سەرسوڕمانی عوسمانییەکان لەوەی کە کورد یەکێ بووە لەو گەلە داگیرکراوانەی ئاسانتر لەوانی دیکە ملی بۆ داخوازی داگیرکەر دابێت، بە هۆکاری سۆزی ئایینداری بووە بە ئیلهامی داهێنانی ئەم پەندە لە سەر کورد. گەر بە مێژوودا بڕێک زیاتر بکشێینەوە بۆ دواوە و بگەینە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی. ئەوا دەگەینە زۆر ئەنجامی سەیر لە بە ئیسلام بوونی کورد بەو شێوە ترسناکە کە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. چونکە ڕوو وەڕگێڕانی کورد لە مێژوو و ئایین و کولتور و جەژن و ...هتد زۆر جیاوازە لە فارس و تورک و قیبتییەکان و میللەتانی تری غەیرە عەرەبی بە ئیسلام بوو. ڕاستە و بەڵگە نەویستە کە کورد و سەرجەمی ئەم گەلانە لە خۆڕا و بە ویستی خۆیان نەبوون بە ئیسلام. بگرە لە ئەنجامی شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانیدا ملیان بۆ ئیسلام داوە. بەڵام دەرئەنجام نە تورک و نە فارس و نە ئاشورییەکانی شام و نە قیبتییەکانی میسریش، لە پاش بە ئیسلام بوونیان دەستییان لە شانازییە نەتەوەیی و مێژوویی و کولتوری و ئاسەوارە مێژوویی و پێداچوونەوە بە باوەڕە کۆنە ئایینییەکانی خۆیان هەڵنەگرتووە و پاراستوویانن و تا ئەمڕۆش دەیانووسنەوە و پشتڕاستیان دەکەنەوە و ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن. لەمەش دوورتر بگرە ئیسلامیان بۆ مەرامە نەتەوەییەکانی خۆیان زۆر بە باشی بەکارخستووە. ئەوەی کە لە شانازییە نەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی لایداوە تەنها گەلی کورد بووە. کورد هەموو ئەوانەی کردووە بە قوربانی سۆزی ئایینی و دەروێشانە کاری بۆ هەر لایەنێکی ئیسلامی دەرەکی کردووە.
گەر سەیری فارسەکان بکەین لە گەڵ بە ئیسلام بوونیشیان و بوونیان بە جەمسەری بەهێزی شیعە لە جیهاندا، هیچ پاشماوەیەکی کولتور و ئایینی دێرین و مێژووی خۆیان فەرامۆش نەکردووە. ئەوان لە ساخکردنەوە و لێکۆڵینەوە لە زەردەشت و ئاهەنگێڕانی نەورۆز و مەراسیم و داب و نەریتە زەردەشتییەکان نەکەوتوون. تورکەکانیش ئەگەر چی وەکو جەمسەرێکی بەهێزی ئیسلامی سوننی دێنە بەرچاو، بەڵام تا ئەمڕۆش شانازی بە باو و باپیرە تاتار و مەگۆلەکانی خۆیانەوە دەکەن و گورگەبۆریان دەکەنە ڕێکخراوی ڕەگەزپەرستی و هەر بە پەنجەی شایەتمانی سەلەفییەکانیان ئاماژە ۆ سەری گورگەبۆری باپیرانیان دەکەن. سوارچاکی و ئازایەتییان بە شانازی دەبینن و کاولکارییەکانیشیان بە شەرم و نەنگی نازانن. ئەوان تا ئەمڕۆ هەڵگر و پارێزەری گەلێک داب و نەریتی بۆماوەی ئەو میللەت و تیرە و تایەفانەن. گەر تەماشای ئیسلامییە میسرییەکانی ئەمڕۆ بکەین نە پەیکەر و پاشماوەی فیرعەونییەکان بە بت ئەزانن و نە گۆڕ و هەرەمەکانیش بە بیدعە و کوفر ئەبینن. بگرە دەمی هەر میسرییەک بکەیتەوە دەڵێت ئێمە لە فیرعەونەکانەوە بەر لە هەر میللەتێکی دیکە فێری کشتوکاڵ و دەرمانسازی و فەلەک ناسی بووین، کە ئیسلام هات هەبووین و بووین بە خاڵی بەهێزیش بۆ ئیسلام. ئەوان سەددان پەیمانگا و زانکۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاساوەری فیرعەونەکان و خوێندنەوەی جفرەکانیان دامەزراندووە.
بە کوردی هەموو ئەو میللەتە بە ئیسلام بووانە ئەگەر لە موسڵمانیدا عەیارە بیست و یەک بن، ئەوا لە مێژوو و نەتەوەپەرستیدا عەیارە بیست و چوارن.
بەڵام ئەم دۆخە لای کورد جیاوازە و ئەمڕۆ هەر لە دەمی ئیسلامییە کوردەکانەوە خەڵکێکی زۆر کە تەنانەت قەڵەم بە دەست و خوێنەواریش، فێری تانەی کەمەر شکێن بوون لە مێژوو و کولتور و پاشماوە و توراسە نەتەوەییەکانی خۆیان. ئەبێت چ کێشەیەکی تێدا بێت تۆ دەیان ناوەندی لێکۆڵینەوەت هەبێت لە بارەی ئایینی زەردەشتییەوە جا با موسڵمانیش بیت؟ ئەبێت بە خیانەت ناساندن و بێڕێزی کردن بە نەوروز لە خزمەتی کێدا بێت؟ کورد لە پاش فتوحات و بە موسڵمان بوونی چی بۆ پاراستن و نووسینەوەی مێژووی خۆی کردووە؟ چەندین عەلامەی کورد لە مێژووی ئیسلامیدا هەڵکەوتوون چەند کتێب لە کتێبەکانیان یان چەند دێڕیان بۆ مێژوو و کولتوری خۆیان نووسیوە؟ ئەو هەموو خزمەتەی سەلاحەدینی ئەیوبی بە ئیسلامی گەیاندووە و چی خێرێکی بۆ کورد تێدا بووە؟
هەتا ئێرە ئەوەی کورد بۆ هێزی بێگانەی موسڵمانان کردوویانە سادەیی و دڵسافی و خۆشباوەڕی و دڵسۆزی بووە بۆ ئایین. لەولاشەوە عەرەب و فارس و تورکیش بناغەی ئیمبراتۆر و شاهانشا و خیلافەتیان لە سەر پشتی ئیسلام بنیات ناوە.