سیاسەت پیاوی خۆی گەرەکە

Saturday, 23/01/2021, 19:42

2366 بینراوە


ئەوەی بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو و لە سەرەتای سەرهەڵدانی یەکەم حیزبی کوردییەوە تا ئێستا ڕوویداوە و بەسەرماندا سەپاندویانە، نە کاری سیاسی بووە و نە بۆ کوردییەت کاریان کردووە.
ئەوەی تا ئەمڕۆ هەبووە پەردەیەک لە پەچە و عابای بە ناو سیاسەت بووە، بەڵام لە ژێریدا عەقڵیەتی ئایینی و مەزهەبی، بازرگانی، هونەری و شەخسی بەڕێوەی بردووە. لە سیاسەتدا دۆست و دوژمن هەیە و بەس، هەر وەک لە جەنگدا هەیە.بەڵام ئەمانە هەمیشە و بە ئێستاشەوە ئێمەیان لە پێوەرە ناسیاسییەکاندا نوقمی دونیای دۆگما و پارادۆکسی کۆمەڵایەتی کردووە.
خاس و خراپ، سوود و زیان، جوان و ناشیرین، ئیماندار و بێ ئیمانیان کردۆتە وێردی سەر زمانی خەڵک و هەر بەو پێوەرانەش کە دوورە لە دونیای سیاسەتەوە بۆ ئێمەیان دیاری کردووە و ڕۆژانە لە لایەن کەسان و نمایشکارانی مەیدانی سیاسییەوە، بە هۆیەوە بۆردومانمان ئەکەن.
حیزبە سیاسییەکان چونکە دەسکەلای داگیرکەرانی سەرزەمینی کوردەوارن و لاواز و نەزۆکن لە دیاریکردنی دوژمندا، چەمکی شەهید بەکار ئەبەن لە مۆبالیزەکردن و پیتاک کۆکردنەوەی هێزی مرۆیی لە دەوری خۆیان.
هەمیشە بە شەهیدەکانیان دوژمن دیاری ئەکەن، بە واتایەکی تر کوژراوەکانمان نیشانەی هەبوونی دووژمنە، کە هیچ کاتێک بە ئاشکرا بە دوژمنی ڕاستەوخۆ ناویان نەبردوون. هەندێ جار وەک میری یان ڕەفتار فاشیست یان عەمامە بەسەر یاخود تورانی ڕەگەزپەرست، ناویان هێناون، ئەمە لەوپەڕی غیرەتیاندا بوون، ئەگەر ئەمەشیان گوتووبێت. دیاری نەکردنی دوژمن واتە شارەزا نەبوون یان خۆ گێلکردن لە خۆت و ڕەوایەتیی داخوازییەکانت.
خۆتان ئاگادارن کە تەنانەت شەهیدەکانیشیان وەک لۆگۆیەک بەکار هێناوە بۆ ئەوەی کە کورد هەر ئەبێت لێی بکوژرێت، زەلیل بێت، بچەوسێتەوە، ئەوسا ڕەوایەتی دیفاعکردنیان پێ ئەدرێت، بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بدەن؛ کە ئەوە ئێمە نین کە دوژمنمان دیاری کردبێت، ئەوە ئێوەن ئەمانکوژن، بۆیە ئێمەش ( نەک بە دوژمن حسابمان کردبن)، بەڵکو بۆ مانەوەی خۆمان ئەوانەشمان بە کوشت داوە و سیاسەتمانکردووە. کەواتە مانەوەمان دەسکەتە و باشترە لە قڕکردنمان کە حەقی خۆتانە بمانکەن.
هەر بۆیە لیستی شەهیدانی کوردستان، پڕە لەو خەڵکانەی بە دەستی یەکتری یا جاش کوژراون، و بۆیە ئاساییە ناوی خەڵکی دیکەشی تێکەڵ ئەکەن لە کێشەی شەخسیدا کوژراون، ئەمە هەر لەبەر ئەوەی کە دوژمن دیاری نەکرێت کە کێیە و چییە.
کەواتە هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی شەڕی دوژمنی نەکردوە وەک دوژمن، بەڵکو وەک ڕەقیب و شەریک کردویەتی،( ئەی ڕەقیب جارێ هەر ماوین)، و تۆی ئەویتر کە هەیت و واقیعیت، بۆت هەیە دوژمنایەتیمان بکەیت و ڕەوای حەقە کە بمانکوژیت و داگیرمان بکەیت، تا ئەو کاتەی تاقمان لێ ببڕیت مافی لەناوبردنمان ڕەوایە،،،.
هەر بۆیە کاتێک ٪٥١ خاکی کوردەواری ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای عێراق، لە ١٦ ئۆکتۆبەردا لە لایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر ئەکرێت، کەچی ئەدەبیاتی حیزبیی هەرێم و ڕەشەبیرانی، ئەڵێن ٪ ٥١ ی خاکیان لە دەست چوو یان لە کیس چوو( سوود و زیان) بە چەمکە بازرگانییەکەی و قەد ئەو جورئەتەیان بە خۆیان نەدا کە بڵێن؛ داگیرکرا،. چونکە هەمیشە ڕەوایەتییان بەوانی تر (دوژمن) داوە کە لەسەر حەقن و خاوەن خاک و دەوڵەت و مەرکەزن، ئەمانیش حیزبی کەمایەتی و هیوا و ئومید خوازن، نەک حیزبی دەرکردنی دوژمنن لە سەر خاکی کورد و تەفروتووناکەری دوژمنان،،،.
ئەم حیزبانە بازرگانن نە سیاسیەتکار، ئەی ئەوە نییە هەرکەس هەڵئەسێت داوای پارە و موچ و دامەزراندن و خانو و زەوی لە حیزب و حکومەت ئەکات، چونکە ئەمانە لە دونیای دۆست و دوژمن کار ناکەن، بەڵکو لە سیکتەری سوود و زیان کار ئەکەن، هەر بۆیە میللەتەکشیان فێری پارە و پول و پۆست کردوە، چونکە خۆیان بۆ ئەو دەستکەوتان کوڕی خەڵکیان بە کوشتدا، بۆیە بەشداربوونان داوای بەشی خۆیان ئەکەن.
ئەگەر ئەمانە بە شکاندنی دوژمن سەرکەوتنیان بۆ میللەت بە دەست بهێنایە، خەڵکیش چێژی سەرکەوتنی لەگەڵ ئەمانە بەش ئەکرد، کەواتە مادام ئەمانە بازرگانی ئەکەن، خەڵکیش وەک کۆمپانیەکی بازرگانی مامەڵەیان لەگەڵ ئەکات، بەڵام بازرگانییەک بە خۆ ڕادەستکردن بە دوژمنان و ڕشتنی خوێنی بێ ئامانجی کوڕی خەڵکی، باجەکەی زۆر ئەبێت.
چونکە خەڵک من و تۆین کە دۆست و دوژمن ئەناسین و ئەوانەش ئەناسین کە نوێنەری دوژمنن بە ناوی دۆست، ئەوە ئێمە نین کە هاوبەشی ئەم سیناریۆ و پیلانگێڕیە گەورەین کە بەکرێگیراوانی شەڕواڵ لەپێ و جامانە بەسەرانە، سەرزەمینی کوردەواریان بەم ڕۆژە گەیاندووە.
بۆیە ئێستا ئەبینن کە کۆمپانیای بچوکی حیزب ئەوندە تێکەڵاوی کۆمپانیای داگیرکراوان بووە، کە هاورمۆنییەکەی وای سازاندووە، کە نەتوانرێت بۆ گێل دۆست و دوژمن جیابکرێتەوە. بەڵام بۆ ئێمەی خەڵک دیارە کە کێ دۆستە و کێ دوژمن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە