گۆڕان

Tuesday, 23/02/2021, 20:48

6787 بینراوە


ئەوسا
خەمەکانت کەم
شادیەکانت زۆر،
ئێستا
شادییەکانت کەم 
خەمەکانت زۆر.

ئەوسا
گەشبینییەکەت
چرای ڕۆشنکەرەوی
بەستەڵەکی بیری تاریکی
هاودەمانت بوو،
ئێستا
تروسکەیەك بەدی ناکەی
بەدوی چرای ئەم و ئەودا
ڕێگە دەکەی.

ئەوسا
چرپەت ئاوازێك بوو
بەبیستنی.. هاودەمانت
دڵیان ئاوی دەخواردەوە و
دەکەوتنە جۆش و خرۆش،
ئێستا..
نوزەی ئەستەمە.
دڵی خۆشت ببزوێنێ.

ئەوسا
چاوەکانت
لەڕۆژگاری بێ ڕەنگیدا
پەلکەزێڕینەی پاش بارانی خۆر بوو،
ئێستا
چەشنی پیرێك
ڕێشکەوپێشکە دەکا.

ئەوسا
بریقەی بسکت
ڕەونەقی چاوی دەبردو
ئاوێزانی ئاوی دەکرد،
ئێستا
زبر و ئاڵۆزە
لەگەڵ پەتکدا، شەڕ دەکا.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە