مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمە، یان نێچیرڤان!؟

Saturday, 23/01/2021, 19:04

3441 بینراوە


لە کام وڵاتی ناوچەکە و جیهاندا ڕویداوە کەسێک کە کۆتایی بە پۆستەکەی بێت، بەتایبەت سەرۆکی وڵات یان هەرێمێک، بەڵام تۆ لە میدیاکاندا هەر بە خاوەن شکۆ و سەرۆک ناوی بهێنیت و لە سەردێڕی هەواڵ و وتارەکاندا بەو شێوەیە ناوی پۆستەکەی بمێنێتەوە ووتار و نووسین و هەواڵ لەسەری بڕازێنینەوە. تاکو ئێستاش تێناگەم کە ئایا ئیستا مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمە، یان نێچیرڤان بارزانی؟
نووسەر و رۆژنامەنووسەکان ئەوەندە ماستاویان سارد کردۆتەوە، رژاندوویانە بەسەری خۆشیاندا، بۆیە راگەیاندنەکانی باشوور گەر بۆیان بکرێت فیرعەونە کانیش زینوو دەکەنەوە و بە خاوەن شکۆ سەرۆک دوایان دەکەون. ئەوە نییە جەلال تالەبانی مردووە، کەچی وێنەکەی زەرد هەڵگەڕاوە، کەچی لاینابەن، تا ئیستاش وا لەخەڵک دەگەیەنن کە جەلال تالەبانی سەرۆکی عێراقە، نەک بەرهەم ساڵح.
لێرەدا و بۆ قسەکردن لەسەر ئەم دیاردەیە، من چەند نمونەیەک دەهێنمەوە:
• جۆرج دەبلیو بۆش کە 43 یەمین سەرۆکی وڵاتە یەگرتوەکانی ئەمریکا بوو . لە دوای کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتیەکەی تاکو ئەمڕۆ هەر هەواڵێک یان وتارێک لەسەر ئەو بنووسرێت تەنها بە (جۆرج دەبلیو بوش) ناوی دەهێنن، چونکە ئیترهەموو دەزانن کە یەکێک بووە لە سەرۆکە کانی پێشووی ئەمریکا.
• بە هەمان شێوە ساڵی پار کاتێک جاک شیراکی سەرۆکی پێشووی وڵاتی فەڕەنسا کۆچی دوای کرد تەواوی میدیا کانی فەرەنسا و جیهان لە هەواڵی کۆچ کردنی دەیان نووسی (جاک شیراک) کۆچی دوای کرد.
• تاکو ئێستاش هەر هەواڵێک لەسەر سەرۆکی پێشوی ڕوسیا (بۆریس یلستینی boris yeltsin ) بنوسرێت تەنها ناوی لە میدیاکاندا وەک خۆی دەنوسرێت.
• راگەیاندنەکانی ناو هەرێم، تاکو ئێستاش کاتیک هەواڵێک لەسەر مەسعود بارزانی بڵاو دەکەنەوە، بە گەورەی لە سەری دەنوسن سەرۆک بارزانی، ئەمە لەکاتێکدا بارزانی نە سەرۆکی کورستانە، نە پۆستێکی فەرمی لە ناو حکومەتەکەدا هەیە، بەڵکو ئیستا نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە رێگەی راهەیاندن و کەناڵی تەلەفیزیۆنەکانی خۆیانەوە، دەیانەوێت بە بە خەڵکی رابگەیەنن، گوایا تاکو ئێستاش هەر بارزانی سەرۆکە.

لێرەدا منیش ئەمەوێت ئەوە بڵێم، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو، ئەویش ئەو کاتەی لە پۆستەکەیدا بوو، هەرچەندە ئەو کاتەش تەنیا وەک سەرۆکی حیزبە کەی و بنەماڵەکەی هەڵسوکوتی دەکرد.
بەو کاتەشەوە ئەو بێجگە سەرۆکی پارتەکەی و بنەماڵەکەی خۆی هیچ ئاگای لە میللەت و ژیانی خەڵکی کوردستان نەبوو، تەنیا و خەرێکی مل ملانێ بوو لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی تر و خۆفرۆشی بە دوژمن و داگیرکەران، هەروەها دزیی و تاڵانی کوردستان، هەرچالاکی و جموجۆڵییەکی تری هەبووبێت بۆ بەدەستهینانی پلە و پۆست بووە بۆ خۆی و منداڵەکانی و مانەوەیان، ئەمە لە کاتێکدا لە دوای تەواوکردنی دووخولی سەرۆکایەتی ئامادە نەبوو پۆستەکەشی جێبهێڵێت و دوو جاری تر هەر جارەی دوو ساڵی تری وەک سەرۆکی هەرێم بۆ درێژ دەکرایەوە.

شایانی باسە هەر لە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پەڕلەمانی کوردستانی داخست و تەواوی ئەندام پەڕلەمانەکانی ناردەوە بۆ ماڵەوە بە تەواوی پەڕلەمانی لە کارخست.
بێجگە لەوەی بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتیە کەیدا بەتەواوی ژیان و گوزەرانی هەوڵاتیانی خستبوە دۆخێکی ئێجگار سەختی ژیانەوە بە ئێستاشەوە لە سایەی حوکمڕانی ئەو بنە ماڵەیە .
ئەوەتا ئیستاشی لەگەڵدا بێت، هەر ئەو سیاسەتە چەوتەی مەسعود بوو، کە ئیستاش بەردەوامە و دەستیان کردوە موچەی فەرمانبەران نادرێت، هاوڵاتیان لەگەورەترین باری ژیانی ناهەمواردان، کێشە سیاسیەکانی هەرێم تا بێت گەورەتر دەبێت، بەڵام ئەم بنەماڵەیە هەر بەردەوامن بۆ دەستبەسەرداگرتنی پلە و پۆستە حەساسەکانی حیزب و حکومەت، بەردەوامن لە دزینی پارە و سامانی وڵات، بەردەوامن لە لە هاریکاری دوژمنی گەل و نەتەوەکەیان، وەک کوڕو کوڕەزاو نەوەی نەوەکانی وا پەروەردەکراون و دەکرێن، کە رقیان لە کورد بێت و دوژمنیان خۆش بوێت.
مەسعود بارزانی بە دەستبەردار نەبوونی لە پۆستی سەرۆکایەتیەکەی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ و کۆتا مەینەتیشی کە هێنای بەسەر کوردستانە ڕیفراندۆمەکەی بوو، کە لەگەڵ نەوەکانی تالەبانی و برازانایاندابەشێکی زۆری هەرێم و باشووری کوردستانیان لەدەست دا.
ئەگەر مەسعود بارزانی سەرۆکی هەر جێگەیەکی تری جیهان بوایە، نەک لادەبرا، بەڵکو دادگایی دەکرا و لە سێدارە دەدرا و ملی بە پەتدا دەکرا، بەڵام تاکوو ئێستاش ئەستێرەی بەختی مەسعود هەر دەدرەوشێتەوە و چونکە نەوەیەکیان دروست کردووە، کە تەنیا لەو هەرێمەدا تەنها نەوەیەکی خائین لە ناو هێلکەی دەسەڵاتدا فجوق دەکات، لە مانای دڵسۆزیی و خۆشەویستی نیشتیمان تێناگەن، تەنیا ماڵەکەی خۆی بە موڵکی خۆی دەزانێت، نەک دەرەوەی ماڵەکەی و شار و نیشتیمانەکەی.
لەم هەرێمەدا راگەیانەندەکانیش، روناکبیر و رۆژنامەنووسەکانیشی نازی سەرۆکێکی پەڕپوتی وەکو بارزانی هەڵگرتووە، چونکە خاوەنی رەوشت و موراڵ نیین، ئەو نازەی کە بە مەسعودیان داوە، ناتوانن لە سەرۆک زیاتر هیچی تری پێ بڵێن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە