زانست دەڵێت: دەشێ گەردوون خۆبەخۆ لە هیچەوە پەیدا ببێت!

Monday, 02.01.2021, 0:21

3559 بینراوە


لۆڕنس كڕاوس: «ئەگەر پرسیار لە تایبەتمەندییەکانی گەردوونێک بکەین کە لە هیچەوە هاتبێ، ئەوا بەپێی یاساکانی فیزیا، بەتەواوی هاوتای گەردوونەکەی ئێمەیە»



بەشی یەکەم: گەردوون و پێکهاتەی بۆشایی و لەرینەوەی کوانتەمی

ئێمە چۆن هاتووینەتە بوون؟ یان ئەم گەردوونە بەو هەموو هەسارە و گەلەستێرانەی چۆن پەیدا بووە؟ یاخۆ وەک ئاینداران دەبێژن، کێ گەردوونی دروست کردووە؟ ئەم پرسیارانە بەدرێژایی مێژوو مرۆڤی سەرقاڵ کردووە و هەمیشە وێڵی بەدەستهێنانی ڕاڤەیەکی گونجاوە بۆیان. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەش ژمارەیەکی یەکجار زۆر بۆچوون و بیروباوەڕی جیاجیا هەن، لە شارستانیەتە کۆنەکاندا چەندان چیرۆکی ئەفسانەییان بۆی داڕشتووە، ئایندارانیش ئەوەی لە ئاینەکەیاندا هاتووە دەربارەی ئەم پرسە، بەبێ هیچ گومانێک پەسندیان کردووە و بووەتە جێی باوەڕپێکردن. لەبەرانبەر ئەمانەدا لە فیزیازانی و بواری گەردوونناسی لەمێژە هەوڵ دەدرێ بەتێڕوانینێکی نوێ، بگەن بە ڕاڤەیەکی زانستی بۆ چییەتی گەردوون و چۆنەتی دەستپێکردنی.
هەندێ لە زانا و شارەزایان دەپرسن، ئایە ناشێ گەردوون بەبێ هۆ لە نەبوونەوە پەیدا ببێت؟ بۆ دەبێ بڵێین گەردوون پێویستی بە بوونی داهێنەڕێک، یان خوایەک هەیە؟ لە کاتێکدا زانست گەیشتووە بە ڕاڤەی چەندان دیاردە لەم سروشتەدا، لە هیچ کامەشیان پەنای نەبردۆتە گریمانەی داهێنان و دروستکردنیان لەلایەن خواوە. لەم دواییانەدا گەلەک بەڵگە کەوتوونەتە دەست بۆ سەلماندنی لە هیچەوە هاتنەکایەی گەردوون. ئەمەشە وای لە چەند زانایەکی فیزیازانی هاوچەرخ کردووە بێنە مەیدان و زۆر بەڕاشکاوانە دەربارەی سەرهەڵدانی خۆکار و لە نەبوونایەتی گەردوون بدوێن.
بۆ تێگەیشتنێکی چاکتر لەم بابەتە و بەڵگەیەکی ماتماتیکی گرینگ لەسەر هاتنی خۆبەخۆ و لە هیچەوەی گەردوون، بە پێویستی دەزانین بۆ ئاسانکاری چەند چەمک و بنامەیەک کە پێوەندییان پێیەوە هەیە ڕوونیان بکەینەوە.

گەردوون و پێکهاتەکانی

لە بواری گەردوونناسی (Cosmology)، تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش زاناکان پێیان وا بوو، ئەم گەردوونە جێگیرە و هەر بەو شێوەیە هەبووە و هەتاهەتایە گۆڕانی بەسەردا نایەت. بەڵام دواجار بە پێشکەوتنی پتری زانست و تەکنەلۆژیا، بیردۆزی تەقینەوەی مەزن (Big Bang)، هاتە ئاراوە وەک ڕاڤەیەک بۆ بوونی گەردوون و بووە جێی متمانەی زۆربەی هەرە زۆری زاناکانی جیهان. ئەم بیردۆزە ئەمڕۆکە بە جۆرێکی وا چەسپاوە بەڵاوەنانی ئەستەم بێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە پاڵپشتی لێوە دەکەن، هەروەها توانی کۆمەڵێک پێشبینی بخاتە بەردەست کە گەلێکیان بە ئەزموونی زانستی سەلمێندران.
تەقینەوەی مەزن پێمان دەڵێت، گەردوون پێش 13.8 ملیار ساڵ لە تاکە خاڵێکی ناوازەی (Singularity) لەڕادەبەر گەرم و چڕ و بچووک (بەشێک بووە لە ملیار ترلیۆن ترلیۆن سانتیمەتر) دەستی پێکردووە. بەگوێرەی تۆژینەوەی قووڵی زاناکان دەربارەی فرەوانبوونی گەردوون و جووڵەی تەنۆلکەکان، توانرا نەخشەی کاتەکی دابنێن بۆ گشت ڕووداوە گرینگەکانی دوای تەقینەوەکە. سەرەتا گەردوون لەبەر چڕی و گەرمییە بێسنوورەکەی، هەر چوار هێزە سەرەکییە سروشتییەکان لە یەک هێزدا کۆ ببوونەوە. بە یەکەمین فرەوانبوون و نزمبوونەی پلەی گەرمی، هێزی بەکێشکردن توانی لەهێزەکانی دی جیا ببێتەوە، پاشان بە چەند کشان و ساردبوونەوەیەکی دیکەی بەدوای یەک، هێزەکان لەیەک دابڕان و هێزی ناوکەیی بەهێز، پاش ئەمەشیان هێزی ناوکەیی لاواز و کارۆموگناتیسی بەدەر کەوتن. دوای ئەوە کاتی هەڵاوسان هات و گەردوون بەخێراییەکی یەکجار گەورە فرەوانتر و ساردتر بووەوە، بە چەندان گۆڕانکاری فیزیکیی و کیمیایی، تەنۆلکە سەرەتاییە هەرە وردەکان سەریان هەڵدا. پاشان بە نزمبوونەوەی گەرمی و وزەی تەنۆلکەکانی پێکهێنەی گەردیلە لە شێوەی پڕۆتۆن و نیۆترۆنەکان هاتنە کایەوە. پاش چەند سەد هەزار ساڵێکیش بە پێکبەندی ئەلیکترۆنەکان لەگەڵ پڕۆتۆن و نیۆترۆنەکان گەردیلە هاتە بەرهەم. دەرەنجام بە تێپەڕبوونی ملیۆنان و ملیاران ساڵ، بە لەناوچوونی ئەستێرە گەلەک زل و مەزنەکان، هەسارە و ئەستێرەکان و تەنەکانی دی گەردوون دروست بوون.
تەقینەوەی مەزن لەبەر بوونی کۆمەڵێک ئەزموون و بەڵگە، بەتەواوی لە زانستی هاوچەرخدا جێی خۆی کردۆتەوە. ئەمانە چەند بەڵگەیەکن لە ژمارەیەکی زۆری دی، بۆ پشتەوانی زاناکان لەم بیردۆزە پڕبایەخە. دۆزینەوەی جێماو و پاشخانی مایکرۆوێیڤی تروسکەی تەقینەوەکە، فرەوانبوونی بەردەوامی گەردوون و دوورکەوتنەوەی گەلەستێرەکان لەیەکدی، دەستنیشان کردنی درێژیی شەبەنگی ڕووناکییان بەرەو ڕەنگی سوور، بوونی بڕێکی گەلەک زۆر لە پاشماوەی گازی توخمە سووکەکانی هایدرۆجن و هیلیۆم و هاوتاکانی کە بەهاوسەنگی بە هەموو لایەکانی گەردووندا بڵاوبوونەتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆکە گرینگە بۆ زانینی چییەتی سەرهەڵدانی گەردوون، دروستبوونی هەسارە و ئەستێرەکان نییە، بگرە شارەزابوونە لە شتگەلە ورد و سەرەتاییەکانی کە نابیندرێن. مەزنترین داهێنانی زانست لەم چەند ساڵەی دوایدا ئەوە بوو، زاناکان بە دەرەنجامی تۆژینەوە و هەوڵە بەردەوامەکان بتوانن، سەرلەبەری پێکهاتە بنەڕەتییەکانی ئەم گەردوونە پێوانە بکەن و ڕێژەکانیان دیار بکەن کە بەم شێوەیەیە: گشت شتەکانی ئەم گەردوونە بە هەسارە و گەلەستێرەکانییەوە، ڕێژەکەی تەنیا نێزیکەی 5٪ ماددەی ئاساییە پێی دەگوترێ، ماددەی باریۆنی (Baryonic Matter). ماددەی تاریکیش (Dark Matter)، ڕێژەکەی خۆی لە 25٪ دەدات کە دەکارین کاریگەری و کارلێکی لەگەڵ هێزی بەکێشکردن لەسەر گەلەستێرەکان ببینین. ئەوەی دیکەشی ناو دەنرێ بە وزەی تاریک (Dark Energy)، ڕێژەکەی 70٪یە و هۆکاری پاڵنانی گەردوونە بەرەو فرەوانبوونی پتر و خێراتر.
ئەوەی پێوەندی بەم بابەتەوە هەیە، ئەمەی دواییە کە بەشە هەرەگەورەکەی گەردوونە لە وزەی شاراوە و تاریک، بە بۆشایی کوانتەمی دەناسرێ و تەنیا لەبەر ڕۆشنایی میکانیکی کوانتەم (Quantum mechanics)، دەتوانین تێی بگەین.

وزەی بۆشایی و لەرینەوەی کوانتەمی

لە فیزیای کوانتەمدا بۆشایی، یاخۆ بۆشایی کوانتەمی (quantum vacuum)، تایبەتمەندییەکی نائاسایی و ناوازەیە و گەلەک جیاوازە لەو پێناسە ناسراوەی کە ئێمە بە چەمکی بۆشایی دەبەخشین. وشەی بۆشایی لەلای زۆربەماندا بە واتای بۆشایی ئاسمان (space) دێت، بۆ ئەو شوێنە بەتاڵەی لە نێوان ئەستیرە و هەسارەکاندا هەیە، لە فیزیای کلاسیکیشدا شوێنێکە کە هیچ شتێک و کارلێکێکی تێدا نەبێت.
پێویستە هەر لەسەرەتاوە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە، ئێمە لەم بابەتە و گشت بوارە زانستییەکاندا هەرگیز باس لە نەبوونایەتی، یاخۆ هیچی ڕەها، بە واتای نەبووکردنی تەواوی بوون ناکەین، چونکە نەبوونایەتی ڕەها چەمکێکی هەڵبەستراوە لە لایەن فەلسەفە و ئاینەوە، بە هیچ شێوەیەک لە زانستدا جێی نابێتەوە.
لە میکانیکی کوانتەمدا، ئەگەر ڕووبەرێکی بچووک وەربگری و بەتاڵی بکەیتەوە لە هەموو تەنۆلکەیەک و تیشکێک، واتە ببێتە هیچ، ئەوا دەبینین ئەو بۆشاییە، وزە لەخۆ دەگرێ و پرە لە جووڵە و سەرهەڵدان و لەناوچوونی تەنۆلکەکان. باشە چۆن دەبێ هیچ، یان نەبوونایەتی خاوەنی وزە بێت؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ناچارین بگەڕێینەوە بۆ بنەمای ناجێگیری، یان نادڵنیایی هایزنبێرگ بۆ پێوەندی نێوان وزە و کات.
بەگوێرەی ئەم بنەمایە، بۆشایی کوانتەمی خاوەنی بڕێکی ناجێگیرە لە گۆڕانی وزە کە ناو دەنرێت بە لەرینەوە، یان هەژانی کوانتەمی (Quantum fluctuation). ئەمەش دۆخێکە تێیدا دەشێ بڕێکی زۆری وزە لە کاتێکی یەکجار کورت بێتە بەرهەم، تەنانەت لەو شوێنانەش کە بەتەواوی بەتاڵن و هیچیان لێ نییە. چونکە لە خاڵێکی دیارکراوی ئەو بۆشاییانە، وزە بەهاکەی دەبزوێت و بەردەوام لە گۆڕاندایە لەنێوان بڕە زۆر نزم و بەرزەکان، بەمەرجێ ئەو بزوتنە و سەرهەڵدانەی وزە گەلەک بەخێرایی نەمێنێ، تا هەمیشە پابەند بێت بە بنەمای پارێزرانی وزە. بەڵام هەندێ جار لە یەکێک لەو چرکەساتانە وزەیەکی مەزن دێتە کایەوە، دەبێتە هۆی بەبەرهەمهێنانی دوو تەنۆلکە (تەنۆلکە و دژەتەنۆلکە)، پێیان دەگوترێت، تەنۆلکە گریمانەکییەکان (virtual particles)، هۆکاری ئەو ناوەشیان لەبەرئەوەیە کە تەمەنیان لەڕادەبەر کورتە و هەست بە بوونیان ناکرێت.
ئەوەی دەبێ ڕوون بکرێتەوە، دژەتەنۆلکە لە هەموو شتێکدا هاوشێوەی تەنۆلکەیە، تەنیا لە بارگە کارەباییەکەی نەبێت (بارگەی ئەرێنی و نەرێنی)، هەر دەمێکیش بەیەک گەیشتن، ئەوا یەکدی لەناو دەبەن و دەگۆڕێن بۆ وزەیەک (بۆ نموونە فۆتۆنەکان). ئەگەری ئەوە هەیە بڕە وزەیەکی دیارکراو بەشێوەی تەنۆلکەیەکی گریمانەکی لەم نەبوونایەتییە دەرباز ببێ و بە بوونی هۆکارێک نەگاتە دژەکەی تا لەناو بچێت، بەمەش هەلێکی بۆ بڕەخسێت و ببێتە بوونێکی ڕاستەقینە. واتە لە فیزیای کوانەتەمی سەیر و سەمەرەدا، بۆشاییەکی بەتاڵ کە هیچی تێدا نییە، لە ڕاستیدا دەریایەکە پڕە لە چالاکی، ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لە پەیدابوونی گەردوون.
بۆ ئەو دیاردەیەی بازدانی وزە و سەرهەڵدانی تەنۆلکە دژەکان و یەکدی لەناوبردنیان، دەشێ یەکێک بپرسێ: بۆچی هەر دەبێ لەو هەلومەرجەدا شتێک لە هیچەوە بێتەکایەوە؟ ئایە ناکرێ بازدانێک لە وزە پەیدا ببێت و دەستبەجی تەنۆلکەکان ون ببن و وزەکە هەڵبگەڕێتەوە، بەمەش هیچ نەێتە بەرهەم؟ بەم شێوەیەش بەبەردەوامیی و هەتاهەتایە ئەمە ببێ و هیچ لە نەبوونایەتییەوە سەرهەڵ نەدات. لێرەدا چەمکی تێکشکانی هاویەکی کات (Time reversal symmetry)، دەتوانێت وەڵامی ئەمە بداتەوە کە دەڵێت، ئەگەری ڕوودانی کردارێک بە ئاراستەیەکی دیارکراو، گشت کاتێک یەکسان نییە بە ئاراستە پێچەوانەکەی. بۆیە بازدانێکی وزە ناکارێت، هەموو دەمێک بگەڕێتەوە هەمان ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە و ببێتەوە هیچ. دەرەنجام ئەو وزەیە بەبێ بەربەست دەگاتە ئاستێکی ناجێگیر، بەمەش گەردوون لە هیچەوە دەست پێ دەکات و تەقینەوەی مەزن دێتە ئاراوە.

کۆی وزەی گشتی گەردوون

ئەوەی لەم بابەتەدا بەرەو دەرەنجامێکی لەئاسابەدەر گرینگمان دەبات، وزەی تێکڕای گەردوونە.
وەک گوتمان، گەردوون سێ پێکهاتە لەخۆ دەگرێت ئەوانیش، ماددە (ئەو شتەی بارستایی هەیە)، وزە (لەرە و شەپۆل)، بۆشایی (ڕێژەکەی زۆرە). وای دادەنێین کە ماددە و وزە یەک شتن، لەبەرئەوەی بەگوێرەی یاساکەی ئەینشتاین دەکرێ بۆ یەکدی بگۆڕدرین. ئەم دوو پێکهاتەیە کە هەن، واتە وزە و بۆشایی لە تەقینەوەی مەزنەوە هاتوون. مەتەڵەکە ئەوەیە، چۆن ئەو گەردوونە گەورەیە لە وزە و ڕووبەرێکی بەتاڵ کە لە هیچەوە هاتۆتە بوون، ماددە بەدەستەوە دەدن؟ نهێنییەکەی لە ناوازەترین ڕاستییە کە پێوەندی بە گەردوونەکەمانەوە هەیە، ئەویش کە یاساکانی فیزیا پێویست بە بوونی شتێک دەکەن ناو دەنرێت، بە وزەی نەرێنی (Negative energy).
زاناکان بە لێکۆڵینەوە و ئەزموونە یەک بەدوای یەکەکانیان بۆیان دەرکەوتووە، گەردوون ڕووێکی دیکەی نەبوونایەتییە، شێوەکەی تەختە (ڕووتەختێکی سێ دووری) و کۆی وزەی سەرلەبەری پێکهاتەکانیشی یەکسانە بە سفڕ (یان زۆر نێزیک لەسفر، سفڕی ڕەهاش هاوشێوەی نەبوونایەتی ڕەها بوونی نییە). یەکەمین پرسیار لێرەدا دێتە ئاراوە: چۆن وزەی گەردوون سفڕ دەبێ، لە کاتێکدا ئێمە دەبینین هەمیشە پڕە لە ماددە و جووڵە و تیشکی کارۆموگناتیسی، ئەی ئەم هەموو تەن و تیشکانە وزەیەکی ئەرێنیان نییە، لەبەرچی کۆی گشتی وزەی گەردوون سفڕە؟
هەرچەندە ئاشکرایە کە وزە لە ناو ناوکەی گشت گەردیلەیەکدا هەیە، دەشزانین ئەم گەردوونەمان نێزیکەی 10^80 گەردیلە لەخۆ دەگرێت، بەمە وای بۆ دەچین کۆی وزەی گشتی یەکجار گەورە و بێپایان بێت،کەچی دەبینین یەکسانە بەسفڕ. چونکە هەر یەک لە تیشک و ماددە و دژەماددەکان دەناسرێن بە وزەی ئەرێنی (Positive energy)، بەرانبەر بەمانە هێزی بەکێشکردنی نێوان تەنەکان هەیە و وزەکەی نەرێنییە (دەبێ وزەیەک لە دەرەوە بهێنین بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو تەنەی بەهۆی هێزی بەکێشکردن بەرەو یەکدی ڕادەکێشرێن)، بڕەکەشی ڕێک هاویەکە لەگەڵ وزە ئەرێنییەکان. بەشێوەیەک لە هەر کات و خاڵێکی مێژووی پەرەسەندنی گەردوون بڕوانین، تێیدا کۆی گشتی وزەکان هەر سفڕە. ئەمەش ڕاستییەکە بەتەواوی سەرساممان دەکات، چونکە دەشێ وزەی گەردوون ژمارەیەکی بێکۆتا لە بەهای ئەرێنی، یان نەرێنی وەربگرێت، کەچی لەو ئەگەرانە تەنیا سفڕی هەڵبژارد.
یەکسانبوونی کۆی گشتی وزەی گەردوون بە سفڕ، شتێکی گەلەک جوان وناوازەیە، لەبەرئەوەی بەگوێرەی یاسا فیزیاییەکان، تەنیا گەردوونێکی لەم شێوەیە دەشێ لە هیچەوە سەرهەڵ بدات. واتە ئەگەر خاوەنی هیچ بیت و کۆی گشتیت یەکسان بێت بە سفڕ، ئەوا لەرینەوەی کوانتەمی دەکارێ گەردوونێکت بۆ بهێنێتە بەرهەم. کەواتە ئەگەر پێش هاتنی گەردوون هیچیش بووبێ، ئەو هیچە نێوەندە ژمێرەکییەکەی یەکسان دەبێ بە سفڕ، بەڵام هەمیشە لەو سفڕەدا لە هەژان و گۆڕاندایە. بۆیەش هاتنی گەردوون لە نەبوونایەتی کارێکی زۆر سەخت نییە، بەتایبەتیش لەبەر بوونی سروشتە شەپۆلەکییەکەی ماددە و بڕە فیزیکییە ناجێگیرەکان، چونکە لەم جۆرە گەردوونەدا هەموو شتەکان دەکەونە بەر کاریگەری بڕە ئەگەرییەکان.
با بە نموونەیەک ئەمە ڕوون بکەینەوە، ئەگەر بمانەوێت گردێک لەسەر ڕووی زەوی دروست بکەین، دەست دەکەین بە هەڵکەندن، لەبەرئەوەی دەبێ بەو خۆڵە ئەو گردەمان پێک بهێنین. بەڵام لەڕاستیدا ئێمە تەنیا گردێک دروست ناکەین، بگرە هاوکات چاڵێکیش بەدەست دەهێنین کە شێوەیەکی نەرێنییە لەو گردە! واتە ئەوەی لەناو چاڵەکەدا هەبوو، ئێستە بوو بە گرد، بۆیە بەتەواوی هاویەکن و ئەو ئەرێنییە و نەرێنییە پێکەوە یەکسان دەبن بە سفڕ، بە دەربڕینێکی دیکە ئەگەر کۆیان بکەینەوە ئەوا یەکدی ناهێڵن و هەردووکیان ون دەبن. ئەم بنەمایەشە پشتڕاستی ئەو دیاردەیە دەکاتەوە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گەردووندا ڕووی داوە، بۆ بەبەرهەم هێنانی وزەیەکی ئەرێنی، هێندەی ئەو بڕەش وزەی نەرێنی. کەواتە ئەو گەردوونە ماددەییەی دەیبینین، بەشە ئەرێنییەکەی شتەکانە (گردەکە)، بەرانبەر بەوەش بەشە نەرێنییەکەمان لەو پێکهاتەیەی سێیەمەیە کە بە بۆشایی ناومان برد (چاڵەکە).
پرسیارێکی دیکەی گەلەک گرینگ خۆی دێنێتە پێش: لەبەرچی، یان هۆکاری ئەو خۆبەخۆ سەرهەڵدانەی گەردوونە چییە؟ ئاشکرایە لە ژیانی ڕۆژانەماندا هیچ شتێک لەخۆوە و بەبێ هۆ ڕوو نادات، هەموو دیاردەیەک دەبێ هۆکارێکی هەبێ و بە کاتێکی دیارکراو پێشی بکەوێت. بەڵام ئەگەر بچینە ڕووبەر و ڕەهەندە هەرەوردەکانی جیهانی کوانتەمی، دەبینین بنەمای هۆیەتی بەرەبەرە بەهاکەی نامێنێ، ڕووداوەکان بکەر و هۆکاریان نییە و بەدوای یەکداهاتنی هۆ و دەرنجان نابیندرێت، جاری واش هەیە هۆکار پاش دەرەنجان دێتە ئاراوە. بەگوێرەی فیزیای کوانتەم، بە بوونی تایبەتمەندی شەپۆلەکی، پێشبینی نەکردنی شوێن و خێرایی تەنۆلکەکان، دیاردەی تونێڵی کوانتەمی (Quantum tunnelling‏)، پێچەوانەبوونەوەی کات و چەندان بابەتی دیکەی ناوازە، کۆمەڵێک ڕووداو هەن بەبێ هیچ هۆکارێک ڕوو دەدەن.
لەو ئاستە وردەدا تەنۆلکەیەکی وەک پرۆتۆن دەکرێ لە هیچەوە سەرهەڵ بدات، دەشزانین کە گەردوونەکەمان لە دەمی سەرهەڵدانیدا زۆر لە پرۆتۆنیش بچووکتر بووە، بۆیە ئەو بڕە دەیتوانی لە نەبوونەوە خۆی هەڵبداتە بوونێکی ڕاستەقینە، بەبێ دژ وەستان بە یاسای پارێزرانی وزە. دەکارین بڵێین، تەقینەوەی مەزنیش هیچ هۆیەکی نەبووە، لەبەرئەوەی ئەگەر سەرنج بدەینە بیردۆزەکانی ئەینشتاین، بۆمان بەدەر دەکەوێت کە کات لەگەڵ تەقینەوەکە هاتووە. کەواتە پێش تەقینەوەکە کات بوونی نەبووە، نەبوونی کاتیش وامان لێ دەکات، نەتوانین هەنگاو بنێین بۆ ساتی پێشووتر، تا لەوێدا بەدوای هۆکارێک بگەڕێین بۆ تەقینەوەکە.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، ئەو بابەتانەی کە لێیان دواین، هیچیان گوتەی بێبنچینە و ئەندێشەیی نین، زۆربەیان لە بنگە زانستییەکانی هاوشێوەی ڕێکخراوەی ئەوروپایی بۆ تۆژینەوە ناوەکییەکان (CERN)، بەکردارەکی تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت. بۆ سەرهەڵدانی تەنۆلکەکانیش لە بۆشایی و نەبوونەوە، ماوەیەک پێش ئێستە بە ئەزموونی یەکلاییکەرەوە سەلمێندراوە لەو دیاردەیەی پێی دەگوترێت، کاریگەری کازمیریی (Casimir effect)، کاتێک چەند زانایەک توانییان لە بۆشاییەوە تەنۆلکەی گریمانەکی (Virtual particles)، بهێننە کایەوە.
دواجار دەکرێ ببێژین، لەبەر بوونی ئەو بنەما و هۆکارانەی سەرەوە، هاتنی گەردوون خۆکار و لە هیچەوە، بیرۆکەیەکی پەسندکراوە لە زانستدا، بە بەدەستهێنانی بەڵگەی زیاتر، ئەوا پتر پشتەوانی لێ دەکرێ و دەبێتە جێی متمانەی زاناکان.