زانست دەڵێت: دەشێ گەردوون خۆبەخۆ لە هیچەوە پەیدا ببێت!(بەشی سێیەم)

Sunday, 14/02/2021, 0:25

9155 بینراوە


بەشی سێیەم: پەیدابوونی گەردوون پێویستی بە بوونی خوا نییە

ستیڤن هۆکینگ: «پێش تێگەیشتنمان لە زانست، ئاساییە باوەڕ بە دروستبوونی گەردوون بکرێ لەلایەن خوایەکەوە، بەڵام ئێستە زانست ڕاڤەیەکی باشتر و پەسندتری هەیە بۆمان»

ڕاڤەیەکی سروشتی بۆ گەردوون و دیاردەکانی

نێزیکەی دوو هەزار و پێنجسەد ساڵ پێش ئێستە، چەند بیرمەند و فەیلەسووفێکی گریکییە کۆنەکان وەک تالیس و هێراکلیتس، پێیان وابووە دەتواندرێت بە کەرستە و توخمە سروشتییەکانی وەک، ئاو و ئاگر ڕاڤەیەکی تەواوی جیهانی دەوروبەرمان بکەین، بێ پەنابردنە بەر هێزە شاراوە و بوونەوەرە نادیارەکان. لەکاتی خۆیدا ئەمە بیرۆکەیەکی گەلەک بوێرانە بووە، بەڵام مرۆڤانی ئەو سەردەمە نەگەیشتبوونە ئەو ئاستە پشتەوانی لێ بکەن، چونکە زۆربەیان هێشتا نووقمی باوەڕهێنان بوون بە شتگەلە ئەفسانەیی و ناسروشتییەکان.
ڕێبازی سروشتیی، جگە لەچەند لایەنگرێکی کەمی، بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ لە دۆخی سڕبووندا مایەوە، تێڕوانینە لەسروشت بەدەرەکان (میتافیزیکییەکان)، دەستیان بەسەر سەرتاپای مرۆڤایەتی داگرتبوو. ئەمە درێژەی کێشا، هەتا سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپای کرستییانەکان، ڕاڤە و تۆژینەوە زانستییەکان نەیان دەتوانی بەتەواوی هێزە ناسروشتییەکان بەلاوە بنێن، بۆیە زۆربەی زاناکان پیاوانی ئاینی، یاخۆ نێزیک بوون لە کلێسا. یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوە توند لەو سەدەیەدا لە نێوان زانست و ئاین ڕووی دا، کاتێک کلێسا هەڕەشەی لە گالیلێیۆ کرد، لەبەر پاڵپشتی کردنی بیروڕاکانی کۆپەرنیکۆس، بۆ سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆر. پاشان وای لێهات بە یاسا میکانیکییەکانی نیوتن ڕێکەوتنێک بێتە ئاراوە، بەوەی زانست بکرێتە هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی دەسەڵاتی خوای داهێنەر بەسەر شتە ماددەییەکان. 
پاشان زانست بە هەنگاوە مەزنەکان و هەوڵ و کۆششی یەک بەدوای یەکی چەندان زانا، ڕەوتێکی زانستییانەی گرتەبەر و لە دەسەڵاتی کلێسا ڕزگاری بوو، بەوە گەیشت ڕاڤەی دیاردە سروشتییەکان بکات کە پێشتر دەدرانە پاڵ شتە سەرو سروشتییەکان. ئەمڕۆکە زانستەکان بوونەتە جێی متمانەی زۆربەمان، گەرچی هەندێ جار لەگەڵ بیروباوەڕە باوەکانیشمان یەک نەگرنەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پشت دەبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگە و ئەزموونی سەلمێندراو.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان دەربارەی سەرهەڵدانی گەردوون خۆبەخۆ و لەهیچەوە، دەکارین بڵێین کە پرسیارکردن لە هاتن و بوونی گەردوون، هاوشێوەی گەلەک پرسیاری دیکە سەربە زانستن و پێوەندییان بە بوونی خوا نییە، لەبەرئەوەی هەبوون و نەبوونی خوا، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەرەنجامە زانستییەکاندا نییە.
ئەو بوونەی هەیە شتێکی دروستکراو نییە، چونکە ئەگەر وا بێت، دەبێ لەدەمێکدا هیچ شتێک بوونی نەبووبێ، خوایەک ئەو بوونەی لە نەبوونایەتییەکی ڕەها، بێ هیچ وزەیەک، بێ هەژانە کوانتەمییەکان، بێ تەنۆلکەی فیزیکی، بەبێ شانەی کاشوێن و هێنابێتە بوون، ئەمەش ئەستەمە ببێتە جێی باوەرپێکردن لە زانستدا. دەکرا گریمانەی دروستکردن لەلایەن خواوە بەڕاست دابنرێ، ئەگەر لەڕێی کارێکی دەرئاسا وزە بهاتبایە و یاسای پارێزرانی وزەی پێشێل کردبا. بەڵام هیچ بیردۆزێک و بەڵگەیەک پشتەوانی لەمە ناکات، ئەم یاسایە تەنیا بوار بە گۆڕانی وزە بۆ ماددە و بەپێچەوانەوە دەدات، بە مەرجێک کۆی گشتی وزە نەگۆڕ و بە سفڕ بمێنێتەوە. کەواتە دەبێ هەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو بێ کە زانست ناڵێت ماددە سەرەتای نییە و هەرهەبووە، بگرە هەژانە کوانتەمییەکانن هەرهەبوون و دەتوانن گەردوون بە بەرهەم بهێنن.
چەندا جار گوتوومانە بەگوێرەی یاساکانی فیزیا، ئەگەری زۆرە گەردوون سەرهەڵ بدات بەبێ بوونی خوا، ئەوەشی دەپرسێت کێ ئەو یاسایانەی دروست کردوە؟ بەوە وەڵام دەدرێتەوە یاساکان شتگەلەکی ماددەیی نین تا دروست بکرێن، بگرە یاساکان چەمکێکی واتەیی و دەربڕینێکن بۆ ئەو هاویەکی و پێوەندییانەی لە نێوان بڕ و شتە ماددەییەکاندا هەن لە کات و شوێندا، لەگەڵ هاتنی گەردوون و پێکهاتەکانی هاتوونەتە کایەوە.

هۆیەتی بنەمایەکی ڕەها نییە 

لە کاتی گەڕاندا بەدوای هۆکاری بوونی گەردوون، ئاینداران پێش هەموو شتێک ئەم پرسیارە دەکەن، کێ گەردوونی دروست کردووە؟ بێگومان ئەمەش بەهەڵەبردنێکی لۆژیکیی ئاشکرایە ناکرێ وەڵام بدرێتەوە، چونکە ئەوەی پرسیارەکە دەکات، خۆی لەسەرەتاوە بڕیاری داوە کە یەکێک ئەم گەردوونەی دروست کردووە. لەڕاستیدا دەبێ پرسیارەکە بە شێوازێکی دیکە دابرێژرێت وەک، ئەم گەردوونە لەکوێوە هاتووە، یان چۆن پەیدا بووە؟ ئاینداران هەستیان بەوە کردووە پرسیارەکەیان هەڵەیە، بۆیە کردوویانە بە، هۆکاری سەرەتای بوونی گردوون چییە؟ یاخۆ هۆکاری سەرەتای بوونی شتەکان چییە؟ ئەم جۆرە یاریکردنانە بە وشەکان، گشتیان بۆ ئەوەن بوونی خوای پێ بسەلمێنن، بەکارهێنانی ڕستەی دەستی بە بوون کرد و دەستی بە بوون نەکردبوو، لەبەرئەوەیە نایانەوێ بنەماکە لەسەر خواش پێڕەو بکرێت، تا خواکەیان لە چەمکی هۆیەتی داببڕن. کەچی ئێمەش دەتوانین بڵێین، ئەو شتانەی ناو گەردوون هاتنە بوون دەبێ هۆکارێکیان هەبێ، بەمەش گەردوون دەردەکەین لە بنەمای هۆیەتی. هۆیەتی شتێکە ئێمەی مرۆڤ بۆ تێگەیشتنمان لە سروشت بۆ هۆکار و دەرەنجامەکان دیسەپێنین، نەک بەوەی سروشت بنەمای هۆیەتی گرتبێتە بەر.
زۆر جار ئەو پرسیارەش دەکرێت، ئەگەر پێش هاتنی گەردوون هیچ شتێک بوونی نەبێت، ئەی چی وای لە گەردوون کرد سەرهەڵ بدات، یان تەقینەوە دەستپێ بکات؟ وەڵامەکەی بەسادەیی ئەوەیە هیچ هۆکارێکی نییە! لە فیزیای کلاسیکیدا چرکە بەچرکە هۆکار دەست بەسەر هەموو ڕووداوێکدا دەگرێت، بەڵام لە فیزیای کوانتەمیدا پێشبینیکردن بوونی نییە، گەلەک دیاردەش بەبێ هۆکار ڕوودەدەن.
چەند جارێکی دی دەیڵێینەوە، پرسین لەوەی لە سەردەمی تەقینەوە کەدا کامە دیاردە پێش ئەوەی دیکە هاتووە؟ پرسیارێکی هەڵەیە، لە جیهانی کوانتەمیدا ڕیزبەندی و هاتنی بەدوای یەکی هۆکار و دەرنجام جێی نابێتەوە، دەشێ شتێک ڕوو بدات و پاشان هۆکارەکەی بەدوایدا بێت. زانست لە زۆر بابەتدا بە ئەزموون و بەکردارەکی بنەمای هۆیەتی بەلاوە ناوە، بۆیە نابێ بکرێتە یاسایەکی گەردوونی. بۆ نموونە، کاتێک گەردیلە لە ئاستی وزەی هاندەر دادەبەزێت فۆتۆنێک دەردەکات (Spontaneous emission)، بە ئاشکرا بنەمای هۆیەتی دەبەزێنێت، بەهەمان شێوە لە دیاردەی تونێلی کوانتەمی (Quantum Tunneling)، تەنۆلکەیەک بەبێ هۆکار بەربەستێکی گەورەی خاوەن وزەیەکی مەزن دەبڕێت، هیچ هۆکارێکیش بۆ شیبوونەوەی ناوکەی توخمە تیشکدارەکان نییە.
پرسیارکردنیش دەربارەی ئەوەی، بۆچی ئەو تەقینەوەیە لەو دەمەدا ڕووی داوە؟ تەنیا لای ئەوانە دەوروژێنرێت کە لە ڕوانگەی بنەمای دیارکردنەکییەوە (Deterministic)، لەم بابەتە دەڕوانن. دەتوانین هاوشێوەی ئەمە بپرسین، ئایە لە کاتی شیبوونەوەی گەردیلەی یۆڕانیۆم بۆ سۆریۆم (مەبەست یەک تاکە گەردیلەیە)، کەس دەزانێت بۆ لەم چرکەساتە دیارکراوە ڕوو دەدات و لە یەکێکی دیکە نابێت؟ ئەم پرسیارە وەڵامی نییە، چونکە ئەمەش وەک زۆربەی بۆچوونەکانی دی، بەندە بە بنەمای ناجێگیری هایزنبێرگ. بێگومان ئێمە لێرەدا نموونەمان لەسەر یەک گەردیلە هێنایەوە، بەڵام ئاشکرایە گەردوون لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا ملیاران ملیار جار لە گەردیلەش وردتر بوو، بۆیە بنەمای دیارکردنەکی بۆ ئەم دوورییە یەکجار بچووکە هەڵەیەکی زانستی زەقە. ئەوەی دەشڵێت تەقینەوەی مەزن، یان کاتی پەیدابوونی گەردوون هەلومەرجێکی ناوازە بووە، دیسانەوە هەڵەیەکی گەورەیە، بگرە تەنیا دیاردەیەکی سادەی تەواو هەڕەمەکی بووە، لەبەرئەوەشە زاناکان بە تێکەڵەیەک (شۆربایەک) لە کوارکەکان پێناسەی دەکەن.

زانست و نەبوونایەتی ڕەها

نەبوونایەتی بە سادەیی، بیرۆکەیەکی کلاسیکی بەجێماوە بۆ مرۆڤ، واتاکەشی بەنەبووکردنی شتەکان دێت، بەڵام ئایە لەڕاستیدا بوونی هەیە؟ کەسێک هەیە بتوانێت بە ئەزموونێک بوونی سفڕی ڕەها، یان نەبوونایەتی ڕەها بسەلمێنێت؟ نەخێر! نەبوونایەتی چەمکێکی ڕاستەقینە نییە، بگرە تەنیا ئەندێشەیەکە ئاینەکان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاری دەهێنن. لەزانستدا کاتێک بمانەوێت بگەینە وردایەتی و هەستیارییەکی تەواو، دەرنجام دەگەینە ئاستێک ناتوانین گۆڕانە فیزیکییەکانی شتە پێکبەندەکان بپێوین وەک، جووڵە و دووری، یاخۆ وزە لەکاتێکی دیارکراودا. ئەمانە گشتیان دەوەستنە سەر بنەمای ناجێگیری هایزنبێرگ، ئەوەی زۆر کاریگەرانە بوونی بیرۆکەی نەبوونایەتی ڕەها هەرەس پێ دەهێنێت. ئەگەر ئەو دەمەی ببینین کە هەموو شتێکی دەوروبەرمان لە لەرە و هەژاندایە و هیچ بڕێکی فیزیکی جێگیر و وردایەتی بێکۆتا بوونی نییە، بۆچی بێین باوەڕ بە بوونی ئەو نەبوونایەتییە بکەین؟
لە لایەکی دیکەوە لە زانستدا هەرگیز باسی ئەوە نەکراوە کە بوونایەتی لەگەڵ دەستپێکردنی گەردوونەوە هاتووە، چونکە شێوەیەک لە وزە هەر هەبووە، زۆربەی بیردۆزەکانیش کە باسی هۆکاری سەرهەڵدانی گەردوون دەکەن، پێدا دەگرن لەسەر ئەوەی پێش گەردوون شتێک هەبووە، هەر بەچییەکیش پێناسەی بکەن، نابێ پێی بگوترێت هیچ، یان نەبوونایەتی ڕەها.
بۆ نموونە؛
- بیردۆزی کاشوێنی (Spacetime)، زانای ناودار ستیڤن هۆکینگ دەڵێت، کات و شوێن لەگەڵ سەرهەڵدانی گەردوونەوە هاتوون، بۆیە نابێ باس لە پێش تەقینەوەکە بکرێت. کات بوونی نەبووە، بە هەمان شێوە شوێنیش بەندە بە سەرەتای تەقینەوەکە و بەو جۆرە نەبووە تەنۆلکەکان لەناو شوێنێک، یاخۆ لە بۆشاییەکدا بکشێن، بگرە کشان و فرەوانبوونی خودی شوێن بووە. بنەماکانی ئەم بیردۆزە زۆر لەگەڵ ئەم بابەتەی هاتنی گەردوون خۆبەخۆ و لەهیچەوە نێزیکە. 
- لە بیردۆزی سەرهەڵدانەوەی گەردوون بەدوای داتەپینەوەیەکی مەزنیش (The Big Bounce theory)، هیچ سەرەتایەک، یان نەبوونایەتییەک بوونی نەبووە و گەردوونەکەمان یەکێکە لە ژمارەیەکی بێکۆتا لە هەڵاوسان و داتەپینی بەدوای یەک.
- هاتنی گەردوون لەو گەردوونانەی هەن، ئەوەی دەگوترێت لە تیۆری هەڵئاوسانی پشێویی (The chaotic inflation theory)، گەردوونەکەمان یەکێکە لە ژمارەیەکی بێسنوور لە گەردوونەکان، بەوەی گەردوون هەڵاوسانێکی وزە پشێوەکانە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی گەردوونەکان و تەقینەوەیەکی مەزن، بۆ بەبەرهەمهێنانی هەڵاوسانی زێدەتر و گەردوونی پتر.
- لە تەقینەوەی گەردوون لە چاڵێکی ڕەشەوە (Black hole)، گشت چاڵە ڕەشەکان ماددە هەڵ دەلووشن و بەرانبەرن بە چاڵێکی سپی، لە ڕووێکی دیکەی بوونایەتی کە ماددە دەردەهاوێژێت و دەبێتە هۆکار بۆ تەقینەوەکان.
زانیمان کە هیچ، یان بۆشایی چی دەگەینێت، بۆیە ئەگەر وامان دانا دروستکەرێک بوونی هەیە و دەتوانێ لە هیچەوە شت دروست بکات، واتاکەی ئەوەیە دێڕێکی فیزیکیمان هەبوو وزەکەی سفڕ بوو، نە ماددە نە هیچ شتێکی لەخۆ گرتبوو، دروستکەرێک وتی ببە، یاخۆ بە هەر شێوازێکی دیکە، بەمەش توانی وزە لە هیچەوە بەبەرهەم بهێنێت. بۆ ئەوەی بڕیارێکی وا بدەین، پێویستە بزانین گەردوونی دروستکراو واتاکەی چییە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە دروستکەر بڕێک وزەی بە گەردوون دا تا بکەوێتە کار، چونکە ئێمە بەردەوام گوێمان لە ئاینداران دەبێ کە خوا هۆکاری تەقینەوەی مەزنە، یان ئەو وای لەو خاڵەی کردووە بتەقێتەوە.
بەڵام ئێمە بینیمان کە گەردوون دەرەنجامی کارلێکێکی فیزیکییە، ئەوەش بیرۆکەیەکی پەسندکراوە و پشتبەستووە بە بەڵگەی سەلمێندراو. بەوەی ئەگەر هەموو شتگەلەکانی ئەم گەردوونە لاببەین، پاشان سەیری شێوەی کاشوێن و چەمانەوەکەی بکەین: ئەگەر گۆیی بێ، واتە وزەیەکی ئەرێنی لەخۆ دەگرێ، ئەو وزە پێدراوەش هۆکارە بۆ کەوتنەگەڕ. خۆ ئەگەر قۆپاو و ناوچاڵیش بێ، خاوەن وزەیەکی نەرێنییە، بەوەی وزەی لێ وەرگیراوە بۆ ئەنجامدانی کردارێک. ئەگەر ڕووتەختیش بێت، ئەوا وزەکەی سفڕە و نە وزەی پێی دراوە و نە لێی وەرگیراوە. لەم بابەتەدا بە ئەزموون و بەڵگەوە بۆمان ڕوون بووەوە کە ڕووتەختی و وزەی گشتی سفڕ، پێناسەیەکی تەواو بوو بۆ گەردوونی ئێمە،. کەواتە بۆ دەبێ باوەڕ بە بوونی خوایەک بکەین، لە کاتێکدا گەردوون دیوێکی دی نەبوونایەتییە و پێویستی بە وزە پێدان و وزە لێوەرگرتن نەبووە تا سەرهەڵ بدات؟
لێرەدا بە هەموو ئەوانەی ڕوونمان کردەوە، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هەمیشە دەبێ شتێک بێسەرەتا بوونی هەبێ، نەبوونایەتی ڕەها، یان بۆشایی فەلسەفی، ئەوەی ئاینداران بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆ سەلماندن و بەرگریکردن لە بوونی خواکەیان، هیچ بنچینەیەکی نییە.
بۆیە دواجار دەکارین بڵێین، بەگوێرەی زانیارییە زانستییەکانی ئەمڕۆکە لەبەر دەستمانە دەربارەی فیزیازانی و گەردوونناسی، ئەم گەردوونەمان گەردوونێکی سروشتییە بەبێ بوونی هیچ نیشانە و هێمایەک لەسەر بوونی بەگەڕخەر، یاخۆ دروستکەرێک.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە