ئایا گونجاوە مەلا موچە وەربگرێت و موچەخۆربێت؟

Tuesday, 09/02/2021, 0:14

9070 بینراوە


ئەم پرسیارەی سەرەوە کە ناونیشانی ئەم وتارەیە، ئەگەر بۆ هەندێک کەس سەرنج ڕاکێش دەربکەوێت، یاخود سەیر دەربکەوێت، یان هەتا ساددە و ساکار دەربکەوێت، ئەوا بە بۆچوونی من، ئەم بابەتە یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکانی بواری ئایینی بەگشتی و بە تایبەت ئایینی ئیسلام کە زۆربەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن . هەر بۆیە نزیکەی ساڵێک دەبێت، بەردەوام لە سۆشیاڵ مێدیا ئەم بابەتەم ووروژاندووە، چونکە پێشتر ئەم بابەتە گرنگە نە لەلایەن ڕۆشنبیران و بێ ئایین و دژە ئایینەکان بە ڕادەیەکی وا دەرخرابوو و سەرنجی خەڵکی بۆ ڕاکێشرابوو، وە نە لەلایەن کەسانی ئایینیشەوە باسکرابوو . مەبەستم ئەو کەسە ئایینیانەیە کە خۆیان بە کراوە و ڕۆشنبیر ئەزانن و هەوڵدەدەن پشت بە بیر و هۆشیان ببەستن . هەروەها مەبەستم ئەو کەسە ئایینیانەیە کە لەوانەیە ئاماددەبن بە بێ موچە مەلایەتی بکەن، نەک مەبەستم لە کەسانی ئایینی خودی ئەو مەلایانە بێت کە موچەخۆرن و موچە وەردەگرن . ئەمن چاوەڕوانیم لەوان نیە کە ئەوان خۆیان باسی موچەی خۆیان بکەن کە ئایا گونجاوە وەری بگرن، یاخود نا . ئەگەر ئەوان بە گونجاویان نەدیتبایە، ئەوا قبوڵیان نەدەکرد وەری بگرن . ئەوان قبوڵیان کردووە و باسی ئەم بابەتە ناکەن، بۆیە ئەمە ئیشی ئێمەیە کە دەبێت قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و هەوڵدەین هەموو موسڵمانان و هەموو خەڵکی تێبگەینین لەم بابەتە و ئەم بابەتە بکەیەنە جێگای تێڕامان و لێوردبوونەوەی خەڵکی وەک ئێستا خەریکە دەبێتە بابەتێکی جێگای لێووردبوونەوە و قسە لەسەر کردن، بەڵکو بتوانین لە کۆتاییدا پێداچوونەوە بکەین بە کێشەی مەلا موچەخۆرەکان و بازرگانی کردن بە ئایین و خوا و قورئان و...هتد.

وەک دەزانن حکومەتی هەریم و حکومەتەکانی ووڵاتانی موسڵمانان بەگشتی، ژمارەیەکی زۆر مەلایان دامەزراندووە و موچەی هەمیشەییان بۆ بڕیوونەتەوە، بەڵام بۆچی و بەناوی چی و هۆکار چیە؟

لەپاڵ هۆکارە سیاسیەکان و کڕینی دەنگی مەلاکان بۆ کات و ڕووداوی پێویست و بۆ بەکارهێنانیان بۆ هەڵبژاردنەکان و ستایش کردنی دەسەڵات و سەرکردە و بەرپرسە دز و گەندەڵەکان...هتد، ئەوا هۆکار و پاڵنەرە ئایینەکان وەک دەردەکەوێت ئەوەن کە مەلاکان پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن و نزیکەی نیو کاتژمێرێک ووتاری هەینیان بۆ بدەن لە هەفتەی یەک جار و ژن لە موسڵمانان مارە بکەن.

لێرەدا ئەو پرسیارە گرنگە درووست دەبێت کە بابەتی سەرەکی ئەم وتارەیە؛ ئایا گونجاوە مەلا دابمەزرێندرێن و موچە وەربگرن و موچەخۆربن، بۆئەوەی پێشنوێژ بۆ موسڵمانان بکەن و نزیکەی نیو کاتژمێرێک ووتاری هەینیان بۆ بدەن لە هەفتەی یەکجار و ژن مارە بکەن؟

لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا، من بەردەوام ئەم بابەتەم لە سۆشیاڵ مێدیا ووروژاندووە و وەڵام و بۆچوون و کاردانەوەی چەندین مەلا و موسڵمانم پێگەیشتووە کە بە ڕاشکاوی، یاخود بە شاراوەیی، بە ڕاستەوخۆ، یاخود ناڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن و دەڵێن؛ "بەڵێ گونجاوە مەلا موچەخۆر بێت". بۆ شەرعاندنی وەرگرتنی موچەکەشیان دەڵێن مەلاش هاووڵاتی ئەم ووڵاتەیە، مافی خۆی هەیە، مەلاش مرۆڤە، ئەویش پێداویستی هەیە، ماڵ و منداڵ و خێزانی هەیە، ئەگەر موچەخۆر نەبێت و کارێکی تر بکات، ئەوا ناتوانێت مەلایەتی بکات و بێتە مزگەوت و وتاری هەینی بدات . هەندێک دەڵێن مەلاش چەند ساڵ خوێندویەتی، مافی خۆیەتی موچە وەربگرێت وەک موچە خۆرانی تر، یاخود دەڵێن مەلا فەقێی هەیە و دەرس دەداتەوە، یاخود باسی ئاماددەکردنی ووتاری هەینی دەکەن . هەروەها مەلاکان ئاماژە بە ڕۆڵی خۆیان دەکەن لە کۆمەڵگا لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان . وە باسی ڕۆڵی خۆیان دەکەن، بەتایبەت لە ڕابردوودا لە بواری زانست و زانیاریدا، بەتایبەت لە بواری ئەدەبدا، لە نووسینی هۆنراوە و شیعردا . وە باسی ئەوە دەکەن کە ئەگەر مەلا نەبوونایە، ئەوا ئێمە هەموومان بیژی دەردەچووین.

جارێ یەکەم شت ئەمن پێم وایە ئەو بیانووانەی سەرەتا کە مەلاکان دەی هێننەوە بۆ شەرعاندنی وەرگرتنی موچەکانیان کە بە توڕەیی و هەڵچوونەوە دەڵێن "بۆ مەلا هاوڵاتی ئەم ووڵاتە نیە، مافی خۆی و بەشی خۆی نیە لەم ووڵاتە و لە داهاتی ئەم ووڵاتە، بۆ مەلاش مرۆڤ نیە، ئەویش پێداویستی نیە، ماڵ و منداڵ و خێزانی نیە"، ئەمن پێم وایە ئەم بیانووانە هیچ پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان نیە بە پرسیارە سەرەکیەکەی منەوە کە ئاراستەی مەلا و موسڵمانەکانم کردووە، چونکە هەر لە بنەڕتدا کەس نەی ووتووە کە مەلا هاووڵاتی ئەم ووڵاتە نیە، مافی خۆی نیە لەم ووڵاتە و لە داهاتی ئەم ووڵاتە، مەلا مرۆڤ نیە، ئەویش پێداویستی نیە، ماڵ و منداڵ و خێزانی نیە . پێم وایە ئەوان وەک ڕەفتاری هەمیشەییان، مەبەستیان لەباسکردنی ئەم بیانووانە بە توڕەیی و هەڵچوون و شڵەژانەوە ئەوەیە کە ئەیانەوێت خۆیان لە بابەتە سەرەکیەکە بدزنەوە و باباتەکان زۆر تێکەڵ و پێکەڵ بکەن، هەتا نەگەینە دەرئەنجام.

ئێمە هەموومان ئەزانین کە مەلاش هاووڵاتی ئەم ووڵاتەیە وەک هەر هاووڵاتیەکی تر، مەلاش مافی خۆی هەیە لەم ووڵاتە و لە داهات و لەماڵ و سامانی گشتی، مەلاش مرۆڤە و پێداویستی هەیە وەک هەر مرۆڤێکی تر، ماڵ و منداڵ و خێزانی مەلاش پێویستیان بە ژیانە وەک هەر منداڵ و خێزانێکی تر، بەڵام ئایا ئەکرێت و گونجاوە کە مەلایەک وەک هاووڵاتیەکی ئەم ووڵاتە، بەهۆی مزگەوت و پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی لە هەفتەی یەکجار و ژن مارە کردن و باسکردنی خوا و پێغەمبەر و قورئان و...هتد، ئەم مافە بە دەست بهێنێت و وەری بگرێتەوە لەم ووڵاتە و لەم حکومەتە، هەتا ئەگەر ئەمە هەر بەڕاستی هۆکار بێت بۆ مەلاکان کە بەبێ دوودڵی موچەکەیان وەربگرن و هەست نەکەن حەرامە و پێچەوانەی ئایینداری و باوەڕداری ڕاستەقینەیە؟ ئایا ئەکرێت و گونجاوە کە مەلاکان، مزگەوت و پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی و ژن مارە کردن و باسکردنی خوا و پێغەمبەر و قورئان و...هتد، بەکاربهێنن بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان وەک هاووڵاتیەکی ئەم ووڵاتە کە بەشیان هەیە لەم ووڵاتە و لە داهات و سامانەکەی؟ ئایا بۆچی ڕێگایەکی تری شیاو و جوان بەکارناهێنن بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیان وەک هاووڵاتیەکی ئەم ووڵاتە، بەبێ ناشرینتر کردنی ئایین؟ بۆچی مزگەوت و پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی و ژن مارە کردن و باسکردنی خوا و پێغەمبەر و قورئان و...هتد، بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیان وەک هاووڵاتی ئەم ووڵاتە؟ ئایا ئەمە خراپ بەکارهێنانی مزگەوت و نوێژ وتاری هەینی و خوا و پێغەمبەر و قورئان و ئایین و...هتد، نیە لە بەرژەوەندی خۆیان، ئەگەر ئەوان هەر بەڕاست ئەم ڕێگایەیان بەکارهێنابێت بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆیان؟ ئایا ئەمە زیانی نیە بۆ ئایین و باوەڕبوون بە ئایین و خوا و...هتد؟

پێم وایە ئێستا ئەمە زۆر ڕوونە کە مەلاکان لەبەر هاووڵاتی بوونی ئەم ووڵاتە و بوونی ماف و بەش لەم ووڵاتە ئەم موچەیە وەرناگرن، هەتا ئەوانیش وەک مرۆڤ پێداویستیەکانی خۆیانی پێپڕبکەنەوە . ئەم ووڵاتە هێندە داپەروەر و هاووڵاتی دۆست و مرۆڤ دۆست و ڕێک و پێک نیە، هەتا لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون و ماف هەبوون، موچە و پارە و ماڵ و سامان بداتە هاووڵاتیەکانی . کەم هاووڵاتی ئەم ووڵاتە هەیە لە گەنج و لە پیر و لە نێر و مێ کە بێ بەشکراوون لە داهاتی ئەم ووڵاتە و بێ موچەن و بێ ئیش و کارن، بۆ ئەوان مافی خۆیان پێنادرێت، بەڵام مەلاکان پێیان دەدرێت و موچە وەردەگرن . ئێمە هەموومان ئەزانین چ ووڵاتێکە . پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر ناکات، بۆیە لێرە بەدواوە، ئەو مەلایانەی کە نەشیانزانیووە (کە ئەمن گومانم هەیە نەیان زانی بێت، پێم وایە خۆیان لەگێڵی داوە و دەدەن)، ئەوا هومووتان بزانن کە پێویست ناکات چیتر ئەم بیانووانە بهێننەوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و شاردنەوەی بازرگانیە نا مەعقوڵ و نا ئەخلاقی و ناشەرعیەکەتان و چیتر هەوڵ مەدەن بەم بیانووانە باوەڕ بەخۆتان بهێنن و موچە و پارەی حەرام بخەنە گیرفانتان و دەرخواردی خۆتان و ماڵ و منداڵ و خێزانتان بدەن . ئەوە زۆر ڕوونە بۆ هەموو لایەک کە مەلا بۆچی موچە وەردەگرێت، بۆ ئەوەیە کە پێشنوێژی بکات و وتاری هەینی بدات، نەک لەبەرئەوەیە کە هاووڵاتی ئەم ووڵاتەیە و مافی خۆی هەیە لە ماڵ و سامانی ئەم ووڵاتە، بۆیە بەسە چاوتان بکەنەوە و وەرنەوە سەرخۆتان . لەجیاتی وەرگرتنی ماف و بەش لەم ووڵاتە و لە ماڵ و سامانەکەی بەهۆی بەکارهێنانی مزگەوت و پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی و ژن مارە کردن و باسکردنی خوا و پێغەمبەر و قورئان و...هتد، ئەوا وەک هاووڵاتیەکی ئەم ووڵاتە لەگەڵ هاووڵاتیە بەشخووراوەکانی تری ئەم ووڵاتە پێکەوە هەوڵدەن بۆ ناچارکردنی حکومەت و بەرپرسە دزەکان بۆ دانانی ڕێکار و ڕێسا و یاسا و شێوازی تایبەت بۆ سود بینینی هاووڵاتیان لە داهاتی گشتی و لە وەرگرتنەوەی مافەکانیان، نەک بە ناوی مەلایەتیەوە سوودمەندبن.

بە بۆچوونی من ناکرێت مزگەوت و پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی و ژن مارە کردن و باسکردنی خوا و پێغەمبەر و قورئان و ئایین و...هتد، بەکاربهێندرێن بۆ ئەوەی کۆمەڵە خەڵکێک سوودمەندبن . پێویستە بڕوادارە ڕاستەقینەکان هەر خۆیان ئەمە قبوڵ نەکەن و لە دژی ئەو کەسانەش بووەستنەوە کە دەیانەوێت و حەزدەکەن ئەمە بکەن.

لەبارەی بیانووی مرۆڤ بوونی مەلا و هەبوونی پێداویستی و ماڵ و منداڵ و خێزانەوە، ئەوا دەبێت هەموو کەس دەرفەتی ژیان و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بۆ بڕەخسێت، بەڵام ئایا ئەکرێت مەلا بە ناوی پێشنوێژی کردن و وتاری هەینی و بەناوی ئیسلام و خوا و قورئان و پێغەمبەر و ئایین، پارە و موچە وەربگرێت، بۆئەوەی پێداویستیەکانی خۆی و ماڵ و منداڵ و خێزانی پڕبکاتەوە؟ ئایا ئەمە ئەکرێت و ڕەوایە و، لەگەڵ عەقڵ و بیر و هۆش و شەرعی ئیسلام و قورئان ئەگونجێت کە مەلا بەم شێوەیە بیەوێت پێداویستیەکانی خۆی و ماڵ و منداڵ و خێزانی پڕبکاتەوە؟ ئایا ئەمە نابێتە بازرگانی کردن بە ئایین و بە خوا و بە قورئان و بە قیامەت و بە پێغەمبەر و...هتد؟ ئایا ئەمە مەلای موچەخۆر ناکاتە بازرگان بە ئایین و بە خوا و بە قورئان و بە قیامەت و بە پێغەمبەر و بە ئایین و...هتد؟ ئایا ئەمە واناکات کە مزگەوت ببێتە دوکان و کۆمپانای بۆ پەیداکردنی پارە بۆ هەندێک کەس؟ ئایا نابێت هەموو موسڵمانێک بە خۆڕایی و لەپێناو خوا بچێتە مزگەوت بۆ نوێژی بە کۆمەڵ و وتاری هەینی؟ چۆن ئەکرێت موسڵمانان بەخۆڕایی بچنە مزگەوت، بەڵام مەلاکانیان بە پارە و بە موچە؟ چۆن ئەکرێت مەلاکان بە موسڵمانان بڵێن دەبێت ئێوە هەمووتان بێنە مزگەوت و نوێژی بە کۆمەڵ بکەن و ئاماددەی وتاری هەینی بن و لەکاتی نوێژ و وتاری هەینی واز لە دونیا و لە کار و کەسابەت بهێنن و بێنە مزگەوت، بەڵام مەلاکان خۆشیان بە پارە و بۆ موچە بهێنە مزگەوت و پێشنویژی بکەن و وتاری هەینی بدەن؟ ئەگەر مەلاکان کەسانێک بن کە خوا و ئایین و پێغەمبەریان هێندە خۆش بووێت و لە خوا بترسن و...هتد، بۆچی بەخۆڕایی و بە خۆبەخشی لە پێناو خوا ناچن بۆ مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان ناکەن و نزیکەی نیو کاتژمێرێک لە هەفتەی یەکجار ووتاری هەینیان بۆ نادەن و ژن مارە ناکەن؟ بۆچی مەلاکان پابەندی قسەکانی خۆیان نابن کە بە موسڵمانان دەڵێن دەبێت ئێوە هەمووتان بێنە مزگەوت و نوێژی بە کۆمەڵ بکەن و ئاماددەی وتاری هەینی بن و لەکاتی نویژ و وتاری هەینی واز لە دونیا و لە کار و کەسابەت بهێنن و بێنە مزگەوت و خواپەرستی بکەن و...هتد؟ بۆچی مەلاکان لەپێناو خوا و ئیسلام و ڕۆژی دوای ناهێنە مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان ناکەن و وتاری هەینیان بۆ نادەن بە خۆڕای و بە خۆبەخشی؟ ئایا ئەمە کاریگەری خراپ ناکاتە سەر بیروباوەڕی ئایینی و ئایین ناشرین ناکات و خەڵک لە ئایین دوورتر ناخاتەوە؟ بۆچی مەلاکان ناچن کار و کەسابەتێکی تر بکەن بە سەربەرزی و بەحەلالی خۆیان و ماڵ و منداڵ و خێزانیان بژێنن، بۆچی بە موچەی مەلایەتی و بە پێشنوێژی کردن بۆ موسڵمانان و بە خوێندنەوەی وتاری هەینی لە هەفتە یەکجار دەیانەوێت خۆیان و ماڵ و منداڵ و خێزانەکانیان بژێنن؟ ئایا ئەم ڕێگایە گونجاو و مەعقوڵ و ڕێک و پێک و شەرعی و حەلالە؟

ئەمن پێم وایە ئەمە فێڵبازی و کلاوات کردنە کە مرۆڤ، جا هەر مرۆڤێک بێت، بیەوێت بەهۆی باسکردنی خوا و ئایین و پێغەمبەر و ڕۆژی دوایی و...هتد، پارە پەیدابکات و خۆی پێبژێنێت . ئەمە ناکاتە خۆشەویستی بۆ خوا، بەڵکو دەبیتە ئیش و کار بۆ پەیداکردنی پارە . چوونە مزگەوت بەپاڵنەری پارەیە، نەک بە پاڵنەری خوا پەرستی و خۆشەیستی، یان ترس لە خوا . مزگەوت دەبێتە دوکان و کۆمپانایا و مەلا و خزمەتگوزارەکانیش دەبنە خاوەن دوکان و خاوەن کۆمپانیا و شاگرتی دوکان و کرێکاری کۆمپانیا کە کارەکانیشیان بە جوانی ناکەن و مزگەوت بە باشی خاوێن ناکەنەوە.

بیانوێکی تری مەلا موچەخۆرەکان ئەوەیە کە ئەگەر مەلا بچێت کار و کەسابەتێکی تر بکات، ئەوا ناتوانێت بێتە مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکات و وتاری هەینیان بۆ بدات . پرسیار ئەوەیە ئەدی مەلاکان چۆن بە خەڵکی دەڵێن دەبێت ئێوە بێنە مزگەوت و بەشداری نوێژی بە کۆمەڵ بکەن و ئاماددەی وتاری هەینی بن لە کاتی بیستنی بانگ دەست لەکار هەڵگرن و..هتد، بەڵام مەلاکان خۆیان ناتوانن ئەمە بکەن، هەم کار بکەن و هەم بێنە مزگەوت؟ بۆچی مەلاکان موسڵمانان دەشکێننەوە و پێیان دەڵێن لەکاتی نوێژ و وتاری هەینی دەست لە دونیا و لە کۆکردنەوەی پارە هەڵگرن و وەرنە مزگەوت، بۆچی مەلاکان خۆیان ئەمە ناکەن و ئەمە بە جوانی لەسەر خۆیان جێبەجێ ناکەن بە شێوەیەک بچن کار و کەسابەتێکی حەلال بکەن و لە کاتی نوێژ و وتاری هەینیش بچنە مزگەوت؟ ئایا پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی ئیشێکی هێندە قورس و گرانە کە پێویست بکات لە هەر مزگەوتێک، مەلایەک یان چەند مەلایەک دابمەزرێندرێن، بۆئەوەی پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن و نزیکەی نیو کاتژمێرێک ووتاری هەینیان بۆ بدەن و ژن مارە بکەن؟ ئایا پێشنوێژی کردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی لە هەفتە یەکجار، هێندە قورسە و هێندە کاتی دەوێت هەتا مەلاکان نەتوانن کار و کەسابەتێکی تر بکەن و بە خۆبەشی و بە خۆڕایی لەپێناو خوا بێنە مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن و وتاری هەینیان بۆ بدەن؟ ئەدی بۆچی موسڵمانی تر هەیە کرێکاری ئەکات و ئیشی قورس و سەخت ئەکات، بەڵام دەشهێتە مزگەوت و نوێژی بە کۆمەڵ دەکات و ئاماددەی وتاری هەینی دەبێت؟ بۆ ئاماددەکردنی ووتاری هەینی لەلایەن مەلا موچەخۆرەکانەوە کارێکی هێندە زەحمەتە هەتا کاتی بوێت و مەلا ماندووبکات و مەلا نەتوانێت ئیش و کار و کەسابەتێکی تر بکات؟ بۆ ئاماددەکردنی ووتاری هەینی لەلایەن مەلا موچەخۆرەکانەوە بۆ موسڵمانان لە هەفتەی یەکجار کە نزیکەی ٢٠-٣٠ خولەکێک ئەخایەنێت، چەند کاتی دەوێت و چەند کاتی پێویستە، هەتا مەلا ئەم وتارە ئاماددەبکات کە ئەمە یەکێکە لە بیانووەکانی مەلا موچەخۆرەکان بۆ شەرعاندنی وەرگرتنی موچەکانیان؟ ئایا ئاماددەکردنی وتاری هەینی ٢٠-٣٠ خولەکێک بۆ موسڵمانان لەلایەن مەلا موچەخۆرەکانەوە لە هەفتەی یەکجار هێندە کاتی ئەوێت، هەتا مەلا نەتوانێت بچێت ئیش و کار و کەسابەتێکی تر بکات و هەموو هەفتەکە خەریکی ئاماددەکردنی ووتاری هەینی بێت؟ کام مەلای موچەخۆر هەیە ئێستا کە هەموو ڕۆژانی هەفتەکە خەریکی ئاماددەکردنی ووتاری هەینی بێت و هیچ کاتی نەبێت بۆ هیچ شتێکی تر؟ بۆ مەلا موچەخۆرەکان چ وتارێکی هێندە گرنگ ئەخوێننەوە، هەتا ئەو هەموو کاتەی بووێت بۆ ئاماددەکردنی؟ چ مەلایەکی موچەخۆر هەیە لە ئێستادا کە زۆربەی کاتەکانی لە ئاماددەکردنی وتاری هەینی و لە خوێندنەوە و نووسینی کتێب و توێژینەوە بباتە سەر؟ بۆ ناچن ئیش و کار و کەسابەتێکی گونجاو بکەن و ڕۆژانە لەپێناو خواش پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکەن و بەڕادی پێویستیش لە ماوەی هەفتەیەک خۆیان ئاماددەبکەن بۆ ووتاری هەیینی؟ ئەگەر بۆ نموونە مەلایەک هەستی کرد هەفتەیەک ئیشی زۆر کردووە و کاتی کەم هەیە بۆ ووتاری ئایینی، ئەوا با ئیشەکەی کەم بکاتەوە، یاخود زیاتر خۆی مانددبکات لەو هەفتەیەدا بۆ ئاماددەکردنی ووتارەکە، بۆچی کاتەکانی ئیش کەم ناکاتەوە، یاخود ئاماددەنیە لە هەفتەیەکدا کەمێک زیاتر خۆی ماندووبکات بە ئاماددەکرنی ووتارەکە لە پێناو خوا و ئایینی خوا؟ بۆچی ئیش و پارە ناکاتە قوربانی خوا و ئایینی ئیسلام و دواڕۆژ؟ بۆچی ئەوان خۆیان داوا لە موسڵمانان دەکەن کە هەموو شتێک بکەنە قوربانی خوا و ئایینی ئیسلام، بەڵام خۆیان ئاماددەنیین ئەمە بکەن؟ بۆچی خۆیان تەمبەڵن و تاقەتیان نیە کە خزمەتی خوا و ئایینی خوا بکەن؟

مرۆڤ ئەگەر بە دڵ حەزی لە شتێک بیت و باوەڕی پێبێت، ئەوا ئاماددەش دەبێت قوربانی لە پێناودا بدات و خۆی لە پێناودا ماندوو بکات، بەتایبەت بۆ خوا و ئایین، بۆیە پێویستە مەلاکانیش ڕاستگۆبن و ئەگەر خوا و ئیسلام و پێغەمبەریان خۆش ئەوێت، ئەوا دەبێت ئاماددەش بن بە خۆڕایی خزمەتیان بکەن و هاتوچۆی مزگەوت بکەن و پێشنوێژی بکەن و وتاری هەینی بدەن و ژن مارە بکەن و...هتد.  

ئەمن پێم وایە ئەم بیانووەشیان بیانوێکی زۆر لاوازە . مەلا موچەخۆرەکان تەمبەڵن و دەیانەوێت بازرگانی بە خوا و بە ئایینی ئیسلام و بە قورئان و بە پێغەمبەرەوە بکەن و بە ئاسانی پارە پەیدابکەن، بەبێ ماندووبوون، ئەگەرنا پێشنوێژی کردن بۆ موسڵمانان و ئاماددەکردن و خوێندنەوەی وتاری هەینی کارێکی زەحمەت نیە و کات و مانووبوونی زۆری ناوێت و هەر موسڵمانێک لە موسڵمانە ئاماددەبووەکانی نوێژی بە کۆمەڵ دەتوانێت پێشنویژی بۆ موسڵمانان بکات . هەروەها هەر مەلایەک ئەگەر بەڕاستی خوا و ئایین و قورئان و پیغەمبەری خۆش بووێت و قورئانی خوێندبێت و سەر لە زمانی عەرەبی دەربکات، ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی وتاری هەینی بە ماوەیەکی کەم ئامددەبکات، بەبێ مانووبوونێکی شایەنی باس، بەتایبەت کە وەزارەتی ئەوقافیش مەلزەمەکانیان دابەش ئەکەن هەفتانە لەبارەی خوێندنەوەی وتاری هەر هەفتەیەک . هەروەها ئەو مەلایەنە خۆشیان خوێندوویانە و فەقێ بوونە و ئیشێکی هێندە زەحمەت نیە هەر بەو زانیاریانەی کاتی فەقێیاتی، ووتارێکی ٢٠-٣٠ خولەک بۆ خەڵک بدەن، بەتایبەت خەڵکێک کە زۆر سەر لە ئایین و قورئان دەرناکات و زمانی عەرەبی نازانێت . خۆ ئەو مەلایانە ووتار بۆ قوتابی ماستەر و دکتۆرا نادەن، بۆ خەڵکی ئاسایی ئەدەن، بۆیە ئاماددەکردن و پێشکەشکردنی ووتاری هەینی کارێکی هێندە قورس نیە وەک مەلا موچەخۆرەکان بانگەشی بۆ دەکەن . پێشنوێژی و وتارخوێنی ئیشەکی هێندە زەحمەت نیە کە مەلای بۆ دابمەزرێندریت و مەلا نەتوانێت کارێکی تر بکات وەک مەلا موچەخۆرە تەمبەڵەکان باسی دەکەن و ئەمەیان کردۆتە بیانوو. مەلا ئەگەر مەلایەکی ڕێک و ڕاست بێت و باوەڕی هەبێت بە خوا و ئایینی خوا و بە پاداشت و سزای خوا، ئەوا ئاماددەش دەبێت بە خۆڕایی و بە خۆبەخشی تەنها لە پێناو خوا بچێت بۆ مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکات و وتاری هەینیان بۆ بدات و بۆ خۆشی خەریکی کار و کەسابەتێکی تر بێت.

لەبارەی ئەو بیانووانەش کە دەڵێن مەلاش چەند ساڵ خوێندویەتی، مافی خۆیەتی موچە وەربگرێت وەک موچە خۆرانی تر، ئەوا ئەم مەلایانەی کە ئەم قسەیە دەکەن، ئەوان خۆیان بە ناڕاستەوخۆیی دەڵێن مەلایەتیش ئیش و پیشە و کەسابەت و بازرگانیە بۆ پارە پەیداکردن، نەک مەلاکە تەنها لە پێناو خوا چووبێتە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و لە ناخەوە حەزی ئایینی و خوا پەرستی و خۆشەویستی ئیسلام و پێغەمبەر وای لێکردبێت کە ئەم بڕیارەی دابێت، بەڵکو لەپێناو پارە و موچە و ئیشی داهاتوو ئەم بڕیارەی داوە و چاوەڕوانیشە کە پاداشت بدرێتەوە بە موچە و پارە و مال و سامان، نەک چاوەڕێی ئەوە بکات کە خوا لە دوا ڕۆژدا پاداشتی بداتەوە .

بە بۆچونی من مەلایەتی جیاوازە لە پیشەکانی تر . ئەگەر هەموو پیشە و پسپۆڕیەک بە پارە بێت و بە پارە و بۆ پارە کەسەکە بخوێنێت و بڕوانامە بەدەستبهێنێت و ئیشێک بەهۆی بڕوانامەکەی بدۆزێتەوە، ئەوا ناکرێت بە مەلایەتی ئەمە بکات، چونکە دەبێتە بازرگانی کردن بە خوا و ئایین و دوا ڕۆژ و...هتد.

لەبارەی بیانووی ئەوەی کە مەلاش فەقێی هەیە و دەرس دەداتەوە، ئەوا ئەم بیانووەش بە ڕاست نابینم بۆ زۆربەی مەلاکان، چونکە نە هەموو مەلایەک فەقێی هەیە، نە ژمارەی فەقێکانیش زۆرە، نە وانەکان درێژن و نە کات و هەوڵ و مانددوبوون و خۆ ئاماددەکردنی زۆری دەوێت، بۆئەوەی مەلاکە وانەکانی بڵێتەوە . هەروەها  ئێستا وەک جاران نەماوە، چەندین قوتابخانەی ئایینی هەن لە شار و شارۆچکەکان بۆ خوێندنی ئیسلامی، با فەقێیەکان بچنە ئەوێ . ئەوەی ناشتوانێت بچێتە ئەوێ، ئەوا با مەلاکان لەپێناو خوا وانەکەی پێبڵێنەوە.

هەروەها بیانووێکی تری مەلا موچەخۆرەکان بۆ شەرعاندنی موچەکەیان ئەوەیە کە ئاماژە بە ڕۆڵی خۆیان دەکەن لە کۆمەڵگا لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان . جارێ یەکەم شت هەر ئەو سیستمە کۆمەڵایەتیەیی کە ئەم ڕۆڵەی بۆ ئێوە و بۆ پیاو ماقوڵان و ڕیش سپیان درووستکردووە، پێویستە بگۆڕدرێت و دەستکاری بکرێت و دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەت و پۆلیس و دادگا و دادوەرکان ئەو ڕۆڵە بگێڕن و یاساکان جێبەجێ بکرێن، یاسای پێشکەوتوو و دادپەروەر و...هتد، هەتا مافی مرۆڤەکان و تاکە بە تاکەی کۆمەڵگا دەستەبەر و پارێزراو بێت بە شێویەک کە ئەوپەڕی دادپەروەری تێدا بێت، نەک چارەسەرکردنی کێشەکان بکەوێتە دەست مەلا و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵ و ئەوان بە کەیفی خۆیان و بەپێێ تێگەیشتن و زانیاریان لەبارەی شەریعەت و بەپێی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی لە دیوەخانەکان بڕیار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و ژیان و داهاتوو و حەز و وویستی تاکەکانی کۆمەڵگا بدەن...هتد.

بەکوورتی ئەم ڕۆڵە کە مەلا موچە خۆرەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بۆ شەرعاندنی موچەکەیان، ڕۆڵیکی بەرهەم هاتووە لە سیستمێکی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو . بە گۆڕانی ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتیە ناڕێکە، بەشێوەیەکی خودکار ئەم مەلایانە و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵەکان، ڕۆڵەکەیان لە دەست دەدەن و لە دەستیان دەچێت . ئەم ڕۆڵە ڕۆڵێک نیە کە بنەما و بناغەیەکی ڕێک و ڕاستی هەبێت و پێویست بکات مەلا و ڕیش سپی و پیاو ماقوڵەکان بەهۆیەوە پارە و موچە وەربگرن کە وەری دەگرن . پێویستە ئەمە کۆتایی بێت، زیادە و نا پیویستە.

بیانووێکی تری مەلا موچە خۆرەکان بۆ شەرعاندنی موچەکەیان و باوەڕهێنان بە ئێمە کە وەرگرتنی موچە لەلایەن ئەوانەوە هیچ کێشەیەکی تێدا نیە ئەوەیە کە باسی ڕۆڵی خۆیان دەکەن، بەتایبەت لە ڕابردوودا لە بواری زانست و زانیاریدا، بەتایبەت لە بواری ئەدەبدا، لە نووسینی هۆنراوە و شیعردا.

جارێ یەکەم شت بەرهەم هێنانی زانست و زانیاری و ئەدەب و شیعر لە کۆندا تەنها تایبەت نەبووە بە مەلاکان و لەدوای بڵاووبوونەوەی ئیسلام دەستی پێنەکردووە، بەڵکو ئەمە ڕیشەیەکی مێژووی هەیە و هەر لە کۆنەوە کاهین و پیاوانی ئایینی لە پەرستگاکان کە لەسەر گیرفانی خەڵکی درووستیان کردبوون و خۆیان پێئەژیاند، ئەدەب و شیعر و پەخشان و چیڕۆک و داستان و درۆ و فەلەکناسی و... بەرهەم هێناوە بەڕادەی خۆیان و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و پێشکەوتنیان.

ئەمە شتێک نیە کە تەنها تایبەت بێت بە مەلاکان و ئەوان شانازای پێوەبکەن و خۆیان پێوە هەڵکێشن و بەهۆیەوە موچەکانی خۆیان بشەرعێنن، بەڵکو ئەمە هەر پێشتر لەلایەن کاهینەکانەوە ئەنجام دراوە و لە ئایینەکانی تریش ئەمە کراوە و قەشەکانی مەسیحیەکان و کەسە ئایینیەکانی ئایینەکانی تریش ئەمەیان کردووە . ئەمە بەشێک بووە لە ژیانی کۆن و ئێستا بارودۆخ و زانست و توێژینەوە و ئەدەب و شیعر و شاعیر گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و نەبەستراوەتەوە بە حوجرە و مزگەوت و پەرستگا و کەنیسە و مەلا و قەشە و ...هتد. ئێستا زۆربەی مەلاکان نازانن چەند دێرە شیعرێک بنووسن، کەواتە ئەگەر پێشتر مەلاکان ئەو سودەیان هەبووبێت کە ئەدەب و شیعریان بەرهەم هێنا بێت و نووسیبێت، ئەوا خۆ ئێستا مەلاکان ئەم سوودەشیان نیە و نەماوە.

جگە لەوەش، ناکرێت ئەوان بە مەلاکانی پێش خۆیان موچە وەربگرن و بڵێن ئەوان ئەدەب و شیعریان نووسیوە، ئەوا دەبێت ئێمە موچە وەربگرین . ئەمە هیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە و ناکرێت بە ناوی ئەوانە خۆیان تێربکەن و خۆیان بژێنن.

لە کۆتاییدا، هەموو ئەو بیانووانەی کە مەلاکان هێناویانەتەوە و لەسەرەوە باسم کردن، ئەوا بیانووی بێ مانان و تەنها بۆ باوەڕهێنان بە خۆیان و بە خەڵکی ئەم بیانووانە دێننەوە، هەتا بڵێن گونجاوە مەلا موچە خۆر بێت . مەلا موچەخۆرەکان بەو بیانووانە دەیانەوێت بازرگانی بە خوا و بە ئایین و بە قورئان و بە قیامەت و بە پێغەمبەر و بە هاوەلانی پێغەمبەر و بە مێژووی ئیسلامەوە بکەن و بە ئاسانی و بە بێ کێشە و ماندبوون داهاتێکی جێگیر بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و خۆیان پێتێربکەن...هتد.

پێویستە موسڵمانانی ڕاستەقینە خۆیان ڕێگە نەدەن کە مەلاکان بازرگانی بە مزگەوت و بە خوا و بە قورئان و بە ئیسلام و بە پێغەمبەر و بە هاوەڵانی پێغەمبەر و خزم و کەسەکانیەوە و بە مێژووی ئیسلامەوە بکەن . پێویستە هەموومان پێکەوە بەرەنگای ئەم بازرگانیە ناشرعی و نائەخلاقی و نامەعقوڵە ببینەوە و مەلا موچەخۆرەکان موچە بڕ بکەین و دووریان بخەینەوە لە مزگەوت و لە مینبەر . لەجیاتی ئەوان دەرفەت بڕەخسێنین بۆ مەلای ڕاستەقینە کە ئاماددەیە خۆبەخشانە تەنها لەبەر خوا و لەپێناو خوا بێتە مزگەوت و پێشنوێژی بۆ موسڵمانان بکات و وتاری هەینیان بۆ بدات.

هەروەها پێویستە هەموومان پێکەوە داوا لە حکومەت بکەین و تەنگاوی بکەین کە موچەی مەلاکان و فەرمانبەرانی سەر مزگەوت ببڕێت. ئەگەر مەلا باوەڕی بەهێز بێت و چاوی لە ڕەزامەندی خوا بێت، ئەوا ئاماددەش دەبێت لە پێناو خوا بێتە مزگەوت و بە خۆڕایی پێشنوێژ بۆ موسڵمانان بکات و وتاری هەینیان بۆ بدات.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە