هێمای ئەرێنی و نەرێنی لە زانستدا چی دەگەینێت؟

Tuesday, 23/02/2021, 22:54

12905 بینراوە


• بۆچی ئەنجامی لێکدانی دوو ژمارەی ئەرێنی دەبێتە ئەرێنی؟

• بۆچی ئەنجامی لێکدانی ژمارەیەکی ئەرێنی و ژمارەیەکی نەرێنی دەبێتە نەرێنی؟

• بۆچی ئەنجامی لێکدانی دوو ژمارەی نەرێنی دەبێتە ئەرێنی؟


بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە و چییەتی هێمای ژمارەکان و کردارە ماتماتیکییەکان، پێوستە تا ڕادەیەک شارەزاییمان لە هەندێ چەمک و بنەمادا هەبێت.
لەوانەیە زۆربەمان بزانین کە ژمارەکان لەسەر هێڵێکدا نیشان دەدرێن پێی دەگوترێت هێڵی ژمارەکان، ئەم هێڵە دوو لای بێکۆتای هەیە و لە ناوەڕاستدا ژمارە سفڕ (0) لێکیان جیا دەکاتەوە، ئەو ژمارەیەی گەورەتر بێ لە سفڕ بە ئەرێنی (لای ڕاست) دەژمێردرێ و نیشانە، یان هێمای (+)ی پێدەرێ، ژمارەی بچووکتریش لە سفڕ بە نەرێنی (لای چەپ) ناودەنرێ و هێمای (-) وەردەگرێت. هەموو ژمارەیەک دەبێ هێمایەکی هەبێ بۆ ئەوەی بەهاکەی بەگوێرەی سفڕ بزاندرێ، تا بکارین شوێنەکەی لەسەر هێڵی ژمارەکاندا دیار بکەین.
لەبەرئەوەی لێکدان لە بنچینەدا کۆکردنەوەیەکی چەندجارەکییە، بۆیە پێمان باشە زۆر بەکورتی ڕوونکردنەوەیەک لەسەر کرداری کۆکردنەوە بدەین.
ئەو دەمەی دەڵێین: 3*5 = 15 مەبەستمان ئەوەیە ژمارە 3مان پێنج جار لەگەڵ خۆی کۆ کردۆتەوە، یاخۆ ژمارە 5مان سێ جار لەگەڵ خۆی کۆ کردۆتەوە.
هەر لە سەرەتاوە ئێمە کاتێک دوو ژمارە کۆ دەکەینەوە، یان لێکیان دەدەین، پێویستمان بە دوو زانیارییە؛
- دەبێ بزانین ئاراستەی ڕوومان بەرەو کامە بێکۆتایە (ڕاستی ئەرێنی یان چەپی نەرێنی).
- چۆنەتی هەنگاونانمان (پێشاوپێش یان پاشەوپاش).

کرداری کۆکردنەوە

دەبێ ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرین لەکرداری کۆکردنەوەدا؛
1- کۆکردنەوە کردارێکی پترکردنی ئەرێنییە، بۆیە هەمیشە ڕوومان لە بێکوتای ئەرێنییە (لە لێکدەرکردنیش بێکۆتای نەرێنی).
2- ژمارەی یەکەم بۆ دەست پێ کردنمانە (هێماکەی + یان -).
3- هێمای ژمارەی دووەمیش (+ یان -) بۆ چۆنەتی هەنگاونانمانە، ئەگەر ئەرێنی بوو ئەوا پێشاوپێش دەڕۆین، ئەگەر نەرێنیش بوو پاشەوپاش.
لە نموونەکاندا پێویستە تێبینی ئەم دوو خاڵە بکەین:
- ئەگەر ژمارەیەک هیچ هێمایەکی لە پێش نەبوو کەواتە ئەرێنییە.
- دەبێ بەچاکی هێمای ژمارەکان (+ یان -)، لەگەڵ نیشانەی کۆکردنەوە و لێکدەرکردن (+ یان -)، لێک جیا بکەینەوە.
نموونەکان؛
یەکەم: دەمانەوێت ئەنجامی (+5) + (+3) بزانین.
لە ژمارە (+5) دەست پێ دەکەین، سێ هەنگاو پێشاوپێش دەڕۆین، لەکاتێکدا ڕوومان لە بێکۆتای ئەرێنییە، بەمەش خۆمان لەلای ژمارەی (+8) دەبینینەوە.
دووەم: دەمانەوێت ئەنجامی (-5) + (+3) بزانین.
لە ژمارە (-5) دەست پێ دەکەین، سێ هەنگاو پێشاوپێش دەڕۆین، لەکاتێکدا ڕوومان لە بێکۆتای ئەرێنییە، بەمەش خۆمان لەلای ژمارەی (-2) دەبینینەوە.
سێیەم: دەمانەوێت ئەنجامی (-5) + (-3) بزانین.
لە ژمارە (-5) دەست پێ دەکەین، سێ هەنگاو پاشەوپاش دەڕۆین، لەکاتێکدا ڕوومان لە بێکۆتای ئەرێنییە، بەمەش خۆمان لەلای ژمارەی (-8) دەبینینەوە.
 
بەهەمان شێوە دەتوانین ئەم هەنگاوانە بۆ کرداری لێکدەرکردن ئەنجام بدەین، بۆ گشت ژمارەیەکی خاوەن هێمای جیاجیا.
ئەگەر تا ئێرە بەچاکی تێگەیشتبین، زۆر بەئاسانی کرداری لێکدانیشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە و دەتوانین سێ پرسیارە سەرکییەکەمان وەڵام بدەینەوە.

کرداری لێکدان

دەبێ ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرین کاتێک دوو ژمارە لێک دەدەین؛
1- هێمای ژمارەی یەکەم هەڵدەبژێرین بۆ ئاراستەی ڕوومان.
2- هێمای ژمارەی دووەم هەڵدەبژێرین بۆ چۆنەتی هەنگاونانمان.
3- هەمیشە لە سفڕەوە دەست پێ دەکەین.
ئێستەش بۆ هەریەکە لە سێ پرسیارەکەمان نموونەک دەهێنینەوە؛
یەکەم: دەمانەوێت ئەنجامی (+5) * (+3) بزانین.
هێمای ئەرێنی ژمارە 5 پێمان دەڵێ ڕوومان لە بێکۆتای ئەرێنییە، مەبەست لە هێمای ئەرێنی ژمارە 3 ئەوەیە پێویستە بۆ پێشەوە بجووڵێین. کەواتە دەبێ لە سفڕەوە پێنج هەنگاو سێ جاران، یان سێ هەنگاو پێنج جاران پێشاوپێش بڕۆین، بەمەش لە هەردوو باردا خۆمان لەلای ژمارەی (+15) دەبینینەوە.
دووەم: دەمانەوێت ئەنجامی (-5) * (+3) بزانین.
هێمای نەرێنی ژمارە 5 پێمان دەڵێ ڕوومان لە بێکۆتای نەرێنییە، مەبەست لە هێمای ئەرێنی ژمارە 3 ئەوەیە پێویستە بۆ پێشەوە بجووڵێین. کەواتە دەبێ لە سفڕەوە پێنج هەنگاو سێ جاران، یان سێ هەنگاو پێنج جاران پێشاوپێش بڕۆین، بەمەش لە هەردوو باردا خۆمان لەلای ژمارەی (-15) دەبینینەوە.
سێیەم: دەمانەوێت ئەنجامی (-5) * (-3) بزانین.
هێمای نەرێنی ژمارە 5 پێمان دەڵێ ڕوومان لە بێکۆتای نەرێنییە، مەبەست لە هێمای نەرێنی ژمارە 3 ئەوەیە پێویستە بۆ پشتەوە بجووڵێین. کەواتە دەبێ لە سفڕەوە پێنج هەنگاو سێ جاران، یان سێ هەنگاو پێنج جاران پاشەوپاش بڕۆین، بەمەش لە هەردوو باردا خۆمان لەلای ژمارەی (+15) دەبینینەوە.
بەهەمان شێوە دەتوانین ئەم هەنگاوانە بۆ کرداری دیکە ئەنجام بدەین، بۆ گشت ژمارەیەکی خاوەن هێمای جیاجیا.

سەرچاوەکان؛

1- ئەو ڤیدیۆیە:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە