ئەو سێ جەلادەی پارتی کە دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر زیندانە سیاسییەکان

Thursday, 21/01/2021, 16:07

9057 بینراوە


ئەو نهێنییە چۆن ئاشکرابوو؟


سەرچاوەی ئەو زانیاراییانە  لە زیندانێکی مەسیف و ئاکرێوە پێم دراوە

سەرچاوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
ساڵی ١٩٩٥ لەنێو زیندانیانی ئاكرێ كوڕێك لەگەڵمان گیرابوو ناوی (ئارام) بوو لەكونجێكی زیندانەكەدا بەدانیشتنەوە بەتانیەكی بەخۆیدا ئەدا بەردەوام چاوەكانی پڕبوون لەفرمێسك. زۆر جار بەدەنگی بەرزیش دەگریا، چاودێرێکی زیندانێکیش هەبوو ناوی ئەسكەندەر بوو ھەڵسوكەوت كامڵانەی  پیاوانەی پێوەدیار بوو،
ڕۆژێك ئەسكەندەر گوتی دەبێ بچم لەچیرۆكی گریانی ئەو كوڕە گەنجە تێبگەم، ئیدی ئەسكەندەر بۆ دڵنەوایی چووە لای ئەو زیندانیە و لە تەنیشتییەوە دانیشت جگەرەیەكی پێشكەش كرد دووربە دووری ئێمەش سەیرمان دەكرد.
 ئارام دوای داگیرسانی جگەرەكە لەگەڵ ئەسكەندەر دەستی كردە گفتوگۆ لەگەڵ قسەكردن دیاربوو ئەوەندە بە حەسرەتەوە ئەدوا فرمێسك بەچاوانیدا دەھاتنە خوارێ.  ئەم دیمەنە بۆ ئێمە جێگای شۆك نەبوو، چۆن بەردەوام ئەو كوڕە دەگریا، بەڵام ئەوەی جێگای شۆك بوو ئەمجارە ئەسكەندەری مراقیبیش لەگەڵ ئەو دەستی كرد بە گریان. دوای كەمێك سەری ئارامی ماچ كرد و ھەستا ھاتەوە لای ئێمە لەبەر ھەنسكی گریان نەیدەتوانی مژ لەجگەرەكەی بدات. دوای كەمێك ھێور بوونەوە زۆرمان داوا لێكرد ھۆكاری گریانەكەمان پێ بڵێ، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو گووتی با كاتی خۆی بێ ھەمووتان ئەیزانن، چەند جارێكی تر داوامان لێكرد بەڵام ئەو ھەر دەیوت با كاتی خۆی بێ.
- ڕێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی ھەموو مانگ جارێك سەردانی زیندانەكەیان ئەكرد بۆ ئەمجارەش كە ھاتنەوە بیرمە تیمێكی نوێ ھاتبون چەند كەسێك بوون، لەگەڵ بەڕێوەبەری زیندانەکە، چەند جەلاد و پاسەوانێك دەرگای قاعەكەی ئێمەیان بۆ كردنەوە ھاتنە ژوورێ سڵاویان كرد یەكێک لە نوێنەرەكانی خاچی سوری نێو دەوڵەتی ھەندێ فایل و كاغەزو قەڵەمێكی لەدەست بوو بەزمانی عەرەبی گووتی من ناوم دانیاڵە خەڵكی وڵاتی بەریتانیام نوێنەری ڕێكخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیم، ھاتوین تاكو لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوش و بارودۆخی ژیان و سەلامەتی گیانی ئێوە بین. ھەركەسێكیش لەئێوە كێشەیەكی ھەیە دەتوانێ باسی بكات ئەگەر لێرەش حەز ناكات ئەوا با ناوی خۆی بنوسێ و لە ژورێك بەیەكەوە گفتوگۆ دەكەین.
ئەسكەندەری مراقیب كە شوێنی نووستنەكەی لەسەر بوو بەبێ دودڵی ھەستایەوە سەر پێیان ڕوی كردە نوێنەرەكەی خاچی سەری نێودەوڵەتی و گووتی.
من دەمەوێ لەبەردەم ھەمووان باس لە تاوانێك بكەم، ئیتر دوای ڕۆیشتنی ئێوەش لەسێدارەم دەدەن یان گوللە بارانم دەكەن ھیچ بەلامەوە گرنگ نییە، چۆن ئەم تاوانە چەند ڕۆژێكە لەناخەوە منی پارچە پارچە كردووە.
نوێنەرەكەی خاچی سور گوێی خستە ژێر دەمی ئەو وەرگێڕەی كە لەگەڵیاندا كاری وەرگێڕانی زمانی كوردی بۆ عەرەبی دەكرد و قەڵەمەكەی خستە سەر كاغەزەكە سەیری لێوەكانی ئەسكەندەری دەكرد، ئەسكەندەر گوتی
ئێمە ھەموومان لەم زیندانە سەرەڕای بێتاوانیمان، بەڵام دیارە جەلادەكانمان لەئازاری جەستەییمان بێزار بونە. ئەسكەندەر بەدەست ئاماژەی بۆ ئارام كرد و گوتی ئەوەتا لە ئاسایشی مەسیف دەستدرێژی سێكسیان كردۆتە سەر ئەو كوڕە گەنجەی، كە لەوەتەی ھاتۆتە ئەو زیندانە بەردەوام چاوەكانی پڕ لە فرمێسكە.
 لەگەڵ بیستنی ئەم قسەیە ئارام بە گیانێكی لەرزۆكەوە ھەستایەوە سەر پێیان و دایە پڕمەی گریان ھەموو زیندانیانی قاعەكە بەم ھەواڵە توشی شۆك بوون، بێدەنگیەكی سامناك قاعەكەی تەنی بوو، ھەموو بە پەرۆشەوە لە ئارامیان دەڕوانی، لەپڕ زیندانیەكی تر ناوی (علی) بوو، ھەستایەوە سەر پێیان ئەویش بەگریانەوە گوتی بۆ چما پێتان وایە ئەم تاوانە تەنھا دەرھەق بەو كوڕە كراوە منیش و چەند كەسێكی تریش لەھەمان شوێن ھەمان تاوانمان دەرھەق كراوە،  لەولا (سۆران) لەولا (ڕەوەند)ل ەولا تر (كاروان) ھەستانەوە سەرپێ ئەوانیش بەدەم گریانەوە گوتیان ئەم تاوانە ئێمەشی لێ بێبەش نەكراوە.
بەم دیمەنە ئیدی بێدەنگی سامناكی قاعەكە شكێنرا لەپڕ ھەموو زیندانیانی قاعەكە دەستیان كردە گریان نوێنەرەكەی خاچی سوری نێودەوڵەتیش لە تاو ئەم كارە قێزەوەنە قەڵەمەكەی لە دەست كەوتە خوار گەروی پڕبوو لەگریان بە توڕەییەوە زیندانەكەی جێھێشت و ڕۆییشت.
دواتر زانیاریمان پێگەیشت كە ئەم زانیاریەیان گەیاندبووە بارەگای سەرەكی ڕێخراوەكە لە جنێف ئەوانیش پەیوەندیان بە مەسعود بارزانیەوە كردبوو دوای نزیكەی ھەفتەیەك ڕۆژێك سێ لەو تاوانبارانەی ئەو كارە قێزەوەنەیان ئەنجامدابوو بە سەیارەی پاسەوانەكانی مەسعود بارزانی و بەئامادەبونی عیسمەت ئەرگوشی بەزیندانی كراوی ھێنران بۆ سجنی ئاكرێ كە ھەر سێكیان جەلاد و مفەوەزی ئاسایشی مەسیف بوون دووانیان برا بوون ناویان (ھەندرێن و ھەڵگورد ) بوو ئەوی تر ناوی (دارا ڕەش ) بوو.
لەكاتی زیندانی كردنیان (ھەڵگورد)ی تاوانبار ڕووی كردە عیسمەت ئەرگوشی ھەڕەشەی كردو گوتی ، كاك عیسمەت بۆخۆت باش ئەزانی من چ نھێنی گەڵێكم لایە ئەگەر سەعاتێكی تر ئازادم نەكەن ئەمشەو چی نھێنی ھەیە لای ئەو زیندانیانە دەیاندركێنم.
عیسمەت ئەرگوشی فەرمانی كرد بیھێننە دەرەوە و بیخەنە ژوری تاكەكەسی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ژوری تاكەكەسی بوو دواتر ئازادیان كرد پێیان گوت بەو مەرجەی نابێ لە كوردستان بمێنێی. ھەڵگورد بەرەو ھەندەران ڕۆیشت،
ھەندرێن و دارا ڕەشیش دوای دوو مانگ زیندانیكردن ئازادكران، ئێستا ھەندرێن ئەفسەری ئاسایشە لە دژە تیرۆری ھەولێر بە پلەی ڕائید.

دوو تێبینی:

1 - ناوی زیندانیە تاوانلێكراوەكان جگە لە کۆچکردو و ئەسکەندەر خواستراون
2- ئەو زیندانەی ٩٠کانی مەسیف بەسەرپەرشتی : کەریم سەنجاری بەرپرسی ڕیکخستنی تایبەتی (پاراستن) کراوە، هەروەها بەهاریکاری ئەو سێ جەلادەش بووە، حسین پەرلەمان، کە ئیستا لە ژیاندا نەماوە، هەروەها عسمەت ئەرگوشی ، سەباح ڕەشید بەریوبەری ئاسایشی ئیستای مەسیف.

کوردستانپۆست

 داوا لە خوێنەرە بەڕیزەکان دەکات لە دەرەوەی وڵات بەتایبەتی لە هۆڵەندا، وەک دەڵێن ئەو هەڵگورد ناوە ئیستا پەنابەری ئەو وڵاتەیە، کێ دەیناسێت و  رێ و شوێنی دەزانێت با ئاگادارمان بکاتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە