ئایا گۆرانی "هەلهەلەی مەخلقوق" دەبێتە ناسنامەی عادل عەزیز؟

Tuesday, 09/02/2021, 2:18

6032 بینراوە


https://www.facebook.com/100037149023814/videos/407801750468122/  

ووتەیەکی  جوان هەیە کە دەڵێن : "بەرپرسم لەوەی کە ووتومە ،بەڵام بەرپرس نیم لەوەی چۆن تێیدەگەیت "  هەلهەلەی مەخلوق  یەکێکە لەشاکارە جوانەکان کە دەکرێ "عادل عەزیز" وەک ناسنامە پێی بناسرێتەوە ، عادل لەدوای ڕاپەڕینەوە  لەزۆر بواردا  دەرکەوت، لەڕێگەی کەناڵی  تەلەفیزۆن و دەنگیشی لەناو ڕادیۆدا بووە ئاشنای  ناو هەمووان ، کەچووە ناو گۆڕانەوە هێندەمان زانی  بووە بەپەرلەمانتار و ڕەنگە چەند جارێکیش دەستی هەڵبڕیبێت بۆ یاسا لاستیکێکانی ناو پەرلەمان و دەرکەوتنی لەکاتی ڕووداوە زۆرو زەبەندەکانی هەرێمدا کە بەردەوام ڕودەدەن و تۆزی مێژوو دایان دەپۆشێت .  

 بەڵام مەرج نییە من هەموو شتەکانیم بەدڵبوبێت ، باوەڕم نییە خۆشی چاوەڕوانی ئەوەی کردبێت لەکەسمان و بیەوێت دڵی هەمووان ڕازیی بکات ،  من نەشم شاردۆتەوە بەخۆیشم ووتوە، چونکە ئاشنایەتی ئێمە مێژوویەکی هەیە،  کەدەڵێم مێژوو یەک دەبێت باسی بکەم .  

عادل کەسێکی بزێوە ئاشنایەتی ئێمە و برایەتیمان چەند دەیەکەیەکە کە "مەجید "ی برا ی هاوڕێ و برای ڕۆژە کانی زووتر بوو  کە لەودەمانەدا  شەقامەکانی سلێمانیمان تەی دەکرد و خەوێکمان هەبوو لەپێناویدا  بۆی دەجەنگاین لەڕیزەکانی کۆمەڵەدا، دوایش کەتەمەنمان لەهەڵچوندابوو هەردووکمان ڕوومان لەچیاکرد ، تا کبریاو کەرامەتمان  بەپارێزراوی بهێڵینەوە و بەئاگاش بووین لەوەی کە لەچیادا بەئازادی وسەرفرازی ناگەین

عادل برایەکی خنجیلانەی لاوازو درێژبوو  بزێوو هەمیشە لەجوڵەدابوو لەگەڕەکی ئیسکان و" مەجید" ی برای زۆرجاران باسی بزێوێکەی دەگێڕایەوە بۆمان ،  نەمدەزانی  ڕۆژگارێک دێت  ئاوا دەردەکەوێت ؟

 هەموو جارێک لەگەڕانەوەمدا بۆ نیشتمان "عادل" دەیبینم و کۆمەڵێک یادگاری نوێ  تۆمار دەکەین .  ئەو ئیتر منداڵە  بزێوەکە نەبوو ، دووا دیدارمان لەشەوێکی پڕ ئەستێرەی گوندە ئەتک کراوەکەی" سیتەک"دا بوو ، ئەو شەوە  عادل هەندێک گۆرانی خۆشی بۆ ووتین کە  "هەلهەلەی مەخلوق " یەکێک لە جریکەکانی ئەوشەوە بوو، من نەم نەم دەزانی کە عادل دەف لێدەرێکی دەروێشانەش دەزانێت و ڕیتمی دەف و عەڵقەی دەف تێکەڵێ ئەو ئاوازە عاریفانەیە دەکات ، بەڕاستی ئەوشەوە بەخاکەڕایەوە دەتوانم بڵێم هێندەی هەموو دنیا چێژی گۆرانیم کرد.

چونکە ئەم دانیشتنە ماڵی "ڕزگار" هاوڕێمی هێنامەوە بیر کە کاک "شێخ بەکر" زۆر شەوانی هەینی کاک "ئەحمەدی خولە سنەی "

دەهێنایەوە بەدەم  خواردنەوەوە  گۆرانی دەچڕی و ئێمەش بە مەنجەڵ و کەوچک تەپڵمان لێدەداو لەگەڵیا گۆرانێکانمان دەووتەوە.

 ئەوشەوە هەستم بەهەڵکشانی هەناسەیەکی گەرم کردو لام وابوو ژیان هێشتا مانایەکی هەیە کە بۆی بژیت ، بۆیە پێم ووت : عادل براجوانەکەم  خۆزگە هەر خەریکی  هونەر دەبوویت و وازت لەم حیزبانە دەهێنا کە هەموو هیوایەکیان  کردۆتە سەراب .

 ئەو شەوە بۆم دەرکەوت کە من بۆچی ٢٧ساڵە قێز لەگۆرانی کوردی دەکەمەوە ، بە"عادل "م ووت:  ئەم شەو تۆ لەگەڵ گۆرانی کوردیدا ئاشتت کردمەوە ، ئەوە ئەو شەوەبوو کە بێئاگا شادمان بووم  کە گوێم لە عادل دەگرت .

بەڕووە خۆشەکەیەوە گۆرانی دەچڕی .  قسەمان زۆرکرد عادل ئیتر گەنجە بزێوەکە نەبوو ، ئەو لەئەزمونەوە قسەی دەکردو خەمێکی زۆریشی کردبۆ هەگبەکەیەوە ،  زۆرمان قسەو باس کرد، لەسەر پەرلەمان و سیاسەت و ئەدای ئەوڕۆژانەی پەرلەمان و شاری هەولێرو گۆڕان و حیزبەکانی تریش ، ئێستا قسەی من لەسەر ئەوە نییە ، قسەی من لەسەر گۆرانیەکە کە دیندارەکان  زۆر شانازی پێوە دەکەن و تێکستی ئەم گۆرانییە بەلوتکەی عاریفانە  وەردەگێڕن ، هەریەکە لە پیاوە ئایندا جۆرێک  لێکدانەوەی هەیە  بۆ ئەم هۆنراوەیەی" مەحوی" و پێمان دەڵێن خۆ ئێوە بەقەدەر مەحوی ئاگامەند نین و دنیا توڕەهاتە ، وەرن کڕنوش بەرن تا بگەنە مەلوکی خواوە ، هەموو ئەو دیندارانە کە لەمینبەرەکاندا  دیوانێکی مەحوی بەدەستیانەوەیەو لەبن دارو لەمعرابدا هۆنراوەکانی تاو توێ دەکەن و نەسیحەتمان دەکەن لەڕێگەی خوێنەوەی هۆنراوەکانی مەحوی وە ،  کەچی کەسیان  نەیان توانیوە  وەک عادل عەزیز ببنەخاوەنی  ئەو هۆنراوە عاریفانەیە .  

هیوام وایە "عادل عەزیز" چەند  کارێکی وائەنجام بدات ، تا لەو گەڕەلاوژێیەی گۆرانی ڕزگارمان بێت و  جارێکی تر ئاشتمان کاتەوە بەدنیا جوانەکەی   گۆرانی ووتن .

ئای چەند هێمن و لەخۆبایی ژیانمان دەڕوات ، کەچی ئێمە هەر لە ناو خەیاڵی ئەوڕۆژانەداین کە لەڕادیۆکەوە ،عەلی مەردان ،تایەر تۆفیق ، حەسەن زیرەک  ، ماملێ ،  سەید عەلی ئەزغەر و کاوێزئاغا  بێتەوە میوانمان و بمان گەڕێنێتەوە  ئەو سەردەمەی کە هەموو شتێک  هەموو هونەرێک بەهای خۆی هەبوو،  ئێستاشی لەگەڵ بێت هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت ئەو هەوایەی کە لەنیشتمانە وە دێت  بۆلام ،  دواجار دەڵێم خۆزگە هەموو ئەوکەسانەی کە کارێکیان لەباردایە ، ڕێزلە خۆیان بگرن ، تا لەڕێگەی خۆیانەوە کارە هونەرێکەشیان  ڕسوای نەچنێتەوە، ژیان  تەنها ڕاکردن نییە بەدوای پەلکەزێڕینەدا ،  من کەم ڕۆژ هەیە بەچاوی نوقاو دڵی کراوەوە گوێ لەگۆرانی مەخلوق نەگرم، هەست دەکەم کاتێک "عادل" ئەم گۆرانییە دەڵێت ڕۆحی" مەحوی" ش گوێێ لێدەگرێت .

کونفۆچیۆس لەوانەکانی ڕەوشتدا دەیووت :

تاکە شتێک که‌زۆر گرنگه‌ خه‌ڵکی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌که‌ین ، ئەوەیەکه‌چۆن بتوانن ناسنامه‌ی خۆیان بپارێزن


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە