دادگای سەورەى بەعس، بە هەموو دڕندایەتییەکى رژێمەکەیان زۆر لە بنەماڵەى بارزانى شەریفتر بوون


چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەندان ناسر ڕەزازی و مەرزیە خانم « 1 »

Saturday, 02.06.2021, 19:42

663 بینراوە


لە ئوسترالیا بەخێرهاتنتان دەکەم ، داواکارین کە سەردانە کورت ماوەکەتان بۆ سیدنی دڵخۆشکەر و سەرکەوتوو بێت لە بەدیهێنانی ئەو بەرنامەی بۆی دانراوە ؟
مەرزیە - سوپاس بۆ هەمووتان ، سەردانێکی سەرکەوتوو و لەباربوو هەرچەندە ماوەکەی کورتیش بوو ، وە لێرەدا هەر یەکێک لە خوشکان و برایان کە پێیان گەیشتووم هاوبەشی ئەو هەست و بۆچوونەی من بوون .
ناسر - سوپاس بۆ هەمووان بۆ بانگهێشتنەکەیان و پێشوازییە گەرم و جوانەکەیان لە ئێمە ، لەگەڵ گشتیان هەستمان بە دڵخۆشی کردییە . سەبارەت بە من ، دووەمین سەردانمە بۆ ئوسترالیا ، وە ئەنجامدانی وەڵامدانەوەی ئەو داخوازییە بوو کە کۆمەڵەی ڕەوەندی کوردی لە نیو ساس وێڵز ئاڕاستەی ئێمەی کردبوو . مەبەست لە داوەتەکە سازدانی ئاهەنگێکی شەوانەی گۆرانی و مۆسیقا بوو لە 18ی مانگی نیسان دا بەبۆنەی جەژنی مێژوویی نەورۆز ، بەمەزەندەی من ئاهەنگەکە سەرکەوتوو بوو ، وە لە سازدانیدا مەرزیەی هاوژینم بەشداریکردم ، لەگەڵ هونەرمەندی ئاواز دانەری ناسراو ڕزگار خۆشناو .

هونەرمەندان مەرزیە و ناسر پێگەی دیاریان هەیە لە گۆرانی کوردی دا ، کە هەر یەکێک لەئێوەدا دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور و درێژ ، توانیویەتی کاریگەرە دیارەکانی جێبهێڵێ کە ئاوێتە بووە بەزۆرێک لە سەختییەکاندا ، بەڵام لە ئەنجامدا چەندین لە دەستکەوتە هونەرییەکانی بەدیهێناوە ، ئایا دەتوانین پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دەستپێکردنی هونەریتان ؟
مەرزیە - ئەو کاتەی قوتابییەک بووم لە تەمەنی نۆ ساڵیدا ، کە کاتێکی زووە بۆ گۆرانی گوتن ، مامۆستاکەم درکی بەوە کردبوو کە من دەنگ و بەهرەم بۆ گۆرانی هەیە ، زۆر هانیدام ، لەسەرەتادا پاڵپشتیکردم و ڕێگای لە پێشمدا خۆشکرد ، وە بەمە دەستمکرد بە گۆرانی گوتن ، وە من کیژێکی گجکە بووم .
ناسر - هەر لە منداڵیەوە گۆرانی ووتنم خۆشویستووە و گوتوومە ، بە فۆلکلۆری میللی ناوچەی ئەردەڵانی بەناوبانگ دەستمپێکرد ، وە ئەوێ شوێنی لە دایک بوونمە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان . وە خۆم بە قوتابییەکی هونەرمەندی کۆچکردووی بەناوبانگی کورد« حەسەن زیرەک » دادەنێم ، بەچەشنێ کە مامۆستا قیبلەنومایە لە ژیانی هونەریمدا . وە کاریگەری لەلایەنی کەلتووری و فۆلکلۆری لە گۆرانی گوتنی کوردیدا لەسەر مندا ئاشکرایە .

لێکتێنەگەیشتنەکان کە ڕووبەڕووی ژنی کورد دەبنەوە لەنێو کۆمەڵگاکەیدا لە کاتی هەڵبژاردنی کاری وەکو ڕەفتار و بەرنامە بۆ ژیانی ، هونەرمەند مەرزیە چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەو واقیعەی کە تێیدا هاتووتە ژیان کردووە ؟ وە ئەو کاریگەرە ئەرێنیانە چنە کە یارمەتیان داوە لە بەردەوامی بواری هونەریدا ؟
مەرزیە - لە ڕاستیدا ، لە سەرەتاوە ئارەزوویەکی زۆرم هەبوو کە ببم بە هونەرمەندێکی کورد ، وە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان هەستم بەو دواکەوتوویە کرد کە کۆمەڵگای کوردی دووچاری بووە و ڕێگا بە ژن نادات بۆ چوونە ناو بواری هونەری و شاد بێ بە ئازادی و مافەکانی ، دەمزانی تووشی کۆمەڵێک لە ڕەخنەکانی کۆمەڵگا دەبمەوە ، سەرەڕای ڕازی نەبوونی خێزان و هەڕەشەکانی ، بەڵام من بڕیارمدا لەسەر شکاندنی ئەو تەوقە و ڕووبەڕوو بوونەوەی خوو و نەریتە بەسەر چووەکان لەپێناو ئەوەی ژنی کورد پێگە شایستەکەی خۆی بگرێ ، وە بە ڕۆڵە کاریگەریەکەی خۆی لە هەموو بوارەکاندا هەڵسێت بە تایبەتی لە بواری گۆرانی و مۆسیقادا . گیروگرفتی بنچینەیی کە ڕووبەڕووی ژنی کورد دەبێتەوە لە دواکەوتنی کۆمەڵگای کوردییە و ڕووانینی بۆ ژن ، ئەو پاشکەوتنە لەمەوپێش و ئێستاش کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر ڕابوونی ژنی کورد بە ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی و گۆشەگیرییەکەی تا ڕادەیەک لە هاوبەشیکردنی چالاکییەکاندا وەکو پیاو . بەڵام تەڤگەرەکان و شۆڕشەکان کە لە کوردستاندا هەڵگیرسان لە هۆکارە ئەرێنیە هاندەرەکان بوون لە بەردەوامی ژیانی هونەریمدا . وە شۆڕش هەلەکانی ڕەخساند و ڕێگای خۆشکرد لەبەردەم ژنی کوردکە کە کەڵکی لێوەربگرێ و شاد بێ بە ئازادییەکەی بە درێژایی ساڵانی بەسەرچوو ئەگەر بەشێوەی ڕێژەییش بووبێ . وە کاتێک وێنە کۆنەکەی ژنی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا دادەنێین و بەراوردی دەکەین بە وێنەی ئێستادا جیاوازییە ئاشکرایەکە لەنێوان هەردوو وێنەکەدا درک پێدەکەین.
 پێشکەوتن و گۆڕنکاری کە لەژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگای کوردی ڕوویداوە گرنگی خۆی هەیە . ئەو گۆڕانە بووەتە و مسۆگەر دەبێتە گۆڕینی بۆچوونی کۆمەڵگا بەرامبەر بە ژن و ڕۆڵی لە ژیانی ڕۆژانەدا.
 
لە هونەرمەندان زانراوە ، کە ئەو پەیوەندییەی بە کەلتووری هونەری گەلەکانیان پەیوەستیان دەکات و کارتێکردنی ئاڕاستەکان لەسەریان کە وەرچەرخانێکی گرنگ لە ژیانی کۆمەڵگا پێکدێنێ ، گرنگترین ئەو ڕووداوانە کامانەن کە کاریگەرییەکانیان لەسەر هونەرمەندان ڕەزازی و مەرزیە جێهێشتووە ؟
ناسر - بۆ شۆڕشی ئەیلولی ساڵی 1961 بە شێوەیەکی گشتی لەو ماوەیەدا کاریگەرییە ئەرێنییەکانی خۆی هەیە لەسەر هونەرمەندە ناسراوەکان بە هەڵوێستی نیشتیمانیان ، با هونەرمەندی کۆچکردوو « تاهیر تۆفیق » لە باشوری کوردستان وەربگرین ، کە ناسراوە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و نیشتیمانییەکانی و مرۆڤایەتییەکانی ، کە بە درێژایی ژیانی بەرامبەر دیکتاتۆریەت سەری دانەواند سەرەڕای زۆر لە هاندەرکانی و هەڕەشەکانی . گۆرانییە نیشتیمانییە بە جۆش و خرۆشەکانی ئیلهام و چرایەک بوون بۆ زۆرێک لە هونەرمەندان ، پتەوی بیروباوەڕییەکەی کاریگەری زۆری لێکردم . وە لەو کاتەی کە شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگیرسا و بۆ ناوچە فرەوانەکانی پەلیهاویشت ، بە کاریگەرییە فکرییەکانی و ئاڕاستەکانی داهاتوویدا ، وە لە ئەنجامی هەموو ئەمانەدا ڕێگایەکی تایبەتیم لە گۆرانی گوتندا گرتەبەر.

مەرزیە - زیاد لەوەی کە هاوژینەکەم باسیکرد ، دەڵێم کە گۆرانی ووتن و مۆسیقای فۆلکلۆری لە لقە گرنگەکانی ڕۆشنبیری و کەلتووری میللی هەر نەتەوەیەکە ، کە دەبێ کاریگەری لە هونەرمەند بکات ، لێی وەردەگرێ و دەیهاوێتە سەری ، وە کەلتووری فۆلکلۆری گەنجینەیەکە لەو بوارەدا کە لەبن نایەت ، ئێمە لەگەڵیدا گەورە بووین و کاریگەری لەسەرمان ئاشکرایە ، ئەوە موڵک و کەلتووری ئەم گەلەیە بەشێوە نەرێنییەکەی و ئەرێنییەکەی . وە پێویستە لەسەر هونەرمەند ئەو کەلتوورە گرنگ و بەنرخە بناسێت ، وە لەسەر بنچینەی زانستی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت پەرەی پێبدات و لە ڕێگایەوە داهێنانی زیاتر و زیاتر ئەنجام بدات . وە ئەوە لە ئێمە ڕوویدا لەو بوارە گرنگەدا لە بەڕێگاوە بوونی هونەریماندا.

کۆمەڵێک بارودۆخ کاریگەرییە نەرێنییەکان لای هەندێ هونەرمەندان دروست دەکات ، لەو کاتەی کە دەبینین هەمان ئەو ڕەوشانە پاڵدەنێن بە هونەرمەند بۆ پەرەپێدانی ئامرازەکانی و قاڵبوونی بەهرەکانی ، کە لە کەسانی دی بەرهەمی زیاتر دەبێ ، ناسر ڕەزازی چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ واقیعە کوردییەکەی دەکرد ؟
ناسر - بارودۆخەکانی لەمەوبەر و ئێستای کوردستانی بەش بەشکراو ، وە کە کۆنترۆڵکردن لە ژیانی گەلی کورد دەکات ، وەکو ستەمی نەتەوەیی ، ململانێی چینایەتی ، برسێتی و بێ ئیشی ، گەندەڵی و تێکچوونی ڕەوشت و سیاسەتی جیاکاری و کۆچ پێکردنی بەزۆرە ملی . هەموو ئەو نەهامەتیانە ، وایانلێکردم کە بەخەبەر بێم و ڕابم ، وە لەپێشدا بەڵێنم داوە کە هونەر تەرخان بکەم بۆ خزمەتی مرۆڤ ، ئەو بڕوایە بە بەرابەری نێوان ئادەمیزاد بەبێ جیاوازیکرن لەسەر بنچینەی دەمارگیری یان ئایین ، یان ڕەگەز یا ڕەنگ ، لەلای من چەسپیوە . لێرەدا تێدەگەم کە گەلی تورک یان عەرەب یان فارس دوژمنی ئێمە نین ، ئەوانیش چەوساوەن بە شێوازەکانی دی لەلایەن ڕژێمە کۆنەپەرستەکان و دیکتاتۆرەکانەوە ، دوژمنانمان ، کۆی ڕژێمە خۆسەپێنەرەکانن بەسەر ملانی ئەو گەلاندا ، ئەو ڕژێمانەی کە دژایەتی هیوا و ویستەکانمان لە ژیاندا دەکەن . هەمیشە لە ڕاستی مرۆڤ بوونم دەستپێدەکەم پێش ئەوەی کوردێک بم . وە بۆ نموونە کە گوێدەگرم لە گۆرانیەکانی گۆرانی بێژی کۆچکردوو - ئوم کەلسوم - پێی دڵخۆش دەبم کە لەناخەوە دەمجووڵێنێ هەر چەندە کە زانیاریم لە زمانی عەرەبی نییە ، ئەوە نموونەیەکە لەسەر ئینتیمای مرۆڤیم . هەموو ئەو هۆکارانە و هی تریش کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێشوەچوونەکان و بیروباوەڕ و وشیاری هونەرمەند کە لەگەڵ ناخۆشییەکانی گەلەکەی دەژی ، ئەوانە هۆکاری زۆر گرنگن کە دەکرێ هونەرمەندێکی میللی درەوشاوەی لێبەرهەم بێنێ.

وەکو ئەو بارودۆخە سەختانەی کوردستان هەیەتی ، هونەرمەندی مولتەزیم چۆن دەتوانێت هونەرەکەی وەک چەکێکی کاریگەر بۆ خزمەتی گەلەکەی بەکاربێنێت ؟
مەرزیە - ڕۆڵی هونەرمەندی مولتەزیم کە هەست بە بەرپرسیارێتییەکانی دەکات بەرامبەر گەلەکەی لەو قۆناغە هەستیارەدا لە مێژووی گەلی کورد دا تەواو جیاوازە لە ڕۆڵی هونەرمەند لە وڵاتانی دی کە خاوەن ناسنامە و سەروەریی نەتەوەیی و سیاسین ، ئێمە وەک گەلێک دەژین بەبێ ناسنامە و سەروەری ، بۆیە گەلی کورد پێویستی زۆری بە هەوڵەکانی هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەکانیەتی ، بەتایبەتی ، هونەرمەندی مولتەزیم کە بە هونەرەکەی دژی دیکتاتۆریەت و ستەم و چەوساندنەوە بەرخودان دەکات . وە لێرەوە کە ڕۆڵی هونەرمەندی مولتەزیم کەمتر نییە لە ڕۆڵی سەرکردەیەکی چەک بەدەست کە لە هەر چرکە ساتێکی ژیانیدا ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە .
ناسر - وەکو پێشتر باسمکرد ، من هونەرەکەم تەنیا بۆ خزمەتی پرسی کورد تەرخان نەکردووە ، چونکە پرسی گەلانی چەوساوە ناتوانرێ لەیەکتری جیابکرێتەوە . هونەرمەندی کورد بە حوکمی زوڵم و چەوساندنەوە کە گەلەکەی دووچاری هاتووە ، لەسەریەتی کە هونەرەکەی وەکو چەکێکی کاریگەر بەکاربهێنێ بۆ لەیەکتر نزیکبوونەوەی ئەو گەلانە و یەکگرتنی زیاتر لەنێوانیاندا . کاتێک تێکۆشەرێک یا سەربازێک دەکوژرێت ئەوە بە بەشێک لە کارەساتی مرۆڤایەتی دادەنرێت ، کە هەر یەکێکیان لە خێزانێک دەژی بەرپرسیارەتی بەرامبەری هەیە . هونەرمەندی وشیار ئەو پرسانە لەپێش چاوانی خۆی دادەنێت . پێویستە لەسەر هونەرمەند کە لەگەڵ پرسی گەلەکەیدا بژی و تێگەیشتنی هەبێ بۆ پرسی ئەو گەلانەی کەوتوونەتە بن نیری چەوساندنەوە و داپڵۆسین ، هونەر سنوور و تخووبی بۆ نییە ، لەو ڕوانگەوە ئازارەکانی گەلان بە ئازارەکانی مرۆڤایەتی خۆم دادەنێم . کرێکارە کوردەکە و کرێکارە عەرەبەکە هەردووکیان هەمان چەوساندنەوە و ستەمی چینایەتی دەچێژن ، من هەست بە هیچ جیاوازییەک یا جیاکارییەک ناکەم لەوەی کە کرێکارێک لە فەلەستینی داگیرکراودا یان کرێکارێک لە کوردستانی دابەشکراودا دووچارێتی.

چۆن سەیری ئایندەی مۆسیقا و گۆرانی کوردی دەکەن لەبەر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندنی ئێستای داهێنەران لەو دوو بوارەدا ، کە هەیانە لەسەر خاکی کوردستاندا دەژی و بەشەکەی دی لە تاراوگە و دوورە وڵات دەژی ؟ 
ناسر - گەلی کورد لەژێر نیری داگیرکردن و دابەشکردندا دەناڵێنێ ، وە ئەو کە بێبەشە لە سادەترین مافەکانی ، وە لەبەر ئەوە هەلی بۆ نەڕەخساوە کە سوودمەند بێ لە فۆلکلۆرەکەی و کەلتوورە میللییەکەی ، هەنەرمەند بە حوکمی ئەو واقیعە ناچارە کە زمانی فەرمی ئەو دەوڵەتەی تێیدا دەژی بەکاربێنێ . وە ئەوە هۆیەکی گرنگە لە مانەوەی گەلی کورد بەبێ ناسنامەی سیاسی . وە ڵێرەدا هونەرمەندی کورد بووەتە دیلی ئەو چوارچێوانە و بەربەرستانە کە ناتوانێت لێیان دەرباز بێ مەگەر لە دژیان هەڵبگەڕێتەوە و ژیانی بخاتە مەترسییەوە . بەڵام سەبارەت بە هونەرمەندی کورد لە دەرەوەدا ، هەرچەندە شادە بە دیموکراسییەت و ئازادییە بنچینەییەکان ، ئەو دوورە لە واقیعی ئێستای گەلی کورد و لەنزیکەوە لەگەڵیدا ناژی ، وە ناتوانێت گوزارشت لە کارەسات و نەهامەتییە تۆقێنەرەکەی گەلەکەی بکات کە پێوەی دەناڵێنێ . لەلایەکی دی هونەرمەندی کورد لەکێشەی ئابوری و داراییدا دەژی ، ئەو ڕەوشە بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر داهێنانەکانی و بەرهەمەکانی . سەرەڕای هەموو ئەمانە ، ململانێی سیاسی لە کوردستان و ئاڵۆزییەکانی و ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموواندا بەتایبەتی لەسەر هونەرمەندی کورد لە هەندەراندا ، ئەو کە ناچارە هەڵوێستی مەبدەئی بنوێنێ وناتوانێت دەستەکانی لە ئەژنۆ بن . ناتوانم بازرگانی بە هونەر بکەم و گەلەکەم دەربەدەر و بەبێ نیشتیمان دەژی کە سەروەری خۆی هەبێ . من ئاسۆکان و ئایندەی مۆسیقا و گۆرانی کوردی دەبینم کە پەیوەستە بەشێوەیەکی ڕیشەیی بەو پرسە چارەنووسسازە ، یانی بەبوونی قەوارەیەکی سیاسی بۆ گەلی کورد ، وە ئەوە دەستەبەرە بە چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان و کێشەکانی ئێستا و لەنێویاندا پرسی هونەر و هونەرمەندان.

ووتەکەتان پرسیارێکی باوم دێنێتەوە یاد کە دەڵێ : مەبەست لە چەمکی هونەر لە پێناوی هونەردا لای هونەرمەند ناسر ڕەزازی چییە ؟
ناسر - هونەر لەپێناوی هونەردا بە بازرگانی دادەنێم ، وە خزمەت بە پرسەکانی گەلان ناکات ، بەڵکو دەبێتە ئامراز لەخزمەتی فەرمانڕەوایە ستەمکارەکاندا . هونەری ڕاستەقینە بە ئاوێنە دادەنرێت کە گوزارشت لە ستەمی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی چینایەتی دەکات . بەڕای من ، خەبات لەپێناوی ئازادی ژن و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و شەڕی زوڵم و چەوساندنەوە لەهەر شوێنێک بوونی هەبێ لە گەوهەری ئەرکەکانی هونەرمەندان و هونەرەکەیانە . پوختەی گوتنەکە ، پێویستە هونەر لەخزمەتی مرۆڤایەتی و پێشکەوتنی و خۆشگوزەرانی بێت.

ئەو پرسیارە دەبێ بکرێ کە دوور نییە لە تایبەتمەندی ، ئایا دەشێ بۆ هونەرمەند ناسر ڕەزازی لەگەڵ ئێمەدا هەندێک لەلاپەڕەکان هەڵداتەوە کە ئاماژە دەکات بە ڕووخسارە هونەرییەکانی شێوازەکەی لە هەڵسوکەوتکردندا لەگەڵ جەماوەرە زۆرەکەیدا ؟
ناسر - لەسەرەتادا دەڵێم وە ئومێدەوارم کە ستایش و پێهەڵدانی کەسێتی نەبێ ، من یەکەم هونەرمەندی کوردم کە گۆرانیم بۆ یەکسانی نێوان مرۆڤەکان گوتییە ، بۆ بەرەنگار بوونەوەی ستەم و چەوساندنەوە ، بۆ ئازادی ژن ، وە ئازارەکانی مرۆڤ لەهەر سووچێکی جیهاندا بە کۆژانی خۆم دادەنێم . لەتوانامدایە کە گۆرانی بەچوار شێوەزاری کوردی لە شەش شێوەزارەکان بڵێم ، هەوڵدەدەم کە سوود ببینم لە کەلتوور و مۆسیقای گشت گەلان بۆ زیاتر لەیەکترگەیشتن و نزیکبوونەوە و هاوکاری لەنێوان مرۆڤەکان لە جیهاندا . هەوڵەکانم تەرخاندەکەم ئەگەر لەئاستی پێویستیش نەبن لەپێناوی پێشکەوتن و پەرەسەندن بۆ نەهێشتنی نەزانین و دواکەوتن و خورافاتەکانی جێماو لە ڕبردوودا ، وە ئومێدەوارم کە جیهان ببینم بە زمانێک بدوێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تووندو تۆڵکردنیان لەنێوان گەلاندا . لە چالاکییە هونەرییەکانم لە ساڵانی ڕابردوودا سازکردنی ئاهەنگەکانە لە ئەمریکا ، کەنەدا ، ئوسترالیا ، عێراق ، ئێران ، تورکیا ، ئەرمەنستان ، یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ، ئازەربیجان ، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و وڵاتانی ئیسکەندناڤیا ، بەو بۆنەیە ، وەکو بەشدارییەکی کەمیش بێ لەمنەوە لە پاڵپشتی و پشتگیریکردنی شۆڕش و شۆڕشگێڕان لە کوردستاندا بەلانی کەم نیوەی دەستکەوتی هەر کۆنسێرتێک لە سازدانیدا لەهەر وڵاتێکدا دەبەخشم . لە ماوەی سی ساڵی کارکردن لەو بوارەدا سی و چوار کاسێتی گۆرانیم بەرهەمهێناوە ، وە وەکو مامۆستایەک بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە سوید کارمکردووە ، ئەندام لە یەکێتی نووسەرانی سوید ، وە هەروەها ئەندام لە یەکێتی هونەرمەندانی سوید ، وە پاشان گەلی کورد خۆی خاوەن ووتەیە لە هەڵسەنگاندنی هونەرمەندانی و دەستنیشانکردنی ئەوەی خزمەتی دەکات و ئەوەی فریوی دەدات و بەلاڕێیدا دەبات و دژی هیوا و ویستەکانی ئایندەی دەوەستێت.
 
گەڕانەوەی دوایی لەگەڵ مەرزیە ڕەزازی ، چۆن دەکرێ بۆ تۆ هەڵسەنگاندن بۆ هەڵوێستی ڕەوەندی کوردی لە ئوسترالیا بکەی سەبارەت بە هونەرمەند مەرزیە ؟
مەرزیە - من هەمیشە دەڵێم ، کە گەلی کورد هەڵوێستی هونەرمەندی مولتەزیم بە پرسە ڕەواکەی کورد بەهەند وەردەگرێ و زیاتر لە گەلانی دی نرخی پێدەدات بە حوکمی ڕەوشە تایبەتییەکەی ، ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە فڕۆکەخانە لێمانکرا کاریگەرییەکی زۆری لە ئێمەدا کرد ، زیاتر لەکاتی دەرکەوتنمان لەسەر شانۆ بە جۆش و خرۆش و ڕێزلێنانی زۆری بێوێنە لەلایەن ڕۆڵەکانی ڕەوەوەندی کوردی هەستم بەمە کرد . من خۆشەویستی و ڕێزم بۆ هەمووانە ، وە داوای لێبووردنیان لێدەکەم کە نەمانتوانی وەڵامی داوەتەکانیان و داخوازییەکانیان بۆ میوانداریکردنمان بدەینەوە ، کە دەرفەت ڕێگای پێنەداین بەدرێژایی ماوەی مانەوەمان لێرەدا ، وە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەو خۆشەویستییە و ڕێزەی بۆ ئێمەیان هەیە ، ئەوە بەنرخترین سەرمایەیە لە ژیاندا بۆ ئێمە ، ئەو هەموو هەست و نەستە و بەخێر هاتنە گوزارشتە لە ڕستگۆیی کە چەندە پەیوەستن بە پرسی گەلەکەیان و هەستکردن بە مەترسی بارودۆخی ئێستا ، باوەشکردنەوەیان بۆ ئێمە و بۆ هونەرمەندانی لە نموونەی ئێمەدا ڕۆڵی هونەرمەندی کورد دەردەخات کە لەگەڵ ئازارەکانی گەلەکەی دەژی لێیجیانابێتەوە.

« 1 » ئەو چاوپێکەوتنەم لەگەڵ بەڕێزان ناسر ڕەزازی و مەرزیە خانمی کۆچکردووی هاوژینی لە شەوی 23 / 4 / 1997 لە - لیڤەرپول - ئەنجامدا ، بەبۆنەی هاتنیان بۆ ولایەتی نیو ساوس وێڵز و سازکردنی. کۆنسێرتێک بۆ ڕەوەندی کوردی . وە بە زمانی عەرەبی بۆ یەکەم جار لە گۆڤاری ( عەشتار ) ژمارە -21 - تەمموزی 1997 بڵاوکرایەو ، ئەو چاوپێکەوتنەم ئەنجامدا لەسەر داخوازی سەر نووسەرەکەی ـ باسم حەمید - ی کۆچیکردوو کە لە عەرەبە چەپەکانی عێراق بوو ، وە دۆستێکی دڵسۆزی کورد و پرسە ڕەوایەکەی بوو ، وە بە پێویستم زانی وەریگێڕم بۆ زمانی شیرینی کوردی ، بە ئومێدی بڵاوکردنەوەی . لەگەڵ ڕێز و سڵاوم .