تەقە و شت بووە لە سلێمانى

Thursday, 11/02/2021, 2:08

6856 بینراوە


لە گەڕەکی بەرانانی شاری سلێمانی تەقە لە ماڵی ئەفسەرێکی بەرگری و فریاکەوتن کرا، بەهۆى دەمەقاڵەى نێوان کوڕى قادر عەزیز کارگێڕى مەکتەب سیاسی یەکێتى و ئەو ئەفسەرە، کەناڵى ئین ئاڕتى قسەى لەگەڵ ئەو ئەفسەرەدا لە ماڵەکەیدا کرد هیچ برینداریەکى کاریگەرى پێوە نەبوو وتى پارچەى شوێن فیشەکەکان کەبەر دیوارەکە کەوتووە بەر ئەمیش کەوتووە و تەنانەت سەرى نەپێچابوو، هیچ شوێن فیشەکێک بەماڵى ناوبراوەوە دەرنەکەوت.. چیرۆکەکە بەردەوامە.. ئێوارەکەى لە نمایشێکى عەشاییرانەدا ئەفسەرەکە لەژێر یەک تۆپەڵ جامانەدا لچێکى لەفافە سپیەکەى سەرى دەرخستبوو لە لەناوەڕاستى کۆمەڵێک ورگ زلى مۆن و تەزبیح بەدەست.. خۆش ئەوەیە ئەم کابرایە ئەفسەرە ئەبوایە لانى کەمى ئەتەکێتى پیشەکەى بپاراستایە، خۆشیەکیتر ئەوەیە نازانین ئەم کابرایە لەکوێ ئەفسەرە چونکە لیواى یەکى پاراستنى سلێمانى لە ڕونکردنەوەکەیدا هاتووە ئەو ئەفسەرە هیچ پەیوەندیەکى بە لیواکەیانەوە نیە، تا ئێستا نازانین سەربەچ دەزگایەکە، بەقسەو تەمسیلکردنەکەیدا بەهەڵەدا نەچوبم بۆنى جەماعەتى گردە زەردى لێدێت.


مێژوو لاى کورد زۆر زوو زوو دوبارە ئەبێتەوە کە ئەو قەرەباڵغیەم بینى یەکسەر ئەوکاتەى مەحمود سەنگاویم بیرکەوتەوە بەکاروانێک ئۆتۆمبیلى پرچەکى جۆراو جۆر , دوو ئاسایشى پارتى لەبازگەیەکى زەرددا بەگیان پێدانا خێرێکمان لەسەرە کە بەگ لایتەکانى نەشکا، کە گەیشتەوە زەوى وەتەن دەستە دەستە کەڕەجافى لەخۆى کۆئکردەوە و دەستەیەک هاتن تاقمێک ئەڕۆشتن، داخەکەم ڕۆژگار تێپەڕى ئەوەم بۆ ڕوون نەبۆوە کەئەم خەڵکە بۆسەرخۆشى چوبون یان بۆ ئەوەبوو 
بزانن ئۆپەراسیۆنى پاشەکشەکەى - وەک کەلارییەکان ئەڵێن - کا مەحمو دەمەقاڵەیەکیشى تیا نەوو..


لەکۆمەڵێک میدیا پاش سێ ڕۆژ لەو شەڕە ناوخۆییەى خێڵى سەوز و سەوز بینیمان لەتکە سەرۆکەکەى یەکێتى لە سلێمانى لەکۆبونەوەیەکدا کە بەچەپڵە ڕیزانەکەیاندا دیارە جەماعەتى سەوزە موریدانن و پاڤێل ئەڵێت:

(لەم ڕۆژانە تەقە و شت بووە لە ناو شارى سلەیمانى)..
هەرچەند ناوەکە (سلەیمانى) نییە، بەڵکو (سلێمانی)یە.
هەروەها ئێمە لە تەقەکە تێگەیشتین بەڵام چۆن چۆنى لێکی ئەدەینەوە و سەرمان لە (شتى وا)کەی پاڤێل دەرناچێت، هەروەها کە دەڵێت:
(کوڕى سەرکردایەتى ئەو شتانە بێت من حەزئەکەم پێتان بڵێم ئەوە ناخوا) ئایا بەکارهێنانی ئەم قسەیە، کە دەڵێت، ئەوە ناخوا ئەوە قسەى ئینسانێکە سەرەتاییترین ئەلف و بێی سیاسەت نازانێت.
قەیناکا با نەخوات.
دوایی دەڵێت: (ئێمە وەعدێکمان داوە بەم شارە ئەم شارە پاک بکەینەوە ئەم شارە جوان کەینەوە)

 تا ئێستا لەم وەعدەى بەڕێزیان کەس ئاگادار نیە مەگەر ئەوەى بەمەسعودى مامى گەورەت دابێت، ئەم شارە ئەگەر جوانکردنەوە مەبەستى بێت بچێتە سەر ڕێچکە پرشنگدارەکەى جارانى ئەوا کەس ئەمشارەى وێران نەکرد حیزبەکەى جەنابیان نەبێت.
کەسە ئەم شارەى لەتوپەت نەکرد تاڵەبانى باوکى نەبێت، زەوى و گرد و پرۆژە و ماڵى گشتى نەما تاڵانى نەکەن. ئەگەر جوانکردنیش بەمانا فیزیکەکەى لێکبدەینەوە ئەوە ٣٠ ساڵە حوکمڕانن نەتانتوانیوە ٣٠ نەمام لەشاخى گۆیژە بڕوێنن، بە سێ گەڵابە و دوو شۆفڵەوە جادەى سەدمەترى دروست ئەکەن،
(هەردوکیان ئالێرەن هەردوکیان ئەگیرێن هەردوکیان ئەدرێنە دەست مەحکەمە لەگەڵ کاک دکتۆر ئەڕۆن) مەگەر مەلا بەختیارى خەزورى بهێنین حیکمەتى ئەم قسانەمان بۆ لێکبداتەوە، لەلایەک ئەگیرێن لەلایەک لەگەڵ دکتۆر ئەڕۆن، ئەگەر دەزگاى پۆلیس و دادگا سێبەرى حیزب نەبونایە ئەوە ئەرک و کارى خۆیان بوو..
 (کێش خۆى تاقیکاتە وە بەو خوایە زەرەرێکى زۆر گەورە ئەکات تکاتان لێئەکەم ئارام بنەوە شتى وا ئیتر قابیلى قبول نیە)
سوتاندنى سەدەها دۆنم زەوى دێی خەمزە لە شارباژێر لەلایەن ژنبراکەیەى قابلى قبوڵە، هەڵکوتانە سەر چێشتخانەیەکى گەڕەکى شۆڕش لەلایەن بەرەڵاکانى کۆسرەتەوە قابیلى قبوووووڵە.. بابێینەوە سەر زەرەرەکە ئەبێت ئەم زەرە چى بێت ؟ لەسلێمانى قسەیک باوە و ئەڵێن مام جەلال وتویەتى کوڕێک و کەرێکم هەیە، ئەوە کوڕەکەیان هیچ چەرچى و تەتەر و شتى وایە لەنێوان پارتی و بەغداد، ئێستا ئەزانم چ زەرەرێک چاوەڕێمانە، قیروسیا لەو زەرەرەش کێ ئەڵێت ناڵەکەى ئێکسپایەر و شتى وا نیە.

ئێوە و هەتا فیشەک تەقاندن و شتى وایەکى تر شاد بن و ووریابن زەرەى گەورە ئەکەن

سڵاو لەخوێنەران.. ببورن لەکاتێکدا سەرقاڵى کۆتا دێڕى ئەم نوسینە بوم هەواڵێکى تازەیان بۆناردم ئەیش سەر لەبەیانى ئەمرۆ (10/2/2021) کاتژمێر (10:30)ى سەر لەبەیانى لەبازگەى تاسڵوجە هێزێک کۆماندۆى جەعفەر مستەفاى جێگرى سەرۆکى هەرێم _ کەهەتا ئێستا ئیمزایەکى لەو پۆستەیدا نەکردووە مەگەر لیستى موچە نەبێت _ لەسەر کارى ڕۆتینى ئەو بازگەیە پەلامارى ئاسیشى بازگەکە ئەدەن ئاسایشێک ئەکوژن و پێنجیتر بریندار ئەکەن.

 دووخاڵ جێگاى سەرنجە:

· ڕونکردنەوەى ئاسایشى سلێمانى ترسنۆکانە ئەو ڕوداوە بە(لێکتێنەگەیشتنیک ڕوویداوە لەئەنجامدا بۆتە دەمەقاڵی وشەر لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بەچەقوو هێرش کراوتە سەر چەند کارمەندێکى و بریندار کراون... توانرا بەهەوڵ و هیمەتى هەموو لایەک ئاڵووزیەکان کۆتایی پێ بهێنریت و دەست بەجێ لیژنەى لێکۆڵینەوە پێکهێنرا بۆ ئەوەى یاسا بەرقەرار بێت). ئەوانە ئەگەر هاوڵاتیەکى ئاساییى بونایە ئاسایش بەناخى زەویدا ئەبردن و ڕوناکیان نەئەبینى ئەگەر لەژێر ئەشکەنجەدا دەرچونایە , سەیرى ئەو بێحورمەتیە بەژیانى کارمەندەکانى خۆیان لیژنەى بۆ پێک ئەهێنن.

· لە ڕونکردنەوەکەى شێخ جەعفەرى ئاواییى حەمەى کەرەمدا هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٠٢١/٢/١٠ لە بازگەی دەروازەی تاسلوجە، ئاڵۆزیەک دەکەوێتە نێوان چەند پێشمەرگەیەک و برایانی ئاسایشی سلێمانی کە بە داخەوە بوە هۆی شەهید بوونی برایەکی ئاسایش بە ناوی (شاخەوان ئەحمەد محمد)

ئەوە لەم تاقیکردنەوەیەى (لێکتێنەگەیشتن و ئاڵۆزییە) کوژراوێک و پێنج بریندار هەیە، ئەبێت نیوە سەرۆکەکەى یەکێتى ئەم (زەرەر ئەکەن)ەى بۆکەى هەڵگرتبێت ڕەنگە ئەویش چاوەڕێى ئەنجامى لێژنەکە بکات، خۆ دکتۆر میرانەکەى ئامادەیە بۆ چەقۆ وەشێنەکانى پێدا نانێرێت، یان هێشتا کەس ناوێرێت هەواڵەکە بەگوێیدا بدات کە ئەمجارەیان تەقەو شتى وانەبووە بەڵکو چەقۆ و شتى وابووە، بەڵام:

ئەبوایە نیوە سەرۆک بە ئیرادەیەکى بە هێزەوە، بەبڕوا بەخۆ بونێکى زۆرەوە ؛ لەنەبون هەبوون دروست بکات وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر.. هەر بەپێى ئەم تیۆریەش لەگەڵ بازگەى تاسڵوجە و شتى وا مامڵە بکردایە، چیتێدایە با پەند لەم برادەرە وەربگرێت لەسیاسەتدا کوا عەیبە ماوە:

ئەوەش بەرهەمى ...تاڵەبانى و نەوشیروان بۆ وێرانکردنى سلێمانى کە چۆن لێک تێئەگەیشتن بەبێ ئاڵۆزى. 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە