پەیوەندیی دوێنی و ئەمڕۆی ئەردوغان لەگەڵ ئیسرائیل!

Wednesday, 10/02/2021, 10:33

4600 بینراوە


لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٠دا دەرک بەوە دەکرێت کە گوتارەکانی ئەردوغان بەرامبەر بە ئیسرائیل نوزانەوە و پەلاری بۆ ئەو وڵاتە پێوە دیارە، کە دەناورێتەوە بۆ ئەوەی زێتر خۆی لە ئیسرائیل نزیک بکاتەوە و وەک جاران بەبێ شەرمی هاوپەیمانی و هاوڕێیەتی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل لە میدیاکاندا جاڕدا و سەفارەی تورکیاش دووبارە بگەڕێنێتەوە بۆ ئیسرائیل. بێگومان ئەوەی تورکیا دەیکات لە ئەنجامی گۆڕانی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی و دۆخی سیاسیی و سەربازیی و گۆڕانی هاوسەنگی هێز و هاوپەیمانییەتەکان و هاوکێشە سیاسیی و سەربازییەکانی ئەو دەڤەرە و دەستبەکار بوونی سەڕۆکی تازەی ئەمریکایە کە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە و کورسییەکەی ئەردوغان دەبێت. 
ئیسرائیل لەگەڵ نەیەرەکانی تورکیا، وەک یۆنان و قوبرس لە سەودایەکی گەرمە و لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا چەند ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هەردوولادا بەستووە. پەیوەندییە دیبلوماسی و سەربازیی و ئابوورییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرس لە کۆتایی ٢٠٢٠دا بۆتە جێگە نیگەرانی و سەرنجی تورکیا، بەتایبەتی پڕۆژەی دروستکردنی بۆڕی گاز کە لە ئیسرائیلەوە بۆ یۆنان و قوبرس لەوەێوە بۆ ئیتالیا دەڕوات کە خەرجیەکەی ٦.٨٦ بیلیۆن دۆلارە و ئیسرائیل لە ئەستۆی دەگرێت و ئەو پڕۆژەیە لە ٢٠٢٥دا تەواو دەبێت. ئەوەندە نابێت ڕێککەوتنێکی سەربازیی لەنێوان هەر سێ وڵاتدا واژۆ کراوە کە ئیسرائیل یارمەتیان بدات لە بەهێزکردنی زێتری سوپاکەیان و گەشەپێدانی زێتری چەکی بەرپەرچدانەوە. لەنێوان یۆنان و ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی دی هەیە کە ئەویش بۆ بەهێزکردنی هێزی ئاسمانییە کە تێچووی ئەو پڕۆژەیە ١.٦٨ بیلیۆن دۆلارە و هەروها ئیسرائیل یارمەتی بەهێزکردنی هێزی دەریایی یۆنان دەدات. ڕێککەوتنێکی دی نێوان ئیسرائیل و یۆنان بۆ ئەوەی ڕێگەیەک لە نێوانیاندا بکرێتەوە بۆ گەشتوگوزاری ئیسرائیلی و یۆنانییەکان بەبێ هیچ مەرجێک و ڕێکارێکی قورس. جگە لە ئیسرائیل ئەوروپاش دژی تورکیا هەڵویسستی لەگەڵ یۆنان جووت کردوە، کە ئەمە ئەنقەرەی نیگەران کردوە و لەتاوان دەڵێ یۆنان بووە بە ئیسرائیلێکی دی لە ناوچەکە. 
ئەردوغان، نیگەرانە لەنزیک بوونەوەی قوبرس و یۆنان و وڵاتانی عەرەبی دی لە ئیسرائیل. ئەو دەیەوێت وڵاتانی هاوسێی وەک عیراق کوردستان و سوریا بێهێز بن، هەر کاتێک ویستی هەڵکوتێتە سەریان و ئەرزو خاکیان داگیر بکات، هەروها لەبەرئەوەی لە ڕابردوودا تورکیا خۆی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل و دڵنیاییە کە ئەو جۆرە پەیوەندییە بۆ نەیارەکانی پارویەکی چەورە و دەبێتە ئامرازێکی کارێگەر بۆ بەهێزبوونیان و نزیکبوونەوەیان لە ئەمریکا و بێمنەتبوونیان و ملکەچنەکردنیان بۆ مەرجەکانی ئەنقەرە. 
ڕوونە بۆ تورکیا کە گۆڕانی سەڕۆکی ئەمریکا کاردانەوەی نێگەتیڤی نابێت لەسەر پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکە و پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا تا ئێستا هەر لەسەر یەک وەتیرە ڕۆیشتووە هەرواش دەمێنێت و یەکێکی وەک ئەردوغان توانای ئەوەی نابێت چی بە سیاسەت یان بەهێزی سەربازیی بێت پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل تێکبدات، هەروها ئەردوغان دەزانێت لەوەی کە کورترین ڕێگە بۆ نزیکبوونەوەی زێتر لە ئەمریکا ئەوا ڕێگەی پەیوەندیی زێتر ئاسایی کردنەوەیە لەگەڵ ئیسرائیل. 
دەستبەکار بوونی سەڕۆکی تازەی ئەمریکا بۆ تورکیا ئاسۆیەکی ڕوونی نییە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا هەنووکە بایدن بەوە ناسراوە کە زۆر کەیفی بە بچمی ئەردوغان نایەت، لەبەرئەوە هاتنی بۆ کۆشکی سپی ئەردوغانی تووشی دڵەڕاوکێ کردوە و نیگەرانە لەبەرئەوەی چاوەڕوانی ئەو ئەنجامە ناکات لە بایدن کە خۆی دەیەوێت و پلانی بۆ داڕشتووە. ترسی تورکیا لەوەدایە کە بایدن لەگەڵ دەستبەکار بوونی پەلە بکات لەوەی کە لەسەر چەند چەمکێک کار بکات کە لە بەرژەوەندیی ئەردوغان نییە وەک: 

 یەکەم:

 بایدن پێش ئەوەی ببێت بە سەڕۆکی ئەمریکا لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیاند کە ئەگەر ئەو ببێتە سەڕۆکی ئەمریکا ئیدارەکەی بە فەرمی ددان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لەلایەن تورکیاوە لە سەدەی بیستدا دەنێت. 

دووەم:

بایدن لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیران لەسەر دەستی ڕوسیا و داگیرکردنی باکوری سوریا بە تایبەتی عەفرین و هێڕشی سەربازیی بۆ سەر کوردەکان لەلایەن تورکیاوە بە ناهەق دەزانێت، چەند جارێک لە ڕابردوودا لە میدیاکاندا دووپاتی کردەوە، کە ئەگەر ئەو ببێت بە سەڕۆکی ئەمریکا، یارمەتی ڕۆژئاوای کوردستان چڕتر دەکات لە جەنگی دژ بە داعشدا، کە ئەمە بۆ ئەردوغان خاڵێکی گرنگە چونکە هەردەم دەیەوێت میللەتی کورد کۆیلەی بەردەستی ئەو بن. 

سێیەم:

لە کۆتا ڕۆژانی دەسەڵاتی ترامپدا ئەمریکا سزای بەسەر تورکیادا سەپاند و تورکیای لە پلانی بیناکردنی چەکی نهێنی وەدەرنا، قەدەغەی کرد کە تورکیا پارچە چەکی ئێف ٣٥ ئەمریکیی بە وڵاتانی دی بفڕۆشێت، ئێستا ئەردوغان مەترسی ئەوەی هەیە کە بایدن سزاکانی سەر تورکیا لە ترامپ قورستر بکات. 

چوارەم:

ئەوروپا نیازیتی کە هەندێک سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی دەرهێنانی نەوت لەلایەن تورکیاوە لەنزیک قوبرس، کە کێشە بۆ ئاوی قوبرس و یۆنان دەنێتەوە، دوور نییە بایدن هاندەربێت و کاردانەوەی هەبێت لەسەر ئەوروپا بۆ ئەوەی پەلە بەکەن لە سزادانی تورکیا و ڕێگری بکەن لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە. 

پێنجەم:

مەسەلەی تاوانی "بانکخەلکسی" کە هێشتا لە دادگەی نێودوڵەتی لەژێر لێکۆڵێنەوەیە، ئەردوغان نیگەرانە لەوەی بایدن پەلە بکات و بڕیار دەربارەی ئەو مەسەلیە بدات کە ئەگەری ئەوە هەییە لە ئەنجامدا لێکۆڵینەوە و سزاکان خۆشی بگرێتەوە.
جگە لەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیسرائیل هاوڕێ و هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەشدا لوبی جو لە ئەمریکا بەهێزە و ڕۆڵی کارێگەریان هەیە لەسەر ئابووریی ئەمریکا کە وای لێکردوە ڕاوبۆچوونی ئەو لوبە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هەمیشە بەهەند وەربگیرێت، وێرای ئەوەش جوە ئەمریکییەکان کاردانەوەیان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشدا هەیە بۆیە نزیکبوونەوەی زێتری تورکیا لە ئیسرائیل مانای نزیکبوونەوەی زێترە لە ئەمریکا. 
سەڕۆکی تورکیا هەنووکە لە هەوڵدانێکی بێوچاندایە دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئاوڕێکی لێ بداتەوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند کە: "تورکیا پێویستی بە وڵاتێکی وەک ئیسرائیلە".
 لە ٢٥/١٢/٢٠٢٠دا دوای نوێژی هەینی لە شاری ئەستەنبول ئەردوغان بە میدیاکارانی ڕاگەیاند:
"بۆ ئێمە سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستین هێڵی سوورە بەڵام ئێمە لەگەڵ ئیسرائیل هەمیشە پەیوەندیی هەواڵگرییمان بەردەوام بووە و پێمان خۆشە کە پەیوەندییەکان و ڕێککەوتنەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل باشتر بکەین و بگەینە خاڵێکی پۆزەتیڤانە".
لەوەتەی ئەردوغان بۆتە سەڕۆکی تورکیا هەمیشە لە وتارەکانیدا وەک سەڕۆکی دەوڵەتە ئیسلامیی و عەرەبییەکان، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی جەماوەریی، دەربڕینی بەدڕۆی هەستی نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئاینی، لەنێو زۆرینەی سادەی گەلانی موسڵمان و عەرەبدا، هەوڵیداوە بابەتی گرفتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت، بە ڕووکەش دەریبخا کە ئەو دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلە و ژێربەژێریش پەیوەندیی هەواڵگری، سەربازیی، ئابووریی و سیاسییان لەگەڵدا ببەستێت. 

ئیران و تورکیا، لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی جو لە فەلەستین، ددانیان بەو دەوڵەتە داناوە و زێتر لەنیو سەدە لە گشت وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە لە ئیسرائیل زێتر سوودمەند بوون، بە تایبەتی لە هاوکاریان بۆ دەزگەی هەواڵگری ئیسرائیلی، خۆپتەوکردنی سەربازی، دابینکردنی موشەک، چەکی قورس و گرێبەستە ئابوورییەکان، بەڵام لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئەو دوو وڵاتە لە هاڤڕکێیەکی بەهێزدان، بۆ ئەوەی خۆیان بکەن بە ڕێبەری موسڵمانان، بۆیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی جەماوەرییان لەنێو کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامییدا مەسەلەی فەلەستین و دژایەتی کردنی ئیسرائیلیان کردۆتە بنیشتە خۆشەی ژێر ددانیان، کەچی ئەزموون و مێژوو پێمان دەڵێن، سەڕۆکی هەردوو وڵات لەوەتەی لە دەسەڵاتن سەدبەرابەری ئیسرائیل موسڵمانیان لە نەتەوەی جیای وەک فارس، عەرەب، تورک و کوردیان کوشتووە و هەمیشەش لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندییان نەپچراندووە!

ئەردوغانی ئەمیرئەلموئمنین، لە سەرەتای ٢٠٢٠دا گۆڕەپانی میدیاکانی بەزەمان گرتبوو، بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسڵمانان ڕەخنەی توندی لەو وڵاتانەی کەنداو گرت کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر دەستی ترامپ ئاسایی کردەوە و لە میدیاکاندا ڕێککەوتنەکانیان جاڕدا، وەک ئەوەی خۆی سەرەداوێکی لاوازی لە پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل نەهێشتبێت! 
 
دکتور گیلە لیندەن لێپرسراوی لێکۆڵینەوە لە دەزگەی "ئای، ئێن، ئێس، ئێس" ئیسرائیلی لە ٢/٢٠٢٠دا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند:
"بە درێژایی ساڵانی حوکمڕانی ئەردوغان لە تورکیادا، هیچ کارداناوەیەکی خراپی نەبووە لەسەر پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بە تایبەتی لەبواری ئابوورییدا کە بە بەهای شەش بیلیۆنە و چوار بیلیۆنی هاوردەی کەلوپەلی تورکییە بۆ ئیسرائیل. هێڵی ئاسمانی تورکیی بەرزترین ڕێژەی هەیە لە گواستنەوەی ئیسرائیلییەکان لە دنیادا و ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بانکی هابولیمی ئیسرائیلی واژۆ کردوە بۆ ئەوەی کارتی "ئسیراکارد" بۆ لێشکاندنی نرخ بۆ ئەوانەی کە لە تورکیاوە بۆ ئیسرائیل سەفەر دەکەن دابین بکات".

ئەردوغان لەسەر مەسەلەی غەزە چەند جارێک لە میدیاکاندا بە ئیسرائیلی گوت: 
" سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل تیرۆریستە".
 
لە سەڕۆکەکانی پارتی کرێکارانی کورد "پەکەکە" بترازێت، کە بەبێ سڵمێنەوە و ڕاشکاوانە وەڵامی ئەردوغان دەدەنەوە و ناوی بە "تیرۆریست" دەبەن، هیچ کەس و لایەنێکی دیکە وەڵامی ئەردوغانی نەداوەتەوە، بۆیە ئەو پێی وابوو کە ئەم وتارەشی بۆ دەچێتەسەر لەنێو زۆرینەی سادەی موسڵمانان وەک بوێر و موجاهید چاوی لێ دەکرێت و بە هەقیقەت دەبێت بە ئەمیرئەلموئمنین!
 ناتانیاهۆی سەڕۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نەیهێشت چرکەیەک بەسەر وتارەکەی ئەردوغان ڕەت بێت، لە تویتەرەکەی وەڵامی دایەوە و گوتی:
"ئەردوغان ڕانەهاتوە وەڵامی بدرێتەوە بەڵام لە ئێستاوە دەبێت ڕابێت. ئەو کەسەی باکووری قوبرس و کوردستانی داگیرکردوە، قەساب و سەربڕی خەڵکی مەدەنی عەفرین بوو، بۆی نییە وانە دەربارەی مۆڕاڵ و بەهابەرزەکان بە ئێمە بڵێتەوە".
 لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە، ئیسرائیل بە موجامەلاتی ئەردوغان هەڵناخەڵەتێ و ئیتر ڕێگەی نادات لەسەر دوو پەت یاری باکات هەم بخوا و هەم بڕشێتەوە، لەبەرئەوە ئەگەر ئەردوغان بیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل خۆشتر بکات ئەوا دەبێت بە ئاشکرا لە میدیاکاندا یەکەم شت ددان بەوەدا بنێت کە جویسلام " بيت المقدس" پایەتەختی ئیسرائیلە، باڵوێزخانەی تورکیش دەبێت لەوێ بنکەی خۆی بخات، هەروها دەبێت ددان بە پڕۆژەی "سەدە" کە پرۆژەیەکی ئیسرائیلی ئەمریکییە و فەلەستینیەکان دژینە دابنێت. لە ئەڵقەی ڕوسیا و ئێران بێتە دەرەوە. لە میدیاکان دەمی داخا. هاوکارییەکانی بۆ حەماس ببڕێت و ئۆفسیان لە تورکیا دابخات. یارمەتی داعش نەدات. ئیخوانەکان کە تورکیا هاوکاریانە دەبێت سەینوبەینێکیان پێ بکات، هەرچەند ئێستا لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە کە بەگوێرەی گوتەی بنحاس عنباری کە لە سەنتەری "قودس بۆ کاروباری گشتی" کار دەکات گوتی: 
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە لە کەنداوی فارس لە ژوورە داخراوەکاندا تورکیا لەگەڵ سعودیە دانیشتووە بۆ دەرکردنی ئیخوانەکان لە تورکیا بۆ پێکهاتنەوەی سونەکان لە تورکیا و سعودیە و میسر. سەڕۆکەکانی ئیخوان لە کوێت مەترسیان هەبوو کە بە دەستبەستراوی تەسلیم بکرێن". 

هەندێک سەرچاوە پەنجەیان بۆ ئەوە درێژ کردوە کە ئەردوغان پەیمانی بە مەلیک سلێمانی سعودیە داوە کە دژی ئیخوانەکان بکەوێتە جموجۆڵ. جگە لەمانە لە داهاتوودا لە گۆڕەپانی پڕ لە کێشمەکێشمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر ڕووداوێک ڕووبدات دەبێت ئەردوغان پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات، بە واتەیەکی دی تورکیا لە پێگەیەکی بێهێزەوە داوا لە ئیسرائیل دەکات قبوڵی بکەن بۆیە دەبێت لەمەولا بۆ گشت مەرجەکانی ئیسرائیل ملکەچ بکات! 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە