سیخوڕ یان ئازادیخواز؟

Thursday, 18/02/2021, 22:21

4941 بینراوە


ئازادی رۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە کوردستان لە دوای دادگایی کردن و حوکمدانی ئازادیخوازانی بادینان گەیشتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار. لە دادگایەکدا کە پێشتر لەلایەن دەسەلاتەوە بڕیارەکانی بۆ نێردرابوو و ئەرکی دادگاش تەنھا خوێندنەوەی بڕیارەکە بوو. ماوەی نزیکەی شەش مانگە کە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لە دەڤەری بادینان لە زیندانەکانی پارتیدان. حوکمدانی چەند ئازادیخوازێک لەوانە بە شەش ساڵ زیندانی تەنھا لەبەر ئەوەی کە لە گروپێکی مەسنجەر ڕەخنەیان لە حکومەت گرتووە زەنگێکی زۆر مەترسیدارە لەسەر داھاتووی کاری رۆژنامەوانی و بیروڕای جیاواز لە ھەرێمی کوردستان. پێویستە خەلکی کوردستان ھەڵوێستی جددیان ھەبێت و نابێت بھێلین کە ئەم کارە دوور لە شارستانیە بەسەر بنەماڵەی تاریکپەرست و دیکتاتۆری بارزانیەوە بچێت. ھەرچەندە کاردانەوەکان تا ئێستا تا ڕاددەیەکی باش فراوانە و دەنگۆیەکی گەورەی ناوەتەوە بەلام ھێشتا ناگاتە قەبارەی ناشرینی و گاڵتەجاری بڕیارەکەی دادگا. سەرۆکی حکومەت پێش دادگا کەوت و وتی کە  دەستگیرکراوانی بادینان لە ژێر بەرگی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنیدا خۆیان حەشار دابوو بەلام لە راستیدا ئەوانە سیخوڕیان بۆ ولاتان کردووە و ئامانجیان تێکدانی بارودۆخی کوردستان بووە. لەکاتێکدا ھەموو تۆمەتبارێک بێ تاوانە تا ئەو کاتەی کە تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە بەلام سەرۆکی حکومەت رێگای بەخۆیدا کە ئەو کەسانە بکاتە سیخوڕ و تێکدەر پێش ئەوەی کە دادگایی بکرێن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆکی حکومەت کە لە ھەمان کاتدا سەرۆکی دەزگای سیخوڕی پاراستنیشە پێش دادگا بڕیاری دابوو کە ئەم رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەبێ چ تۆمەتێکیان بۆ دروست بکرێ و چەند ساڵیش حوکم بدرێن. ئاشکرایە کە جگە لە لایەنگرانی پارتی ھیچ مرۆڤێکی عاقل ئەم قسە ھیچ و بێمانایەی مەسرور باوەرناکات و ھەموومان دەزانین کە درۆیەکی شاخدارە و ئامانج لێی کپکردنی دەنگە ناڕازیەکانە. دوور مەبینن کە لە داھاتوودا دانپێدانانی ئەو کەسانە لە شاشەی تیڤیەکانەوە نیشانبدرێت و بە دەمی خۆیان بلێن بەڵێ ئێمە سیخوریمان کردووە و بەنیازی تەقینەوە و ھێرشکردنە سەر خەڵکی بیانی و کاری تێکدەرانە بووین. چونکە ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە ئەم دەسەلاتە لە زیندانەکانیدا ھەموو جۆرە ھەرەشە و ئازاری جەستەیی و مەعنەوی تەنانەت ھەرەشەی دەستدرێژی سێکسی بەکاردەھێنێت دژی دەستگیرکراوان و کەس و کاریان  بۆ ناچار کردنیان بە داننان بەو تۆمەتانەی کە خۆیان بۆیان دروست کردوون. ھەموومان دەزانین کە پارتی لە دروستکردنی وەھا سیناریۆیەک دەیەوێت بە ھەموو تاکێکی کورد بڵێت کە ڕەخنەگرتن بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ نیە و ئەنجامەکەشی زیندانی و پەشیمان بوونەوەیە. بەلام ئەوەی زۆر جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە مەسروری تیرۆریست دەلێت ئەمانە سیخوڕ بوون. باشە سیخوڕی کام ولات بوون؟ باشە ھیچ ولاتێک ماوە تۆ و بنەماڵەکەت سیخوری و جاشایەتی بۆ نەکەن؟ تا بنەمالەکەی ئێوە ھەبن دڵنیابە ھیچ دوژمنێکی کورد پێویستی بە سیخوڕ و جاش نابێ. ئاخر چ مرۆڤێکی گەمژە بەم سیناریۆ گەمژانەیەی ئێوە باوەر دەکات؟ تۆ وادەزانیت ھەموو خەڵک وەکو ئەندام و لایەنگرانی خۆتانن کە ھەرگیز ئیشیان بە مێشکیان نابێت و تەنھا بۆ جوانی دایانناوە و ئێوە لە جیاتی ئەوانیش بیر دەکەنەوە و ھەرچی ئێوە بیلێن ھەر ئەوە راست بێ؟. ئێوە ھەموو سنوورێکی سیخوڕی و جاشایەتی و بێڕەوشتیتان تێپەڕاندووە و دوژمنی گەورەی ئەم میللەتەن و لەھەر شوێنێکی ئەم دونیایە تروسکاییەک دەرفەت بۆ کورد بێتە پێشەوە ئێوە بە فیتی دوژمنانی کورد لەناوی دەبەن. ئەم پێشھاتە نوێیە بەسەرەتای کۆتایی ھاتنی ئەم بنەماڵە جاش و خۆفرۆشە دەبینم چونکە دیارە کە چەندە لە نووکی قەلەمی رەخنەگران دەترسن و ئامادەن ھەموو رێگایەکی قێزەون بگرنەبەر بۆ بێدەنگ کردنیان. ئێستا کەرامەتی ھەموو تاکێکی کورد لەژێر ھەرەشەی ئەتککردن دایە بەدەستی بنەماڵە جاش و خۆفرۆش و دوژمنپەرستەکەی بارزانی بۆیە بەڕای من لەئێستادا تاکە چارەسەر ڕاپەڕینی سەرتاسەرییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە