دەستەواژەی (تستکردني) یانی چی؟!

Wednesday, 03/03/2021, 19:08

7167 بینراوە


ئایا بۆ خۆشباوەڕی یان گێلیی کورد وتراوە؟!


نووسەر و لێکۆڵەری کوردی ڕۆژئاوای کوردستان (د.محەمەد عەبدو عەلی) کە خاوەنی چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی زمانەوانی و مێژووییە سەبارەت بە کورد. کتێبێکی عەلامەی شاری حەلەب (محەمەد خەیرەدین ئەسەدی) ئامادە کردۆتەوە کە لە ژێر ناوی (الکرد في موسوعة حلب المقارنة-للاسدي) لە عەفرین 2014 چاپکراوە.
لەو کتێبەدا چاوم بە ڕستەیەکی عەرەبی کەوت کە لە شێوەی پەندی پێشینانە، سەرنجی زۆر ڕاکێشام ئەویش (کني عم تستکردني)، ئەمەش بە واتای ئەڵێی (بە کوردم ئەکەی) یان (بە کوردم ئەچوێنی)، یان (بە کوردم ئەبینی)..!!
هەڵبەتە نووسەر بەکورتی باس لەو پەندە ئەکات و مەرامی پشت بەکارهێنانی شی ئەکاتەوە. کە لە ڕاستیدا خۆی بۆ سادەیی و خۆشباوەڕی کورد بەکارهێنراوە، بەڵام ئەمڕۆ عەرەب وەکو تانەیەك بۆ مەرامی بە گێل نیشاندانی کورد بەکاری دەهێنێت. هەر لەو کتێبەشدا وا باسکراوە کە ئەم پەندە لای میسرییەکانیش بەکاردەهێنرێت.
هاوڕێیەکی میسریم هەیە ناوی (عادل)ە و کەسێکی زیتەڵ و خوێنەوارە. ڕۆژێك سەبارەت بەم پەندە لێم پرسی؟ لە وەڵامدا بە شەرمێکەوە وتی: بەڵێ پەندێکی وامان هەیە ئەویش بە میسری (بتستکردني یا واد) واتا کوڕە یان هەتیوە، بەکوردم ئەکەی یان ئەبینی؟! 
لێرەدا بۆ مەبەستێك بەکاردەهێنرێت کاتێك لە مامەڵەیەك یان سەودایەك یاخود ئاڵوگۆڕێکدا کەسێك بیەوێت کەسی بەرانبەر بخەڵەتێنێ، ئەویش بەم پەندە وەڵامی ئەداتەوە لە جێی  ئەوەی ڕێک و ڕەوان پێی بڵێت هەڵمئەخڵەتێنی یان بە گێلم ئەزانی؟
جا پرسیارم لەو کوڕە میسرییە کرد کە سەرچاوەیەکی زمانەوانی میسریم نیشان بدات سەبارەت بە مێژووی ئەو پەندە و ڕووداوی پشتی ئەم پەندە چیە. خۆشبەختانە ئەمەی بە باشی ئەزانی بەڵام بە بێ ناوهێنانی سەرچاوە.  عادلی هاوڕێم وتی، گوایە ئەم پەندە لە ڕێگەی عوسمانییەکانەوە گەیشتووەتە میسر. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی خۆیدا عوسمانییەکان بە زۆری ئەم پەندەیان لە سەر زار‌بووە. ئەمەش ئاماژەیەک بۆ کوردەکان کە بە حیکایەتی ئایین پەروەری عوسمانییەکان هەڵخەڵەتاون و بە بێ هیچ ئیرادەیەکی بەرانگاربوونەوەی توند خۆیان ڕادەستی سیاسەت وداگیرکارییەکانی عوسمانییەکان کردووە. کورد به بێ بەرانبەر وەفایان بۆ ئیمبراتۆرییەتی عوسمانی ئیسلامی خستۆتە سەروو هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆیان. کە ئەمە تا ئەمڕۆش بۆ وەچەی عوسمانییەکان (ئەردۆگانییەکان) بەردەوامە بە بێ بەرانبەر هەم لە لایەن ئیسلامییەکانەوە هەمیش لە لایەن پارتییەوە. وەفا بۆ ئەردۆگان گەیشتۆتە پلەی لێدان لە خود و بەرژەوەندی خود.
سەرسوڕمانی عوسمانییەکان لەوەی کە کورد یەکێ بووە لەو گەلە داگیرکراوانەی ئاسانتر لەوانی دیکە ملی بۆ داخوازی داگیرکەر دابێت، بە هۆکاری سۆزی ئایینداری بووە بە ئیلهامی داهێنانی ئەم پەندە لە سەر کورد. گەر بە مێژوودا بڕێک زیاتر بکشێینەوە بۆ دواوە و بگەینە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی. ئەوا دەگەینە زۆر ئەنجامی سەیر لە بە ئیسلام بوونی کورد بەو شێوە ترسناکە کە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. چونکە ڕوو وەڕگێڕانی کورد لە مێژوو و ئایین و کولتور و جەژن و ...هتد زۆر جیاوازە لە فارس و تورک و قیبتییەکان و میللەتانی تری غەیرە عەرەبی بە ئیسلام بوو. ڕاستە و بەڵگە نەویستە کە کورد و سەرجەمی ئەم گەلانە لە خۆڕا و بە ویستی خۆیان نەبوون بە ئیسلام. بگرە لە ئەنجامی شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانیدا ملیان بۆ ئیسلام داوە. بەڵام دەرئەنجام نە تورک و نە فارس و نە ئاشورییەکانی شام و نە قیبتییەکانی میسریش، لە پاش بە ئیسلام بوونیان دەستییان لە شانازییە نەتەوەیی و مێژوویی و کولتوری و ئاسەوارە مێژوویی و پێداچوونەوە بە باوەڕە کۆنە ئایینییەکانی خۆیان هەڵنەگرتووە و پاراستوویانن و تا ئەمڕۆش دەیانووسنەوە و پشتڕاستیان دەکەنەوە و ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن. لەمەش دوورتر بگرە ئیسلامیان بۆ مەرامە نەتەوەییەکانی خۆیان زۆر بە باشی بەکارخستووە. ئەوەی کە لە شانازییە نەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی  لایداوە تەنها گەلی کورد بووە. کورد هەموو ئەوانەی کردووە بە قوربانی سۆزی ئایینی و دەروێشانە کاری بۆ هەر لایەنێکی ئیسلامی دەرەکی کردووە.
گەر سەیری فارسەکان بکەین لە گەڵ بە ئیسلام بوونیشیان و بوونیان بە جەمسەری بەهێزی شیعە لە جیهاندا، هیچ پاشماوەیەکی کولتور و ئایینی دێرین و مێژووی خۆیان فەرامۆش نەکردووە. ئەوان لە ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە زەردەشت و ئاهەنگێڕانی نەورۆز و مەراسیم و داب و نەریتە زەردەشتییەکان نەکەوتوون. تورکەکانیش ئەگەر چی وەکو جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی سوننی دێنە بەرچاو، بەڵام تا ئەمڕۆش شانازی بە باو و باپیرە تاتار و مەگۆلەکانی خۆیانەوە دەکەن و گورگەبۆریان دەکەنە ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستی و هەر بە پەنجەی شایەتمانی سەلەفییەکانیان ئاماژە ۆ سەری گورگەبۆری باپیرانیان دەکەن. سوارچاکی و ئازایەتییان بە شانازی دەبینن و کاولکارییەکانیشیان بە شەرم و نەنگی نازانن. ئەوان تا ئەمڕۆ هەڵگر و پارێزەری گەلێک داب و نەریتی بۆماوەی ئەو میللەت و تیرە و تایەفانەن. گەر تەماشای ئیسلامییە میسرییەکانی ئەمڕۆ بکەین نە پەیکەر و پاشماوەی فیرعەونییەکان بە بت ئەزانن و نە گۆڕ و هەرەمەکانیش بە بیدعە و کوفر ئەبینن. بگرە دەمی هەر میسرییەک بکەیتەوە دەڵێت ئێمە لە فیرعەونەکانەوە بەر لە هەر میللەتێکی دیکە فێری کشتوکاڵ و دەرمانسازی و فەلەک ناسی بووین، کە ئیسلام هات هەبووین و بووین بە خاڵی بەهێزیش بۆ ئیسلام. ئەوان سەددان پەیمانگا و زانکۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاساوەری فیرعەونەکان و خوێندنەوەی جفرەکانیان دامەزراندووە.
بە کوردی هەموو ئەو میللەتە بە ئیسلام بووانە ئەگەر لە موسڵمانیدا عەیارە بیست و یەک بن، ئەوا لە مێژوو و نەتەوەپەرستیدا عەیارە بیست و چوارن.
 بەڵام ئەم دۆخە لای کورد جیاوازە و ئەمڕۆ هەر لە دەمی ئیسلامییە کوردەکانەوە خەڵکێکی زۆر کە تەنانەت قەڵەم بە دەست و خوێنەواریش، فێری تانەی کەمەر شکێن بوون لە مێژوو و کولتور و پاشماوە و توراسە نەتەوەییەکانی خۆیان. ئەبێت چ کێشەیەکی تێدا بێت تۆ دەیان ناوەندی لێکۆڵینەوەت هەبێت لە بارەی ئایینی زەردەشتییەوە جا با موسڵمانیش بیت؟ ئەبێت بە خیانەت ناساندن و بێڕێزی کردن بە نەوروز لە خزمەتی کێدا بێت؟ کورد لە پاش فتوحات و بە موسڵمان بوونی چی بۆ پاراستن و نووسینەوەی مێژووی خۆی کردووە؟ چەندین عەلامەی کورد لە مێژووی ئیسلامیدا هەڵکەوتوون چەند کتێب لە کتێبەکانیان یان چەند دێڕیان بۆ مێژوو و کولتوری خۆیان نووسیوە؟ ئەو هەموو خزمەتەی سەلاحەدینی ئەیوبی بە ئیسلامی گەیاندووە و چی خێرێکی بۆ کورد تێدا بووە؟
هەتا ئێرە ئەوەی کورد بۆ هێزی بێگانەی موسڵمانان کردوویانە سادەیی و دڵسافی و خۆشباوەڕی و دڵسۆزی بووە بۆ ئایین. لەولاشەوە عەرەب و فارس و تورکیش بناغەی ئیمبراتۆر و شاهانشا و خیلافەتیان لە سەر پشتی ئیسلام بنیات ناوە.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەو نامەیەی ئەتاتورک بۆ شێخ مەحموود بکەم کە لەم ماوەیەدا بڵاوکرایەوە. کە باس لە داواکاری ئەتاتورک ئەکات لە شێخ بەوەی کە باوەڕ بە بەڵێنی ئینگلیز نەکات و  پشتی برای موسڵمانی خۆی بگرێت دژی ئەرمەنییەکان و زۆری دیکەی دەغدەغەدانی لایەنی ئایینی و نشتیمان پەروەری شێخ مەحموودی تێدایە. ئەگەر ئەمە ساغ بێتەوە و شێخ مەحموود ئەو دەرفەتەی بە دەوڵەتکردنی کوردی لە لایەنی ئینگلیزەوە بە قسەی ئەتاتورک لە دەست دابێت، ئەبێت چەند جاری دیکەش ڕاستی سەرچاوەی ئەو دەستەواژەی (تستکردني) گێلی یان خۆشباوەڕی کورد بسەلمێنێت؟ لە کاتێکدا لە بەهێزبوونی ئەتاتورکەوە تا ئەردۆگان چی پەتپەتی هەیە بە سەر کورددا نەهێنرا بێت؟
ئەگەر کورد کەمەکێک ڕێزی لە خۆی و مێژوو و کولتوری خۆی بگرتایە، هەرگیز خزمەتکردنی  داگیرکەری لە ژێر هیچ بیانوویەکی ئایینی نەدەکرد بە پیشەی هەمیشەیی تا ئەمڕۆش. کورد بە خۆی بزانێت یاخود نا، ئەوا پاڵپشتی ئەردۆگان و نیەتە خراپەکانی بەرانبەر بە کورد و هاوردەکردنی بیری سەلەفی قەتەر و خەلیجی بۆ نێو دۆڵ و چیاکانی کوردستان چی تر ناچێتە خانەی گێلێتییەوە بگرە دەبنە خیانەتی ڕوون و ئاشکرا لە وڵات و خاک و نشتیمان، چونکە مێژوو بۆی سەلماندووین نە فارسی شیعی و نە لە تورکی سوننی ڕەگەزپەرست و نە لە عەرەبی سەلەفی جگە لە بندەستی نابینە خاوەنی هیچی خۆمان. جا بۆ گلەیی لە عەرەب بکەین کاتێ بڵێن تستکردني؟! 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە