سیاسەت و شەڕی دۆڕاو

Saturday, 01.23.2021, 22:37

1935 بینراوە


بە گشتی سیاسەت بریتییە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا . شۆڕشیش بریتییە لە دروستکردنی گۆڕانکاری گرنگ لە هەموو ئەو بوارانەدا ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکییەوە هەیە وەک : بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دروستکردنی دواڕۆژێکی شایستە ، لەسەر داروپەردوی دەسەڵاتە ڕوخاوەکە . پاشان حیزبیش رێکخراوێکی کۆمەڵایەتییە ، کۆمەڵە کەسانێک دەگرێتە خۆی ، کە لە بیرکردنەوەدا وەک یەکن و هەوڵی گەشەکردن و بڵاوبوونەوە باوەڕەکەیان دەدەن و بۆ ئامانجێکی هاوبەش تێدەکۆشن ، کە بریتییە لە گرتنە دەستی دەسەڵات . پێویستیشە حیزب سەربەستی خۆی بپارێزێت و دووربێ لە هەژموون و کاریگەری دەستی دەرەکی . پاشان بەرنامە سیاسییەکانی گوزارشت لە خواستی خەڵکی بکات و داخوازی و کێشەکانی کۆمەڵگا بگرێتە خۆی . لە کاتی سەرکەوتن و گرتنە دەستی دەسەڵاتیشدا ، پابەندبێت بە جێبەجێکردنی پەیام و دروشمەکانی خۆیەوە و بەپێێ بەرنامە سیاسییەکەی خۆی کاربکات ، کێشە و داواکانی کۆمەڵگا چارەسەربکات و باوەڕی تەواوی بە ئازادی و هەڵبژاردنی پاکو و خاوێن هەبێت .
بە گشتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردایەتی حیزبە کوردییەکان ، بە تایبەتیش هەموو حیزبەکانی باشور ، کە دەم و چاویان لە یەک دەچن ، پێش دامەزراندنیان ، پێشەکی زانیویانە چ کەسایەتییەک پۆستی سەرۆکی حیزبەکە وەردەگرێت .
سەرۆکی حیزبەکەش ئەگەر لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی سەرکردایەتییەکەدا ، ڕۆڵی تایبەتی خۆی نەبووبێت ، ئەوا لە نزیکەوە ئاگاداری بۆچوون و بیرکردنەوەی یەک بە یەکییان بووە . بە پێچەوانەشەوە ئەندامانی دامەزرێنەر ، بێ ئاگابوون لە مەبەست و بیرکردنەوەی شارراوەی ناخی سەرۆک . بێگومان سەرۆک چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ ، هاوبەشی لە دانانی پەیڕە و پڕۆگرام و سیاسەتی حیزبەکەدا کردووە . لە خەباتی شاخ و شاردا ڕۆلی سەرەکی هەبووە ، بە کوڵ و دڵ هەوڵی سەرکەوتن و گرتنە دەسەڵاتی داوە . پێش سەرکەوتن وەک باوکێکی میهرەبانی بێ فیز و کەسێکی خێرخواز و بـەخشندەی دەسـت و دڵ واز هـەڵسوکەوتی کردووە . وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی ژیاوە . نانە ڕەقێکی کردووە بە هەزار پارچەوە و بە تەنها بۆی قووت نەچووە ، گوێی لە ئەندامێکی ئاسایی و لایەنگرێکی خواری خوارەوەی حیزبەکەی گرتووە . تا ڕادەیەکی زۆر پابەندی یاسا بووە ، توانیویەتی جێگای خۆی لە دڵ و دەروونی خەڵکیدا بکاتەوە . بە سەرزاری ئەوەی بیری لێ نەکردبێتەوە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بنەماڵەکەی بووە . هەر بۆیە وەک شێرێک قەپی بە پشتملی خزم و بێچووەکانیدا کردووە و بە سەلامەتی لە خۆی و لە ئاگری شەڕ و گرمە گرم و تەقەی تۆپ و بۆمبا دووری خستوونەتەوە . بە پێچەوانەشەوە بەردەوام هەوڵیداوە بۆ شەڕ و کوشتار ، پاڵەوانی گیانبەخشی ئازا و بوێر لە خۆی کۆبکاتەوە . بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی ، بە ئاگاییەکی تەواوەوە پەنای بۆ داگیرکەرێک بردووە ، تا بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەربکەوێت ، بەبێ ئەوەی بیر لە ئاکامە خراپەکانی بکاتەوە . خۆ کاتێکیش سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت ، ئیتر خۆی بە تەنها دەبێت بە چەقی قورسایی حیزبەکە و سەرۆکی تاقانەی بێ بەرامبەر . ئنجا ڕووی ڕاستەقینە ناخی دەردەخات . هەر زوو دروشمەکانی حیزبەکەی لە بیردەکات . سەرلەنوێ قەپ بە پشتملی کوڕ و کچ و خزمەکانیدا دەکات و یەک بە یەکییان بە سەلامەتی دەهێنێتەوە و لە حیزب و دەسەڵاتدا دەیانکات بە سێبەری خۆی و جێگای پاڵەوانە ماندووەکانی دوێنێیان پێ پڕ دەکاتەوە . نانی هەزاران کەس دەکات بە یەک پارووی چەور و بێ ئەوەی ئەم چاو بەو چاو بزانێ لووشی دەدات ، لە هەڵبژاردندا بە چەپڵە خۆی دەکاتەوە بە سەرۆک و تا مردن فیلیش لە جێگای خۆی نایجوڵێنێ . لە پێناوی پۆست و پارە و مانەوەی خۆیدا ، کۆ لە هیچ ناکات و هەر زووش پاڵەوانەکانی دوێنێش چاوی لێدەکەن و هەمان ڕێباز و ڕێچكە ناشیرینەکەی دەگرنەبەر ، ئنجا بە هەموویان فوو لە چرای سیاسەت و حیزبەکەیان دەکەن و کۆمپانیاکانیان جێگایان دەگرنەوە . لە ئەنجامیشدا توورەکەی سواڵ لە ملی کۆمەڵگا دەکەن و وڵاتیش ڕووبەڕووی کیشەی گەورە و گران دەکەنەوە ، کە بە کورتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکییان دەکەین :
یەکەم : بەر لە سەرکەوتن و دوای سەکەوتن ، ناتوانن پلانێکی تۆکمەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئامادەبکەن ، تا جێگای دەسەڵاتە کۆنەکە بگرێتەوە و ڕێگا لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و نەبوونی دەسەڵات بگرێت . هەر بۆیە هەموو بێ چاودێری و لێ پرسینەوە ، مل لە تاڵانی و شڕەخۆری دەدەن و هەزارەها ئامێر و ئامرازی گرنگی بە نرخ ئاودیودەکەن . لایان وایە گەیشتن بە دەسەڵات ماشینەوەی هەموو شتێکە ، بێ ئاگا لەوەی بەڕێوەبردنی وڵات پێویستی بە پلان و بەرنامەی کورت و درێژخایەن و عەقڵی کەسانی دانا و شارەزایە .
دووەم : نە شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی دامودەزگا گرنگەکانی سەردەمی داگیرکەر ، کە کۆڵەکەی ئابوری و سەرچاوەی بژێوی هەزاران کەسبووە ، بەبێ ئەوەی بتوانن لەو جۆرە دامودەزگایانە بنیات بنێنەوە . لە ئەنجامیشدا ئەو کارانە دەبێت بە یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی ئابوری و بڵاوبوونەوەی بێکاری و برسێتی .
سێیەم : ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ماندووبوون و خەباتییانکردووە ، چاو لە سەرۆک و خزمەکانییان دەکەن ، زیاتر لە وان خۆیان بە شایستەی پۆست و پاداشت دەزانن ، بە نەشارەزیی و عەقڵی بەتاڵەوە دەست بەسەر وەزارەت و دامودەزگا گرنگەکاندا دەگرن و وڵات و کۆمەڵگا دەگەینن بەم حاڵە زۆر خراپەی ئەمڕۆمان . ئاخر خۆ بە درۆ نەیان وتووە : بەردێک نەزان بیخاتە گۆمێکەوە ، بە هەزاران زانا دەرنایەتەوە .
چوارەم : لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ، ناپەرژێنە سەر دامەزراندنی هێزێکی ڕێکخراوی یەکگرتووی بە هێز ، تا لە کاتی تەنگانەدا بەرگریی لە سەروەری و ئازادی گەل و نیشتمان بکەن . هەر بۆیە بە ئاسانی چەندین ناوچەی گرنگمان لە دەستدەچێت و وەک جلخوارێک دەبن بە چاو و گوێێ و گۆچانی داگیرکەران ، کە لە ناو خاکی پیرۆزی نیشتماندا بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن .
ئەوەی شایانی باسە حەزی پیشڕەوایەتی و هەڵپەی کۆکردنەوەی پارە و سامان و دەسەڵات ، شەڕ و ناکۆکی بە دوای خۆیاندا دەهێنن و دەستی دەرەکی تێکەڵدەبێت ، ئیتر نە مانایەک بۆ سەروەری سیاسەت و حیزبایەتی و شۆڕش دەمێنێتەوە ، نە دەتوانن گۆڕانکاری جەوهەری لە ژیانی خەڵکیدا بکەن .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم ، بە درێژایی مێژوو وتوویانە : هەمیشە کورد لە شەڕدا سەرکەوتوو بووە و لە سیاسەتیشدا دۆڕاو بووە ، بەڵام بە پێێ مێژووی خوێناوی خۆمان ، هەمیشە کورد لە سیاسەت و شەڕدا دۆڕاوبووە . خۆ ئەگەر وانییە ، کام سیاسەت و کام شۆڕشەمان توانیویەتی بۆ تەنها جارێک چۆک بە داگیرکەرێک دابدات و ژیانی کولەمەرگی میللەتە کڵۆڵەکەمان بگۆڕێت ؟ . بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری دۆڕان ، نە شەڕ و داستانەکانە ، نە پەیام و دروشمی حیزبەکانە ، کە هەزاران کەس بە عەشقەوە سەر و ماڵ و گیانی خۆیانیان پێ بەخشیووە ، بەڵکو هۆکاری سەرەکی ، سەرکردە سیاسییە مشەخۆرەکانە ، کە بە پیریی و گۆجی و ئیفلیجی و گۆچانەوە ، تا مردن واز لە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ناهێنن .. بە ڕاستی حەیفە خاکێک لە خوێن و فرمێسک هەڵکیشرابێت و ئەمجۆرە سیاسییانەی لێ شین دەبێ !