بێدەنگ نابین: خۆپیشاندان لە شاری مالمۆی سوید دژی ماڵی مەلا مستەفا


ئه‌گه‌ر یه‌كێتى ڕاست ده‌كات

Sunday, 02.14.2021, 18:15

1557 بینراوە


له‌و كاته‌وه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێك هاتوه‌ ,یه‌كێتى و پارتى پێك هاته‌ى سه‌ره‌كى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بون.له‌وكاته‌شه‌وه‌ كه‌ مامجه‌لال بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار و مه‌سعود بارزانیش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێم ,هیچ كاتێك ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى له‌ناوحكومه‌تدا هاوتاى ده‌سه‌ڵاتى پارتى نه‌بوه‌و له‌ برى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى شه‌رێكى ده‌سه‌ڵات بوبێت ,به‌شدارى ده‌سه‌ڵات بوه‌.
 ئێستا هه‌موو جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستى پارتی وبنه‌ماڵه‌ى بارزانیدان و به‌و هۆیه‌وه‌ دامو ده‌زگاكانى حكومه‌ت ته‌نها شكلین و بۆ ئه‌وه‌ پێك هێنراون كه‌ جێگاى خه‌ڵكیان تێدا بكرێته‌وه‌ ,نه‌ك بڕیاریان تێدا بدرێت. زۆر جار ئه‌ندامانى سه‌ر به‌ یه‌كێتى له‌سنورى پارتى توشى گرتن و كوشتن وڕاوه‌دونان سوكایه‌تى پێكردن ده‌بنه‌وه‌. له‌ تازه‌ترین ڕوداودا له‌ یاریگاى هه‌ولێر یارى كه‌ره‌كانى پارتى له‌ وێنه‌گرێكى كه‌ناڵى كوردساتیان داوه‌. 
له‌ زاخۆ كادیرێكى كۆمه‌ڵایه‌تى یه‌كێتییان گرتوه‌ به‌ ناوى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ په‌كه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ گوندێكى بادینان ته‌نها ماڵێكى سه‌ر به‌ یه‌كێتى لێیه‌ ,موختارى گونده‌كه‌ سێ به‌ سێ ته‌ڵاقى خواردوه‌ نابێ مانگاى ئه‌وماڵه‌ له‌ له‌وه‌ڕگاى ئه‌وگونده‌ بله‌وه‌ڕێت. كابرا ناچار بوه‌ مانگاكه‌ بفرۆشێت. ئه‌مانه‌ ڕێكه‌وت نین و پارتى به‌ به‌رنامه‌ ده‌یه‌وێت سوكایه‌تى به‌ یه‌كێتى بكات. به‌ڵام یه‌كێتى گوێی خۆى كه‌ڕ كردوه‌. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ رۆِژێك له‌ ڕۆژان یه‌كێتى بیرى له‌ ئۆپۆزسیۆن بون نه‌كردۆته‌وه‌ و به‌رداوام هه‌ر گله‌یی له‌ حكومه‌ت كردوه‌و به‌شداریش بوه‌ تێیدا. 

 كۆنگه‌ره‌ى چوارى یه‌كێتى

كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى بۆیه‌ به‌سترا كه‌ یه‌كێتى خۆى نوێ بكاته‌وه‌ ,به‌ڵام پێچه‌وانه‌كه‌ى ده‌رچوو ئه‌وه‌نده‌ى تر ناو ماڵى یه‌كێتى په‌رت بوو. دوو هاوسه‌رۆك بۆ یه‌كێتى هه‌ڵبژێران. هه‌موو به‌رپرسه‌ كۆنه‌كانى ناو یه‌كێتى په‌ڕاوێز خران. له‌شكرێك خه‌ڵك كرا به‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى بۆ بێده‌نگ كردنیان. 

 په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتى دواى كۆنگره‌ى چوار 

كوڕانى مامجه‌لال په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى باشه‌. قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌و سه‌رۆكى تێمى یه‌كێتییه‌ له‌ حكومه‌تدا. بافێڵ تاڵه‌بانى په‌یوه‌ندى شه‌خسى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى خراپ نییه‌. هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌ كۆنه‌كانى ناو یه‌كێتى په‌یوه‌ندى باشیان له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسیان له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا مسوه‌گه‌ره‌. ئه‌وانه‌ پێیان ده‌گوترێت پڕۆ پارتى. كاتى خۆشى پشتیوانى مه‌سعود بارزانیان كرد بۆئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم و له‌ ده‌ستدانى شارى كه‌ركوك و زیاتر له‌ نیوه‌ى خاكى كوردستان.
به‌ڵام لاهور شێخ جه‌نگى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوو هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتى و خاوه‌نى پێگه‌یه‌كى به‌ هێزیشه‌ ,تا ئێستا له‌ لایه‌ن مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ دانى پێدا نه‌نراوه‌ وه‌كو هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى و به‌و هۆیه‌وه‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌گه‌ڵ كۆى بنه‌ماڵه‌ى شێخ جه‌نگى ناكۆكن و له‌ یه‌كترى ده‌خوێنن. به‌ڕاستى هۆكارێكى ڕون و ئاشكرا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى لاهور شێخ چه‌نگى وه‌كو هاوسه‌رۆكێكى یه‌كێتى حسابى بۆ نه‌كه‌ن ,ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها بۆ دروست كردنى كێشه‌یه‌ له‌ نێوان ئامۆزاكان كه‌ ئێستا ئه‌وان به‌ كردارى یه‌كێتى به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن. 
لێدوانه‌كانى به‌رپرسه‌كانى یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ مه‌له‌فى نه‌وت به‌ پێیى كات و به‌ پێیى ده‌سكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندى ده‌گۆڕێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنجى لێدوانه‌كانى به‌رپرسانى یه‌كێتى بده‌ى سه‌باره‌ت به‌ شه‌فافیه‌ت له‌ مه‌له‌فى نه‌وتدا ,زوربه‌یان بێ ئاگایی خۆیان ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێن ئێمه‌ئاگادار نین. به‌ڵام له‌ پڕ عیماد ئه‌حمه‌د كه‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو ,ده‌یگوت ئێمه‌ ئاگادارى مه‌له‌فى نه‌وتین.
 ئێستا قوباد تاڵه‌بانى بۆته‌ به‌رگریكارى پارتى و به‌ ئاشكرا ده‌ڵێت ئێمه‌ ئاگادارى مه‌له‌فى نه‌وتین و ڕێكه‌وتنى 50ساڵه‌ى نێوان هه‌رێم و توركیا له‌سه‌ر خودى نه‌وته‌كه‌ نییه‌ ,به‌ڵكو ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بۆرى نه‌وته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ زۆرینه‌ى یه‌كێتییه‌كان ناڕازین له‌وه‌ى كه‌ قوباد تاڵه‌بانى وه‌كو سه‌رۆكى وه‌ڤد ده‌چێته‌ به‌غدا.
 ده‌ڵێن كێشه‌ى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر نه‌وته‌ و كێ كێشه‌كه‌ى دروست كردوه‌و نه‌وتى هه‌رێمى هه‌ڕاج كردوه‌ با ئه‌و كه‌سانه‌ بچنه‌ به‌غدا نه‌ك قوباد تاڵه‌بانى. زۆر كه‌س هۆكارى ئه‌و به‌رگریكردنه‌ى قوباد تاڵه‌بانى له‌ پارتى سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ى نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێرَنه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ قوباد تاڵه‌بانى به‌رده‌وام به‌شێك له‌ پاره‌ى نه‌وتى له‌پارتى وه‌رگرتوه‌ بۆ خۆى نه‌ك بۆ یه‌كێتى. بۆیه‌ له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر دژى بۆچونه‌كانى پارتى بوستێته‌وه‌ ,ئه‌وه‌ى لێ ئاشكرا بكه‌ن. هه‌موو لایه‌كیش ئاگادارى ئه‌وه‌ن كه‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌ په‌ڕاوێز خراوه‌و كه‌مترین خزمه‌ت گوزارى بۆ ئه‌نجام دراوه‌. جیاوازیه‌كانى نێوان ده‌ڤه‌رى زه‌ردو سه‌وز ئاسمان و ڕیسمانه‌ له‌ ڕوى ڕێگاو بان و تونێل َو شه‌قامى شه‌ست مه‌ترى و سه‌د مه‌ترى و سه‌دوو بیست مه‌ترى و سه‌دو په‌نجا مه‌ترى له‌ هه‌ولێر هه‌یه‌ ,به‌ڵام تا ئێستا ته‌نها ئه‌و شه‌قامى شه‌ست مه‌تریه‌ له‌ سلێمانى هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌مى به‌عسدا وه‌كو پشتێنه‌یه‌كى ئه‌منى به‌ده‌ورى شارى سلێمانیدا دروستى كردبوو. 
به‌ هۆكارى هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ كرد ئێستا له‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز ڕاو بۆچونى جیاواز دروست بوه‌. كۆمه‌ڵێك داواى به‌ هه‌رێم كردنى زونى سه‌وز ده‌كه‌ن. كۆمه‌ڵێكى تر هه‌وڵ ده‌ده‌ن موچه‌ خۆرانى ده‌ڤه‌رى سه‌وز بخه‌نه‌ سه‌ر به‌غدا. بۆچونێكى ترى ناو یه‌كێتیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌ون و نه‌وتو غازى ده‌ڤه‌رى سه‌وز ده‌رهێنن و به‌ یه‌كه‌وه‌ ئیداره‌ى بكه‌ن و به‌شه‌بودجه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ به‌غدا وه‌رگرن.
 ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانیش داواى لامه‌ركه‌زى ئیدارى و دارایی بۆ پارێزگاى سلێمانى ده‌كات. به‌ بۆچونى خۆم ته‌نها داواكه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌ ڕه‌واو ڕاست و حه‌ق ده‌زانم. چونكه‌ داواكردنى ئه‌و مافه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كرێت نه‌ك به‌غدا. به‌ڵام بۆچونه‌كانى تر هه‌مویان هه‌رێمى كوردستان به‌ ئاراسته‌ى له‌تبون وپارچه‌ پاره‌چه‌ بون ده‌به‌ن و ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌خه‌نه‌ به‌ر مه‌ترسى له‌ناو چونه‌وه‌. نابێ له‌ ڕقى یه‌كترى ماڵى خۆمان وێران بكه‌ین و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆمان ڕاستگۆبین و به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى و حیزبیه‌وه‌ نه‌بین ,ده‌توانین به‌باشترین شێواز چاره‌سه‌رى هه‌موو كێشه‌كان بكه‌ین. 
له‌ كاتێكدا بۆچونێكى ناو یه‌كێتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بچن له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌ون بۆ ده‌رهێنانى غازى ده‌ڤه‌رى سه‌وز بۆ ئه‌وه‌ى به‌شه‌ بودجه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ وه‌رگرن ,قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێت : داهاتى نه‌وتى ده‌ڤه‌رى سه‌وز له‌ سه‌دا یانزه‌ تێناپه‌ڕێت. ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز ناتوانێت به‌بێ هه‌ولێر ئیداه‌ره‌ى خۆى بكات. 
ئه‌وه‌ش پشتیوانییه‌كى ئاشكرایه‌ له‌پارتى و ده‌كاته‌ دژایه‌تى ئه‌و به‌شه‌ى ناو یه‌كێتى كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌لأَ به‌غدا ڕێك بكه‌ون. به‌ڵام نازانم بۆچى كاك قوباد خۆى له‌وه‌ لاداوه‌ بڵێت : ده‌ڤه‌رى سه‌وز خاوه‌نى له‌ سه‌دا 65 یه‌ده‌گى نه‌وت و 80ى یه‌ده‌گى غازى سروشتییه‌. ئه‌ى بۆچى ناپرسێت بۆچى پارتى ڕێگاى نه‌دا كۆمپانیاكانى نه‌وت له‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز سه‌رمایه‌ گوزارى بكه‌ن ؟. ئه‌ى بۆچى ئاشتى هه‌ورامى ئاماده‌بوو زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلار كه‌رانه‌ بدات به‌ دانا غاز ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى په‌ره‌ به‌ كاره‌كانى نه‌دات و بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ڤه‌رى سه‌وز نه‌بێته‌ خاوه‌نى ئابورى خۆى. ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ كردوه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا مه‌ركه‌زى بڕیار نه‌ماوه‌و پاشاگه‌ردانییه‌كى ته‌واو به‌ر چاو به‌دى ده‌كرێت و هاوسه‌رۆكه‌كانى یه‌كێتیش یه‌ك بۆچونیان نییه‌.
 سه‌ركرده‌كۆنه‌كانى ناو یه‌كێتى په‌ڕاوێز خراون. له‌شه‌كره‌كه‌ى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى له‌ جێگه‌ى نه‌بواندان و به‌ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى بیده‌نگ كراون. ئه‌وه‌تا ده‌بینین له‌ ئه‌نجامى ئه‌و په‌رته‌وازیه‌دا شارى سلێمانى بۆته‌ ته‌كساس و هه‌ر رۆژه‌ په‌لامارى كه‌سێك وشوێنێك ده‌درێت له‌ لایه‌ن به‌رپرسان وكوڕى به‌رپرسانه‌وه‌و ئه‌و ته‌عداو سوكایه‌تیه‌ى له‌سایه‌ى ئه‌مانه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكى شار ده‌كرێت ,له‌ زه‌مانى سه‌دامدا به‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌. هه‌ر مه‌سئوله‌و خاوه‌نى هێزى تایه‌به‌تى خۆیه‌تى و حساب بۆ كه‌سى تر ناكات.ئه‌وه‌ى له‌ سلێمانى ڕوده‌دات یه‌كێتى لێى به‌رپرسیاره‌ نه‌ك پارتى.
كه‌واته‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌ له‌ ئێستادا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان نه‌ك هه‌ر خاوه‌نى ئه‌جینداى نیشتمانى نه‌ماوه‌ ,خاوه‌نى ئه‌جینداى حیزبیش نه‌ماوه‌ و هه‌ر تاقمه‌و خه‌رێكى به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیه‌تى و به‌به‌رچاوى خه‌ڵكه‌وه‌ سامانى نیشتمان تاڵان ده‌كرێت و خه‌لكیش كه‌وتۆته‌ سواڵ. ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كێتى وه‌كو ئیستا هێشتۆته‌وه‌ ,بونى كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى ناو خاوه‌ن هێزه‌ سه‌ربه‌خۆكانى ناو یه‌كێتى خۆیه‌تى.

 ئه‌گه‌ر یه‌كێتى له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن بۆ ده‌رهێنانى نه‌وت و غاز چى ڕوده‌دات؟.

1-ئه‌مه‌ریكا پشتیوانى ئه‌وڕێكه‌وتنه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى چیتر به‌غدا پشت به‌ غازى ئێران نه‌به‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ى ئێران زیانى گه‌وره‌ى دارایی بكات و ئه‌وه‌نده‌ى تر لاوازتر بێت. ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانرێت ئه‌مه‌ریكا له‌ خه‌مى كورد نییه‌ چى لێ به‌سه‌ردێت. ئه‌وه‌تا هاوخه‌مى خۆى بۆ توركیا ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر كوژرانى سه‌ربازه‌كانى له‌ لایه‌ن په‌كه‌وه‌ ,سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو ناكۆكیانه‌ى له‌گه‌َلأ توركیا هه‌یانه‌. كه‌ واته‌ گره‌و كردنیش له‌سه‌ر بایدن ,وه‌كو گره‌وكردن له‌سه‌ر ئه‌سپى دۆڕاو وایه‌. كورد ده‌ڵێت : مانگه‌ شه‌و سه‌ر له‌ ئێواره‌وه‌ دیاره‌.وریابن ئه‌وه‌ى ترامپ به‌سه‌ر كوردانى ڕۆژئاوایان هێنا ,دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
2- یه‌كێتى سنورێكى فراوان و بازرگانییه‌كى زۆر قه‌به‌شى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌. ئێران شاده‌مارى هاورده‌كردنى كاڵایه‌ بۆ سنوورى یه‌كێتى. ئایا ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌گه‌َلأ به‌غدا ڕێك بكه‌وێت و عێراق پێویستى به‌ غازى ئێران نه‌مێنێت ,ئاوا به‌ئاسانى بێده‌نگ ده‌بن ؟. ئه‌گه‌ر ئێران كاردانه‌وه‌ى هه‌بوو ,یه‌كێتى هیچى پێده‌كرێت ؟. ئایا شیعه‌ى عێراق پشتیوانى یه‌كێتى ده‌بن یان ئێران ؟. ده‌بێ ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ هه‌موو حسابیان بۆ بكرێت.
3- وه‌كو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ كرد مامه‌له‌ى ده‌رهێنانى غاز له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌موو سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌رى كۆك نین. هیچ پرسێكیش به‌ میلله‌ت نه‌كراوه‌. كه‌واته‌ كێن ئه‌وانه‌ى ئه‌م مامه‌له‌یه‌ ده‌كه‌ن ؟ كێ حه‌قى پێداون و ده‌سه‌ڵاتى پێداون ئه‌و كاره‌ بكه‌ن ؟. ئه‌ى ئه‌مه‌ش ناكاته‌ مامه‌له‌كه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ توركیا بۆ مۆركردنى ڕێكه‌وتنى 50 ساڵه‌ى نه‌وت و غاز كه‌ئیستا به‌ هۆى ئه‌وه‌و هه‌رێم كه‌وتۆته‌ ژێر هه‌ژمونى توركیاو ڕازى نییه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكه‌وتن بكات. ئه‌ى ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ ناچارى پێش سوپاى تورك ده‌كه‌ون بۆ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ ؟. 
4- گریمان ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كراو غاز ده‌رهێنراو به‌شى ده‌ڤه‌رى سه‌وزى لێدرا. باشه‌ كى َزامنى ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و داهاته‌ وه‌كو داهاته‌كه‌ى لاى پارتى به‌ تاڵان نه‌برێت ؟. باشه‌ با ئه‌م پرسیاره‌ش بكه‌ین : ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى ئیدیعاى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌مه‌ له‌به‌ر خاترى خه‌ڵكه‌و ئه‌وه‌تا پارتى ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ى پشت گوێ خستوه‌، ئه‌ى باشه‌ داهاتى گومرگه‌كان له‌ ژێر ده‌ستى خۆتاندا نییه‌ كه‌ به‌ ڕۆژى ڕوناك و به‌ به‌رچاوى خه‌ڵكه‌وه‌ ,به‌ قاچاخ كاڵا ئه‌مدیو ده‌كه‌ن و گومرگ ناده‌ن.
 ئه‌و كاڵایانه‌ فه‌حس ناكرێن و كوالێتى باشیان نییه‌. ئه‌ى باشه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خه‌مى خه‌ڵكن ئه‌و هه‌موو كۆمپانیاى حیزبى و به‌رپرسانى حیزبیه‌ چییه‌ له‌و مه‌رزانه‌ به‌ به‌هانه‌ى جۆراو جۆر سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن ؟. باشه‌ بۆچى فه‌رمان به‌رى حكومى دانانین و پاره‌كه‌ى بۆ خه‌ڵك ناگێڕنه‌وه‌ ؟. ئه‌وه‌تا عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح چه‌ندین ڕاپۆرتى له‌سه‌ر ئه‌و دزى و تاڵانیه‌ بڵاو كردۆته‌وه‌.
 له‌ تازه‌ترین ڕاپۆرتدا ده‌ڵێت :له‌ تانجه‌رۆ به‌نزینى ژه‌هراوى و كوالێتى خراپ دروست ده‌كرێـت و ده‌بێته‌ هۆى نه‌خۆشى شێر په‌نجه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌نزینه‌ى له‌ ئێرانیشه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێـت ,كولێـى خراپه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و پاڵاو گانه‌ له‌ لایه‌ن حیزب و كه‌سانى حیزبیه‌وه‌ ئیداره‌ ناكرێن ,بۆچى ڕێگایان پێده‌ده‌ن ؟. ئه‌گه‌ر ڕاپۆرته‌كانى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح درۆن و ڕاست نین ,بۆچى شكاتى لێ ناكه‌ن و نایده‌نه‌ دادگا وبه‌ درۆى ناخه‌نه‌وه‌؟.
ئه‌گه‌ر به‌هانه‌شتان ئه‌وه‌ بێت بڵێن: تا پارتى ئاوا بكات ئێمه‌ش ئاوا ده‌كه‌ین ,كه‌واته‌ جیاوازى ئێوه‌و ئه‌وان نامێنێت و هه‌ردوك لاتان تاڵانچین. ئێمه‌ قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كێتى و ده‌ڤه‌رى سه‌وز ده‌كه‌ین، پارتى له‌ دزى و تاڵانى و خیانه‌ت و نیشتمان فرۆشى هه‌مووسنووره‌كانى تێپه‌ڕاندوه‌و لێبۆته‌وه‌و پێویست به‌ قسه‌كردنى زیاتر ناكات له‌ سه‌ریان. كه‌واته‌ چۆن خه‌ڵك بڕواو موتمانه‌ى به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك ده‌كه‌ون بۆ ده‌رهێنانى نه‌وت و غاز له‌ پێناوى خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵكدا ؟. هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ ئه‌وه‌ نییه‌و ده‌تانه‌وێت له‌پێناوى به‌رژوه‌ندى خۆتاندا ,سلێمانیش وه‌كو ناوچه‌ى بادینان و كه‌ركوكو ناوچه‌ داگیركراوه‌كان ,بكه‌ن گۆڕه‌پانى شه‌ڕو پێكدادان. 
 له‌ به‌شى كۆتایى ئه‌م نوسینه‌دا له‌ سه‌رانى یه‌كێتى ده‌پرسم : ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ ڕاستانه‌و له‌ به‌ره‌ى گه‌ڵن. ئه‌گه‌ر له‌ خه‌مى خاك و خه‌ڵكى كوردستانن. ئه‌گه‌ر ناتانه‌وێت هه‌رێمى كوردستان له‌ناو بچێت. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ خۆتان له‌ پارتى به‌ دڵسۆزتر ده‌زانن بۆ كورد. ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ببنه‌وه‌ به‌و یه‌كێتیه‌ى له‌ ساڵى 1976 شۆڕشى ده‌ست پێكرده‌وه‌و هێواو ئاواتى خسته‌وه‌ دڵى خه‌ڵك ,هیچ كات له‌ ئێستا گونجاو تر نییه، هیچ كات له‌ ئێستا زه‌مینه‌ خۆشتر نییه‌ بۆ گێرانه‌وه‌ى ئه‌و سه‌روه‌ریه‌ى ئه‌و كاته‌.
ئه‌گه‌رچى خه‌ڵكى زۆر گله‌یی و ناڕازین لێتان. ئه‌گه‌رچى جیاوازییه‌كى زۆر كه‌متان هه‌یه‌ له‌گه‌ل َپارتى. به‌ڵام تۆزێك تروسكایی هه‌یه‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌. ناڕه‌زایی خه‌ڵك گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌. وه‌كو ئه‌و كاته‌ وایه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانى تێدا دروست بوو. پارتى كه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌موو كێشه‌كانه‌ باروۆخى له‌ به‌غدا خراپه‌. له‌ناوخۆدا زۆر خراپه‌ و ناڕه‌زایه‌كان گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌ له‌ سنوورى هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆ و ئه‌وه‌تا كه‌وتونه‌ ڕه‌شبگیر و ئازار دان و سوكایه‌تى به‌خه‌ڵك. 
ئه‌وه‌تا به‌ ئاشكرا له‌به‌ر خاترى تورك شه‌نگالیان ته‌سلیم به‌ به‌غدا كرده‌وه‌. ئه‌وه‌تا پێش سوپاى تورك كه‌وتون بۆ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌. توركیا له‌ناو هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ په‌لامارى په‌كه‌كه‌ ده‌دات. پارتى له‌مه‌له‌فى نه‌وتدا شكستى گه‌وره‌ى هێناوه‌. 
به‌ڵام ئه‌وه‌ى پارتى هێشتۆته‌وه‌ بێ هه‌ڵوێستى یه‌كێتى و په‌رته‌وازه‌یی حیزب و لایه‌نه‌كانى تره‌. ئه‌گه‌ر یه‌كێتى له‌ خه‌مى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ برى ئه‌وه‌ى هه‌وڵى ئه‌وه‌ بدات مامه‌له‌ى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات و به‌و هۆیه‌وه‌ قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستان بخاته‌ به‌ر مه‌ترسى له‌ناوچونه‌وه‌ ,كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌وڵى پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى نیشتمانى به‌رفراوان بدات و له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و هاونیشتمانى و حیزبى شیوعى و هه‌رچى تاقم و كه‌سایه‌تى نیشتمان په‌روه‌رى سه‌ربه‌خۆ و فراكسیۆنى هێواى گه‌ل له‌ به‌غدا پێك بهێنێت. ئه‌وكات به‌ هه‌مویان خه‌ڵكه‌ ناڕازیه‌ سه‌ربه‌خۆكانیش له‌ خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چیتر پارتى نه‌توانێت ,به‌ته‌نها حوكمى كوردستان بكات. 
ڕاسته‌ ئه‌مه‌ كارێكى ئاسان نییه‌و هه‌ر به‌ده‌م و نوسین له‌سه‌ر كاغه‌ز خۆشه‌ ,به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت ,ئه‌گه‌ر خه‌م و ڵسۆزى هه‌بێت بۆ گه‌ل و نیشتمان ,ئه‌گه‌ر ئه‌و حیزب و لایه‌نه‌نانه‌ى ئێستا له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌رێمى كووردستان هه‌ر یه‌كه‌ى له‌ ژیر ناوێكدا خه‌بات ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى نه‌ك حیزبى و شه‌خسى ,ده‌توانرێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك پێك بێن ,ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌ست به‌ردارى به‌شێك له‌ داواكانى خۆى ببێت و به‌قه‌ده‌ر به‌ڕه‌كه‌ى خۆی و قه‌واره‌ى خۆى پێ ڕاكێشێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبێك یان لایه‌نێك نه‌یه‌وێت به‌شدارى بكات به‌هانه‌ى زۆر هه‌یه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر حه‌قى دوو كورسى په‌ڕله‌مانى هه‌بێت ,داواى 7 كورسى ده‌كات.
له‌م حه‌ڵه‌ته‌دا ده‌بێ یه‌كێتى ڕۆڵى براگه‌وره‌ ببینێت و ده‌ستى كراوه‌بێت. ده‌بی َهه‌موو حیزبه‌كانیش ئه‌وڕاستییه‌ بزانن كه‌ سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ به‌ شێوازیكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حیزبه‌ بچوكه‌كاندا نییه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ته‌نها و بێ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى ده‌نگه‌كانیان بلاِو ده‌بێته‌وه‌ و بۆ حیزبه‌ گه‌وره‌كان ده‌چێت.ئه‌و كات هه‌ر حیزبێك بوو به‌خاوه‌نى زۆرینه‌ ,له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌بێته‌ كوێخاو دیكتاتۆر.
 له‌وكاته‌دا حیزبه‌ بچوكه‌كان ته‌نها قسه‌ كردنیان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌و كه‌سیش حساب بۆ ڕاو بۆچون و پێشنیاره‌كانیان ناكات و هیچ ڕۆڵێكى كاریگه‌ریان نابێـت له‌ گۆڕه‌پارنى سیاسى هه‌رێم كوردستاندا و ته‌نها چه‌ند كه‌سێكیان ده‌بنه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و ئه‌وه‌ش ده‌چێته‌ بابى به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌ته‌وه‌. پێكهێنانى هاوپه‌یمانییه‌كى فراوان تاكه‌ هێوایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چیتر ده‌سه‌ڵات قۆرغ نه‌كرێت و سامانى وڵات به‌ تاڵان نه‌برێت. به‌ هیواى سه‌ركه‌وتن.