جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین ئامرازێکە بۆ تورکیا و ئیران!


سینەمای سۆڤیەتی یان ئەمریکی، کامیان؟

Tuesday, 02.09.2021, 21:44

1071 بینراوە


جیاوازیی چییە لەنێوان لینین و خامەنەیی لە بارەی هونەرەوە؟ کاتێک خامەنەیی خەریک بوو بێتە سەرتەخت، بە بۆینباخەوە بوو. هونەرمەندان چون بۆ لای کە گەرەنتی وەرگرن لە خامەنەیییەوە بۆ پەرەپێدانی هونەر لە ئیراندا، خامەنەیی وتی گیروگرفتمان نییە لەگەڵ هونەردا و پەیمانی دابوو پێیان کە بودجەیەک تەرخان بکات بۆ هونەرمەندان. بەڵام هەر هاتە سەرتەخت جارێ یەکەم بۆیانباخی کردە عەمامە و دووهەم ده‌ستیكرد به‌ ڕاوەدوونانی هونەرمەندان. بەڵام لینین لە چاوپێەکەوتنێکدا لەگەڵ سەربازێکی ڕۆشنبیر و ئازادیخوازێکی بەلشەفی ئەناتۆنی لوناکارسکی (١٨٧٥ ئۆکرانیا – ١٩٣٣ فەرەنسا) وتی: هونەرەکان بۆ ئێمە جێی بایەخدانە. هەر بەڕاستی هونەر بایەخی پێدرابوو بەڵام چۆن؟
بیروباوەڕی بەلشەفییەکان یان ئایدۆلۆجیاكه‌یان زۆر پێشکەوتوو بوو یان پێشکەوتووترین سیستەمی سیاسی ئەو چەرخە بوو، هەر پێش ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست پەیمانیان دابوو تەکنۆلۆژیا لەو وڵاتەدا پێش بکەوێت، ئەو کاتەش مەبەستیان لە تەکنۆلۆژیا لە ڕادیۆ و ماشین و فڕۆکە تەنانەت بیریان لەوە دەکردەوە  کەشتی دەریایی دروست بکەن و بارهەڵگری ڕۆكێتش بێت. بەڵام بە چرپە باسی فیلمی جوڵاوە و سینەما دەکرا و بایەخی زۆر کەمی پێده‌درا هەر لەدوای چاوپێکەوتنەکەی لینین خەڵك بە ڕادەیەكی باشتر بە ئاگا هاتنەوە و چاویان کرایەوە وەک ئەوەی بە خواردنەوەی كوپە چایەك تۆزێك وزەیان تێهاتبێت.
کاتێک ئەناتۆنی لوناکارسکی قوتابخانەیەکی سینمایی دامەزراند، هیچی نەبوو. نە بودجە، نە ئەرشیفی فیلمەکان تەنانەت کامێراشی نەبوو، بەڵام دەرسەکانی سینمای هەبوو. ئەو زەمانە سۆڤیەت فلیمی دەرئەکرد، فیلمی نامۆ بوون بۆ نموونە هەواڵەکان، فیلمێک چۆن چارەسەری ئەسپێ دەکەیت یان هانی خەڵکیان دەدا کە چۆن تەوالێت بەکاربهێنن، ئەمانە ڕکابەری فلیمە ئەمریکاییەکان نەبوون بەتایبەت لە کاتی شەری ناوخۆ لە سۆڤیەت (١٩١٧-١٩٢٣) هەروەها ئەکتەرەکان لە فلیمە ڕۆژئاوایەکان نەرم و نیان و قۆز بوون بۆ نموونە فیلمەکانی چارلی چاپلن بەڕاستی خۆشەویست بوو لای چەپەکان( هەرچەندە  تاوانباریان کرد کە کۆمۆنیستە لە وەڵامدا ووتی من کۆمۆنیست نیم بەڵکوو داوای ئازادی بۆ جیهان دەکەم) ئەمەش لینکی ئەو پارچە فلیمەیە کە تۆش پێی دەڵێی ئازادیخواز:

  ئەمە بۆخۆی سەرەتایەک بوو بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەکی چڕ لە پێناوی گەشەسەندنی سینمای پرۆلیتاری یان سۆشیالستی. ئەم ڕوداوانە لەسەرەتای چەرخی بیستەم  بوو، سینه‌مایان گەشەی کرد تا توانیان فلیمی جولاوەی دزێک لە بەغدا (١٩٢٤) به‌رهه‌مبهێنن، كه‌ پڕبایەخترین فلیمی ئەو سەردەمە بوو، قازانجێکی زۆریشی کرد. پاشان مانگرتن ١٩٢٤ ، ئینجا فلیمی دایک (مەکسیم گۆرگی) ١٩٢٦ بەرهەمهات. ئەمەش لینکەکەیەتی:
بە شێوەیەکی گشتی سیگمۆند فرۆیدی دکتۆری سایکۆلۆجی نەمساوی دەڵێت هەموو شتێک پەیوەندی بە سیکسەوە هەیە، تەنها ئێمە نەبێت کە دەڵێین هەموو شتێک پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، بۆ نموونە (ئێستا دەگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆم)، فتوحاتی ئیسلامی لەبەر سێکس و تاڵان بوو، هاتنی داعش لەبەر سێکس بوو ، بۆ فرۆشتنی زیاتری ماشێن کچێکی نیمچە ڕووتی سێکسی لەگەڵ دادەنێن ، بۆ فرۆشتنی زیاتر ئایس کریم دەمی کچێکی نزیک دەکەنەوە ، هەروەها لە هەموو فلیمە ئەمریکیەکاندا ئەکتەرە سەرەکییەکە تەمەنی ٦٠ ساڵە بەڵام لەگەڵ کچێک دەبێت کە حەزی لێ دەکات تەمەنی لە نێوان ١٧-٢٠ ساڵانە و سێکسیشی لەگەڵ دەکات، زۆربەی ئەو کچانەش پەناهەندەکانی ئەمریکای خواروون ( مەزندە دەکرێت ئەمریکا ١١ ملیۆن پەناهەندەی تیایە بە بێ وەڵامن) یان لە فلیمە هندییەکان کامێرا زۆر دەڕوانێتە چاوە جوانەکان بڕوانە بۆ ئەو لینکە ئەو چاوە جوانانەی
لە فلیمی هیندیدا و ئەگەر گۆرانیشی تیا نەبێت ئەوە ئەو فیلمە کەم بایەخە و قازانجی کەمە چونکە گۆرانی بەشێکە لە ئاینەکەیان.
ئەم جۆرە فیلمانە لە پۆلی یەکەم بەمانای ئەم پۆلە فیلمانە دوورن لە ڕاستی، واتە خەیاڵین ، تجارین و قازانجێکی خەیاڵی پەیدا دەکات ، ‌هێزێکی لەڕاده‌بەدەر دەدرێتە ئەکتەره‌ سەرەکیەکە، کچێکی سێکسی حەزی لێدەکات، گرفتەکان بە تەقە و شەڕ و کوشتن و خوێن ڕشتن چارەسەر دەکات، دەبێت لە کۆتاییدا ئەکتەرە سەرەکیەکە ببێتە بۆرژوا ئیتر بە هەر ڕێگایەک بێت بۆ نموونە خەڵاتێکی گرانبەهای پێشکەش دەکرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت لەلایەن باڵادەستەکانی ئەمریکاوە، یان ٤٠ ملیۆن دۆلار دەدزێت ٣٥ ملیۆن دەگەڕینێتەوە بەڵام بە ٥ ملیۆن دۆلارەوە لە مەنفا دەژی. لە کۆتاییدا وا لە بینەر دەکات کە هەوڵ بدات بۆ پلە و پایە و پارە وپول، ئینسانیەتت لە پێش چاوی دەخات. بەتایبەتی ئەم خاڵە لە فیلمی کاوبۆیەکان بەدی دەکەیت. (لە هەمان کاتدا فیلمی مرۆڤدۆستیشیان هەیە )ئامانجی فیلمەکە ئەوەیە کە تۆ دەبێت بببیت بە بۆرژوازی. هەر بۆ زانین لە هەر فیلمێک یان درامایەک ئەگەر ژن تێیدا بەهەموو مانایەک ئازاد نەبێت یان بە زەقی ئەگەر خۆی تەسلیم نەکات کە ڕۆلەکەی وا داوابکات (بۆنموونە دەبێت لە فیلمەکە ئیغتیصاب بکرێت، سیناریۆکە وایە) ئەو فیلمە سەرکەتوو نابێت هەر بۆیە هونەری کوردی ئەم خەسڵەتەی تیا نیە بۆیە لە دوواوەیە. بۆیە ناتوانن فیلمی ئەنفال دەربکەن چونکە ژنەکان ڕوتکراونەتەوە.
لەلایەکی ترەوە لە سینه‌مای هۆلیودی ئەمریکی لیستێکیان هەیە ئەوە لیستی ڕەشە(١٩٤٦ دامەزرا)، ناوی ئەو ئەکتەر و دەرهێنەر ومۆسیقاژەن و کۆنترۆڵەر...هتد تێدایە کە کۆمۆنیستن وەکو فرانکۆ نیرۆ لە فیلمی(کیوما و ئەو ١٠ ڕۆژەی دنیای هەژاند– ئەم فیلمە باس له‌ شۆرشی بەلشەفی دەکات و ڕۆڵی فرانکۆ وەک ڕۆژنامەنوسێک، كه‌ ئەمریکیە لەناو شۆرشەکەدا ڕووداوەکان دەنوسێتەوە)، هەروەها ئەو ١٠ ئەکتەرە ناوداره‌ ئەمانەن کە ڕەفزیان کردەوە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لێیان کرابوو ئەویش: ئێوە هیچ پەیوەندیتان بە حزبی کۆمۆنیستەوە هەیە؟ هەموویان وەڵامی ئەم پرسیارەیان نەدایەوە.
 نموونه‌یه‌كی تر میل گیبسۆنه‌ لە فیلمی دڵە ئازاکە ئەویش ناوی لەو لیستە دایه‌، بە بۆنەی ئەوەی کە فیلمی مەسیحی دەرکرد یەهودی تاوانبار کرد بە کوشتنی مەسیح(ئه‌مه‌ش ڕاستی زۆر تێدایه‌ چونكه‌ پێش مەسیحیەت یەهود لەسەر حکوم بوو. بەڵام ئەم فیلمە دڵی ئیسرائیلی شکاند)، لەلایەکی تر دەڵێن ئالوده‌بووبوو بە مادە هۆشبەرەکانەوە، تا گەیشتە ئەوەی ژنەکەی داوای تەڵاقی لێکرد. ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرت. هەندێکیش دەڵێن لەبەر سیاسەت بوو. بۆیە ناوی خرایه‌ لیستی ڕەشەوە.
با بچینه‌وه‌ سه‌ر باسه‌كه‌ی خۆمان، فیلمی پرۆلیتاری زیاتر دەڕوانێتە سەر کێشەکانی کۆمەڵگا. دەبیت چارەسەری ئاشتیانەی بۆ بدۆزرێتەوە، بێ تەقە و شەڕ و خوێن ڕشتن. لەڕاستیدا کێشەکەشت بۆ چارەسەر دەکات، ئەم جۆرە فیلمانە  پارچە فیلمە سیکسیكانی، كه‌ پێشتر باسمانكرد، تێدا نابینرێت، بەڵام ژن ئازادە تێیدا. بۆ نموونە فیلمی زەمبیلی بازار(کارت) كه‌ ئەمە لینکەکەیەتی:
لە بەرهەمەکانی (٢٠١٤)ەیە ژاپۆنییە و باسی مانگرتنی کرێکاری دەکات. بەکورتی لە کۆتایی فیلمەکاندا، بینەر تێدەگات کە ئەکتەر و وێنەگر و دەرهێنەر.. هتد زۆر ڕۆشنبیرن و ئەمە بۆچوونە. بەڵام چی لەدوای خۆی بەجێ دەهێڵێت؟ بینەر بەراستی لەو فیلمانە ڕۆشنبیر دەبێت و فێری دەکات هەموو کێشەیەک بە ئاشتیانە چارەسەری هەیە و فێری ڕێگاچارەت دەکات لە هەمان کاتدا قازانجێکی زۆریشی کردووە. بە پێجەوانەی فیلمەکانی پۆلی یەکەم کە لە دوای خۆی مرۆڤ فێری چۆنیەتی کوشتن دەکات و نرخی مرۆڤی لا کەم ده‌كاته‌وه‌. ئەمەش قازانجکی زۆری کردووە هەموو فیلمسازان دەزانن کە فیلمێک قازانج نەکات، ئەوە ئەو فیلمە سەرکەتوو نیە.
 یان لە تەلەفزیۆنی کەرکوک فیلمێک نمایش کرا بە ناوی (رفيقة ف) کە ژنێکە بەتەنها بەره‌نگاری سوپای نازی بوەوە، کە هێرشیان کردە سەر گوندەکەیان و هەموو پیاوەکان ڕایانکرد تەنها ئەو گەرایەوە پاشان پیاوەکان پەشیمان بوونەوە. کەواتە ئەو جۆرە فیلمانە لە پۆلی دووەمە کە سیناریۆکەی واقعیە و ڕاستیە و ڕوودەدات و چەند بارەش دەبێتەوە لە ناو کۆمەڵگادا و چارەسەریشی هەیە. بەڵام هاوڵاتیانی شەرقی فیلمی سۆڤیەتی بەلایانەوە خۆش نەبوو چونکە تەقە و کوشتن و خوێن ڕشتنی تێدانەبوو، ئافرەتی بە ڕووتی تێدانەبوو. تەنانەت هەواڵەکانی ڕادیۆی سۆڤیەت زۆر گەرم نەبوون، چونكه‌ باسی کوشتن و بڕینی نەدەکرد. بۆیە کەس گوێی لە ڕادیۆی ڕووسی ئەو زەمانە نەدەگرت. ژێرنووسەکانی هەموو فیلمی سۆڤیەتی خۆیان دەیانکرد چونکە دەترسان بە هەڵە وەریگێڕن لە بەرژه‌وەندی بۆرژوازیه‌ت بێت.