نەوت لە نێوان نەرویج و کوردستاندا

Sunday, 24/01/2021, 19:54

4432 بینراوە


نەرویج ئەو وڵاتەی ئەگەر بە ڕستەی (مێژووی هەژاری لە نەرویج) بە زمانی نەرویجی لە پێگەی گۆگڵدا سێرچێکی سەرپێی بۆ بکەیت. ئەوا سەدان وتار و لێکۆلینەوەی مێژووییت بۆ دەردەکەوێت کە باس لە ڕادەی هەژاری ئەم وڵاتە بە بەفر داپۆشراوەت بۆ دەکەن. وڵاتێک کە ناسرابوو بە هەژارترین وڵاتی ئەوروپا. وڵاتێک تەنها لە ماوەی 50 ساڵی کۆتایی بووە بە یەکێ لە هەرە وڵاتە دەوڵەمەندەکانی دونیا. ئەو نەرویجەی کە هەتا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە 90٪ی دانیشتووانەکەی پشتیان بە کشتوکاڵ بەست بوو، بۆ بژێوی خۆیان. بەڵام چ کشتوکاڵێک؟ ئەو کشتوکاڵەی کە تەنها 1٪ی خاکەکەی تا ناوەڕاستی سەددەی نۆزدەهەمیش بە کەڵکی کشتوکاڵ ئەهات. خاکێکی کشتوکاڵی هێندەی چەند خاڵێک لە نەخشە فراوانە جەمسەرییەکەی نەرویج کە تەنها لە چەند مانکێکی هاویندا بەکەڵکی کشتوکاڵ دێت. دەنا بە نزیکی 7 بۆ 8 مانگێک خاکەکەی بە بەفر داپۆشراوە و لە خلیسکێنەی سەر بەفر بەولاوە بە کەڵکی یەک شتی دیکە نایەت.
ئەم وڵاتە کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکە لە ژمارەی دانیشتوانی هەریمی کوردستان. لە ساڵی 1950 چەند کەسێکی کەم باوەڕیان وا دەبێت کە بە درێژایی کەنارە ئاوییەکانی نەرویج و لە قوڵایی ئاودا نەوت و گاز لەو خاکەی ژێر ئاوەکەدا دەست دەکەوێت.
پاش گەڕانێکی زۆر و بەردەوام لە 1967 یەکەم جار نەوت لە ژێر دەریادا دەدۆزنەوە، بەڵام هێندە گران دەوەستێت، دەرنەهێنانی بە باشتر ئەزانن. ئەم هەواڵە پشت ساردیان ناکاتەوە و تا لە ئێوارەی بەر لە جەژنی لە دایک بوونی مەسیحدا لە ساڵی 1969 وەکو جەژنانەیەکی خوایی هەواڵی دۆزینەوەی نەوت و گازی زۆر و زەوەند کەوتە بەر گوێی نەرویجییەکان. ئیتر بە دامەزراندنی کەرەستە و کارخانەی دەرهێنانی نەوت لە قوڵایی دەرەیادا کەوتنە کار و لە ناوەڕاستی 1971دا چێرۆکی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە نەرویج دەستی پێ کرد.
ئیتر لێرەوە دەرگای خۆشبەختی و بەختەوەری بەڕوی نەرویجدا کرایەوە. ئەویش بە دوو هۆکار، یەکەمیان کە نەوتیان دۆزییەوە و دووەمیان کە نەوت و داهاتەکەی لە دەستێکی ئەمیندا بوو.
لەم ڕوەوە ئەتوانم ئاماژە بە دوو بیانوو بدەم بۆ ئەو وتەیەی کۆتایی. یەکەمیان ئەوەیە کە سایتێکی نەرویجی هەیە کە چرکە بە چرکە داهاتی نەوت و سامانی سروشتی پیشانی خەڵکی دەدات، هەڵبەتە ئەم پارەیەی کە لە نەوتەوە دەست دەکەون دووبارە دەخرێنەوە کار و لە بازاڕەکانی جیهاندا وەبەرهێنان لەو داهاتە دەکەن و کورد وتەنی بە پارە پارە ڕادەکێشن. گەر ئەرک بکێشیت ئەو لینکەی نێوان کەوانەکە کۆپی پەیست بکە و لە مۆبایل یان کۆمپیوتەرەکەی بەردەمت دایبگرە و بزانە داهاتی کەڵەکەبووی نەوتی نەرویج چەند شەفافە و چۆن نیشانی نەک نەرویجی بگرە هەموو دونیای دەدەن. لە کاتێکدا لە هەرێم تەنها چەند کەسێکی هەمان بنەماڵە نەبێت کەس نە فاکی نەوت ئەزانێت نە بە فیکی.
دووەم بیانووشم چیرۆکێکە کە لە دەمی نەرویجییەکەوە گوێم ل بووە. لە ساڵی 2006 لە کەمپێکی نەرویج پەنابەر بووم و کۆیان کردینەوە تا میوانێکی شارەوانی (کە بیرم نایەت چ کارە بوو) بە گشتی باسی ژیان و مێژوو و کولتوری نەرویجی بۆ کردین. لە نێو باسەکانیدا هاتە سەر گێڕانەوەی چیرۆکی هەژاری نەرویج و دواتر چۆنێتی دەوڵەمەند بوونی. شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشی گێڕایەوە. (ئەمەی دواتر ئەیگێڕمەوە بە داخەوەم کە بۆ سەرچاوەی گەڕام هیچم نەدۆزییەوە) بەڵام هەرچۆنێک بێت من وام بیستووە. عیبرەتیش لە جوانی و پەسەندی چیرۆکەکەیە نەک سەرچاوەکەی. ئەو وتی گوایە بەر لە فرۆشتنی یەکەم بڕی نەوت زۆربەی خێزانە نەرویجییەکان بە برسێتی شەویان ڕۆژ ئەکردەوە. کاتێ یەکەم بڕە پارەی نەوتیان دەست کەوت بەشی تێرکردنی هەمووانی نەدەکرد. بیریان کردەوە کە با لە پێشەوە مناڵان لە برسێتی ڕزگار بکەین. بۆ ئەوەش که گەرەنتی ئەوە بکەن گەورەکان نانی مناڵەکان نەخۆن دەبێت لە کاتی قوتابخانەدا مناڵەکانیان تێر بکەن. بەوەش هەر نەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا مناڵەکان بە تێری ئەنوون. ئیتر بەم جۆرە نەوت بوو بە نیعمەت و لە پاش تێربوون و پۆشتە بوونی هەمووان، داهاتی نەوت بوو شەقام و تونێل و هێڵی شەمەنەفەر و نەخۆشخانە و کارگە و قوتابخانە و وەبەرهێنان تا ئەمڕۆش پێشکەوتن بەردەوامە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەگەر کارەساتی وەک کۆڕۆنا ڕوو نەدات نەرویج پێویستی بە پارەی کەڵەکەبووی نەوت نیە و لە پاش 50 ساڵ گەر داهاتی نشتیمانی نەرویج دابەشی ژمارەی دانیشتوان بکەین ئەوا لە ساڵی 2019 بۆ نموونە، ساڵانەی داهاتی هەر تاکێک زیاترە لە 665000 کڕۆنی نەرویجی، کە دەکاتە زیاتر لە 66000 دۆلار. هەموو ئەم چیرۆکی خۆشگوزارانییە بە تەنها شتێک هاتۆتە ئاراوە ئەویش دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتە کە کەوتە دەستێکی ئەمین. شایەنی باسە ئەو سەرۆک وەزیرانانەی لە سەردەمی دەرهێنانی نەوت لە کارا بوون هەمووان ژیانێکی سادەی خەڵک ئاسایان بەڕێکرد. جێی خۆیەتی یەکێک لەو ناوە دیارانە بە نموونە بهێنینەوە کە ئەویش سەرۆک وەزیر (ئاینەر گێرهادسن 1897-1987)ە کە تا دوا ساڵەکانی ژیانی لە تاقە شوقە بچوکەکەی لە ئۆسلۆ کۆچی دوایی کرد، لە مووچە خانەنشینییەکەی زیاتر شتێکی دیکەی نەبوو. چاکە و پاکی و بەخشندەیی ئەم کەسایەتییە وای کرد کە تا ئێستاش بە باوکی وڵات ناوزەد بکرێت.
گەر بهاتبا و هەمان ئەو دەستە ئەمینە لە کوردستاندا بووایە، ئەو کوردستانەی کە بە بێ نەوتیش خاکەکەی پڕ بەرەکەتە بۆ دانەوێڵە و میوە و سەوزە لە هەموو وەرزەکان و پڕ لە لەوەڕگایە بۆ ئاژەڵداری. لە هیج ڕەگەز و پایەیەکی پێشکەوتنی کەم نیە و خاکەکەشی کەوتوەتە سەر دەریای نەوت و گازی سروشتی. دەبوو ئێستا کوردستان لە چ قۆناغێکی پێشکەوتنی خۆیدا بووایە. کوردستانێک خەڵکەکەی بەر لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت برسی نەبوون بەڵام بە دەرهێنان و فروشتنی نەوت زۆرینە برسی و بێ دەرامەت ئەبن و کەمینەی دەسەڵاتیش تێر و ملیاردێر. هەموو ئەوەی گوترا شتێکمان پێ دەڵێت کە کوردستان بە خاکی بە پیتی و کەشوهەوای لەباری و نەوت و گازی ژێر زەوی (نەک دەریایی کە زۆر ئەستەمە دەرهێنانی بە سود بگەڕێتەوە) سەددان جاری وڵاتی نەرویج لەبارترە بوو بۆ پێشکەوتن، بەڵام ئەوەی نەیبوو دەستی ئەمین و ئامێرێکی شەفافی ژمێرەی داهاتی نەوت و سەروەتەکەی بوو.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە