ڕاپۆرتێک دەربارەی دوو پێشمەرگەی زیندانی بە تۆمەتی ناڕەوا

Thursday, 21/01/2021, 23:46

4683 بینراوە


بە پێی ڕاپۆرتێك، کە لە شارۆچکەی شیلادزێوە بۆ کۆمیتەکەمان نێردراوە، لە مانگی 8ی 2019 دا چەند پێشمەرگەی هێزی تایبەتی یەك، کە هاوڕێ و خزمی یەکترین؛ (فیلار عەلی ئورەماری) تەمەن 38 ساڵ کە خاوەنی چوار منداڵە ، هەروەها (كاوه حسن محمد ئوره ماري) ئەویش خاوەندی چوار منداڵە بە فەرمانی (عه وني شێروانی- به رپرسي هەوالگری لەشکری تایبەتی یەك و گوڵان) ، بە بێ هیج تۆمەتێکی کۆنکرێتی و بە بێ بڕیاری دادگا دەسگیرگیراون و بێسەروشوێنن.
سەرچاوەکە دەڵێت لە سەرەتادا بۆ ماوەی ٤چوار مانگ بێسەر و شوێن دەکرێن و کەسوکاریان نەیاندەزانی لە کوێن و چیان بەسەردا هاتووە. پاشان بۆیان دەردەکەوێت کە لە زیندانی تایبەتی عەوني شێروانی لە مەسیف دەسگیرکراون. لە ماوەی ئەو چوار مانگە بە شێوازێکی دڕندانەی بەعس ئاسا ئەشکەنجەی جەسەدی و دەرونی دراون.
پاش ئەوەی لە ژێر ئەشکەنجەدا چەندین نامە و نوسراوی جیاوازیان پێ ئیمزا دەکرێت، ڕەوانەی زیندانی زێرەڤانی لە شاری هەولێر دەکرێن. پاش چوونە بەر دەمی دادوەر لە بەرواری لە رۆژی 25 / 12 / 2020 بڕیاری زیندانییان بۆ دەبڕێتەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ واتا دەبێت دوو ساڵی تریش لە زینداندا بمێننەوە.
لە زیندانی هەولێردا باری گوزەران و ژیانی ئەمانیش وەکو زۆر لە زیندانیەکانی تر لە نەهامەتی و هەلومەرجێکی نامرۆڤانەدایە. تەواوی پەیوەندیەکیان بە هاوسەر و کەسوکار و منداڵەکانیانەوە لی قەدەغەکراوە. تەنها هەفتەی یەکجار ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنیان پیێ دەدرێت. ئەوەش لە کاتێکدا نرخی تەنها خولەکێکی تەلەفۆنی زیندان بەرامبەر ١٠٠٠ دیارە.
شایانی باسە ئەم دوو زیندانیە هەردووکیان نزیکەی 20 ساڵ لەناو هێزی پێشمەرگەدا خزمەتیان کردووە، فيلار علي لە ساڵی ٢٠١٥ لە شەڕی داعش دا بریندار کراوە و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بۆ چارەسەری برینداریەکەی لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
ئەگەرچی بە شێوەیەکی فەرمی ئەو دو پێشمەرگەیە بە تۆمەتی هاوکاری گه ریلا کانی پکک لە ڕێگای بردنی خوارنی ١٥ تا ٢٠ کیلۆ تۆمەتبار کراون، بەڵام لە ڕاستیدا کۆمەڵێك راستی شاردراوە لە پشتی ئەم تاوانبارکردنە بەنارەوایەدان.
- بە پێی دەربڕینی پارێزەری ئەو دو زیندانیە، دادگا هیچ بەڵگەیەکی بەهێز تەنانەت لاوازی نەخراوەتە بەردەم بۆ سەلماندنی راستی و دروستی ئەم تۆمەتبارکردنە.
- تەنها کەسێك کە لە دادگادا شایەتی لەسەر داوان عەونی شێروانی بووە، لە کاتێکدا ئەم زیندانیانە لە هیج خاڵێکی پشکنینی نێوان شیلادزە و ئەو ناوچانەدا دەسگیر نەکراون کە گەریلاکانی پکک تیایدا چالاکن، یان تیایدا دەژین.
- تەنها بەڵگەی عەونی شێروانی ئەوە بووە کە لە لایەن یەکێك لە سیخوڕەکانیەوە ئەم زانیاریانەی پێ دراوە، بە بێ ناوهێنانی ئەو سیخوڕە و ناساندنی بە دادگا.
هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشت پەردەی تۆمەتبارکردنی کاوە حسن و فیلار عەلی کۆمەڵێك کێشەی تری تایبەتن بە خودی عەونی شێروانی وە.
وێنەیەکی دەگمەنی عەونی شێروانی

عەونی شێروانی یەکێکە لەو بەرپرسانەی کە لە ناو پێشمەرگە و پلەدارەکاندا بە کەسێکی زۆر توند و لە خۆبایی ناسراوە. یەکێکە لەو فەرماندانەی کە لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە سەرپشك کراوە بە هەمو تاوانێك بەرامبەر بە هەر کەسێکی ناو هێزە چەکدارەکان و پاسەوانانی سەرانی بنەماڵەی بارزانی کە کەمترین گومانی بەرامبەریان هەبێت. هەروەها بەرپرسە لەسەرجەم چاودێری دوانە تەلەفۆنی و پەیوەندیەکانیان. ئەم دەسەڵاتە بێسنور و ڕەهایەی بۆتە هۆکاری ئەوەی بەو پەڕی بێڕێزیەوە لەگەڵ پێشمەرگەکانی پلەکانی خوارەوە ڕەفتار بکات و بە ئاشکرا سوکایەتیان پێدەکات. هەربۆیە کەسێکی نەخوازراوە و لە لایەن زۆر لە پێشمەرگە و پلەدارەکان و پاسەوانانی بەرپرسان بە ناشرینی باس دەکرێت. جگە لەوەی کە لە گەندەڵکاریدا پشکی شێری هەیە و سەرباری موچەی باڵا، لە لایەن زۆر لە پێشمەرگە و خەڵکەوە ناسراوە بەوەی کە دەیان لە کەسانی بنەماڵەکەی و کەسانی نزیك لەخۆیەوە بە ناوی پیشمەرگە و پاسەوانی تایبەتیەوە تۆمار کردووە و سودمەندە لێیان و بەرپرسانی باڵاش چاوی لێ دەپۆشن.
كاوه حسن کاتێك بۆ مەسیف بانگ دەکرێت و چاوەڕواننەکراو زیندانی دەکرێت، بە پارەی فرۆشتنی پارچە زەویەکی کە بە هاوبەشی لەگەڵ براکەیدا کڕیبویان و پاشان فرۆشتبویانەوە بە هۆی پێویستی کاوە بە ئۆتۆمۆبیل بۆ هاتوچۆی منداڵەکانی و گوزەرانی خێزانەکەی ئۆتۆمۆبێلێکی بە نرخی (٨ هەزار دۆلار) پێدەکڕێت. ئەو ئۆتۆمۆبێلەش لە کاتی دەسگیرکردنیدا لە لایەن عەونی شێروانی دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەروەها ٤ هەزار دۆلار کە لە ئۆتۆموبێلەکەدا دەبێت عەونی دەستی بەسەردا دەگرێت و ڕادەستی دادگا و بەرپرسانی ناکاتەوە و بە نارەوا بۆ گیرفانی خۆی داگیری دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە خێزانی كاوه حسن لەو پەڕی نەبونی و کەمدەرامەتیدان و بێگومان موچەی پێشمەرگایەتی کاوەشش دەبڕدرێت.
ئەو دو زیندانیەش فیلار عەلی و کاوە حسن وەکو زۆر لە پێشمەرگەی تر ئەو ڕاستیانەیان لە نێو هاوڕێیانی خۆیاندا درکاندووە و دواجار بەدەمی عەونی شێروانی گەیشتۆتەوە. هەر بۆیە چەندین جار لێپرسینەوەی لەگەڵ کردون و سوکایەتی و بێڕیزی بەرامبەریان کردووە. دواجار بە فرسەتی دەزانێت کە بەهۆی سۆزی (کارکەر حسن محمد ئوره ماري ) بەرامبەر گەریلاکانی پکک، کە برای کاوە حسن و هاوڕێ و خزمی فیلار عەلی یە، ئەوان تاوانبار بکات و چەندین جار هەرەشەیان لێبکات ئەگەر کارکەر خۆی ڕادەست نەکاتەوە و نەگەڕێتەوە بۆ کوردستان تۆڵە لەوان وەکو برا و خزم و هاوڕێی کارکەر دەکاتەوە.
شایانی باسە کارکەر حسن یەکێکە لەو کەسانەی کە چەندین جار زیندانی کراوە و ئەشکەنجە دراوە، پاش ئەوەی ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە کوردستان بەرە و هەندەران بەجێدەهێڵێت. بەڵام مەخابن کێشەکانی وەکو سەردەمی بەعس بەسەر بنەماڵەکەی و هاوڕێیانی دا دەشکێتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەبارەت بە کارکەر چەند زانیاریەکتان بخەمە ڕو.
کارکەر حسن له ٢٠٠٦ بوتە پێشمەرگەی لەشکری تایبەتی یەك. ساڵی ٢٠١٢ بە بیانوی سۆز و هاوکاری بۆ گریلاکانی پەکەکە لە پێشمەرگایەتی دەردەکرێت. سەرباری ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ بەشداری لە شه ري داعش تا ٢٠١٦ خوبه خشانه بەشداری شەرەکان دەکات لە ڕیزی هێزەکانی پیشمەرگە.
ناوبراو بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پەکەکە لە ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن ئاسایشی ئامێدی و ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن ئاسایشی دهۆك دەسگیر دەکرێت و لە هەردو ئاسایشی ناوبراو بەعس ئاسا ئەشکەنجە دەدرێت. هەمان ساڵ ئازاد دەکرێت بە مەرجی ئەوەی کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەجێنەهێڵێت و ئیمزای پێدەکرێت. پێشی ڕادەگەیەنرێت ئەگەر لەو مەرجە لابدات هەشت ملیۆن دینار جەزا دەدرێت و ٦ ساڵ زیندانی دەکرێت. پاش ئازدکردنی بە ماوەیەك کوردستان بە جێدەهێڵێت و ئامادەی دادگا نابێت. بۆیە بە ١٥ ساڵ زیندانی بە غیابی حوکم دەدرێت.
پاش بێهیوابون لە دەسگیرکردنەوەی کارکەر چاودێری دەخرێتە سەر برا و هاوڕێیانی و چەندین جار بانگ دەکرێن بۆ پاراستن و پێیان ڕادەگەیەنرێت ئەگەر کارکەر خۆی ڕادەست نەکاتەوە ئەوا تۆڵە لە بنەماڵەکەی دەکەنەوە.

کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە