بەڵێ جۆ بایدن کوردە!

Saturday, 23/01/2021, 22:06

7005 بینراوە


تێبینی کوردستانپۆست:ئەم نووسینەی کاک پێشڕەو تەنزە و گاڵتەپێکردنە بەو کابرا تورکەی کە دەڵێت> جۆ بایدن کورد، کاک پێشڕەویش وەکو گاڵتەپێکردن بە عەقڵی ئەو تورکە بۆی هۆنیوەتەوە. ئەم تێبینییەمان بۆ چەند بەڕێزێک بوو کە بە هەڵە لە ناوەرۆکی نووسینەکە گەیشتبوون.

کاتێک ئەم هەواڵەم خوێندەوە، کە ئۆرهان میرئۆغلۆ، پەرلەمانتاری پێشوی پارتەكەی ئەردۆغان و ئەندامی ئەو پارتە، لە تویتێكدا نووسیویەتی دەڵێت:
"هاوڕێیەكی كورد كە بەم دواییانە قسەم لەگەڵ كرد، پێی وتم، ناوی راستەقینەی جۆ بایدن، جیمۆی بەهادین ئاغایە و سەربە عەشیرەتی بیرۆكی كوردییە."
هەروەها هەواڵەکە درێژەی پێدەدات و دەنووسێت:
ئەو پەرلەمانتارەی پێشوی پارتی دا دو گەشەپێدان وتوشیەتی"لەگەڵ ئەوەی باوەڕپێكردنی ئەو شتە قورسە، بەڵام ئاسانە ئەگەر سەیری هەڵوێستەكانی بایدن بكەین بەرامبەرمان(بەرامبەر توركیا)."
بەستنەوەی رەچەڵەكی بایدن بە كوردەوە پەیوەندی بە دۆستایەتی لە مێژینەی ئەو هەیە لەگەڵ كوردو هەروەها هەڵوێستە توندەكانی بەرامبەر توركیا بەر لە بونی بە سەرۆكی ئەمریكا.
منیش هەروەکو تەنزێکی سیاسیی ئەو کۆمێنتەم لەسەری نووسی:
بەڵی جۆ بایدن کوردە! 
بەندە، بەدوادا چونێکی قوڵم لەسەر ئەو مەسەلەیە کرد و بۆم دەرکەوت، کە بەڵێ ڕاستە جۆ بایدن کوردە! بەڵام لە راستییدا زانیارییەکانی ئۆرهام میرئۆغلۆ زۆر بێ بنەمان و ڕاستیەکان بەم شێوازەی خوارەوەیە:
بە پێی توێژینەوەکانی بەندە وەکو ڕۆژهەڵاتناسێك و بە هاوکاری چەندین پسپۆری کوردی و بیانی و ڕۆژهەڵاتناسان گەیشتینە ئەو ڕاستیەی کە: (بنەماڵەی جۆ بایدن) لە بنەڕەتا بنەماڵەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەشیرەتی جاف، جا لەبەر ئەوەی ئەمەریکییەکان زۆر جار (ئۆ) دەکەن بە (ئا)، بۆیە هەمیشە وتویانە ئێمە بەرەگەز (جۆف)ین لە بری (جاف).
پاشان زۆر لە کوڕەکانیان لە بری جاف (جۆف)یان بەکار هێناوە، بە پێی گۆڕانکاریی سەر زمان و سەردەمەکان  (ف)ەکەش ڕۆیشتووە و بووە بە (جۆ). هەروەه چۆن لە لای کورد محمەد بووە بە حەمە
سەبارەت بە ناوی بنەماڵەییان (بایدن) ئەمیشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،! بەهۆی کێشەیەکی زۆری بنەماڵەکەی جۆ بایدن، کە کوێخا بوون لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتی جاف، ئیتر سەری خۆیان هەڵگرتووە و کۆچیان کردووە بۆ ناوچەی دۆڵی شارباژێر و لە دێی (هەڵەدن) گیرساونەتەوە و ژیاون.
دوای ئەوەی لێدوان لەگەڵ چەند کەسێکی بەتەمەنی ناوچەی شاربازێر کراوە ئەندامانی خێزانەکەی جۆ بایدن وەکو زۆر لە خێزانی عەشیرەتی جاف کراوە بون و کچەکانیان لە هەموان زیاتر لە زەماوەندەکانا هەڵپەریون و سەمایان کردووە . بۆیە بە سەماکەر ناسراوبون و هەر کاتێک چوونەتە زەماوەندەکانەوە ڕاستەوخۆ پێیان ووتون (دەی یەڵا بایدەن!).
ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگای قاچاخەوە بە 3 دەفتەر لیرەی عوسمانی ئەو سەردەمە کۆچیان کردووە بۆ ئەمەریکا. لەبەر ئەوەی هەڵەدنیان زۆر خۆشویستووە هەندێك لە مێژوونوسان دەڵێن: ناوی بنەماڵەییان کردۆتە (بایدن) لەسەر وەزنی (هەڵەدن) .
هەروەها دەشگوترێت، کە گوایە وەکو هەندێکی تر لە توێژەرەوە و مێژوونووسان دەڵێن ناوی بنەماڵەکەیان لە (یەڵا بایدەن)ـەوە هاتووە کە نزیکترە لە (بایدن) .
اللە یعلم! ئیتر با کەس نەڵێت هەر ئورهام میرئۆغڵو دەتوانێ حیکایەت دروست بکات! ئەگەر زۆری لەسەر بڕوات، مەرج بێت ترامپ و ئۆباماشی بۆ دەکەم بە کورد.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە