كاریگەری فەیسبوك و ڕۆڵی پارتی

Tuesday, 16/02/2021, 15:42

2613 بینراوە


بریارم دابوو كە چیتر خۆم لەقەرەی بابەتی ڕەخنەیی بۆ سەر حكومەت و حیزبەكان بەتایبەتی ( پارتی و نەوەكانی مەلا مستەفا) نەدەم و بڵاو نەكەمەوە ،بەڵام هەرچەندە بیردەكەمەوە ناکرێت کەسانی وەکو من كە نزیكەی بیست ساڵە لە بواری ڕۆژنامەنوسیدا كاردەكەم لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان دا بێهەڵوێست بین لەكاتێكدا ھیچ حیسابێك بۆ ھەستی ئێستای ھاونیشتیمانیان ناكرێت ! لە دیدی منەوە مرۆڤی ڕاستگۆو خاوەن هەڵوێست و بەئاگا دەبێ سەرەتا پشتیوانی ژیان و مافی سەرەتایی خەڵك بێت ئەوجا خەمی بوارێكی ئەدەبی یان فیكری و یان زانستی بێت ، بە دڵنیاییەوە میللەتی كورد شایەنی ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردن نییە ، ئەم گەلە تێكۆشەرە شایەنی برسیكردن و بێكاری و ساردو سەرمای ژیان و سركردن و ستەم و بێ بەهاكردن نییە ،نابێ هەرگیز تاكی كورد ئەم جۆرە لە حوكم و بەڕیوەبردن و دیدو ڕوانینی بەرپرسانەی لەبیر بچێتەوە .
 
خۆشبەختانە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك كاریگەری هەیە لە گەیاندنی زانیارییەكان و وروژاندنی خەلك ،ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتیانە لە دونیای تەكنەلۆژیاو  دونیای بێخەبەری كورد لە ناو تەكنەلۆژیادا بووەتە جێگای تێڕامان و سەدان و هەزاران  لێكۆڵینەوەی سیاسی و سۆسیۆلۆژیای لە بارەوە كراوە ، گومانی تێدا نییە گواستنەوەو بڵاوكردنەوەی هەواڵ و دەستڕاگەیشتنی هەموو كەس بە زانیاری و گواستنەوەی بۆ دونیای ئەوانیتر دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی .
 
فەیسبوك سەكۆیەكە بۆ نیشاندانی چەندین فۆڕمی جیاواز لە واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردیدا ،پارتی و هاوئاوازەكانی پارتی تۆڕی كۆمەڵایەتی بۆ ئامانجێكی سیاسی بەكار دەهێنن كە خزمەت بە ئایدۆلۆژیای حیزب و حوكمڕانی بنەماڵەیی بكات ،زۆرجار پارتی ڕۆڵی پاڵەوانانە و فرۆشتنی هەڵوێست و دیدێكی پۆپۆلیزمیانە لەناو ئەم تۆڕەدا دەگێڕن ، ئێستاش خوێندنەوەی پارتی بۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئەوەیە كە فەیسبوك لە دیواری ئاودەستی مزگەوت و شوێنە گشتییەكان دەچێت ! ئەمە دیدی پارتییە هەربۆیە لەشكرێك لە مرۆڤی دەم پیس و جنێو فرۆش و بوختانچیی یان لە فەیسبوك كۆكردووەتەوە كە لەلایەن بارەگای بەرزانی و شەخسی مەسعود بەرزانییەوە سەرپەرشتی دەكرێن ! هەموو شتێك لە ناو ئەم تۆڕەدا بۆ ئەو لەشكرە پیسخۆرەی پارتی حەڵاڵ و ڕێگە پێدراوە ،بەڵام بۆ من و تۆ و هەزاران ئازادیخوازو رۆژنامەنوس بڤەیە و حەرامە! هەموو ڕۆژو شەوێك پارتییە پیسخۆرەكان بە جنێو و سوكایەتی و هۆنینەوەی تۆمەت و بوختان خۆیان خاڵی دەكەنەوە ! بەڵام من و تۆ و هەزاران ئازادیخوازو رۆژنامەنوس ئەگەر دیدو روانینێكی فكیری و زانستی و ئەدەبی و هەتا ڕەخنەیەكی لۆژیكی عەقلانیمان هەبێت لە مێژوی چەواشەكاری و بنەماڵەی بەرزانی و سیاسەتی شكستخواردووی كابینەی نۆیەم و حوكمڕانی پارتی دەكەوینە بەر هێرش و پەلاماردان و ئیرهابی فیكری !
 
هێزی پارتی و حوكمڕانی نەوەكانی مەلا مستەفا لە بازاڕی شێواودایە و لە دابەشبون و پەرتبوونی هێزە سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت ، من لەگەڵ جیاوازیم و بە دیدێكی پلۆرالیزم لە دونیا دەڕوانم ،لەگەڵ ڕەخنەم و رەخنەیش دەبێ خاڵی كۆكەرەوەی هەموومان بێت ،لەگەڵ ئازادی و دابینكردنی نان و بژێویم چونكە  بۆ وجودی ئینسان پێویستن ، نان و ئازادی پێكەوە بەهای ئینسان ڕادەگرن ،باوەڕیشم وایە هەتا دەرونی تاك ئازاد نەبێت خاك و كۆمەڵگا ناتوانێت ئازاد بێت ، لەسایەی حوكمڕانی پارتی و شاگردەكانی پارتی هەموو گەنجێك مافی خوراوە! رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ پێنوسەكەیان شکێندراوە! مامۆستایانی بە ویژدان پڕ شەق کراوە! کەرامەتی مرۆڤی زیندوو لەپێکراوە! خاکی هەموومان هەڕاج کراوە!  تكا دەكەم بەرەی ئازادیخوازو ڕۆژنامەنوسان ئێوە بەرەی هەق و هەقبێژین دژ بە نادادی و ستەمكاری یەكڕیزبن و یاخی بن رەخنەی بونیادی لەم شێوازی حوكمڕانەتییە بگرن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە