مرۆڤبون، کوردبون و خواناسیی (بەشی 1)

Saturday, 23/01/2021, 17:18

2932 بینراوە



ئاخۆ خواپەرستیی ئێمەی کورد رێگا لە کوردایەتی دەگرێت؟

لێرەدا هەرزەگۆیی نییە ئەگەر بپرسین روبەڕوبونەوەی ئاینی ئیسلام، مەبەستم ئیسلامە کلاسیکەکەی جارانە لەکوردستان ، نەک ئیسلامچیی و عەرەبچیی وئیخوانچی وتۆرانچیی و چی و چی .. ئەوانە ناڵێم کە فەتوایاندا بۆکوشتنی نوسەری بوێر و راستبێژ عەبدلخالق مەعروف و بەبڕیاری رەشی ئەوان شەهیدکرا، یا ئەوانەی ویستییان شێرکۆ بێکەسیش تیرۆربکەن و.
ئایا روبەڕوبونەوەی ئاینی ئیسلام وبەگژا چونی گشت گەلانی موسوڵمان بە گشتیی و بەتایبەتیش گەلانی عەرەب نەک بە گژا چونی رژێمەکان و بەتایبەتیش رژێمە داگیرکارەکانی کوردستان، تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا لەبەرژەوەندیی کوردە؟
هەردو سەرکردەو رابەری گەلانی عەرەب، جەمال عەبدولناصر و موعەممەر قەززافی دۆست و پشتیوان و هاودەنگی گەلی کورد نەبون؟
ئەمڕۆش چەندین نوسەر و میدیاکاری عەرەب لەسەر کورد ومافەڕەواکانی نەهاتونەتە دەنگ و گەلانی خۆیان بەرپرسیار و شەرمەزار نەکردووە؟ ئایا کوردی بێ پشت و پەنا، دوژمنی خوێنخۆرو سەرسەختی وەک تورکیای بەردەوام دژ بە ئامانجەکانی کورد و رژێمەکانی ئێران و عێراق و زلهێزە چاوچنۆکەکان کەمن بۆکورد هەتا دوژمنی دیکەی لێڕاستکەینەوە؟ باپیرانمان وتویانە( دۆست هەزاربن کەمە، دوژمن یەکێک بێت خەمە) هەزار دۆست هێشتا کەمە، تاقە دوژمنێک خەمە! بۆیە دەبینین لایەنێکی باڵادەست دێتە پێشەوە و سەرتۆپی ئەو دروشمانە و هەرە پیرۆزیان کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانە، لە دەمی ئەوانە دەستێنێت و دەیکاتە بەرنامەی کار و دەیخاتە بواری جێبەجێکردنیشەوە وەک ریفراندۆمەکەی 2017ی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەربەخۆیی. ئەوە گەمژەیی و گەلحۆیی سیاسی یە، کورد لەو هەڵکەوتە جیۆپۆلەتیکە نالەبارەدا کە تەنها بۆ کورد و بۆ ئیسرائیل نامۆ ۆ نالەبارە (بەڵام کورد لەکوێ و جولەکە لەکوێ؟) ئەو هەڵکەوتە نالەبارە لایەنە سیاسی یەکانی کورد ناچاردەکات هەرکامێکیان دەگریت هەر پەلێکی وبە دەست داگیرکارێکی کوردستانەوەیە، پارتی بەدەست تورکیاوە باڕەی دیت، یەکێتیش بەدەست ئێرانەوە فلیقاوەتەوە! ئیترچۆن بانگەشەی رزگارکردن و سەربەخۆیی ویەکگرتنەوەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەت دەکەیت؟ تاو بدەرە بەردێک بیتوانیت، باپیرانی کورد وتویانە (تاودانە بەردی زل نیشانەی پیانەکێشانە).کورد دەبێت پێداگربێت لەسەر( مافەرەوەکانی وسەربەخۆیی و کوردستانی گەورە(ئامانجی نزیک و دور) بەڵام لەکات و بارودۆخی گونجاودا، نەک شەڕی خۆتڕین .تورکیا لەو رۆژەوەی دامەزراوەلە ١٩٢٥دا،قەلاچۆی کورد دەکات و بەئاشکرا و بەدەنگی بەرز بە هەمو جیهانی راگەیاندووە(قەوارەیەکی کورد لەسەر ئەستێرەی مەریخیش دامەزرێت، دژی دەوەستین!) نەک هەر ئەوە بەڵکو دەڵێن ( ئەگەر قورئان و ئاینی ئیسلام سەربەخۆیی کوردی بسەلماندایە، بێدودڵی دژی قورئان وئیسلامیش دەوەستاین!) ئەگەر دەپرسیت ئەى چارەسەر چییە، من دەڵێم دۆست وهاودەنگ لەنێو گەلاندا و بەتایبەتیش عەرەب، فارس و تورک پەیدابکەین و دەنگ و هەڵوێستیان بەلای ئێمەدا بێت لەبەرامبەر رژێمەکانی وڵاتەکانیاندا ..
 کورد قوڵایی ستراتیژیی نییە، تۆ تاماشاکە حکومەتی هەرێم لە باشور، دەسەڵاتی خۆسەریی رۆژاوا، پێکەکە لە باکور و دیموکرات و کۆمەڵە لە رۆژهەڵات هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوینن، بەڵام تورکیا وڵاتە تورکزمانەکانی سۆڤێتی جاران پشتو پەنایەتی، هەروڵاتێکی عەرەب دەگریت لە ستراکتۆرە نەتەوەیی یەکاندا پتر لە بیست و دوگەل و دەوڵەت کە پێکەوە لەگەڵ گەلانی دیکەی موسوڵماندا 241دەوڵەتی هاودەنگ و هاوکاری لەپشتە . لەو بارودۆخی جیۆپۆلەتیکە نەگونجاوەی کوردستاندا، (وەک لە شوێنی دیکەشدا نوسیومە) کە هەرنەبێت لەسەردەمی میرنشینەکانەوە کوسپی هەرەگەورەی بەردەم رزگاربونی کورد بووە و هەتا ئێستاش هەر کوسپ و رێگرە، بریاو هەزار بریا، لەسەردەمی نوێشدا شۆڕشمان نەکردایە (ئەگەر دروست بێت بەشۆڕش ناوبنرێت!) کە شۆڕشی ئەیلولی1961 هەڵگیرساو ئەوە ئەمڕۆ لەسەرەتای صاڵی 2020داین، بە بەراورد بەو هەمو قۆربانیی و خوێن و فرمێسک و ماڵوێرانیی و راگواستن وکاولکاریی گوندەکان و راگواستن و بەعەرەبکردن و بە بەعسیکردن وب ون بە جاش وهاوکاری دوژمنان (هەریەکەو بەهۆیەکەوە)  وسەرئەنجامیش بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی سەقەت و سوقەت کە دەگمەن کەسانێک شەرم لە دزیی و گەندەڵیی و باوەڕنامەی ساختە و بندیوارو خۆفرۆشیی دەکەن.

زیانەکان لە دەستکەوتەکان زۆرترن

سەرباری ئەوانەش ئێستا شاڵاو و هەژمونی سیاسیی، ئابوریی، کومەڵایەتیی و سەربازیی تورک و ئێرانیش بونەتە سەربار.جا بە بەراورد بەوانە، ئەوەی شۆڕش بۆیکردین، ناڵێین دەسکەوتی گرنگی تێدانەبو، بەڵام زیانەکان لە دەستکەوتەکان زۆرترن.هەر بۆنمونە کوردی باشور لە1961 ەوە روی لە خوێندن و زانست بکردایە چاکتر نەبو لە بری ئەوەی کارێک بکەین زانکۆی سلێمانی بگوێزرێتەوە بۆ هەولێر و هەر ئەوێش لە بری سلێمانی بکرێتە پێتەختی ئۆتۆنۆمی یەکەی صەدام حسەین و حوکمەتە شەق و شڕەکەی هەرێمیش؟
بەڕاستیی ئەوکات هەولێر بەهیچ جۆرێک بە سلێمانی بەراورد نەدەکرا، بەڵکو لەچاو سلێمانیدا گوندێکی گەورەبو، کارەبا و پڕۆژەی ئاوی هەبو..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە