زەنگاینەی ئاویی (رستی دوەم)

Friday, 22/01/2021, 15:26

6817 بینراوە


( تۆ پەرستی )
لە فەرهەنگی زۆر زماندا
بەدوای وشەیەکدا گەڕام.
مەزنتر بێت
لەو ( وشە ) یەی لە کوردیدا
پێیدەوترێت خۆشەویستی
لە ئاکامدا
لە میحرابی دینی یەکتاپەرستیدا
دۆزیمەوە ..
پێیدەوترێت تۆ پەرستی.

( جۆگەلە )
تۆ جۆگەلەی
پڕی لە ئیشقی خودایی.
من جۆگەلەم
تەژی لە ئیشقی جودایی
کە تۆ جۆگە و من جۆگە بم
دە پێمبڵێ..
ئەدی ئیتر بۆ یەکتری نەخۆینەوە؟!
سەرمەست نەبین،
بە ئیشقی هەتا هەتایی.

( سوێند )
لە سێبەری پەپولەدا
هێدی .. هێدی
گۆرانی ئیشقت بۆ دەڵێم.
سۆزم لەگەڵ قاسپەی کەوا
سیمفۆنیایەو
ئاوێزانی رۆحتی دەکەم.
سوێندت دەدەم
تو پەپوولە.. تو رەوتی کەو
ئەی ئاسکەکەی کانیئاسکان
تاکەی سرکی و کەوی نابی؟!

( سۆما )
ئاسکەکێویی
ئاشقی، کێوی بەرز و سەختە
زۆر پێی شەرمە لە دامێنا
شاخەکانی لە بەرد بسوێ.
من پەپولەم زۆر خۆشدەوێ
چون پەپولە ..
ئیشقی بێناڵەی فێرکردوم.
ئاسکەکێوی .. پەپوولە.. ئیشق
سۆمای چاومن.

( پەری دەریا )
لە کۆبنهاگن
لەبەر پەیکەری ( پەری دەریا ) دا
کیژۆڵەیەك، دۆش دامابو
نەیدەزانی!
ببێت بەماسی،
یا
پەری..!

( با )
کە هەواری خاڵیم جێهێشت
بۆ ماوەیەك – با – م کرد، بەتۆ
با..
بەیادی ژوانی پێشو
گوێڕادێرم،
بۆ جیکەجیکی نەورەسه کانی کەنار دەریا
پەنجەکانم بگێڕم بەشەپۆلی ئەگریجەتا.
با..
سەرت بخەمە نێو هەردوو لەپی دەستم
چاوببڕمە نێو چاوانت
چیمە لە تەنکایی دەریا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە