بنەماڵە سەرەخۆرەی دەستکەوتەکانی گەلی کورد

Sunday, 24/01/2021, 19:49

4407 بینراوە


حیزبی بنەماڵەیی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە كۆ و سەراپای جومگەکانی حیزب لەلایەن بنەماڵە یان خێڵێکەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم جۆرە لەحیزب دەرفەتی یەکسان بۆ بەشداری سیاسی ناڕەخسێنێت، چونکە تەنھا ئەندامانی بنەماڵە بەشداری فیعلی کاری سیاسی دەکەن، لەئەلفەوە تاکو یائی شتەکان لەدەستی خۆیاندایە،
خۆیان بڕیادەری سەرەتا و کۆتایین لە ھەموو کارووبارەکانی حیزبدا، وە ئەندامانی بنەماڵە بەپلەی یەکەم دێن لە حیزبدا و بەخشراون لەوەی کە بەپلەکانی کاری حیزبایەتی تێپەڕن، لەخوارەوە دەست پێ بکەن و ھەنگاو بەھەنگاو و پلە بەپلە بەپێی توانا و لێھاتووی و ئەزموونی خۆیان سەربکەون و بگەن بە سەرکردایەتی و لووتکەی دەسەڵاتی حیزب، بەمانەیەکی تر وەرگرتنی بەرپرسیارێتی حیزبی بۆ ئەندامانی بنەماڵە پێویستی بەتوانا و پسپۆڕی و ئەزموون نییە، بۆیە کوڕ و برازا و کەسوکاری سەرۆک، یەکەم دەسپێکی کاری سیاسیان سەری سەرەوەیە، خۆ ئەگەر ڕێکەوت یەکێک لەئەندامانی بنەماڵە نەخوێندەوار و نەشارەزا و نالێھاتوو ..... ھتد بێت، ھێشتا لەبەرترە و لەسەروو لە ئەندامانی تری حیزبەکەوە سەیر دەکرێت.
لەحیزبی بنەماڵەدا یەکێک لەئامانجەکان و سەرەکیترین ئامانج بریتییە لەپارێزگاری کردن لەبەرژەوەندی بنەماڵە و کورسی سەرۆک، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو حیزبانەی کە بنەماڵەیین ڕەواج دەدەن بە کۆمەڵێک مورید و ماستاوچی و کاسەلێسی بنەماڵە، بۆئەوەی ھەستن بە پیاھەڵدان و ستایش کردنی ئەندامانی بنەماڵە، لەوەی کە بلیمەت و حەکیم و دانان، توانایەکی لەڕادەبەدەر و بێ وێنەیان ھەیە لەبەڕێوەبردن و سیاسەت کردندا، تا خەڵکی بەشێوەیەکی نائاسایی سەیریان بکەن و لە ئاستی بیرمەندان و فەیلەسوفان و زانا ناودارەکاندا بیان بینن.
ئەگەر لەڕوانگەی ئەو تایبەتمەندییانەی سەرەوە حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبسەنگێنین، ئەوە دەتوانین بڵێین پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبێکی بنەماڵەییە و تەواوی نیشانەکانی بنەماڵەیی بوونی حیزبی تێدایە، ئەویش بە دەلیلی ئەوەی سەرکردایەتی حیزب لەدوای کۆچکردنی مستەفا بارزانییەوە گوازراوەتەوە بۆ مەسعود بارزانی کوڕی، واتە لەباوکەوە بۆ کوڕ. هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لەحیزبدا بە پلەی یەکەم دێن ، کوڕ و برازا و کەسوکاری بارزانی دەستپێکی کاری سیاسیان لەحیزبدا لەسەری سەرەوە بووە و بەپلەکانی کاری حیزبایەتیدا تێ نەپەڕیون، بۆ وەرگرتنی ھەر پۆستێک لە پسپۆڕی و ئەزموون بەخشراون، تەنھا پێناسی بارزانی بوون بەسە بۆئەوەی ببنە ئەندامی سەرکردایەتی یان مەکتەبی سیاسی، یان لە پشکی حیزب لەحکومەتدا ببنە وەزیر. جگەلەوە بەرژەوەندی بنەماڵە لەسەروو هەموو شتێکەوەیە، دەبینین لەپارتیدا کاری ئەندام و کادران ستایشکردنی و پیاھەڵدانە بەبنەماڵەدا و ڕەخنەگرتن لەسەرۆک و ئەندامانی بنەماڵە بەھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لەناو کادێرانی پارتی ئەم دەستەواژەیە زۆر ناسراوە کە دەڵێت: هەڤاڵ ڕەخنە بگرە، بەڵام ووریابە نەکەویتە ناو چاڵی ڕەخنەوە.
ھەروەھا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین جەلال تاڵەبانی و ھاوڕێکانی لە پارتی جیادەبنەوە بەبیانووی ئەوەی ئەو حیزبە بووەتە حیزبی بنەماڵە، پاش چەند ساڵێک تاڵەبانی و ھاوێکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دامەزراند، یەکێک لەدرووشمەکانی دژایەتی کردنی بنەماڵە و بە بنەماڵەکردنی حیزب بوو، بەڵام بینیمان جەلال تاڵەبانی لەساڵانی کۆتای تەمەنیدا ژن و ھەردوو کوڕەکەی ھێنایە ناو کاری سیاسی و لەسەری سەرەوە بەرپرسیارێتی پێدان، لەدوای کۆچی تاڵەبانی کوڕ و برازاکانی دەستیان بەسەر حیزبەکەدا گرت.
سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان، دەبینین دوای ئەوەی نەوشیروان مستەفا نائومێد دەبێت لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەست دەکات گەندەڵی سەرکردەکانی حیزب گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و حیزبەکەش بەرەو بنەماڵەیی بوون دەڕوات، بۆیە جیا دەبێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دژایەتی گەندەڵی و بەبنەماڵەیی بوونی حیزب دادەمەزرێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەویش کە نازناوی باوکی ھەژارانی پێ بەخشرابوو، پێش مردنی کۆمپانیا و پارە و زەوی بزوتنەوەی گۆڕانی «گردی زەرگەتە کە ١٢٢ دۆنمە» لەسەر ھەردوو کوڕەکەی تاپۆ دەکات و حوکمی بنەماڵەیی لەتارمایدا بەسەر بزوتنەوەی گۆڕاندا دەچەسپێنێت.
لەدەرەوەی ئەو حیزبانەی کە باسمان کردن، نیشانە سەرەتاییەکانی بەبنەماڵەیی بوون و دەستاو دەست نەکردنی دەسەڵات لەحیزبەکانی تردا دەرکەوتووە، ھەڵبژاردنەوەی چەند بارە و یەک لەدوای یەکی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و ھاتنە پێشەوەی کوڕێکی بە ناوی شەریف عەلی باپیر، لە ئاماژەکانی بەرەو بنەماڵەیی چوونی ئەو حیزبەن، سەبارەت بە یەکگرتووی ئیسلامیش ھەوڵێکدرا کە لە پەتای بنەماڵەیی بوون بەدوور بێت، بەڵام بۆیان نەکرا، دووبارە سەڵاحەدین بەھادین کرایەوە سەرۆکی یەکگرتوو. ھەرچی تایبەتە بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کارکردنی خوشکی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە سەری سەرەوە و لەئاستێکی باڵادا، نیشانەی بەرەو بنەماڵەیی ڕۆیشتنی جوڵانەوەکەیە.
لەکۆتایدا بەداخەوەم بۆ بەبنەماڵەیی کردنی حیزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، دڵنیام ئەم بەمۆدێل بوونەی حیزب لەداھاتوودا زیانی گەورە بەچارەنووسی گەلەکەمان دەگەیەنێت، ئاشکرایە لەمیرنشینە کوردییەکانەوە تاکو ئێستا، بنەماڵەکان ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە پارچە پارچەکردن و پەرتکردنی خەباتی کوردا، هەمیشە خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمانیان کردووەتە قوربانی دەستکەوتی بنەماڵەکانیان،  سەرەخۆرەی بەری ڕەنج و تێکۆشانی ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە بوونە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە