ئه‌ندام په‌ڕله‌مان له‌ دیدى هاوڵاتییه‌وه‌ (به‌شى دووه‌م)

Sunday, 01.31.2021, 2:32

839 بینراوە


له‌ به‌شى یه‌كه‌مى  ئه‌م نوسینه‌دا به‌ درێژى ڕونم كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا دامه‌زراوه‌ى په‌رڵه‌مام هیچ ڕۆڵێكى   نییه‌ له‌ پڕۆسه‌ى سیاسیدا . هه‌بونى  په‌ڕله‌مان بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ سیسته‌مێكى حوكمڕانى دروست  به‌ڕێوه‌  ببرێت . ئه‌م دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ له‌ ئێستا چۆته‌ خزمه‌تى دیوه‌خانه‌كه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانیه‌وه‌ . له‌ ئیستادا په‌ڕله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى زۆرینه‌و كه‌مینه‌ به‌ڕیوه‌ ده‌چێت.

پارتى له‌ ڕوى زۆرى ژماره‌ى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مانیشه‌وه‌ زۆرینه‌یه‌ . له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ حساب بكه‌ په‌ڕله‌مان موڵكى پارتییه‌ .له‌ ڕوى پێكهاته‌ى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانیشه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌ :  له‌ هه‌موو خوله‌كانداو له‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كاندا  كه‌سانى به‌تواناو خاوه‌ن كه‌سایه‌تى زۆر باش هه‌بون . 
 ده‌توانم بڵێم  ئه‌گه‌ر بوارى مادى لێ ده‌ركه‌ى ، زیان به‌  كه‌سایه‌تیان  گه‌یه‌نراوه‌  ، چونكه‌  نه‌یان توانیوه‌  ئه‌ركى په‌ڕله‌مانى خۆیان وه‌كو خۆى جێبه‌جێ بكه‌ن و به‌و هۆیه‌وه‌ موتمانه‌ى خه‌ڵكیان له‌ ده‌ست داوه‌ . به‌شێكى زۆرى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات ڕۆڵى كرێگرته‌یی ده‌بینن بۆ ده‌سه‌ڵاتى مافیاو تاڵانچى نه‌ك نوێنه‌رى خه‌ڵكبن .  
 له‌ دروستبونى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و هاوپه‌یمانى  نیشتمانیشدا ، تێكه‌ڵه‌یه‌ك له‌ كه‌سانى جیاوازو سه‌یر و سه‌مه‌ره‌و خۆ ویست و به‌رژه‌وه‌ند په‌رست وه‌كو قارچك له‌ ماوه‌ى شه‌و و ڕۆژێكدا هه‌ڵتۆقین و  بونه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان ، ئه‌وه‌نده‌ى تر په‌ڕله‌مان ناشیرینتر بوو . به‌شێكیان هه‌ر دواى سویند خوارد ئیعلانى سه‌ربه‌خۆییان كرد . به‌شێكى تریان له‌ نیوه‌ى ڕێگا ده‌ست به‌ردارى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى ده‌بون  به‌ڵام  خانه‌نشین ده‌بون و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بڕى 6 ملیۆن دیناری زیاتر  موچه‌یان وه‌ر ده‌گرت .
 كه‌سانێك هه‌بون  هێشتا  خوله‌كه‌یان ته‌واو نه‌ببو ، به‌رنامه‌یان داده‌نا  كه‌ بۆ خولێكى تریش  خۆیان  كاندید بكه‌نه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ڕێگایان پێ نه‌دانایه‌ خۆیان كاندید بكه‌نه‌وه‌ ، یان له‌ حاڵه‌تێكدا خۆیان كاندید بكردبایه‌و ده‌رنه‌چونایه‌وه‌ ، له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تدا وازیان له‌ حیزبه‌كه‌یان ده‌هێناو دوایی  دستیان ده‌كرد به‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ حیزبه‌كه‌یان و وا خۆیان ده‌رده‌خست كه‌ ئه‌مانه‌ خه‌مخۆرى میلله‌تن .
 هه‌ندێكى تریش هه‌بون  هه‌ر دواى ته‌واوبونى خولى په‌ڕله‌مانه‌كه‌ ، بۆ دواجار  ماڵ ئاواییان له‌ حیزبه‌كه‌یان ده‌كرد چونكه‌ به‌مه‌رامى خۆیان گه‌یشتن .  هه‌ندێكیش هه‌ن یارى په‌ت په‌تێن و ئه‌مبه‌رو ئه‌و به‌ر ده‌كه‌ن و كار ئاوا بڕوات له‌ هه‌موو فراكسیۆنه‌كان جێگاى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌كو كه‌رى ناو جۆگا وان و له‌ هه‌ردوو به‌ر ده‌خۆن .  ئه‌وانه‌ له‌ كوێ پاروى چه‌ور هه‌بێت له‌وێن و له‌ كوێ با هه‌ڵ بكات  له‌وێ شه‌نى خۆیان ده‌كه‌ن .
ئێستا له‌ به‌غدا فرا كسۆنێكى نوێی كورد به‌ ناوى هاوپه‌یمانى هیواوه‌ دروست بوه‌ ئه‌ندامانى زوربه‌ى حیزب و لایه‌نه‌كانى تێدا به‌شدارن،جگه‌ له‌پارتى و یه‌كێتى . ژماره‌یان 15 كه‌سه‌و زوربه‌یان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ناسرێن. ئێستا ئه‌مان خۆیان به‌ نویێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى هاوڵاتیانى كورستان ده‌زانن و پارتیشیان زۆر سه‌غڵه‌ت كردوه‌ . ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌  بیزانین ئه‌وه‌یه‌ : ئایا ئه‌مانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ حیزبه‌كانى خۆیانه‌وه‌ ماوه‌ ، یان سه‌ربه‌خۆن ؟.
 ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆبن كێ پشتیوانییان لێ ده‌كات  ؟. ئایا ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌ن سیناریۆ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌وه‌ به‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان؟. ئایا له‌ ئێستا دا موچه‌ى پاسه‌وانه‌كانى خۆیان به‌ ته‌واوى ده‌ده‌ن ؟. ئه‌گه‌ر موچه‌كه‌یان هه‌موو ناده‌نى َ ، چۆن  خه‌لك بڕوایان پێ بكات كه‌ ئه‌مانه‌ به‌رگرى له‌ مافى هاوڵاتیان ده‌كه‌ن  ؟. چونكه‌ ئه‌وه‌ى تا ئێستا ئه‌وان كردویانه‌ ، هه‌ر قسه‌یه‌و قسه‌ش فه‌قیره‌و هه‌موو كه‌سێك ده‌یكات و هیچ پاره‌شى تێ ناچێت .   له‌ كاتێكدا موچه‌ى ئه‌ندام په‌ڕله‌مان له‌ موچه‌ى حاكمێك و مامۆستایه‌كى زانكۆ و پزیشكێك زیاتربێت و كه‌ دواى چه‌ندین ساڵ خوێندویانه‌ و شه‌و نخونییان كردوه‌ .
 كه‌سێك 40 ساڵ خۆڵ و خاشاكى كۆكردۆته‌وه‌ موچه‌ى خانه‌ نشینیه‌كه‌ى  نه‌گاته‌ 300 هه‌زار دینار ,  مۆستایه‌كى  ئاماده‌یی یان سه‌رپه‌رشتیارێكى په‌روه‌رده‌یی دواى 40 ساڵ  خزمه‌ت خانه‌ نشینیه‌كه‌ى له‌ ملییۆنێك تێنه‌په‌رێت  ، به‌ڵام  كه‌سێك هیچ كارێكى نه‌بوه‌  له‌ پڕ ده‌چێته‌ حیزبێكه‌وه‌و  وه‌كو قارچك هه‌ڵده‌تۆقێت  بازى به‌سه‌ره‌وه‌  ده‌نیشێته‌وه‌و وه‌كو كوڕى فیلمى سینه‌مایی  هه‌تا هه‌تایه‌ 6 ملیۆن  دینار خانه‌ نشینى وه‌رده‌گرێت ، ئه‌مه‌ كاره‌سات به‌ دواى خۆیدا دێنێت و هیچ به‌هایه‌ك بۆ عه‌داله‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى ناهێڵێته‌وه‌ .  دواجار ئابورى وڵات وێران ده‌بێت .  هه‌ر ئه‌م خانه‌ نشینبونه‌یه‌  به‌م پاره‌ زۆره‌ وایكردوه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ چ پله‌وپایه‌كدا دابێ هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدات ببێته‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان .   گومانى تێدا نابێت خه‌ڵك پێیان ده‌ڵێن : ئه‌مانه‌ له‌به‌ر خاترى خانه‌ نشینبون به‌ پاره‌یه‌كى زۆر بونه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان ، چونكه‌ كاره‌كه‌ى خۆیان زۆر له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانى گرنگتره‌ بۆ كۆمه‌ڵگا . بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستى پزیشێك دێت ، له‌ ده‌ستى  هه‌موۆ كه‌سێك نایه‌ت .      
ئه‌وه‌تا له‌م رۆِژانه‌دا مه‌لێكى ئوردن به‌ بڕیارێك كۆتایی به‌ موچه‌ى خانه‌ نشینى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانانى وڵاته‌كه‌ى  بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ هێنا  .  ئاغاى دیوه‌خانه‌كه‌ى ئێمه‌ش  ده‌توانێت  بڕیارێك  له‌ جۆرى بڕیاره‌كه‌ى  مه‌لێكى ئوردن بدات و كۆتایی  به‌ موچه‌ى خانه‌ نشینى  ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بهێنێت . هه‌ر ئاغاى دیوه‌خانیش ده‌توانێت  ئه‌وبڕیاره‌ بدات . 
 ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا هه‌ندێكیان ده‌ڵێن ، موچه‌ى خانه‌ نشینى حه‌قى خۆمانه‌ بێ ئه‌وه‌ى بچوكترین كاریان بۆ هاولاِتیان كردبێت .   به‌ڵام بۆ نه‌گبه‌تى ئاغاى دیوه‌خانیش  ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ نابات چونكه‌  له‌په‌ڕله‌مانه‌وه‌ و له‌ ڕێگاى به‌كرێگیراوه‌كانى خۆیه‌وه‌ هه‌موو شه‌رعیه‌تێك وه‌ر ده‌گرێت  بۆ به‌ده‌ستهێنانى  به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ى .   

ده‌ر ئه‌نجام:

له‌ ڕوانگه‌ى هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆكردو   به‌ هۆى ئه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مان سه‌ربه‌خۆ نییه‌و  به‌شێكى زۆرى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات  وه‌كو به‌كرێگیراو وان و هه‌ندێكیشیان  ته‌نها خه‌ریكى به‌ده‌ست هێنانى ده‌سكه‌وتى خۆیانبن و  ئه‌وانه‌شى كه‌ هه‌ڵویسیان باشه‌ قسه‌یان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت  ، به‌و هۆیه‌وه‌  ئه‌ندام په‌ڕله‌مان هیچ ڕۆڵێكى نامێنێت و ڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ بۆ موچه‌ له‌ په‌رله‌مان بێت . ئه‌و كاته‌  تێڕوانینى خه‌ڵك به‌رامبه‌ر ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان  ده‌گۆڕێت و واى سه‌یر ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر ڕه‌نج وماندوبونى ئه‌و ده‌ژى . 
جه‌ماوه‌ر  گه‌یشتۆته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى  حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و حیزبه‌كان و ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان ، هه‌مویان له‌ به‌ره‌یه‌كدان  دژى ئه‌وان ، سامانیان تاڵان ده‌كه‌ن ، بۆ مه‌رامى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كاریان دێنن ئازادیه‌كانیان زه‌وت ده‌كه‌ن ، به‌  كوشتیان ده‌ده‌ن و  و دواجار فه‌قیریان  ده‌كه‌ن  بۆ ئه‌وه‌ى هه‌میشه‌ چاویان له‌ ده‌ستى ئه‌وان بێت .   
كاتێك كه‌ باسى هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت  زۆرینه‌ى خه‌ڵك ته‌نانه‌ت  ئه‌وانه‌شى ئاستى خوێنده‌واریان زۆر به‌رزیشه‌،  هاتونه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ى   كه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن و ده‌نگ به‌ هیچ حیزب و لایه‌نێك نه‌ده‌ن . پێت ده‌ڵێن : ئه‌م جاره‌ په‌نجه‌ى خۆم ده‌برَم و ده‌نگ به‌ كه‌س ناده‌م بچێت له‌سه‌ر حسابى من ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت .  ئه‌وانه‌ى ئه‌م باوه‌ڕه‌یان هه‌یه‌ زۆرینه‌ن  و به‌ حسابى خۆیان تۆڵه‌ى خۆیان له‌ حیزبه‌كان و ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێداون ده‌كه‌نه‌وه‌  
بۆیه‌ له‌ ئێستادا بۆشاییه‌كى سیاسى زۆر گه‌وره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان دروست بوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌ر ده‌م مه‌ترسى گه‌وره‌دایه‌ . چونكه‌ هاوڵاتیان  كه‌س به‌ نوێنه‌رى خۆیان نازانن و بڕوایان به‌كه‌س نه‌ماوه‌و ده‌ڵێن له‌ ماوه‌ى 29ساڵى حوكمڕانیدا هه‌رچى هاتوه‌ ده‌ستى بڕیوین وفێڵى لێكردوین.
مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌وه‌  ده‌ست پێده‌كات :  
هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانیدا و 6 خولى په‌ڕله‌ماندا به‌رده‌وام  له‌ ئه‌نجامى نه‌زانین و نه‌شاره‌زایی و دڵسافى و ساویلكه‌ییانه‌وه‌  به‌ ده‌ستى خۆیان ماڵى خۆیان وێران  كردوه‌و  زیانى گه‌وره‌یان به‌ خۆیان گه‌یاندوه‌ .
 له‌ ڕابوردا هاوڵاتیان نه‌یان زانیوه‌ چۆن نوینه‌ره‌كانى خۆیان بنێرنه‌ په‌ڕله‌مان . له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى ده‌نگ به‌ كه‌سانى شاره‌زاو دڵسۆز و  یاساناس و خاوه‌ن  كه‌سایه‌تى به‌رز بده‌ن  ،   له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌وه‌ى :   فڵانه‌ كه‌س خزمیه‌تى و هاتۆته‌  ماڵه‌كه‌یی و وه‌عدى پێداوه‌ . فڵانه‌كه‌س كوڕى  سه‌رۆكى عه‌شیره‌ته‌كه‌یانه‌ . فڵانه‌ كه‌س ئه‌هلى جه‌ماعه‌ت و موسڵمانێكى له‌ خواترسه‌ . فڵانه‌ كه‌س ده‌نگێكى زۆر خۆشى هه‌یه‌ . فڵانه‌ كه‌س زۆر جوانه‌. 
فڵانه‌ كه‌س بانگ خوازی مزگه‌وته‌ .  فڵانه‌كه‌س فه‌قیره‌و باده‌وڵه‌مه‌ند ببێت  .  وه‌ك ئه‌وه‌ى هۆڵى په‌ڕله‌مان شوێنى گۆرانى وتن و نمایشى جل و به‌رگ و هه‌لبژاردنى شاچوان و نوێژى جه‌ماعه‌ت بێت .
كه‌واته‌ نابێ هاوڵاتیان  گله‌یی له‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن  . پێش هه‌موان ده‌بی َگله‌یی له‌ خۆیان بكه‌ن و باجى هه‌ڵه‌كانى خۆیان بده‌ن  .  به‌شێكى زۆرى هاولاِتیان تا  ئیستاش ده‌روێشى ئه‌وحیزبه‌ن كه‌ چه‌قۆكیش و به‌ڵته‌جى و كاراتى زان ده‌نێرێـه‌ په‌ڕله‌مان و  هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌رئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ى به‌رگرى له‌ مافى هاوڵاتیان ده‌كه‌ن . ئێستا كه‌مێك سه‌رت هه‌ڵبڕه‌و  چاوه‌كانت بكه‌ره‌وه‌و  ئه‌ندامانى  ئه‌م خوله‌ى په‌ڕله‌مان  بهێنه‌ به‌رچاوى خۆت  و باش بیر بكه‌ره‌وه‌  بزانه‌  كێت كردوه‌ به‌ نوێنه‌رى خۆت و چییان بۆ كردوى ؟. چه‌رچڵ ده‌ڵێت :
 ئه‌گه‌ر ویستت گه‌لێك وه‌كو خۆى بناسیت ، سه‌یرى ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى بكه‌ و بزانه‌ شایه‌نى گوڵ باران كردنن یان پێڵاو تێگرتن . كه‌واته‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان ڕوى ڕاسته‌قینه‌ى خۆمانن . واته‌ خۆمان  شایانى  ئه‌وه‌ین ئه‌ندام په‌رله‌مانى ئاوامان هه‌بن . كه‌واته‌ شایانى له‌ ئێستاش خراپترین  . 
كه‌واته‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ هاوڵاتیان چاویان بكه‌نه‌وه‌و چیتر كوڕى خۆیان نه‌كه‌ن به‌ قوربانى  كچى  خه‌ڵكى تر . ئێستا به‌ حساب هاوڵاتیان هۆشیان هاتۆته‌وه‌ به‌رخۆیان و بڕیاریان داوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتودا  تۆَله‌ى خۆیان له‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان و كاندیده‌كانیان بكه‌نه‌وه‌و  به‌شدارى هه‌ڵبژاردن نه‌كه‌ن . كورد په‌ندێكى هه‌یه‌ ده‌ڵێت ( عوزر له‌ قه‌باحه‌ت خرابتره‌ ) .  
به‌ هه‌موو تێگه‌یشتنى خۆیان وا ده‌زانن به‌ نه‌چونیان بۆسه‌ر سندوقه‌كانى ده‌نگدان  تۆڵه‌ى خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌ . به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ش  به‌ده‌ستى خۆیان  جارێكى تریش ماڵى خۆیان وێران ده‌كه‌ن  و ده‌بنه‌ پشتیوانى ئه‌وانه‌ى پێشتر ده‌ستیان بڕیون . ده‌بێ هه‌موو كه‌سێك ئه‌و ڕاستییه‌ باش بزانێت هه‌ر كه‌سێك نه‌چێت بۆ ده‌نگدان  ماناى وایه‌ دوو ده‌نگى به‌ لایه‌نى ده‌سه‌ڵات داوه‌ .
 چونكه‌ كه‌ تۆ ده‌نگ ناده‌ى ده‌نگێكى لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن كه‌م ده‌كه‌یته‌وه‌و ده‌نگێكى ده‌سه‌ڵات زیاد ده‌كه‌ى  . كارتى ده‌نگدانه‌كه‌ى تۆش كه‌ به‌  به‌تاڵى ماوه‌ته‌وه‌ بۆخۆیانى پڕده‌كه‌نه‌وه‌ .  ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى بڵێم  له‌ پیناوى  ئه‌وه‌ى  سنورێك بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دانرێت چیتر نه‌توانن به‌ ئاره‌زوى خۆیان حوكمڕانى بكه‌ن   وه‌رن با هه‌موو ئێمه‌ى نارازى له‌ ژێر سێبه‌رى  سه‌قفێكدا كۆببینه‌وه‌.
 خۆمان ڕێك بخه‌ین و  له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك كه‌وین كه‌سانى دڵسۆز و شاره‌زاو موتمانه‌ پێكراو و خاوه‌ن كه‌سایه‌تى  بكه‌ینه‌ نوێنه‌رى خۆمان . كاتى ئه‌وه‌یه‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش شێوازى كار كردنى خۆیان بگۆڕن.
باشتر وایه‌ ئه‌وانیش به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ن  و له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رى ناڕازى  به‌رنامه‌یك دانین .
 دواى 29 ساڵى حوكمڕانى ده‌ركه‌وت  حیزبى بچوك  یان ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ش بێت و چه‌كدارى نه‌بێت ، بۆنمونه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ره‌تاوه‌ ، هیچ گۆڕانكارییه‌كى پێناكرێت جگه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانى هه‌ندێك ده‌سكه‌وتى شه‌خسى و حیزبى نه‌بێت .  
 ئه‌گه‌ر تا ئێستا له‌به‌ر نه‌زانینى خۆت  سندوقه‌كانى ده‌نگدانت  بۆ بێمافى خۆت به‌كار هێنابێ ، پیاوى چاكبه‌ وه‌ره‌ ئه‌مجاره‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى خۆتى به‌كارى بهێنه‌.  ئه‌گه‌ر هه‌موومان یه‌ك بگرین و پشتیوانى یه‌كترى بین و بڕوامان به‌ خۆمان هه‌بێت و خاوه‌ن ئومێدو ئیراده‌بین ، سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنین . له‌ برى ئه‌وه‌ى بایكۆتى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین و مه‌یدانه‌كه‌ بۆ مافیاكان جێبێڵین ، وه‌رن با به‌ ئیراده‌یه‌كى به‌ هێزه‌وه‌  بچینه‌ مه‌یدان و  سندۆقه‌كانى ده‌نگدان بكه‌ینه‌ سه‌نگى مه‌حه‌ك .
 ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌رى غه‌در لێكراو و سته‌مدیده‌ خاوه‌نى ئیراده‌ى ڕاسته‌ قینه‌ بێت ، هیچ هێزێك نییه‌ خۆى له‌به‌رده‌مدا ڕاگرێت . ئه‌مه‌ى ئێستا  كۆتایی ژیان نییه‌و ڕه‌وڕه‌وه‌ى ژیان هه‌ر  به‌رده‌وامه‌ به‌ خۆشی بێت یان ناخۆشى له‌سه‌ر ئێمه‌ ناوه‌ستێت و كه‌س به‌زه‌یی به‌ ئێمه‌دا نایه‌ته‌وه‌و ده‌بێ خۆمان فریاى خۆمان بكه‌وین . زۆر كاتمان له‌به‌ر ده‌مدا ماوه‌ و هیوادارم  سود له‌ كات وه‌رگرین و به‌ ئومێده‌وه‌ بژێن ، نه‌ك به‌ نائومێدى .