سەرۆکی غەمبارترین گەل، مەسروورە!

Wednesday, 10/02/2021, 2:38

3666 بینراوە


وشەی (مسرور)ی عەرەبی کە لە سەر وەزنی (اسم مفعول)ە و لە (سَرَّ)ەوە  بە واتای (دڵی خۆش بوو) داتاشراوە. ئەم (اسم مفعول)ە کە سەرۆکی حکومەتی وڵاتێکە، دڵی هەندێکی پڕ کردووە لە سروور و دڵی زۆرینەشی تەواو شکاندووە. ئەگەرچی ئەم کەسە هەموو ژیانی بە بێ کێشە و پڕ سرورەوە بەڕێخستووە بەڵام باوەڕ ناکەم لە 2019ەوە تا ئێستا زۆر ئارام و دڵخۆشبووبێ بەو بارودۆخەی کە حکومەتەکەی تێیکەوتووە. خۆ ئەگەر دڵخۆش بووبێ،ئەوە مەگەر زۆر بێباک بووبێت! جا پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە ئەم سەروکە نەیدەتوانی هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە و دڵی زۆرینە وەک خۆی مەسرور بکات و کەمینەش دڵ شکاو؟ ئەی بۆ نەیکرد؟ ئەگەر چی دەبێت سەرۆک خۆی  وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە بەڵام کەسێک خۆی و حزبەکەی بە هاوکاری چەند حزبێکی هاوپەیمان فاعیلی سەرەکی ئەم دۆخە خراپەی حوکم ڕانی بووبن، هەر خۆشیان ئەزانن کوێی حکومەتەکەیان ئەیێشێت. بۆ چاکسازی و چارەسەریش دەبێت دەست بۆ ئەو برینە قوڵانە ببەن کە خۆیان لە جەستەی ئەم حوکمڕانییە هەڵیانکۆڵیوە. بەڵام بۆ تیماری هەر برینێکی حکومەت و خەڵکی، برینێک ئەکرێتە جەستەی حیزب و حزبییەکانی. هەر بۆیە یان خەڵک و حکومەت، یان حزب و ئەولادەکانی ئەبێت یەکێکیان مەسرور و ئەوی دیکەیان غەمبار بێت. ئەوەی کە ئێستاش دەردەکەوێت و ڕاستییە ئەوەیە کە مەسرورەکانی پشتی ئەم حزبانەی دەسەڵات هیچیان دۆستی زۆرینەی خەڵکی ئەم هەرێمە و حکومەتەکەی و مەسەلە ڕەواکەی نین. جا با یەکە یەکە  مەسرور و غەمگینەکانی پشتی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە دەستنیشان بکەین و بزانین کێن:-

حکومەتی تورکیا و ئەردۆگان  مەسروری یەکەمن بەم حکومەتە چونکە کەمترین خزمەت و داهاتیان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و زۆرترین خزمەتییان بە دەسەڵاتی ئەردۆگان گەیاندووە. دوژمنی هەموو نەیارەکانی تورکیان و دۆستی هەموو دۆستەکانین. بەکەمترین نرخ لە جیهاندا نەوتی ڕەشی ئەم هەرێمە دەگاتە دەستی تورک و بە گرانترینیش نەوتی سپی دەگاتە خەڵکی خۆی و شەڕی مان و نەمانی بەغداش ئەکات بۆ بەردەوامی ئەم پڕۆسەیە. جا با لە سەر خەڵکەکەی خۆیشی زۆر کەوت بێت. پێشمەرگەی ڕۆژی  کوردانی ڕۆژئاوا و هێزەکەی حسێنی یەزدان پەناش کە مووچەی موفتی ئەم کابینەیە وەرئەگرن زۆر مەسروورن. بەرانبەر بەپێشمەرگەی نا مەسرووری بێ مووچەی هەرێم. حزبەکەی خودی سەرۆک خۆی و چەندین سەرکردەی هەلپەرست و هاوبەشە بەرژەوەندی ناو حزبە پێکهێنەرەکانی کابینەکەیشی لە زۆر مەسروورەکانن بەم حکومەتە. مونا قەهوەچی و هەندێ  حزبی تورکمانی و ئاشوری دەستەمۆ و حزبەکەی کاکە حەمە و هەندی حزبۆکەی دیکەش لە مەسروورەکانن بەم حکومەتە. هێزێک لە فیس بووکەوان و پەیج و پێگەوانی سێبەری مووچەخۆری پشت ئەم کابینەیەش لە مەسروورەکانن بەم حکومەتە. هەندێ مەلاو هەندێ سەلەلەفی و هەندێ کچە مۆدێل و کچە گۆرانی بێژ و کچە سیلیکۆن کە هەر خەریکی سەرگەرم کردنی خەڵکن بە ڕووداوگەلی لابەلا و دنیایەک کادیری ڕاگەیاندنی سێبەریش لە مەسروورەکانی ئەم حکومەتەن. لە دەرەوەی حزبەکانی باشور زۆربەی هێز و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش زۆر مەسروورن بە کابینەکەی مەسروورو....هتد.

لەولاشەوە تەواوی مووچەخۆران و خانەنشینان بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە زۆر نامەسروورن بە ئەدای ئەم حکومەتە. تەواوی ڕاگەیاندن کار و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی دەرەوەی حزبەکەی سەرۆک  زۆر دڵشکاو و هەندێکیشیان لە زیندانن لە سایەی کابینەکەی  سەرۆکی مەسروورماندا. هەرچی کۆمپانیاو و بازرگان و پڕۆژە ئەهلییەکان و کەرتی تایبەتی دەرەوەی دەسەڵات و حزب هەیە زۆر دڵگران و نامەسروورن بە کابینەکەی سەرۆکی مەسروورمان. زۆرینەی بنکردایەتی حزبەکانی دەسەڵات و تەواوی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، لە نامەسروورەکانن بەم حکومەتە. زۆرینەی حزبە کوردییەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان نەک هەر نا مەسروورن بەم کابینەیەی سەرۆکی مەسروورمان بگرە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ پەلامار و دەستدرێژی کردنە سەریان لە لایەن هێزگەلێکی دەستکردی حزبەکەی سەرۆکی مەسروورمان. ئەگەر ئەنکەرا لە مەسروورەکان بێت بەم حکومەتە ئەوا بەغا لە هەر نا مەسروورەکانە بەم کابینەیە و هەمیشە بە گومانە لە تەواوی هەنگاو و جوڵەکانی لە مەڕ نەوت ودارایی کابینەکەیان. جگە لە فیس بووکەوان و پەیج و پێگە سێبەرەکان تەواوی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نامەسروورن بەم حکومەتەی سەرۆکی  مەسروورمان و زۆری دیکەی نامەسروور هەن لەم وڵاتە غەمبارەدا.

لێرەدام ئەگەینە بەرئەنجامێکی زۆر سادە کە سەرۆک حکومەتێک دوای چەند ساڵێک لە دەست بە کار بوونی تەنها بەردەوامی دابێت بە سرووری ئەوانەی بەر لە دەست بە کاربوونی مەسروور بوون پێی!!

کە سەرۆک حکومەتێک نەک نەیتوانی بێت دڵی ئەوانەی دەرەوەی بازنەی خۆی و حزبەکەی خۆی مەسروور بکات، بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دڵی زۆری دیکەشی خستبێتە سەر خەرواری نا مەسروورەکان.

ئایا لە خۆت پرسیوە حکومەتی وا بۆ چی باشە؟ ئایا ئەم حکومەتە لە هەرە حکومەتە غەمهێنەرەکانی دونیا نیە؟ جا با سەرۆکەکەشی ناوی مەسروور بێت!!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە