ئایا ئەنتۆنی فلو باوەڕی بە ئیسلام، یان خوای هیچ ئاینێک هەبوو؟

Saturday, 02.20.2021, 20:08

3799 بینراوە


ئەنتۆنی فلو: «بیر لە خوایەک دەکەمەوە گەلەک جیاواز لە خوای کرستیانەکان و دوور لە خوای ئیسلام، چونکە هەردوو ئاین خوا وەک دیکتاتۆرێکی خۆرهەڵاتی خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەها وێنا دەکەن، هاوشێوەی سەدام حوسێنێکی گەردوونی»


بەهەڵە تێگەیشتن

ژمارەیەکی زۆری ئاینداران، بەتایبەتیش موسڵمانان بۆ بەرگریکردن لە هەڵەی ئاینەکەیان لەکاتی گفتوگۆدا لەگەڵ کەسانی بێخوا و بێئاین دەڵێن، باشە ئەگەر خوا بوونی نییە، بۆچی مەزنترین و ناسراوترین فەیلەسووف و ئاتایستی جیهان بووە خواناس و ئایندار؟ ئایە ئەمە نابێتە بەڵگە خوا بوونی هەیە، ئیسلامیش ئاینی ڕاستەقینەی خوایە؟
لە سەرەتاوە پێویستە بڵێین، گوتە و بۆچوونی کەسێک لە هەر پلە و پایەیەکدا بێت، نابێتە بەڵگە بۆ ڕاستبوونی هیچ بیروباوەڕ و ئاینێک. چونکە ئەمەیان لە بنچینەدا شێوازێکە لە بەهەڵەبردنی لۆژیکی (Appeal to authority)، هەندێ جار مرۆڤ پەنای بۆ دەبات، تەنیا لەبەرئەوەی بیروڕای کەسێکی ناسراو و خاوەن دەسەڵاتە. هەرچەندە دەزانین کە دەشێ ڕایەکە ڕاست بێت، بەڵام بەهەڵەبردنەکە لەوەدایە دەسەڵاتداریەتیی لەبری بەڵگە وەربگیرێت.
لەڕاستیدا بەهەڵە تێگەیشتنێکی گەورە لە چیرۆکی فلو هاتۆتە ئاراوە، تا ڕادەی ئەوەی گەلەک لە ئاینداران، ئەوانەشی لەژیانیاندا ناوی ئەم فەیلەسووفەیان نەبیستووە، پێیان وایە ئەمەیان دامەزرێنەری زانست و فەلسەفەی هاوچەرخە. لەکاتێکدا زۆربەی خوێنەران و بایەخدارانی بواری فەلسەفە، گوێیان لە ناوی فلو نەبووە، تەنیا ئەو دەمە نەبێت کە بووەتە باوەڕدار و کتێبێکی دەربارەی بوونی خوا بڵاو کردۆتەوە. ئەمە بووە بنێشتە خۆشەی دەمی ئایندارانی جیهان، لەکاتێکدا ئەگەر داوا لە هەر یەکێکیان بکەی، بۆ ئەوەی ناوی کتێبێکی دیکەی ئەم فەیلەسووفەت پێ بدات، ئەوا هەرگیز وەڵامیان لێ نابیستیت.
لەم چەند دێرەدا دەمانەوێ زۆر بەکورتی ئاماژە بدەین بە هەندێ لە بیروباوەڕ و بۆچوونەکانی فلو و هۆکاری هەڵگەڕانەوەکەی، ئایە لە باوەڕداری بە بوونی خوایەک مەبەستی خوای ئاینەکان بووە، یان خوایەکی داهێنەری گەردوون؟

لە بێخواییەوە بەرەو بوونی خوایەک

ئەنتۆنی فلو (Antony Flew) (1923 - 2010)، فەیلەسووفێکی ئینگلیزییە و لەڕێی نووسینەکانی دەربارەی فەلسەفەی ئاینەکان ناسراوە. لە ژیانیدا هەمیشە کەسێکی بێخوا و بێئاین بووە، پتر لە سی دانە کتێبی هەبوو بۆ بەلاوەنانی بیرۆکەی بوونی خوا، بەڵام لە دواساڵەکانی تەمەنی، پاشگەزبوونەوەی خۆی لە بێخوایی ڕاگەیاند و کتێبێکی بەو مەبەستە بڵاو کردەوە. بەمەش لە گەلەک لایەنی جیاجیاوە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا، چونکە بۆ زیاتر لە پەنجا ساڵ وەک بێخوایەکی سەرسەخت دەناسرا. 
لە ساتەکانی ساڵی 2001، لە چەندان بۆنەدا هەواڵی وازهێنانی فلو لە بیروڕاکانی و بوونی بەکەسێکی بڕوادار (خوایی) بڵاو بووەوە، بەڵام بە گوتەی خودی فلو گشتی بەدرۆ خرایەوە. پاش چەند ساڵێک ئاشکرای کرد و گوتی، بە ڕەچاوکردنی هەندێ لێکدانەوە و پشتبەستن بە دۆزەوە زانستییە هاوچەرخەکان، وام لێهاتووە بەوردی پێداچوونەوەیەک بە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانم بکەم. دواجار لە کۆتایی ساڵی 2004 لە تەمەنی 81 ساڵی، فلو لە چاوپێکەوتنێکدا لەبەر هۆکاری بوونی بەڵگە لەسەر نەخشەسازێکی ژیر، خوایی بوونی خۆی ڕاگەیاند.
فلو پێش مردنی بە سێ ساڵ (2007)، کتێبەکەی بڵاو کردەوە بەناوی خوایەک هەیە (There Is a God). لەبەر پیرییەکەی کە خۆی لە نێزیکەی نۆهەد ساڵ دەدا، زۆر کەس باسیان لەوە دەکرد، بەهۆکاری تەمەن و لەدەستدانی هۆشمەندی، یان لەژێر فشاری چەند کەس و لایەنێک ئەم کارەی ئەنجام دابێت. پاشان ئاشکرا بوو ئەمە ڕاست نییە و ڕێی تێناچێت، چونکە خودی فلو ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە و بەرپرسیارییەتی گشت بۆچوون و بیروڕاکانی ئەو کتێبەی ڕاگەیاند.

هۆکارەکانی هەڵگەڕانەوەی فلو و چەند وەڵامێک

فلو لە سەردەمی بێباوەڕیدا هەمیشە پەنای دەبردە بەر شتگەلە سروشتییەکان وەک بەڵگەیەک بۆ بیڕوا و بۆچوونەکانی، پاشان بە گوتەی خۆی، دەرنجامی لێکۆڵێنەوە لە چەند بابەتێکی زانستی، گەیشتە ئەوەی دەبێ داهێنەرێکی ژیر لەپشت بوونی گەردوون و پێکهاتە ئاڵۆزەکانەوە هەبێت.
چی جۆرە بابەتێک لە دوا کتێبەکەیدا ئاماژەی پێکراوە، بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە بۆ بوونی ئەو خوایەی فلو؟
هۆکاری پاشگەزبوونەوەکەی فلو زیاتر بۆ ترشی ناوکەیی، واتە تیلمەی دی ئێن ئەی (DNA) دەگەڕێتەوە، ئەو شتە سەرسڕکەرەی کە یەکجار ئاڵۆزە و ناوازەیە، هەرگیز ناشێت بەو شێوەیە پێک بهێندرێ، بێگومان دەبێ داهێنەرێکی ژیر دروستی کردبێ، چونکە کۆبوونەوەی ئاڵۆزی و وردایەتی ئەستەمە بەڕێکەوت بێتە کایەوە. هاوشێوەی ئەمە ژیان بەو هەموو جوانییە و ڕێکوپێکییە لەئاسابەدەرەی نابێ لە ماددەی نازیندوو بە بەرهەم بێت. بەڵگەیەکی دی ئەوەیە، بۆچی گەردوون بە گشت نەگۆڕەکان و سەرلەبەری یاساکانی، بە شێوازێکی وا ڕێک خراوە تا ئاماددە بێت بۆ هاتنی مرۆڤ؟ فلو پێی وابوو، گەردوون لەپێناو پەیدابوونی ژیان و خانە و زیندەوەران، لەلایەن هۆشمەندێکی بلیمەتەوە نەخشەی بۆ کێشراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە فلوی فەیلەسووفی زمانناس و ئاین، باس لە بابەتێکی بایۆلۆژی و یەکێکی دیکەی فیزیکی و گەردوونناسی دەکات کە بواری پسپۆڕی ئەو نین. وەک ئەوەیە دارتاشێک باس لە شێوازە نوێکانی نەشتەرگەری دڵ بکات، یان زانایەکی فیزیکی ناودار لە سیستەمە ئابوورییە هاوچەرخەکان بدوێت. چونکە شارەزایی و خاوەندارێتی بڕوانامەی بەرزی کەسێک، هیچ نرخێکی نابێ دەربارەی ئەو بابەتانەی دوورن لە پسپۆڕییەکەی.
خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، دانانی گریمانەی بوونی دا‌هێنەرێکی ژیر بۆ شتگەلە ئالۆزەکان، تەنیا لەبەرئەوەیە ئێمە بەتەواوی نازانین چۆن هاتوون، بێگومان ئەمەشیان بەهەڵەبردنێکی لۆژیکی یەکجار کۆنە. چونکە خۆدزینەوەیە لە پرسیاری ڕاستەقینە و خۆهەڵخەڵەتاندنە بە وەڵامە ئەندێشەیی و ئەفسانەییەکان، وەڵامەکان زۆربەیان گشتی و ناڕوونن، هیچیشیان بەرئەزموون نین و ناتواندرێ بەهەڵە بخرێنەوە. پەنابردنە بەر خوا بۆ ڕاڤەی بوونی ئالۆزییەکی هاوشێوەی (د.ن.ا)، بەرەو هیچمان نابات، چونکە لەسەر بنچینەی لۆژیکێکی سادە، دەبێ ئەو خوایە لەڕادەبەدەر ئاڵۆزتر بێت لە تیلمی (د.ن.ا)، کەواتە ئەویش دەبێ دروستکەرێکی هەبێ، بەمەش کێشەکەمان لەبری چارەسەرکردن گەورەتر کرد.
خۆشبەختانە پێویست نییە بەم زنجیرەیە بێکوتا بگەڕێینەوە دواوە، بگرە بە وەستانمان لەسەر ئەم جیهانە، گەلەک شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە و نایەوێت بەدوای یەکەمین هۆکاردا بگەڕێین. بە ئەزموونی ژیانمان و پشتەوانی تێبینییە زانستییەکانمان، دەزانین لەم سروشتەدا بەبەردەوامی پێکهاتەی زۆر ئاڵۆز لە شتگەلە سادەکانەوە پەیدا دەبن، بەبێ بوونی هیچ جۆرە ژیرییەک. تەمی هەوا لە هەڵمی ئاو دروست دەبێت، دەشێ ساردببێتەوە و بیبەستێت و شێوەیەکی سەهۆڵاوی ناوازە و ڕێکوپێکی لێ بێتە کایەوە، بایەکانیش دەتوانن دیمەنی یەکجار جوان لەسەر شاخ و داخەکان بنەخشێنن، هەروەها بوونەوەرێکی زل و مەزنی وەک دیناسۆرەکان لە بەکتریاوە پەرە بسێنن.
گێڕانەوەی بوونی ڕێکوپێکی گەردوون و وردایەتی پێکهاتە زیندووەکان، پێش فلو (ساڵی 1802) لەسەر دەستی شارەزا لە بواری خواناسی ویلیەم پێلی خرایە ڕوو. ئەمیش نازانێ چاوی مرۆڤ چۆن گەیشتۆتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی بۆ کۆکردنەوەی ڕووناکی و پێکهێنانی وێنە، بۆیە دەیداتە پاڵ خوا. کاتی خۆی داروین زۆر بەچاکی لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە (Natural selection) وەڵامی پێلی دایەوە، ئەمڕۆکەش زانست هەموو هەنگاوەکانی هاتنەکایەی چاوی مرۆڤی لە پێشینەکانییەوە بەتەواوی بۆ ڕوون بۆتەوە. قۆناغەکانی چاوی سادە و هەستیار بەڕووناکی لەلایەن زیندەوەرەکانەوە دیار کراوە، پاشان بەرەبەرە ئاڵۆزبوونەکەی لە ئاژەڵانی دیکە تا دەگاتە مرۆڤ دەستنیشان کردووە.
بۆ خاڵەکانی دی دیسانەوە وا دیارە فلو نازانێت کە زاناکانی فیزیا وەک ئەو سەرسام نین بە نەگۆڕەکان و ئەو ڕێکوپێکییەی لە گەردووندا هەیە، خۆ ئەگەر ڕاستیش بێت هەندێ گۆڕانی کەم لە نەگۆڕە فیزیکییەکان، لەوانەیە وا بکات کە ژیان لە سەر زەوی سەرهەڵ نەدات. ئەی چی دەڵێت دەربارەی جۆری دیکەی ژیان؟ کێ دەتوانێ بەتەواوی بڕیار بدات هیچ چەشنە ژیانێکی ناکاربۆنی لەم گەردوونە مەزن و فرەوانەدا نییە. ئەستێرە گەورە و بەتەمەنەکان هۆکاری سەرەکی بەبەرهەمهێنانی توخمە قورسەکانن بۆ پێکهێنانی پەیکەرە زیندووەکان، بەڵام بە بەکارهێنانی چەندان نەگۆڕە فیزیکییە جیاجیاکانیش (6 نەگۆڕ)، ئەو ئەستێرانە هەر توانای ئەوەیان دەبێت، بکارن ببنە سەرچاوەی توخمەکانی پێویست بۆ پەیدابوونی ژیان. جگە لەمە گەلەک لە زانا هاوچەرخەکان ئاماژە بە ژمارەیەکی زۆری گەردوونەکان دەدەن، ئەوانەی هەریەکەیان خاوەنی نەگۆڕ و یاسای فیزیکی جیاوازن، کەواتە لەو هەلومەرجانەدا ئاساییە بوونمان لە گەردوونێکی گونجاو و لەسەر هەسارەیەک کە لەبار بێت بۆ ژیان.

فلو و خوای ئاینەکان

چی لەپێش و چی لەپاشی باوەڕهێنان بە بوونی خوایەک، لەلای فلو خوای ئاینەکان بەڵاوە نراون و جێی باوەڕپێکردن نین. هۆکارەکەشی هاوشێوەی زۆربەی فەیلەسووفە بێئاینەکان لەبەرئەوە بووە جیهان پڕە لە تاوان و خراپە، ئەمەش ناگونجێت لەگەڵ بوونی خوایەکی میهرەبان و بەبەزەیی (گرفتی بوونی خراپە - Problem of evil).
پێویستە بەچاکی ئاگاداری ئەوە بین بوون و نەبوونی دروستکەرێک بۆ ئەم سروشت و گەردوونە، تێکەڵکردن و تێگەیشتنێکی هەڵەیە بۆ دوو چەمکی داهێنەر و خوای ئاینەکان. ئەوەی یەکەم دروستکەر و نەخشەسازێکە بۆ گەردوون و یاساکانی، ئەوانەی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو بە ئەزموونەکانی هەوڵی داوە، ڕاڤەیەکی گونجاو بۆ دیاردەکانی بدۆزێتەوە. بۆیە شتێکی سەیر و ناوازە نییە، بەشێک لە زاناکان باوەڕیان بە بوونی داهێنەرێک هەبێ بۆ ئەم گەردوونە مەزن و بێسنوورە. بەڵام ئەمە ئەو واتایە نادات بەدەستەوە باوەڕ بە خوایەک بکەین، چەند کەسێکی ناردووە تا پێمان بڵێن، خوایەک هەیە دروستی کردووین و دەبێ بیپەرستین، ئەگەر وا نەکەین، سزامان دەدات و هەتاهەتایە دەمان سوتێنێت. ئەم جۆرە خوایە دەستکردی خودی مرۆڤە، بۆ بەرژەوەندی خۆی دایهێناوە لەپێناو دەسەڵاتدارییەتی و داگیرکاری وڵاتان و نەتەوەکانی دی، ئەم خوایە جگە لای مرۆڤی سادە و نەزان، بەئاسانی جێی باوەڕپێکردن نییە.
جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە فلو هەرگیز ئیسلامبوونی خۆی ڕانەگەیاندووە، ئەمە جگە لە بابەتێکی هەڵبەستراو بۆ چەواشەکاری زیاتر هیچی دیکە نییە. فلو بە هیچ شێوەیەک باس لە سێ ئاینە (ئیبڕاهیمییەکان) ناکات، زیاتر مەبەستی خواییەکان، یان پەروەردگارناسانە، ئەو خوایەی دوورە لە دەست تێوەردانی لە گەردوون و بوونەوەرەکانی و کاروباری مرۆڤەکان. خواییەکان سەربە رێبازێکی نائاینین و باوەڕیان بە دەرئاساکان نییە، پێیان وایە دروستکەرێک سەرەتا ئەم گەردوونەی لەڕێی چەند یاسا و ڕێسایەک داهێناوە، پاشان لێی گەڕاوە خۆکار بەڕێوە بچێت، هیچ کاتێکیش پێوەندی بە مرۆڤەوە نەکردووە لەڕێی کتێب و پەیامبەرەکان.
ئەوەی جێی سەرنجە، بەبێ گوێدانە ئەم ڕاستییانە بۆ چییەتی باوەڕداری، بە بڵاوبوونەوەی دوا کتێبەکەی فلو، ئاینداران و بەتایبەتی موسڵمانان خۆشحاڵ بوون و بە چەندان شێواز ئەم هەواڵەیان بڵاو کردەوە: سەرۆکی بێباوەڕان پاشگەز بووەوە، مەزنترین بێباوەڕ دەڵێت خوا بوونی هەیە، سەرسەختترین بێباوەڕی ئەم سەردەمە بووە موسڵمان!

چەند گوتەیەک بەرانبەر بە ئیسلام

لێرەشدا دواجار هەوڵ دەدەین بەکورتی، بە بەڵگە و سەرچاوەی ڕاستەقینە چەند بیروڕا و گوتەیەکی فلو بخەینە بەردەست، تا بزاندرێت موسڵمانان تا چی ئاستێک ئامادەن لەپێناو ئاینەکەیان، بیروڕای ناڕاست و هەڵبەستراو بدەنە پاڵ بیرمەند و زاناکان.
*دەربارەی خوا:
- بیر لە خوایەک دەکەمەوە گەلەک جیاواز لە خوای کرستیانەکان و دوور لە خوای ئیسلام، چونکە هەردوو ئاین خوا وەک دیکتاتۆرێکی خۆرهەڵاتی خاوەن دەسەڵاتی ڕەها وێنا دەکەن، هاوشێوەی سەدام حوسێنێکی گەردوونی.(1)
- پێم وایە خوا زانایە و خاوەنی توانایەکی بێسنوورە، بەڵام لە هیچ لایەنێکەوە لە خوای موسڵمانان ناچێت.(4)
* دەربارەی قورئان:
- قورئان بانگەوازێکە بۆ باوەڕهێنان کە دەرنجام بەرەو پاشکۆیی و ملکەچیت دەبات، بە جۆرێکی وا دانراوە ترس بچێنێت، لەبری خۆشەویستیش تیرۆر و تۆقاندن بڵاو بکاتەوە.(2)
* دەربارەی ئیسلام:
- ئەگەر بە شێوازێکی مارکسیانە پێناسەی ئیسلام بکەیت، وەک ئایدۆلۆژیایەکی یەکبووی داگیرکاری عەرەبی خۆی دەنوێنێت.
- لە دیدارێکدا لەگەڵ گاری هابرماس لەساڵی 2009، واتە پێش مردنی بە ساڵێک لە وەڵامی پرسیاری: لەبەر ئەو ڕێزەی هەتە بۆ ئاینی کرستیانی، ئایە لەو باوەڕەی بوارێک هەبێ هەرچەندە کەمیش بێت، ببیتە باوەڕداری ئەو ئاینە؟
فلو: لەبەر گرفتی بوونی خراپەکاری لەم جیهانەدا، ئەو ئەگەرە لەلامدا نییە. بەڵام لە ئاینی ئیسلام جگە لە ترس و تۆقاندن هیچی دیکە نابینم، چونکە ئیسلام هەمیشە پابەندە بەوەی هێرش بکات و لەپێناو ئیسلام دەست بەسەر جیهاندا بگرێت.(3)
- لە گفتوگۆیەکدا: هیچ دەمێک ڕێزم بۆ ئیسلام نەبووە وەک بنەمایەکی هزری.(4)
……………………….

سەرچاوەکان:

[1]
I’m thinking of a God very different from the God of the Christian and far and away from the God of Islam, because both are depicted as omnipotent Oriental despots, cosmic Saddam Husseins,
http://bit.ly/2Bqqult
http://www.azquotes.com/quote/800757
http://www.deism.com/atheisttodeist.htm
[2]
The Koran calls for belief and consequent obedience. It is, surely, calculated to inspire fear, indeed abject terror, rather than love.
http://bit.ly/2AnQmPF
http://www.azquotes.com/quote/579787
[3]
As for Islam, it is, I think, best described in a Marxian way as the uniting and justifying ideology of Arab imperialism…
I would never regard Islam with anything but horror and fear because it is fundamentally committed to conquering the world for Islam.
http://bit.ly/2lViW45
http://www.epsociety.org/library/articles.asp?pid=33&ap=1
[4]
https://www.youtube.com/watch?v=VHUtMEru4pQ.................................
https://www.facebook.com/
https://real-sciences.com/
https://3rabica.org/
http://arabatheistbroadcasting.com