مەلا بەختیار فەوزای بێ ئەقڵییە

Friday, 26/02/2021, 23:10

5297 بینراوە


مەلا بەختیار کە وەک مامۆستای دیموکراسی و ڕۆشنگەری  خۆی دەنواند،دواجار دەمامکەکەی فڕێداو گەڕایەوە سەر مەعدەنی خۆی. 

من هەمیشە پێموابووە مەلا بەختیار کەسێکی بێ پرەنسیپە ، ئەوەی لەسەر زمانیەتی لەناو مێشکی دا نییە. ئەو پیاوە لەکاتی دانانی پارێزگاری سلێمانی دەرکەوت کە ناتوانێت دیموکراسی هەزم بکات و دیموکراسی خۆراکی ئەقڵی ئەو نییە. هەر زوو توشی جۆرێک لە قەبزی بیرکردنەوە بوو. ئەمڕۆ کە مەلابەختیار خۆی دەمامکەکەی لاداوە و پێمان دەڵێت کە ئەو باوەڕی بەهیچ نییە، بەڵکو سواری باوەڕەکان دەبێت، هەر باوەڕێکیش مەلا بەختیار سواری بێت سوک و بێ بایەخ دەبێت.
من ئەوەم بۆ گرنگ نییە، کە مەلا بەختیار چۆن لە ڕێگەی ئەو دەربڕینە گاڵتەجارانەوە کەسێتیە ساختەکەی خۆی کوشت، خۆکوشتنێکی فەلسەفی بەڵکو دەمەوێت هەڵەیەکی بۆ ڕاست بکەمەوە ئەویش ئەوەیە، کە لە کۆمەڵگەدا ئەوەی فەوزا دروست دەکات بێ ئەقڵییە، نەک بێ ئیمانی. ئەگەر سەیرێکی کۆمەڵگە ئیسلامیەکان بکەین بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بەراوردێک بکەین لەنێوان کۆمەڵگە ئیماندار و بێ ئیمانەکان بۆمان دەردەکەوێت مەلا بەختیار تا چ ئاستێک ڕاستگۆیە، پێویست بە ئیستیدلال ناکات .
ئەم برادەرە ڕۆژێک خۆی بە نوێنەری ئەقڵانیەت و ڕۆشنگەری و مۆدێرن دەزانی ، بەڵام سەلماندی کە ئەو تەنیا مرۆڤێکی هەلپەرست و بێ باکە. هەر چەندە من پێش ئەم قسانەشی وتومە گەر یەکێتییەکان و ئەوانەی بڕوایان بە قسەکانی هەبووە بەتەمای تەنویر و دیموکراسی بووبێتن لەسەر دەستی مەلا بەختیار و هاوڕێکانی وەک ئەوە وایە کە بمانەوێت لە ئەمریکاوە بەسواری گوێدرێژ بگەڕێینەوە کوردستان. 
دەبێت مەلا بەختیار بزانێت لەسەر ئاستی تاک، گروپ کۆمەڵ ، لەغیابی ئەقڵ مرۆڤ پەنا بۆ خوڕافیاتی دین دەبات. بەڵێ کۆمەڵگە دەبێت یان ئەقڵ و زانست ڕێکی بخات، یان دین بە رێوەی بەرێت. لەوشوێنەی ئەقڵانیەت نەبێت وەک هەڵبژاردنێکی ناچاری مرۆڤ پەنا بۆ دین دەبات، بەڵام هەڵبژاردنی دین هەرگیز لە فەوزا دورت ناخاتەوە، بەڵکو دین فەوزایە، لەوەتەی ئیسلام پەیدا بووە، ڕۆژهەڵات لەفەوزادا دەژیت، هەرڕۆژەی مەزهەبێک و گروپێک دروست دەبێت و یەکتر ڕەتدەکەنەوە، تەنها ئەقڵە کە لە نێوانماندا هاوبەشە و بەرەو دۆخێکی ئارام و هاوسەنگمان دەبات.
جەنابی مەلا بەختیار هەڵەی وەک پێشتر خۆیشت ئەو کاتەی سواری ڕۆشنگەری ببوی باسی فەوزا و ئاژاوەی دونیای ئیسلامت دەکرد، ئەتەوێ ئەمجارە ئیسلام بکەیتە گوێدرێژ و سواری بیت تا بۆ کەنارێکی ترت ببات. من هەمیشە وتومە سیاسیەکان ڕەفتای گەمژانە دەکەن تا عەوام وابزانن لە خۆیانن، ئەم بیرکردنەوە پۆپۆلیستیانەت شتێکی لەم شێوەیەیە. دەمامکی مۆدێرن بوونت لاداوە و دەمامکی پۆستمۆدێرنیستیت بەستوە، لێ نەئەمیان بوی نەئەویان دەبیت .
مەلا بەختیار هەر مەلا بەختیارە چ ئیمانداربێت یان بێ ئیمان. ئەو هیچ کات خۆی نییە .ب ۆیە پێویستە بزانیت ئەم فەوزایە فەوزای بێ ئەقڵییە و دین لەسەر حیسابی ئەقڵ پێش دەکەوێت. سەیری تورکیا و ئێران و عێڕاق و ئەفغانستان بکە جەنابی ئیماندار. ئەمە پێمان دەڵێت  لەشەڕی ئەقڵانیەت دۆڕاویت و وەک نیچە دەڵێت:

ئەم هاوڕێیەمان پیر بووە بۆیە ئیمانداربۆتەوە. 

جا مەلا بەختیار درەنگ کەوتوە، چونکە لە ناو کوردەواری واباوە مرۆڤ کە ژنی هێنا مەلاکان دەڵێن دەبێ بگەڕێتەوە . ئەوەی مەلا بەختیار وەک گەڕانەوەی گەنجێک وایە بەدەربڕینی مەلاکان. هەندێ کەس نەک لەبەر ئەقڵانیەت و زاناییان، دین ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەمیان بۆ تێرکردنی حەزەکانیان، چونکە لەبنەڕەتدا بیرکردنەوە نەبۆتە هۆی لادینییان، بۆیە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن دەڵێن گەڕاوینەوە و تەوبەمان کردووە، مەلابەختیارم ئاوا دێتە بەرچاو کە تەوبەی کردوە و گەڕاوەتەوە. تۆبەکردن لە سەر بنەمای عەقڵ نا. بەڵکو لە بێعەقڵی.

کوردستانپۆست:

مەلا بەختیار ئەمڕۆ 2021/2/26 لەبارەی باوەڕ و بێ باوەڕیی بە ئاین دەڵێت: نەبوونی باوەڕ بە ئایین مانای بێ سەروبەری دەگەیەنێت و زیان لە کۆمەڵگا دەدا، هەروەها دەڵێت: من باوەڕدارم و سوننە مەزهەبم و باوەڕم بە قورئان و پێغەمبەر هەیە.
بەو بۆنەیەوە بەشێک لە ڤیدیۆیەکی کۆن بڵاودەکەینەوە، کە کاتی خۆی لە رۆژی 2004/4/25 لە ئەڵمانییا لە کۆڕێکدا کردوویەتی، بزانە چ قسەیەک لەسەر ئیسلام دەکات.
ئەم ڤیدیۆیە لە ئەرشیفی تایبەتی (کەمال جەمال موختار) وەرگیراوە، بەو زوانە تەواوی سیمینارەکەی لە یوتوبی کوردستانپۆست دادەنێین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە