كێ بوون بارزانيان كرده‌ فيرعه‌ونى سه‌رده‌م ؟

Saturday, 02.06.2021, 21:41

5053 بینراوە


مێژووى كورد پڕيه‌تى له‌رووداوى تراژيدى كاره‌ساتبار . به‌درێژايى سه‌ده‌يه‌ك له‌مێژووى هاوچه‌رخى كوردستان ، بۆ ساتێكيش ئه‌م ميلله‌تى كورده‌ هه‌ناسه‌يه‌كى ئارامى هه‌ڵنه‌كێشاوه‌ . سه‌رده‌مانێك‌ به‌ده‌ست داگيركه‌رو رژێمه‌ شۆفينيسته‌كان‌ چه‌وساوه‌ته‌وه‌و بۆ ساتێكيش له‌شۆڕش و خه‌بات و قوربانيداندا نه‌وه‌ستاوه‌ . سه‌ربارى هه‌موو ئازار‌و مه‌ينه‌تى و چه‌وسانه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م گه‌له‌دا هاتووه‌ ، وه‌زعى ئه‌مڕۆى كوردستانيش له‌هه‌ر قۆناغێكى پێشووترى كاره‌ستبارتر و خه‌مبارتره‌ ، چونكه‌ هه‌م ميلله‌ته‌كه‌ جارێكيتر به‌ده‌ست حوكمى خۆماڵيدا ده‌چه‌وسێته‌وه‌ ، هه‌م هيچ ئاسۆيه‌كيش بۆ سه‌ربه‌خۆيى وئازادى وديموكراسيدا له‌به‌رده‌م ئه‌م ميلله‌ته‌دا نه‌ماوه‌ ، ئێستا كورد له‌سايه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ديكتاتۆرييه‌تى رژێمى پارتى و فيرعه‌ونيه‌تى بارزانيدا له‌تاريكترين قۆناغه‌كانى ژيانيدايه‌ .نە
لێره‌دا ئه‌و پرسياره‌ دێته‌ پێشه‌وه‌ : كێ بوون ئه‌وانه‌ى پارتيان كرده‌ حزبى قائيدى ئه‌وحه‌د و بارزانيشيان كرده‌ فيرعه‌ونێكى سه‌ركوتكه‌ر وتاقه‌ مه‌رجه‌ع له‌كوردستاندا ؟.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسياره‌ پێويسته‌ بگه‌ڕێينه‌وه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانى مێژووى كورد ، به‌ تايبه‌تيش ئه‌و ياده‌وه‌رييانه‌ى كه‌سايه‌تى وسياسه‌تمدارانى كورد نوسيويانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تێبگه‌ين چۆن ديكتاتۆرييه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌مێژووى كورددا سه‌ريهه‌ڵداوه‌و ، ئه‌و هۆكارانه‌ش‌ چيبوون رێگايان له‌به‌رده‌م تموحاتى پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانيدا كرده‌وه‌ ببنه‌ حاكمى موتڵه‌قى كوردستان ؟ .
له‌هه‌موويان گرنگتر ياده‌وره‌رييه‌كانى هه‌ردوو سه‌ركرده‌ى شۆڕشى كوردستان جه‌لال تالەبانی و نه‌وشيروان مستەفا به‌نموونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌ ، چونكه‌ ئه‌م دوو سه‌ركرده‌يه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌يان هه‌بووه‌ له‌رووداوه‌ سياسيه‌كانى سه‌رده‌مى هه‌ردوو شۆڕشى ئه‌يلول و نوێدا و ده‌ورێكى گه‌وره‌شيان هه‌بووه‌ له‌ئاراسته‌ى سياسى هه‌ردوو شۆڕشه‌كه‌دا .
له‌بيره‌وه‌رييه‌كانى جه‌لال تالەبانیدا كه‌ له‌كتێبى ( ديدارى ته‌مه‌ن) دا هاتووه‌ ، باس له‌سه‌ره‌تاكانى دامه‌رزاندنى پارتى ده‌كات ، ئه‌و كاته‌ى چيينێكى رۆشنبيرو سياسه‌تمه‌دارى كورد سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كه‌يان ده‌كرد كه‌ ديارترينيان هه‌ردوو رۆشنبيرى گه‌وره‌ى كورد مامۆستا هه‌مزه‌ عه‌بدوڵڵاو ئيبراهيم ئه‌حمه‌د بوون . سه‌ربارى ئه‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا شۆڕشێكى گه‌وره‌ى عيراقى به‌رپا ببوو له‌دژى حوكمى دواكه‌وتووى پاشايه‌تى و حكومه‌تێكى تازه‌ى پێشكه‌وتوو هاته‌ كايه‌وه‌ كه‌ ده‌رگاى به‌سه‌ر ئازادى حزبايه‌تيدا كرده‌وه‌ ، عيراق به‌ره‌و ژيانێكى تازه‌ى ديموكراسى هه‌نگاوى ئه‌نا ، به‌ڵام قياده‌ى كوردى له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌سيان له‌ناو كورددا نه‌دۆزييه‌وه‌ بۆ سه‌ركردايه‌تى كردنى تاكه‌ حزبه‌ جه‌ماوه‌رييه‌كه‌يان كه‌ پارتى ديموكراتى كوردستان بوو ، به‌م هه‌موو رۆشنبيرانه‌ى ناو حزبه‌كه‌وه‌ چاوه‌ڕێى گه‌ڕانه‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فاى سه‌رۆكى عه‌شييره‌تێكى كورديان كرد بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تى حزبه‌كه‌ى ته‌سليم بكه‌نه‌وه‌ .
له‌وێستگه‌يه‌كى تريشدا جه‌لال تالەبانی باس له‌يه‌كێك له‌كۆنگره‌كانى حزب ده‌كا كه‌ مه‌لا مسته‌فا به‌زمانى خۆى وتويه‌تى " سه‌رۆكى قه‌حپه‌كان بم ، نامه‌وێ ببمه‌ سه‌رۆكى ئێوه‌" !!. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو سه‌ركرده‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ رازيبوون مه‌لا مسته‌فا ببێته‌ سه‌رۆكيان !!.
له‌كتێبى ( په‌نجه‌كان يه‌كترى ده‌شكێنن ) نه‌وشيروان مستەفاش باس له‌و ساته‌ ده‌كات كه‌ به‌ره‌به‌رى جه‌ژنه‌ بووه‌ ، چه‌ند ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سياسى وسه‌ركردايه‌تى ئه‌وساى پارتى كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر بوونه‌و داوايان كردووه‌ به‌بۆنه‌ى جه‌ژنه‌وه‌ مه‌لا مسته‌فا ئيجازه‌يان بداتێ بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌وه‌ لاى خێزانه‌كانيان ، ئه‌ويش له‌وه‌ڵامدا پێى وتوون " ئيجازه‌يان ناداتێ به‌ڵكو ژنه‌كانيان حيز بن " !! . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئه‌و ئه‌ندام مه‌كته‌ب سياسييانه‌ دواتر چوونه‌ته‌وه‌ ژێر سێبه‌رى مه‌لاو وه‌كو ئه‌وه‌ى هيچ رووى نه‌دابێ خۆيان خستۆته‌وه‌ خزمه‌تى پێڵاوه‌كانى بارازنييه‌وه‌ !!.
سه‌ربارى ئه‌م هه‌موو ململانێ و دژايه‌تييه‌ى يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان له‌رۆژى دامه‌زراندنيه‌وه‌ تاكو ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ پارتيدا كردوويه‌تى ، سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ى كورديش كه‌ له‌پێناو ئه‌و ململانێييه‌دا به‌فيڕۆ چوو ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش كه‌ جه‌لال تالەبانی له‌يه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستاندا له‌ساڵى 1992 ركابه‌رايه‌تى مه‌سعود بارزانى كرد بۆ بوون به‌ رابه‌رى كوردستان ، به‌ڵام هيچ سڵى له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌ريمى كوردستاندا ماڵ به‌ماڵ بگه‌ڕێ بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگ به‌ بوونى مه‌سعود بارزانى نه‌ك ته‌نها به‌سه‌رۆكى هه‌رێم ، به‌ڵكو ببێته‌ رابه‌رى هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستانيش !! .
يه‌كێتى به‌ ته‌واوى ئيراده‌ى خۆيه‌وه‌ رازييه‌ ببێته‌ پاشكۆى پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانى ، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئيعلامييانه‌ش كه‌ هه‌يه‌ هه‌ر هه‌مووى درۆو ساخته‌يه‌و ، به‌رژه‌وه‌ندى سه‌ركرده‌كانى يه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتيدا ئه‌وه‌نده‌ زۆرن‌ كه‌ نه‌توانن له‌ژێر فه‌رمانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌ربچن .
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانيش به‌هه‌مان ده‌ردى يه‌كێتى چووه‌ ، ئه‌وانيش كه‌ ئه‌ساسه‌ن بۆ دژايه‌تى پارتى و رێگرى له‌ ديكتاتۆرييه‌ته‌كه‌ى دامه‌زرا، هه‌تا نه‌وشيروان مستەفاش له‌ته‌مه‌ندا بوو ئه‌دايه‌كى باشيان هه‌بوو، ئێستا ئه‌وانيش بوونه‌ پاشكۆيه‌كى قێزه‌ونى پارتى له‌به‌ر خاترى چه‌ند پۆستێك بۆ ژماره‌يه‌كى كه‌مى‌ ئه‌ندامه‌كانيان . باسى يه‌كگرتووش ناكه‌ين ، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ پاشكۆيه‌كى ملكه‌چى زه‌ليلى پارتى بوو .
سه‌ير له‌وه‌دايه‌ هه‌ر هه‌موو ئه‌و حزبه‌ گه‌ورانه‌ى كوردستان كه‌ بوونه‌ته‌ پاشكۆى پارتى وبنه‌ماڵه‌ى بارزانى ، باجى گه‌وره‌ى تووڕه‌يى خه‌ڵكيان داو له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سزا دران ، كه‌چى هێشتاش ده‌رس و عيبره‌تيان له‌وه‌ وه‌رنه‌گرت .
ئێستا پارتى حيزبى قائيده‌ له‌كوردستان به‌خۆشى وبه‌ترشى حزبه‌كانى تريش بێت ، سيسته‌مێكى بنه‌ماڵه‌يى شێخايه‌تى له‌كوردستان چه‌سپاندووه‌ كه‌ هه‌تا سه‌د ساڵى تريش به‌ديلێكى نيه‌ ، مه‌گه‌ر شۆڕشێكى گه‌وره‌ى جه‌ماوه‌رى و راپه‌ڕينێكى سه‌رتاسه‌رى كه‌ هه‌موويان راماڵى ، ياخود ئه‌بێ هه‌موو ميلله‌ت زه‌ليلى ده‌ستى ئه‌و بنه‌ماڵه‌يه‌ بێت ، چونكى هه‌موو حزبه‌كانى كوردستان بوونه‌ته‌ خاديمى ده‌ربارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى .