دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


بە کۆیلە کردنی مرۆڤ لە ئیسلامدا

Monday, 02.01.2021, 23:48

12245 بینراوە


ھەرچەندە زۆربەی مەلا و بانگخواز و بانگێشەرانی ئیسلامی لە سەردەمی ئەمرۆماندا نکۆڵی لە بوونی کۆیلایەتی لە ئیسلامدا دەکەن و تەنانەت ھەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسلام کۆیلایەتی نەھێشت و قەدەغەی کرد. بەلام دەقەکانی قورئان و شەریعەت و مێژووی ئیسلامی و فەرموودەکانی خودی موحەمەدی پەیامبەری ئیسلام ڕێک پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە پێش ھاتنی ئیسلامیش کۆیلایەتی ھەبووە بەلام بە ھاتنی ئیسلام نەک ھەر کۆیلایەتی قەدەغە نەکردووە بەڵکو برەوی زیاتری بە کۆیلایەتی داوە و لەناو شەریعەتی ئیسلامیدا جێگای کردۆتەوە و لە قورئاندا بە ئاشکرا دەلێت: مرۆڤی ئازاد بەرامبەر مرۆڤی ئازاد و کۆیلە بەرامبەر کۆیلە و ژن بەرامبەر ژن(بەقەڕە.١٧٨). واتا ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد مرۆڤێکی تری ئازاد بکوژێ ئەوا دەکوژرێتەوە بەلام ئەگەر مرۆڤێکی ئازاد کۆیلەیەک بکوژێ ئەوا ھیچی لەسەر نیە و بۆ ژنیش بە ھەمان شێوە. پەیامبەری ئیسلام دەلێت ھیچ کۆیلەیەکی ھەڵاتوو خوداپەرستیەکەی قبوڵ نیە تا ئەو کاتەی دەگەرێتەوە ژێر دەستی خاوەنەکەی. خودی پەیامبەری ئیسلام خاوەنی ھەزاران کۆیلە بووە کە لە شەرەکاندا وەکو دەستکەوتی جەنگ بەدەستی ھێنابوون و دوای دابەشکردنی بەسەر ھاوەڵەکانیدا ئەوەی دەمایەوە دەیفرۆشت و بە پارەکەی چەک و ئەسپی دەکڕی بۆ بەھێز کردنی سوپاکەی و بەدەستھێنانی کۆیلەی زیاتر. قورئان لە چەندین دەقدا ئاماژەی بە کۆیلە داوە و شەرعیەتی بە کۆیلە کردنی مرۆڤ داوە.ھەروەک دەلێت ئەو پیاوانە سەرکەوتوون کە پارێزگاری لەناو گەڵیان دەکەن تەنھا بۆ ژنەکانی خۆیان و ژنە کۆیلەکانیان نەبێت ئەوانە لۆمە ناکرێن(ئەلمەعاریج.٢٩) واتا ئەوانەی سێکس لەگەل ژنە کۆیلەکانیان دەکەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر ئەمانە لۆمە ناکرێن. 
لێرەدا ھیچ گومانێک نامێنێت کە شەریعەتی ئیسلامی کۆیلایەتی حەلال کردووە. لە ئیسلامدا عەورەتی ژنی کۆیلە لە ناوکیەوە تا سەر ئەژنۆیەتی واتا پێویست ناکات سنگی داپۆشێت تەنانەت عومەری کوڕی خەتاب نەیھێشتووە کە ژنە کۆیلەکانی سنگ و مەمکیان داپۆشن بۆ ئەوەی کە لە ژنە ئازادەکان جیا بکرێنەوە. وە لەسەردەمی عەباسی و عوسمانیەکان زۆر جار ژنە کۆیلەکان بە نیمچە ڕووتی یان بەتەواوی ڕووت لە بازارەکانی فرۆشتنی کۆیلە وەستێنراون و کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە. قێزەونترین جۆری بە کۆیلەکردنی مرۆڤ لە مێژوودا دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی عەباسی و عوسمانیەکان چونکە جگە لە کۆیلە کردنی مرۆڤەکە زۆرجار پیاوەکانیان دەخەساند و ھەندێک جار بەتەواوی ئەندامی نێرینەی کەسەکەیان دەبڕی بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ماڵەکاندا کاریان دەکرد چونکە خاوەنەکانیان دەترسان لەوەی دەست لەگەل خێزانەکانیان تێکەڵ بکەن بۆیە ئەم کۆیلانە دەخەسێنران.لە ھەموو سەردەمەکانی دەسەڵاتی ئیسلامیدا بە کۆیلە کردنی مرۆڤ بوونی ھەبووە بەلام لە سەردەمی عەباسیەکاندا ئەم کارە قێزەونە گەیشتووەتە لووتکە. ھەندێک لە خەلیفە عەباسیەکان ھەزاران ژنە کۆیلەیان ھەبووە و تەنانەت مناڵ و ھەرزەکاری کوڕیشیان دەکڕی و دەستدرێژی سێکسیان دەکردنە سەر. گەورە مێژوونووسی ئیسلامی ئەلتەبەڕی لە کتێبی (مێژووی نەتەوە و پاشاکان) دا دەڵێت: خەلیفەی عەباسی (مەئمون ٧٨٦-٨٣٣)ز منالانێکی دەکڕی کە خەسێنرابوون شەو و ڕۆژ خەریکی سێکس کردن بوو لەگەڵیان تەنانەت ئەوەندە مندالی کۆیلەی کڕی کە نرخی مندالانی کۆیلە لە بازارەکانی کۆیلەی شاری بەغدا بەرز بووەوە. یەکێک لە گەورەترین شۆڕشی کۆیلەکان لە سەردەمی عەباسیەکان سەریھەڵدا لە شاری بەسڕە لەنێوان سالانی ٨٦٩-٨٨٣ز. لە کۆتاییدا خەلیفەی عەباسیەکان توانی بەسەریاندا سەربکەوێت و زیاتر لە ملیۆنێک کۆیلە بوونە قوربانی. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە کۆیلە کردنی مرۆڤەکان گەیشتە قۆناغێکی ترسناک. ڕۆژھەڵاتناسی بەریتانی(ستانڵی لەین پوول ١٨٥٤-١٩٣١)ز لە کتێبی (چیرۆکی بەربەریەتی چەتە دەریاییەکان) دا دەڵێت: چەتە بەربەریەکانی دەریای سپی ناوەراست لەرێگای ھێرشکردنە سەر کەشتیەکان لە نێوان سالانی ١٥٣٠ بۆ ١٧٨٠ ز دا ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا ھەزار ئەوروپیان کرد بە کۆیلە و بردنیان بۆ بازارەکانی کۆیلەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. ئەمە تەنھا لەرێگەی دەریاوە جگە لەو ھێرشانەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەرێگەی زەمینیەوە دەیکردە سەر ولاتانی ئەوروپا و ملیۆنان مرۆڤی ئەوروپیان کرد بە کۆیلە. ھەروەھا مێژوونووسی ئەمریکی (رۆبێرت داڤیس) لە کتێبی ( کۆیلە مەسیحیەکانی موسولمانان) دا تەئکید لە قسەکانی ستانلی دەکاتەوە و دەلێت لەسەردەمی عوسمانیەکان دا تەنھا لەرێگای دەریاوە زیاتر لە یەک ملیۆن ئەوروپی کران بە کۆیلە و نێردران بۆ بازارەکانی کۆیلە لەژێر دەسەلاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. ھەروەھا دەلێت: لەگەل راگەیاندنی دەولەتی ئەمریکا لە سالی ١٧٧٦ز سێھەم سەرۆکی ئەمریکا (تۆماس جێفرسۆن ١٧٤٣-١٨٢٦)ز دەبینێت کە دەبێت پارەیەکی زۆر بدات بە چەتە دەریاییەکان لە پێناو پاراستنی کەشتیەکانیان یان پێدانی پارەیەکی زۆر لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو ئەمریکیانەی کە لەلایەن چەتە دەریاییە موسولمانەکانەوە بە کۆیلە کراون بۆیە لە سالی ١٧٨٧ز پەیمانی ئاشتی لەگەل مەغریب ئیمزا دەکات بەلام ئەمە سوودی نابێت چونکە چەتە دەریاییە موسولمانەکان بە یارمەتی دەولەتی عوسمانی لە تونس و جەزائیر و لیبیاوە بە ھاوکاری دەولەتی عوسمانی بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان. بۆیە جێفەرسۆن بیرۆکەی دروستکردنی ھێزی دەریایی ئەمریکای بۆ دێت و لەوکاتەوە ھێزی دەریایی ئەمریکی دروست دەکرێت. ھەروەھا عوسمانیەکان سەدان ھەزار ژن و مندالی ئەرمەنیان کرد بە کۆیلە دوای جینۆسایدی ئەرمەنەکان و کوشتنی پیاوەکانیان. ولاتانی ئیسلامی دوای ھەموو ولاتانی دونیا و دوو سەدە دوای رۆژئاواییەکان و لەژێر فشاری توندی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کۆیلایەتیان قەدەغەکرد. سعودیە و یەمەن لەسالی ١٩٦٢ و عومانیش لە ١٩٧٠ دا کۆیلایەتی قەدەغەکرد. لە ئاھەنگی دەستبەکاربوونی شاژنە ئەلیزابێث لە ١٩٥٣ دا شێخەکانی قەتەر خۆیان و چەندین کۆیلەی ژن و منداڵ و ھەرزەکار لە ئاھەنگەکەدا بەشداری دەکەن. لە کاتی شەری ناوخۆی سوداندا لە نێوان سالانی ١٩٨٣-٢٠٠٥ مەلاکان و لێژنەی فەتوای سودان فەتوای بەکۆیلە کردنی مەسیحی و غەیرە موسولمانەکان دەدەن و لەئاکامدا زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار مرۆڤی مەسیحی و غەیرە موسولمان دەکرێن بە کۆیلە. ئەبو حەنیفەی نوعمان خاوەنی مەزھەبی حەنەفی دەلێت: ھەر کەسێک ژنێک وەکو خزمەتکار ٢ ساڵ لە ماڵەکەیدا کار بکات دوای ئەوە دەتوانێت وەکو کۆیلە بەکاریبھێنێت و دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر. شێخ سالح فەوزان گەروە زانای سعودیە دەلێت: بە کۆیلەکردنی مرۆڤی بێباوەر شەریعەتی خودایە چونکە خودا مرۆڤی بۆ پەرستن دروست کردووە ئەگەر مرۆڤێک بێباوەر بوو ئەوا دەبێت بکرێت بە کۆیلە و ھیچ کەسیش ناتوانێت ئەم یاسایە بگۆڕێت مەگەر خاوەنی کۆیلەکە خۆی ئازادی بکات
وێنەی یەکەم.فرۆشتنی کۆیلە لەسەر عەرەبانە لە ئیستانبول لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی
وێنەی دووەم. کۆیلەیەکی خەسێنراو کە ئەندامی نێرینەی بەتەواوی بڕاوە