لە نێوان ئەسکەندەنافیا و دوبەی پاکستانتان دامەزراند

Sunday, 28/02/2021, 1:31

5161 بینراوە


زیاتر لە پانزە ساڵە لە یەکێك لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی ئەسکەندەنافیا ئەژیم. لەم ماوەیەدا ئەگەر شتێکم بۆ دەرکەوتبێ لەوەی مێژوو لێرە ئەیگێڕێتەوە ئەوەیە کە وڵاتێکی تا ئەو پەڕی هەژاری هەژار بوون. ڕەنگە هیچ میللەتێك هێندەی میللەتانی ئەسکەندەنافیا بە تایبەتی نەرویج لە تاو هەژاری سەددان هەزاریان کۆچی بۆ ئەمریکا نەکردبێت. بە جۆرێک تا 1915 حەوت سەدد و پەنجا هەزار750000 نەرویجی کۆچی بەرەو ئەمریکا کردبێت. بەڵام لە سایەی هێزە سۆسیالیست و سۆسیال دیموکراتەکان، لە ماوەیەکی کەم و بە هەنگاوی گەورە ئەم وڵاتانەیان گەیاند بەم خۆشگوزەرانی و ئارامییەی ئەمڕۆ. دادپەروەری کۆمەڵایەتی دروشمی هەرە پرشنگداری ئەم هێزانە بوون. هەرچەندە لە چاوی ئێمەوە لێرە دادی کۆمەڵایەتی لە لوتکەدایە بەڵام ئەوان هەمیشە لە تەماعی زیاترن وەك دەست و چاوی خودا بن وەها بە دوای دادپەروەرییەوەن. من ڕۆژانە لە هەموو سێکتەرەکانی ژیان لە ئەسکەندەنافیادا ئەم دادپەرورییە ئەبینم.
بەم شێوەیە خەیاڵ ئەمباتەوە بۆ دوای ڕاپەڕین کە کادیری یەکێتی بووم. بۆ ئەو کۆڕ و کۆبوونەوە حزبییانەی دوای ڕاپەڕین کە هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتی بە تایبەتی مەلا بەختیار بۆ ئێمەی کادیرانی حیزب، سەبارەت بە خەونی بە ئەسکەندەنافی کردنی کوردستان ئەیاندا بە گوێماندا. ئەوان هەمیشە ئەیانووت ئێمەی یەکێتی جیاوازین لەوانی دیکە و کۆپییەکی باشی سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا دەبین و لە ڕێگەی دروشمەکانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ خەریکی بە سوید کردنی کوردستان ئەبین، گەر ئێوە پشت و پەنامان بن. ئێمەی کادیری یەکێتی گیرفان بەتاڵی بێ تەماح تەنانەت بۆ ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی مەلا بەختیار کاتێ لە زانکۆوە شۆڕدەبووینەوە بۆ هۆڵی کۆبوونەوەکانی مەڵبەند تاك دیناری کرێ پاسیشمان پێ نەبوو و بە پێ ڕێگەی سیمیناری سەرکردە قسەزانە قات لە بەرە قۆزەکەمان دەگرتە بەر. چونکە ئەو گەلێ خەونی شیرینی لە دڵماندا سەوز کردبوو. مەخابن یەکێتی لە بری دادپەروەری کۆمەڵایەتی شێخ نەما دەستی ماچ نەکات و بە گوێنی پارە نەخاتە دیوەخانیانەوە و نەبێت بە مسکێنیان. مەخابن یەکێتی دەروێش نەما زیکر و تەهلیلە لە کۆڕییاندا گەرم نەکات و گرد و تەپۆڵکەیان نەکات بە ناوەوە. لە جێی ئەوەی ببێ بە دەرمان بۆ نەخۆش، بووە بە بازرگانی دەرمانی ئێکسپایەر. لە جێی چنینەوەی داهات بۆ خەزێنەی هەژاران، خۆی بووە بە قاچاخچی تولەڕێی پشتی خاڵە گومرکەکان. من چی لە یەکێتی بکەم لە سۆشیاڵ دیموکراتەوە بووە بە سۆسیاڵ خێڵ و سۆشیال بنەماڵە وەك ئەڵێن؟ من چی لە یەکێتی بکەم ئیتر، کە هێندە نموونەیەکی ناشرینی حوکمڕانی لە قەڵەمڕەوی خۆی پێشکەش کردووە کە خەریکە شار ئەبێ بە پاکستان و هەر گوێژە ماوە بیکەن بە حیجابی سیاسی. لەولاشەوە جەنابی شێخ دەروازەی لێ گرتووین و پۆچ پۆچ هەڕەشە ئەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو؟ یەکێتی دەمێ دارستان ئەسووتێنێ و دەمێکیش زەوی و پاشماوەی کارگەکان ئەکات بە ناوی کۆمپانیای حزب و شەریکە بازرگانەکانی شار. یەکێتییەك کە سەلماندی نە جیاوازە لە ئیسلامییەکان لە بە خورافەکردنی کۆمەڵگا و نە جیاوازیشە لە حزبە خێلەکییەکان لە بە بنەماڵەیی و میراتکردنی حزب. 
لە پاش کەوتنی بەغدا و لە پاش بەتاڵ بوونەوەی چیرۆکی بە سوید کردنی کوردستان. ئەو دەمە یەکێتی هەموو ئیرادە و توانی کوردستانی پێشکەشی پارتی کرد. ئەنجا بە هیمەتی سەرکردە قات لەبەرە ڕێک پۆشە سادە و قسە خۆشەکەی ئەو بەر، دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی چیرۆکی بە دوبەی کردنی کوردستانمان کەوتە بەر گوێ. پارتی کاتێ سەرجەم جومەگەکانی دەسەڵاتی لە یەکێتی زەوت کرد و بوو بە خاوەنی کلیلی دەرگای هەموو باڵەخانەکانی بڕیاردان. ئیتر پارتی کێی بە میوان ڕاگرتایە، ڕای دەگرت و کێشی دەرکردایە، دەری دەکرد. هەر ئەو دەم کاتێ ئەمیرەکانی پارتی پۆچ پۆچ ڕوویان لە دوبەی دەکرد. عاشق بوو بوون بە چیرۆکی شێخانی خەلیج کە چۆن بە فرۆشتنی نەوت ئیماراتیان کردووە بە سەنتەرێکی جیهانی و زیاد لە شەش ملیۆن دەستی کار و خزمەتکاری بیانی خزمەت بە کەمتر لە سێ ملیۆن مرۆڤی ئیماڕاتی دسداشە لە بەری بەر سبلیت ئەکات. ئەمیرەکانی پارتی بە جدی کەوتبوونە خەیاڵی بە دوبەی کردنی کوردستان و دابەشکردنی وڵایەت و دەسەڵاتەکانیان بە سەر ئەمیرەکانی بنەماڵەی بارزانی هەروەک ئەمیرەکانی ئال نەهیان. هەر ئەو قفڵی بۆرییە نەوتە بوو کە بۆ یەکەم جار مام جەلال و بارزانی باوك کردیانەوە و دواجار هەموو کەیس و مەلەفی نەوت کەوتە نێوان ئاڵتم و ساڵتمی بارزانییەکان و تورکیا. ئیتر لێرە بە دواوە نەوت بوو بە مۆتەکەی گیانی کورد، بە جۆرێك نە سندوقی داهاتە نەوتییەکانمان دی و نە تاوەری خەلیفەی هەولێریشمان بینی! نە هەولێر بوو بە سەنتەری بازرگانی جیهانی و نە ژمارەی دەبە بانزین و نەوت لە نۆرە وەرگرتن کەمی کرد. هەر بەڕاستی لە جێی وڵاتی (دوبەی) بووین بە وڵاتی (دەبەی) وەک هەولێریان ئەڵێن. ئەمڕۆ کوردستان لە دۆخێکی وەها خراپدایە کە کەس ئیرەیی پێ نەبات. لە لایەک تەراتێنی هێزی سەربازی و هەواڵگری و سیخوری وڵاتانی ئەقلیمی لە لایەکیش بۆردومان و بەزاندنی سنوری ڕۆژانە. ناتەبایی هێزەکانی گۆڕەپانی سیاسی لەو پەڕیدایە. بژێوی خراپی خەڵکی و بێ مووچەیی لە خراپترین ئاستدایە لە سەرەتاواە هەتا ئێستا. تاکە هیوای کورد بە بەغدایە بەڵام بە پێگەیەکی لاواز و نا تەباوە. دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن لە ناشرینترین ئاستدایە بەوەی کەسی ڕەخنەگر یان زیندان ئەکرێ و دادگایی دەکرێت یاخود لە کۆڵانەکانی پشتەوە بەر چەقۆ دەدرێت. لە گەندەڵی گەندەڵی و لە قاچاخچێتی قاچاخ. ئێستا لە سەرێکەوە لە سۆماڵ ئەچین لە قات و قڕیدا و لە سەرێکیشەوە لە مۆزەنبیق ئەچین لە گەندەڵیدا. لە ئازادی بیروڕاشدا هەرچەندە ئەوەی ئەویسترێ ئەوترێ بەڵام سەری ڕۆژنامووس و پارلەمانتار ئەشکێنرێ و ڕۆژنامەنووس ئەکرێ بە تیرۆریست و مامۆستای ناڕازیش بە سیخوڕی وڵاتان دادگایی ئەکرێت. هەرچەندە بە ناو کوردستانین بەڵام بە بێ ئەوەی ئاگامان لێ بێت وا بووین بە پاکستان. ئەگەر جاران گەنجەکان خەونی بە سویدکردنی کوردستان یان بە دوبەی کردنییان بدییایە، ئەوا ئێستا بە دیار بانگخواز‌ و سەلەفییەوە ڕۆژ ئەدەنە دەستی شەو و ژیانیان بۆ گرنگ نەماوە و تەنها خەیاڵیان لای مردن و ژیانی دوای گۆڕستانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە