دەزگای پاراستن بە نیازی تیرۆرکردن و کوشتنی کۆمەڵێک لە نەیارانی پارتییە


با زمانی شیرینی دایکمان بپارێزین، با بە کوردی پەتی بدوێین و بنوسین!

Thursday, 02.04.2021, 21:32

975 بینراوە


هەر لە مناڵیەکی زومەوە هەستم بە ئازاری زمانی کوردی و سوککردنی کرد. کاتێک لە ناوەندی و ئامادەیی گوێم لە هاوڕێکان ئەبو وانەی کوردییان بە کەم ئەزانی زۆر خەفەتم ئەخوارد، بێ گومان ئەمە گوناهی ئەوان نەبو چونکە دوژمن هەرزو مێشکی تاکی کوردی لە ڕێگای سوکایەتی بە فەرهەنگمان تێکدا بو. بەهۆی ئارەزوم لە خوێندن ئاستێکی بەرزم لە وانەکان هەبو بۆیە شانبەشانی وانەکانی تریش بایەخێکی ئێجگار زۆرترم بە زمانی کوردی ئەدا تەنانەت کوردی پۆلەکانی پێش خۆشم هەرزو تەواو ئەکرد بۆ نمونە لە چواری ئامادەیی بوم من ئاستی پێنچ و شەش تەواوکرد بو، بۆیە خوشکەکانم کە پێش خۆم بون زۆربەی کات ڕێزمانی کوردی و وشەکاریم بۆ ڕون ئەکردنەوە. لێرەوە کۆششم بۆ پاککردنەوەی زمانی کوردی سەرەتای گرت. ئەگەرچی ڕێگاکە ئاسان نەبو چونکە کاتێک کە گفتوگۆی زمانی کوردی دائەمەزرا یان وشەی کوردیم ڕاست ئەکردەوە، بەرامبەرەکەم پەست بون و گرژییەک ڕوی تێئەکرد. کەم یان زۆر کارێکم لەسەر چوارچێوە هەبو کە بتوانن زمانی شیرینی دایکمان بە پاکی بەکاربهێنن، هەربۆیەش هەردو کۆرپەکەم کە لە ناوەڕاستی سکەندڤیا لەدایکبون هەرزو لە مناڵیەوە مێژو و فەرهەنگی کوردیم بە پوختی خستە مێشکیانەوە و پاکترین زمانی کوردیشم فێرکردن. ئەمڕۆ ڕەخنە لە زمانی کوردی تێکشکاوی بەرامبەرەکانیان ئەگرن و بەهیچ شێوەیەک لە وشە بێگانەکانی ناو زمانی کوردی تێناگەن، شانازییە. ئێوەش ئەتوانن ئەوە بکەن.
زمانی کوردی زمانی دایکمان، هەوێنی فەرهەنگمانە!
فەرهەنگ سەلماندنی بونی نەتەوەی ڕەسەنە و گرنگترین چەکی بەرگری و مانەوەیە. زمان پایەی فەرهەنگە. گەر دور لە سۆز بە توێژینەوە زانستیەکاندا بچینەوە بە بەڵگەوە کورد لەسەر خاکی خۆی خاوەن فەرهەنگێکی ئێجگار زەنگینە کە زمانی کوردی هەوێنی ئەم فەرهەنگەیە. بەداخەوە ئەگەرچی زانایان لە چەواشەکردنی مێژو ئاگادارن کەچی دەسەڵاتێکی گەورە کە لە مێژەوە بوە بە مۆتەکە بەسەر مرۆڤایەتیەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ناهێڵن ڕاستی مێژوی مرۆڤایەتی ئاشکراکرێت. بەم هۆیە مێژو، خاک و فەرهەنگی کورد باش ڵێڵکراوە.
زمانێک کە بەپێی توێژینەوەی کۆن و نوێ بە سەلماندنی زانستیەوە لە ناوچەی ڕوهای ( شاری ئورفای باکوری نیشتمان) دڵی خاکی کوردستانا بە هەزاران ساڵ لەمەوپێش کە ئەبێتە ڕەگی درەختی زمانی بەشێکی گەورەی جیهان و ناوی زمانی ئاری لەخۆی ئەگرێت، لەدایک ئەبێت. ئینگلیز بۆ بەرژەوەندی داگیرکاری خۆی ئەم زمانە زۆر بە چەواشەیی دوسەت ساڵێک لەمەوپێش بە درەختی زمانی هندوئەورپی ناوئەبات کە تا ئێستاش ئەم چەواشە مێژوییە ڕاست نەکراوەتەوە. لەم درەختەدا زمانی ئێرانی کراوە بە لکێکی و زمانی کوردیش خراوەتە ژێری. لە ڕاستیدا توێژینەوە زانستیەکان سەلماندویانە کە زمانی کوردی ڕەگوڕیشەی زمانی ئارییە. کەواتە زمانی کوردی زمانی دایکمان مایەی شانازییە، پاراستن و گەشەپێکردنی ئەرکێکی مرۆڤایەتی و نەتەوەییە. لەم زمانەی پیرۆزەی دایکەوە چەندان شێوازە زمانی ناوچەیی لێ کەوتۆتەوە کە بەگشتی لە سێ شێوە زمانی سەرەکی زمانی سەرو (کورمانجی)، ناوەند (بە هەڵە بوە بە سۆرانی) و خوارو (ئیلامی) پێکهاتوە. شا‌هانشین و شانشینەکانی کورد بەدرێژایی هەزاران ساڵەی مێژو پارێزگاری زمانی دایکیان کردوە تەنانەت لەکاتی ماد و ساساندا بەڵگە هەیە کە یەک زمانی یەکگرتو بەکارهاتوە.
هەمو زنجیرە پەلامارەکانی هەزاران ساڵەی ڕەگەز سامی باکوری ئەفریکا بە ئاسور، ئەکەدکلدانی بابلی و کەنئانی میسری دواتریش گریک و ڕۆمی ئەوروپی ئەگەرچی خاکێکی زۆری کورد داگیرکرا و ناوی بێگانەی لێنرا کەچی هەمویان لە دوا جاردا تێکشکێنران و کرانە دەرەوە چونکە باپیران فەرهەنگیان پاراست. دوای داگیرکردنی ساسان لە لایەن ئەرەبی ئیسلامەوە بەپەنگی ڕابینەکانی جولەکە و هاوکاری ڕۆمی کاتۆلیک، کورد بە درێژایی ئەم ١٥ سەدەیەی دوایی زیانێکی گەورەی لێکەوت ئەویش بەهۆی سەپاندنی فەرهەنگی بێگانەی داگیرکەر بەسەریا کە گرنگتریان زمان بو. بێ گومان فەرهەنگ بوارێکی ئێجگار ئەگرێتەوە لێ لێرەدا بابەتەکە زمانە.
سەدە دوای سەدە کورد فەرهەنگەکەی چەواشەئەکرا و زمانی کوردی دایک ئەشێوێنرا. دوای بەشکردن، کوردستان کەوتە ژێر کاریگەری سێ زمانی داگیرکەری ئەرەب، تورک و فارسەوە. بۆیە ئەمڕۆ زمانی کوردی بەپێی بەشە بندەستەکە بە یەکێک لە زمانەکانی ئەو سێ داگیرکەرە تێکەڵە. بێ گومان لاری لەوەدا نیە کە بەم هۆیەوە زمانی کوردی دایک پاکی و پاراوی خۆی ونکردوە لێ لە هەمان کاتدا تاکی کورد خۆشی سست و ناهوشیار بوە و خۆی ڕادەستی فەرهەنگی داگیرکەران کردوە تا کار گەیشتە ئەوەی تاکی کورد زۆرتر ئارەزوی لەو سێ زمانە داگیرکەرە بێت، هەر ئەمەش بوە مایەی تاکی کورد شەیدای هونەر و موزیکی ئەو سێ داگیرکەرە بن و تەنانەت بە زمانی ئەوانیش گۆرانی بڵێن لەژێر پاکانەی هونەر سنوری نیە و هەر زمانێکیش بێت گرنگ نیە، گرنگ تێگەیشتنە. بێ گومان ئەم پاکانەیە و خنکاندنی فەرهەنگ هەر لەناو نەتەوەی کوردی داماوی بێ ئاگایە باوە. واتە تاکی کورد هیچ کات هەستی بەوە نەکردوە کە زمانی دایکی لە ترسدایە بۆیە هیچ کۆششێکی نەکردوە زمانی خۆی پاراو کات، بەپێچەوانەوە کاتێکیش هوشیار کراونەتەوە بێخەم و کەمتەرخەم بون لە پاککردنەوەی زمانیان وە بۆ ڕاکردنیش لەو ئەرکە لە وەڵامدا ئەڵی ئیتر وا ڕاهاتوین و وا خۆشە، ناتوانین بە کوردی پەتی واتە بە زمانی دایک بدوێین واتە دایکێکی بێگانەی داگیرکەری خوێنمژی نەتەوەکەی بەباشتر زانیوە لە دایکە ڕەسەنەکەی خۆی. یان زۆرجار ئەم هوشیارکردنەوەیەی بە توندڕەوی و ڕەگەزپەرستی ناساندوە. دوژمن وا مێشکی تاکی کورد و کۆمەڵگاکەی خەساندوە پێی شەرم بێت بەکوردی پەتی بدوێت کەچی بە گەورەیی و پێشکەوتنی ئەزانێت گەر زمانە کوردییەکەی تێکەڵ بە زمانی داگیرکەر بێت بۆ نمونە پێی شەرمە بڵی "لەگەڵ هەندێک هاوڕێ کاتژمێرێک وەرزش ئەکەین" بە جوانتری ئەزانێت بڵێ "لەگەڵ بعضێ ڕفیق سعاتێ ڕیاضە ئەکەین" سەرنج بەن لەم ڕستە شەش وشەییەدا چواری ئەرەبیە. هەروەها دایک و باوکان ئەو ئەرکەیان نەگرتۆتە ئەستۆ کە زمانی کوردی ڕاست فێری مناڵەکانیان بکەن تاوەکو نەوەکان زمانی کوردی بە پاراوی زیندوکەنەوە و ئەو فەرهەنگە زەنگینە کە سەلماندنی ڕەسەنێیەتی لە کیس نەچێت دیسانەوە بە پێچەوانەوە زۆرینەی نەوەکانی کورد بە هەمان ڕێچکەی چەوتا کوردی ئەدوێن بە مەرجێک زۆرێک لەو مناڵانە زمانی ئەو سێ داگیرەکەرە نازانن کەچی کاتێک گوایە بە کوردی ئەدوێن پڕە لە وشەی ئەرەبی یان زمانی ئەو بەشەی دایک و باوکی لێوەی هاتون. بەڕاستی لێرەدا مناڵ بێ گوناهه لەو زمانەی فێری ئەبێت، تاوانبار دایک و باوکە چونکە ئەرکی سەرشانی دایک و باوکە فەرهەنگی باپیران فێری نەوەکان بکەن.
گەر گوێ لە کوردی باشوری کوردستان بگریت سەرەڕای بارودۆخی باشتریان لەچاو پارچەکانی تری کوردستان کەچی زمانی "کوردئەرەبی" ئەدوێن لە ڕستەیەکی چوار وشەییدا دوانی ئەرەبیە ئەمە جگە لەوەی زمانی ئاین لەژێر پەردەی بەناو پیرۆزیدا بەتەواوەتی زمانی کوردییانی وێرانکردوە. پێی ئەڵێی چۆنی ئەڵێ "آلحمدللە"، با یەکتر ببینین ئەڵێ آنشاآللە، دەباشە کاتێکی خۆش وەڵامەکەی "خواحافض"ە. لەمانیش تاوانبارتر دایک و باوکانی ئەو مناڵانەن کە لە ئەوروپا و بەشەکانی تری جیهان لە دەرەوە کوردستان ئەژین. ئەم مناڵانەی لە دەرەوەی کوردستان لەدایک یان گەورە ئەبن فڕییان بەسەر زمانی ئەرەبی تورکی فارسیەوە نیە کەچی کاتێک گوێیان لێ ئەگری کوردییەکی وێرانتر لە دایک و باوکیان ئەدوێن و زۆربەی وشەکانیان تێکەڵە بە زمانی ئەو بێگانەیە کە خاکی دایک و باوکی داگیرکردون.
بەداخەوە باشور نیو سەدە سوپاس بۆ زانایان و پسپۆڕان گەشەیەکی ئێجگار گەورەیان بەتایبەت لە بواری نوسین و ڕاگەیاندن دا کەچی ئەو ڕەنجە لەم سی ساڵە دواییدا بەباکرا. بەش بە خۆم شەرم ئەکەم کاتێک بە ڕێکەوت گوێم لە زمانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنوسەکان ئەبێت. ئەڵێم بە ڕێکەوت چونکە بەهۆی سوکایەتی پێکردن بە فەرهەنگی کوردیمانەوە، تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندنەکانی باشورم فەرامۆشکردوە. ڕاگەیاندنی کوردی لە دەرەوەی کوردستان کە تا ڕادەیەک باشترن لە ناوەوەی کوردستان کەچی زمانەکەیان تەواو پاراو نیە ئەمە سەرەڕای کە کەسانی بەتوانا بەڕێوەی ئەبەن.
لە هەموان تاوانبارتر نوسەرانن چونکە زۆرینەیان بە زمانی کوردی پاراو نانوسن و لەجیاتی وشە کوردیە نایابەکان وشەی زمانی بێگانە بەتایبەتی ئەرەبی بەکارئەهێنن کە ئەمە چەند ناوەڕۆکی نوسینەکان جوان بێت لێ زۆر بەپێز نابێت. نوسەران ئەبوایە پێش هەمو ئەو ئەرکە نەتەوەییە بگرتایە ئەستۆ و بەزمانێکی پاک و پاراو بەرهەمەکانیان بنوسیایە بۆ ئەوەی وەکو مامۆستایەک، تاک و کۆمەڵگای کوردییان بە زمانی پەتی کوردی ئاشنا بکردایەوە، ئنجا ڕاگەیاندن و هونەرمەندانیش ڕێچکەی ئەوانیان بگرتایە. بڕوانن هونەرمەندان بەرهەمەکانیان بە کوردی تێکشکاو پێشکەش ئەکەن.
بێ گومان ئەمە جێگەی داخە نەوەکان ئەو زمانە ڕەسەنە کە ئەتوانن شانازی پێوە بکەن ئاوا ون و تێکشکاو بکرێت. ئەگەر هەریەکە لە جێگەی خۆیەوە کۆشش بکات بۆ ڕزگاردنی زمانە ڕەسەنەکەمان کە کارێکی زۆر ئاسان ئەوە لە داهاتوێکی نزیکدا نەوەکان زمانێکی پاک و پاراوی کوردی زمانی دایک بەرهەم ئەهێنرێتەوە ئەو کاتەش داگیرکەران ناتوانن بە کەم و سوکی سەیری زمانی کوردی بکەن کە دوژمن بوە بە پیشەیان گاڵتە بە ڕەگەز، مێژو و فەرهەنگی کوردی ئەکەن. بۆیە تاکی کورد ئەگەر لە خەمی ئازادی خۆی و ڕزگاربونی نیشتمانە، پێویستە هوشیاربێتەوە. ئەوەندەش ئاگاداربین کە کورد خاک و سەربەستی دۆڕاندوە لێ بە پاراستنی فەرهەنگ، خاک و سەربەستی ئەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ دوژمن دوا هەنگاوی جەنگمان لەگەڵ ئەکات جەنگی لەناوبردنی فەرهەنگمان واتە جەنگی سڕینەوەمان. کوردایەتی بە هوشیاربونەوە بە جەنگی پاراستنی فەرهەنگی دەستپێئەکات نەک بە شۆڕشی چەواشە ئەگەر نا ئەوە ڕەگەز مێژو و فەرهەنگمان وەکو ئەمریکی و ئوستراڵیا ڕەسەنەکان (هندی سور و ئەبۆرجینەکان) لە داهاتودا مۆزەخانە جێگەی ئەبێت.