کۆتا چارەسەر ئەوەیە!

Wednesday, 24/02/2021, 18:42

3072 بینراوە


دەمێکە هەوڵدەدەم شیکردنەوەیەکی تێرو چڕ بکەم لەمەڕ ئەم بێسەر و بەریەی باشوردا، بەڵام هەندێک جار ڕاڕایم یان کەمی کات بۆ خۆلێدان لە تەوەرێک و کێشەیەکی وا ئاڵۆز نەک تەنها بڤەیە و بەس، بگرە سەریەشەیە و لە هەمان کاتیشدا بەڵکو دژواریشە، دەستبردن بۆ کارێکی وا گرنگ لە ڕاستیدا کاری بنکەی توێژینەوەی ئاسایشی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوایەتیە بۆ ئەوەی کۆیی ئەو بەرپرسیارەتیە نەتەوایەتیە بگرنە ئەستۆی پاکی خۆیان و بگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە چ هۆکارێکە کە وا کۆمەڵگا بەو گورچیە بەرە و هەڵدێر و ماڵوێرانی دەبات، بەڵام بەداخەوە لەو وڵاتە گومڕا و خەسێندراوەی مندا بە هۆیی نەبونی هوشیاری کۆمەڵایەتی، سەروەری و ئازادی یاساوە و دەستکراوەیی باڵایی حیزبی خێڵەکی لە هەموو ساکتەرەکانی وڵاتەکەمدا کەم تا زۆر ناشرینی و قۆرخ کردنی هەموو پۆستەکان ڕەنگدانەوەی مۆنۆپۆڵی حیزبەکانی پێوە دیارە، کە بۆتە نەخۆشی بۆ لە گرێژنەدان و لەدەست دەرچونی هەست و سۆزی نەتەوایەتی و هاوپشتی نیشتمانی٭.
بۆیە ئەم هەموو بێسەر و بەریە و ئەم هەموو گێرە شوێنی و قۆرخ کردن و فڕکان فرکان و هۆسەیە تەنها و تەنها حیزبە کوردستانیەکان لێ بەرپرسیارن و بەس، دەرئەنجامەکەشی ئەوەیە کە دەی بینین و وڵات بۆتە جەنگڵستان و ئاو بهێنن و دەست و قاچی لێ بشۆین.
بۆیە تا حیزبە باڵاکانی کوردستان ئەم هەڵسوکەوتە نەخوازراوانەیان هەبێت دەبێت کۆمەڵگا بێ شێو سەربنێتەوە و بۆ هەمیشەش لە چاوەڕوانی کاری نەخوازرا و سیناریۆیی دروستکراویی ئەواندا بگەوزێت تا چاوەڕێی ڕەحمی قاپی ئەوان بکەن و بە سکێک تێر و بە دەش برسی بن.

بۆیە لەم کاتە ناخۆش و ئاست تەنگەیەدا کورد وەک میللەت دەبێت هەڵوێستی یەک لاکەرەوەی خۆیی هەبێت و وەک گەڵانی زیندوش دەبێت زیندوو بژی، مرۆڤ یەک جار دەژی نەک هەموو ڕۆژێک ژیانی کوڵە مەرگی، ڕاستیەکەشی ئەوەیە ڕاپەرین و وەدەرنانی وڵاتفرۆشان تاکە کلیلی هەموو چارەسەریەکانە.
چونکە ئەم یاریەی لە نێوان دەسەڵات و میللەتدا هەیە هەر لە یاری ماڵە باجێنەی منداڵان دەکات، ئەوەی خۆم بۆ خۆم و ئەوەی تۆش بۆ خۆم، ئەم دەسەڵاتە پاپتە بۆگەنە کوردیەی باشور میللەتەکەی خۆیی پێ نامۆیە بۆیە ئەوان لە ئاسمان و ئێوەش لە زەوین. 

٭ هاوپشتی نیشتمانی، ئینتمای نیشتمانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە