پۆست گارە

Wednesday, 17/02/2021, 18:21

4188 بینراوە


 پەکەکە لە مێژە ئاماژە بۆ دەسەڵاتی باشوور ڕائەکێشێ لەوەی پێوستە لەبەرەی گەلی کورد بن وخۆیان نەخەنە بەرەی دوژمنانی کورد و کوردستان . داوایان لێکردوون چیتر لەدژی ئازادیخوازانی گەلەکەمان بە گشتی و ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە زانیاری و گەلەکۆمێ لەگەڵ تورکان نەکەن و دژ بە سەنگەری پەکەکە،فیشەك ئاڕاستە نەکەن. هەر کاتێ گەریلایەك کرابێتە ئامانجی دەزگای میت و سوپاکەی ئەردۆگان و شەهید کردنی، هەر زوو پارتی و بنەماڵەی بارزانیان لێ ئاگادار کردۆتەوە و داوایان لێ کردوون چیتر چاوساغ و کەواسووری پێش لەشکر،نەبن.
بەداخەوە کاتێ پەکەکە ئەم هەموو ڕاستیەی زانیوە لێ نەیتوانیوە بە شێوەیەکی تەواو لەڕەگەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکا و لێرە و لەوێ چەندین گەریلا و ئەندامانی زەرەمەندی ئەم سیاسەتەی پەکەکە بوون. کادیرانی پەکەکە ئەبوو زۆر لەوە زیاتر بەتەنگ هاوەڵەکانیانەوە بوونایەوە و ئەوەندە خەم سارد نەبوونایە ، دەنا هەموان پارتی و بنەماڵەی بارزانی باش ئەناسین و لەوەتەی هەن جگە لەخیانەت و کاری مقاشی بۆ بێگانە و کوشتنی ئازادیخوازانی هەموو پارچەکانی کوردستان، هیچی ترمان لێ نەبینیون.. 
گەر ئامارێکی کورت بکەین بۆ ژمارەی شەهید و زیندان و تیرۆرکراوانەی  ئەو هەموو گەریلا و ئەندامانەی سەر بەم ڕێکخراوەن لەلایەن هەردوو چەتەی ئەردۆگان و مەسعودەوە، ئەوا پێوست بە بەڵگە ناکا بۆ ئەوەی پەکەکە نەخشەیەکی وای هەبوایە لانی کەم ڕێگری لەم تاوانانە،بگرتایە.
هێرشی ئەم جارەی جەندرمە و بەهاوبەشی چەتەکانی مەسعود بۆ سەر چیای گارە و زانینی ئەو حەشارگەیەی بۆ زیندانەکانی سوپای ئەردۆگان دیاری کرابوون لەلایەن پاراستن و دانی ئەو زانیاریانە بە  میت و پاشان لەڕێگای هێزی سەربازیەوە هەموویان لەناو بران،ئاماژەیەکی تری ترسناکە لەوەی لە کاتی تردا دووبارە بێتەوە. ئەم سەرکەوتنەی ئەم جارەی هێزی گەریلا گەر بێت و ڕیشەی خیانەتی پارتی و بنەماڵەی مەسعود هەڵنەکەنرێت، ئەوا ئەبێتە ئاریشەیەکی زۆر ئاڵۆز بۆ داهاتوو. پەکەکە ئەبێ وانەی ئەم جارە هەوڵدان بێ بۆ ڕیشەکێشکردنی چاوساغانی پارتی و ئەوانەی کار بۆ میت ئەکەن. ئەگەر نا ئەوا لەجیاتی سەرکەوتن جارێکی تر پەکەکە زەرەرێکی تر ئەکا کە ڕەنگە داهاتوویان بەتەواوی بخاتە مەترسیەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە