هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆمۆنە و گردبوونەوەسەرەتاییەکانی مرۆڤەوە، دیاردەی نماد و نیشانەکانی تیرە و تایبەتییەکانی کۆمەڵە مرۆڤێک لە شوێنێک یان خاکێکی دیاریکراودا، سەری هەڵداوە. وەک هێمایەک بۆ ناساندنەوە و تەنانەت بۆ خرۆشان و هێزوەرگرتن، بە هاوچەشن و هاوڕەنگەکان لە بەرامبەر دژەکان و مانەوەی خۆیاندا.
هەر نەتەوە و گەل و هۆزێکیش، جودا لە داب و نەریت و خەسڵەتییان، بەرگ و پۆشاکی تایبەتیشیان، ئاوێتە بە ژیانیان و ناسینەوەیان بووە، و بە خۆگونجاندن و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاو و هەوا و جیۆگرافیی سەرزەمینەکەیان، پەرەی سەندووە، وەک پۆشاکی کوردی، کە بۆ هەر بۆنەیەک، شێوە و شیمای خۆی هەیە.
بەرگ و پۆشی پاشا و پاڵە، سەر و خوار، مێر و مێ، لە یەک جودا بوو، بەڵام کە دینی ئیبراهیمی هات، ئیدیۆگرامێکی نوێی هێنایە کایەوە، جووەکان جگە لەوەی دوو پڕچی لوولی سەر گوێچکەکانیان دریژ ئەکردەوە، ڕیشیشیان درێژ ئەکردەوە، بەمەشەوە نەوەستان مێزەرە ڕەشەکەشیان وەک گەوران، خۆیان نمایش ئەکرد، چاخ کردنە مل و بە جوڵەی دەست خاج وێناکردن لە سەر سینگیان، ڕەمز و ڕازی گاورەکان بوو.
میزەرە پانەکەی جوو، وردە وردە، کرا بە خڕ و سپی و ڕەش، و خرایە سەری موسڵمانان.
ئەو تەربووشەی کە براندێکی ئیسلامی و سیمبوڵی گەورەترین وڵاتێکی ئیسلامی وەک ئەندنوسیا و مالیزیایە، لە تونس و مەغریبیش تائێستاش هەر باوە، بۆ یەکەم جار، یەکەم سەرۆک وەزیرانی یەکەم دەوڵەتی جولەکە لەسەری کردوە!.
هەر بۆیە ئیدیۆگرام و شەڕی ئیمەیج و وێناسازی، درووستکراوی ئایینە ئیبراهیمییەکان بوو، کە جولەکە دامەزرێنەر و درێژە پێدەری بووە، بۆ ناسین و خۆجوداکردنەوە و بۆ خۆفەرزکردن وزاڵکردن بووە بەسەر ئەوانی تر و گرتنی دەسەڵات بووە.