پەیامی ئیتالیا بنووسم، کە تەرخانی ناکەم بۆ مرۆڤی ئێستا، بەڵکو زیاتر بۆ ئایندە".
ھەواڵی مردنەکە وەک ئاگر لە پووش بەربووبێت بە خێراییەکی سەیر بەتەواوی ئیتالیادا بڵاو دەبێتەوە.. دەستوبرد لاشەکەی بە ڕۆن و مەڵحەم چەور دەکەن و دەیبەن بۆ گۆڕستانی Stagna لە تەنیشت دایکییەوە لە زێدەکەی خۆی شارە جوانەکەی جێنوا بە دایکی نیشتمانی دەسپێرن . نزیکەی 80,000 ھەزار کەس لەو سەردەمەدا بەشداری پرسەکەی دەکەن. ئاڵای شەکاوەی ئیتالیا ئەو ڕۆژە ئاسمان داگیر دەکات. ئەو باسەش هەیە، کەوا ماتزینی ماسۆنی بووە و لەکاتی بەخاک سپاردنەکەیدا نزیکەی سێ هەزار کەس بە ئاڵای ماسۆنییەوە،بەشداریان کردووە. بەڵام هەرچی خوێندنەوە بۆ بیڕوباوەڕ و هزری ماتزینی دەکەم لەسەر خۆشەویستی نەتەوەکان، باوەڕ بە خودا، ڕێز لە ئاین و پیرۆزیی مرۆڤایەتی و زۆر شتی تر،چ ئاماژەیەکی بەرچاوی ماسۆنێتی تێدا نابینم.
ماتزینی نزیکەی 10 ڕێکخراوی لەناو ئیتالیا و لە کیشوەری ئەوروپادا دروست کردووە،هەمووی لەسەر بنەمای خۆشەویستی بۆ نەتەوە و مرۆڤایەتی، کۆمەڵێ ڕۆژنامە و گۆڤاری دەرکردووە،بە نووسینی گەشی خۆشەویستی مرۆڤ، چەندەها کتێبیشی پێشکەش بە ئیتالیا و مرۆڤایەتی کردووە. خەرمانی لە وتەی جوان و بەهێزی بۆ هەمووان لەدوای خۆی جێهێشتووە. هیچی ئەمانە بۆن و بەرامەی دژایەتی نەتەوە و نیشتمانە جیاجیاکانی لێ نایەت و مرۆڤایەتی وەک هەوێن ئامانجی ستراتیژییە. ماتزینی.. مرۆڤێکی دڵ و دەروون پاک و سادە بوو. زۆر خەمی ھاوبیرەکانی خۆی دەخواردوو و بە سەروسامانی دەستی پێوەیان بوو. لە دیدی قووڵ و بەھای بەرزەوە لە مرۆڤی دەڕوانی و یەکجار مرۆڤدۆست بوو. بەڕادەیەکی گەورە و کاریگەر خەباتی بۆ ڕزگاری و بەختەوەری مرۆڤ دەکرد. لەو سەروەختەی خۆشەویستی ئیتالیای لاو خەمڵی و بووە دین و ئیمان بۆی، چاوی تیژ و ھەستی بێگەرد و بۆچوونی گەش و ھیوای بەرینی ئەو، دیوی سنووری ئیتالیای دەدی و بۆ بەختەوەری گەلانی دیکەش ھەر بڕوا نەلەقیو بوو.باوەڕی بە دیموکراسی بوو،وەک کۆڵەکەیەکی پتەوی سیستەمی سیاسی.کۆمارخواز بوو.
لەمەش باڵاتر بەختەوەری مرۆڤایەتی یەکجار مەبەست بوو. ھەر بۆیەشە ماتزینی بۆ ھەموو کەس مانای سیمبۆڵی نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی ئەبەخشێت. بەڵێ:« ئازادی تاکە کەس و نەتەوەکان لەسایەی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەدا، سیستەمێکی نێونەتەوەیی دادپەروەرانەدا و مرۆڤایەتییەکی خۆشەویستانە و ھاوکارانەی بەرانبەریی لەنێو مرۆڤ دا» ئامانج و خواست و ھیوای بوو. ماتزینی ھێندە نەتەوەپەروەر و مرۆڤایەتی ویست و بەڕەوشت بووە،بە « پەیامبەری نەتەوایەتی» ناوبانگی دەرکردووە و تاجی پیرۆزترین باوەڕ و ئامانجی خراوەتە سەر.
ماتزینی.. بڕوای پتەو بوو، شارەزای باشی بزووتنەوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی جیھان و ڕاپەڕینە نیشتمانییەکانی سەردەمی خۆی بوو. بە چاوێکی زیتەوە چاودێری ھەلومەرج و گۆڕانەکانی ناو وڵاتەکەی و دنیای دەکرد و ھەڵی ھەڵکەوتووی زوو دەقۆستەوە. گیان و بنەمای بیروبۆچوونەکانی دروستانە دەخستە کارەوە. نووسینەکانی ئەمەنە ناسک و بەپێز و ڕازاوە و ھەست جوڵێنن ، کە یەکسەر لەسەر پەردەی دڵ و مێشک تۆمار دەبن. بە جۆڕێک لە دڵە پاکەکەیەوە ھەڵدەقوڵا و دەڕژایە دڵ و مێشکی خەڵکانی دڵسۆز و پاکەوە.
وەک دەزانین ھەر تەنیا ئازادی و یەکگرتنەوەی ئیتالیا، دوا ھەواری ئامانجەکانی نەبوو، ئیتالیا بەتەنیا نەبووە کۆت و زنجیر و کەڵەمەی کرۆکی بیر و ھەستە نەتەوەییەکەی ، بەڵکو لەسەر دوندی قەناعەتێکی گەشتر و قایمترەوە دەیگووت:« ژیانی نەتەوەیی و ژیانی نێونەتەوەیی دەبێت، دوودیوی یەک سەرەتاگە و پرنسیپ و ئامانج بن. ئەویش چاکە و خێر ویستنە».. دیارە لێرەدا ھەر مەبەستی خۆشگوزەرانی مرۆڤە. تێز و بۆچوون و بیروباوەڕی لەسەر نەتەوایەتی و سیاسەت و ئایین و ئەدەب و ھونەر و یەکگرتنەوەی ئیتالیا، ھەر لە سەرەتاوە تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی یەک ژێیان ھەبوو، یەک ئاوازییان لێ بڵند دەبۆوە و ھیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان نووسینەکانی دا ھەست پێناکرێت ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم پرنسیپانەدا. ماتزینی خواناسێکی بەبڕوا بووە و سێکوچکەی بیروباوەڕی« خوا، گەل، مرۆڤایەتی» یە. بەکورتی لە توانای کەسدا نییە ھەقی ناسینی تەواو بدات بەم پیاوە و گەلێ جار دەگوترێ« ئایا ئیتالیا بە بێ ماتزینی یەکگرتوو و ئازاد دەبوو»؟؟؟... نووسینێکی شاعیری بەناوبانگGiosue Cardicci لەسەر گۆڕەکەی دەنووسرێ دەڵێ:" لێرە کەسێک ئارامی گرتووە و ڕاکشاوە،کە قوربانی دا بە هەموو شتێ،بێ ئەندازە خۆشەویست، ڕکی لە کەس نەبوو".
وەک علی آدهم لە کتێبە نایابەکەیدا لەسەر ژیانی متزینی دەڵێ:" زیادڕەوی ناکەم ،گەر بڵێم لە هەموویان مەردتر بوو،لاپەڕەکەی لە هی هەمووان خاوێنتر بوو، نێتەکانی لە هی گشتیان دڵسۆزانەتر بوو، دەروونی لە تێکڕایان بێگەردتر بوو، گیانی فیداکارانەی لە هەموویان زیاتر بەرگەی فیداکاری و نەخۆشی و نەهامەتییەکانی دەگرت".
چەپکێ لە وتەکانی..

+ ژیان جەنگە لەنێوان خێر و شەڕ، پێشکەوتن و دواکەوتن، کۆیلایەتی و ئازادی دا.
+ نەتەوەکان بەبێ خەڵک نابن و پێک نایەن.
+ ئامانجی مرۆڤ ، خزمەتی مرۆڤایەتییە.
+ نەتەوایەتی دەبێت ئامڕاز و دەستاوێژێکی ھێنانەدی ، یەکێتی تێکڕای مرۆڤایەتی بێت.
+ ھەر نیشتمانێ لە نیشتمانەکان کارگەیەکن لە کارگەکانی مرۆڤایەتی.
+ نەتەوایەتیم لا پیرۆزە، لەبەرئەوەی ئامێر و ھۆکاری کارکردنی تێدا دەبینم، بۆ پێشکەوتنی تێکڕای خەڵک و چاکە و خۆش گوزەرانییان.
+ نەتەوایەتی ئاینێکی پیرۆزە، بیروباوەڕێکی یەزدانییە.
+ مرۆڤایەتی.. یەکخستنی نیشتمانەکانە، مرۆڤایەتی ھاوپەیمانێتی نەتەوەکانە بۆ بەجێگەیاندنی پەیامەکەیان لەسەر زەوی« ئاشتی و خۆشەویستی».
+ ژیان پەیام و قوربانی و چاکەیە، وە تەنیا قوربانی پیرۆزە.
+ برایینە.. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە، ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیویین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە.
+ نەتەوایەتی هەروەها شتێکی ترە، نەتەوایەتی ئەو بەشەیە کە خوا بۆ مرۆڤی لە پێناوی کاری مرۆییدا ئەفراندووە. ئەوە پەیامەکەیەتی، ئەوە ئەو کارەیە کە پێویستە لەسەر زەوی ئەنجام بدرێ، بۆ هێنانەدی بیرۆکەی خوا لەسەر زەوی.
+ نەتەوایەتی.. بیرۆکەیەکی پرنسیپ و ئامانجێکی ھاوبەشە، نەتەوەش ھەموو ئەوکەسانەیە کە زمان و ھەندێ بارودۆخی جوگرافی یان ڕۆڵێک کە مێژوو بەسەریدا سەپاندوون و باوەڕیان بە یەک پرنسیپە و لەژێر یەک کاریگەڕێتیدا ڕەوت و گوزەران دەکەن، بۆ بەدەستھێنانی یەک ئامانج.. ھەروەھا ئەو چالاکییە گونجاوانە و ئامادەکاری کۆکردنەوەی ھێزە تاکەکانە لە کۆمەڵگەی لێ پێکھاتووە بەرەو یەک ئامانج، ژیانی نەتەوەیی پێک دێنێ.
+ ژیانی نەتەوایەتی و ژیانی نێونەتەوایەتی پێویستە دوو دیوی یەک پرنسیپ بن،ئەویش چاکەخوازی بێت.
+ خۆت بخەرە سەری سەرەوەی ئەم نەتەوەیە، لەسەر ئاڵاکەت بنووسە:« یەکێتی و ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاری ئیتالیا لە زۆردارەکان».لە نامەیەکدا بۆ پاپا 1831
+ نیشتمانەکەتان، ئیتالیا یەکخەن و لەدەوری خۆتان باشترین نوێنەرانی حیزبی نەتەوەیی کۆکەنەوە، ھەوڵی زۆر بۆ ھاوپەیمانێتی میرەکان مەدەن، وابەستەبن بۆ بەدەستھێنانی ھاوپەیمانێتی و پشتیوانێتی گەلەکەتان. نامە بۆ پاپا1847
+ هەژاریی و کوێرەوەری هەڕەشە لەهەر ڕژێمێکی سیاسی دەکات. بەبێ دەرفەت و چانسی وەک یەکی کۆمەڵایەتی،ئازادی تاکگەرایی دەبێتە مەسەلەکی فێڵ و هاوکار نابێ،مەگەر بۆ ئەوانەی کەمێک بەختیان هەیە.
+من باوەڕم هەیە بە ئازادی،بە نیشتمان، بە مرۆڤایەتی،مرۆ لەسەریەتی بۆ ئەم باوەڕ و ئامانجانە خەبات بکات.
ئاکامگیریی:
+ زۆربەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ماتزینی نەخشە و پلانی بۆ داڕشتن، شکستیان خوارد، کەچی ئەو ڕابەرە نائومێد نەبووە و کۆڵی نەدا. ئاخر دژ بە سێ دەسەڵاتی هەرە گەورەی سەردەمی خۆی فەرەنسا و نەمسا و بۆربۆنییەکان شەڕی کردووە.
+ ناوەڕۆک و ڕوخسارێکی نەتەوەیی بە فیکر و ستراتیژ و ئامانجەوە بەخشییە بزاڤی ڕیسۆرگیمەنتۆی ئیتالی.
+ داوای خەباتی ڕزگاری و سەربەخۆیی و یەکگرتنەوە لە جوتیار و کرێکارەوە تا میر و پاشاکانی ئیتالیا کردووە. بۆ ڕزگاربوون چاوی لە پشتیوانی دەرەکی نەبووە.
+ ئازادی،دادپەروەری،مرۆڤایەتی،لە ڕێگای ڕزگاری گەلان و دۆستایەتی نێوانیانەوە،بەهای مرۆڤ و بەختەوەری مرۆڤایەتییەوە، بەهەوێنی بیری نەتەوەیی ئامانجی سەرەکی و نەگۆڕی بووە.
+ فیدڕاڵی نێوان هەرێمەکانی ئیتالیای سەرلەبەر ڕەت کردۆتەوە.
+ خەباتی ژێرزەمینی و شۆڕشی بەردەوامی بە ئازایەتی و بوێرییەکی بێوێنەوە کردووە و لەم زەمینەدا دڵسۆز و بە ڕەوشت و ڕاستگۆ و خاوەن دیسپلین بووە.
+ زیاتر لە 40 ساڵ لە نێوان نیشتمان و ئاوارەییدا ژیاوە و تێکۆشاوە بێ نائومێدی و چۆک دادان.
+ کۆمەڵێ بەهرە لە ماتزینیدا هەبووە، وەک بیرمەند و فەیلەسوف و ریفۆرمیست و ڕەخنەگر و شۆڕشگێڕ، لە هەموویاندا لێوەشاوەیی و دەستڕەنگینی خۆی نیشان داوە، ئامادەگی بە کردار و ڕەفتار نواندووە.
+ بێ پەروا جەخت لەسەر ئازادی و سیستەمی کۆماری دیموکراسی دەکاتەوە.
بەڵێ.. بەڵێ دەبێ قەڵەم کڕنووش بەرێ بۆ دامێنی ھەڵزنان بە باسی ماتزینی دا. وا چەند سەدە بەسەر لەدایک بوونیدا تێدەپەڕێ و ئەو ھەموو نووسینە شاکارانەی کە لە 18 بەرگدا کۆکراونەتەوە و سەرچاوەی بێ کۆتایی لێوەفێربوون و ھەوێن و شیلەی ژیانن. بە ئاواتی ئەوەی کتێبخانەی کوردیشی پێ گەرم بکرێتەوە..
سەرچاوەکان:
ـ گۆڤاری خوێندکاری کورد، ژمارە 20 ی نەورۆزی 2607-1995 ،نووسینێکم لەسە ماتزینی بەناوی دیلانەوە بڵاو کردۆتەوە..
ـ متزینی، بقلم علی ادهم الطبعة الثانیە١٩٨٥
ـ تاریخ الحرکات القومیة(٥) اجزاء، تعریب الدکتور نورالدین حاطوم دار الفکر ١٩٦٩
-Giuseppe Mazzini ,Ein Leben für die Freiheit/Eva.W.Prull/ Braumüller 2017
-Staat und Nation in der europäischen Geschichte/Hagen Schulze/beckschereih1999
- Von Machiavelli zu Nehru Hans Kohn 1964