نامەیەکی کراوە

Wednesday, 03/03/2021, 21:53

4344 بینراوە


لە شاهیدی عەینی خاجەوە بۆ/ ئەمانەتداری بڕواداری بە خاج، پیرۆزوەر پاپای ڤاتیکان.


خاج؛ لە مەسیحییەتدا، سیمبولی عەشقی خوادیە بە مرۆڤ، و ئەو ڕۆژەی بۆ سڕینەوە و پاکژکردنەوەی گوناهی ئەزەلی لە داوێنی مرۆڤدا، کوڕی خۆی کردە قوربانی، تا تاوانی هەتاهەتایی لەسەر مرۆڤ بشواتەوە،. ئاوایە پایە بڵندی ئێوە، کە لەسەری پایەدار و سەقامگیر بوون، بۆ ئەوەی تا دوای ئەو تراژیدیایەش، هەر باوەڕمەندێک بەو ڕووداوە، بتوانێت داوێنی لەو گوناهە ئەزلییە بشۆردرێت.
کەواتە مەرگی مەسیح و کەرەستەی مەرگی مەسیح کە بریتییە لە خاج، ئەو دوو کۆڵەکە بنەرەتییەی باوەڕی مەسیحییەتن، کە ئێوە ئەمانەتدارییان ئەکەن.
وە بەڵام بە بانگهێشتی کێ و بۆچی هاتوونەتە سەرزمینی خاج، و لە شەوی شەراب و نانی کامە مەجلیسدا، بڕیار وایە شیعری دژە مەسیح، بهۆننەوە؟.
ئەی بەرلیۆز* (پاپای ڤاتیکان)-ەکەی دەزگای دەسەڵاتداری، لە کامە ژووانی ئەدەبییانە و سیاسییانەی دەسەلاتی مادیتان، لەگەڵ بیزدۆمێنی**(حکومەتی هەرێم)ی شاعیرە دەستکردە درووستکراوەکەی ‌هۆنەری قەسیدەی دژە مەسیحدا، بۆ ئینکاری حەقیقەت کۆ ئەبنەوە؟.
من ناوم ۆڵاندە***، و ئەمجارەیان لە مۆسکۆ (دواکارانی باوەڕی ئۆرتۆدۆکسی مەسیح)، بۆ شانۆی جادووی ڕەش نەهاتووم، کە تەنیا و تاکە شایەتی فاکتی واقعیەتی مەرگی مەسیح بم و فەساد و سەرلێشێواوی خەڵکی مۆسکۆ، بە جادووی ڕەش، بە خۆیان پیشان بدەم.
وا دیارە تراژیدیای منی ئەهریمەن، لە بەرامبەر ئینسانگەلێکی بێ بڕوا و گەندەڵدا، هەر ئەبێت بەو شێوەیە بێت کە ئەبێت شەیتان داکۆکی لە واقعیەتی مەسیح بکات.
لە خاجخانەی کوردەوارەکەی، پیلاتێس****(صدام حسین)دا، لە سات و سەودای ژووانی شەراب و ناندا، من شایەتی ئەوە ئەدەم کە لەخاجدانی عومەری خاوەر و پێنج هەزار گیانی بێ ئاگا و بێهۆشکراوی وەک ئەو واقعی بوو، ڕاستی بوو.
ئێوە ئەوکات ناوتان؛ کۆمەڵەی خاخامانی یەهود بوو، و ئەم حیزبانەی حکومەتی هەرێمیش، مەتای باجگیر بوون،. سەددامیش کە ناوی پیلاتێس و نوێنەری فەرمانڕەوای رۆمی سەرزەمینی کوردەوار بوو، بەدڵ لەگەڵ لەخاجدانی عومەری خاوەر و پێنج هەزار گیانی غافڵ و بەنجکراودا نەبوو،. بەڵام بڕیار، بڕیاری ئێوە بوو، پیلان، پیلانی مەتای باجگیر بوو.
لەم شەوی شەراب و نانەتاندا، چاوەڕوانی کام یەهودا ئەکەن؟، لە کاتێکدا وا تەواوی ئەم خەڵکە، نەک بەنجکراوی جادووی ڕەش نین، بەڵکو پەیکەری وەسوەسەی نەنگینی یەهودای ئەسخەریوتن، و وا بە کەمتر لە سی سکەی زیوی کەم قیمەت، ڕازی ئەکرێن.
دۆست و یار، هاوڕی و هاوسۆز و کەسی عومەری خاوەر و پێنج هەزار گیانە مەدهۆش و بێهۆشکراوەکە، نەک بە سی سکەی زیو، بەڵکو بە جرینگە جرینگی دوو قروشی ڕەش و ژەنگاویدا؛ شایەتییان دا کە پیلاتێس(سەددام) بوو، بەڵێ خۆی بوو.
منی ۆڵاند، بڕیارم دا؛ ئەم سەرزەمین و خەڵکە بە یەهودابووەی، نەک پیویستی بە زریانی ئەشکەنجەی مۆسکۆ نییە، بەڵکو ئەشکەنجەی قێزەوون و وەهمی چیژ و لەزەتی تەن، تاکە ئەشکەنجەی هەتاهەتایی دۆزەخی خیانەتی ئەم سەرزەمینەیە،،.
هەڵپەی عانە و کۆیلەی چێژ، گەردەنی کەج و سەری بێهۆش، تاکە دیاریی دنیایی ئێوە بوو، کە بە ئێمە و  بە ئەم سەرزەمینەتان بەخشی،. لە خاجدانی ئەزەلیتان کردە ملمان،،، بەڵام ئیتر لەلای ئێمە جادووی ڕەشی ئەفسانەی کۆن و فەرمانڕەوایانی تازەی ڕۆم، شیعری شەوانی شەراب و نانمان، ماچی مەرگی خیانەت، بۆ هەتایە خاڵی و بەتاڵ ئەکرێتەوە، مێژوو و ئێستای حەقیقەتی سەرزەمینی خۆمان، لە زریانی ئاخێزێکی  کوردەواری سەربەخۆدا، نووسییەوە و ئەنووسینەوە.
 *بەرلیۆز: سەرنووسەری ڕۆژنامەی مۆسکۆ
**بیزدۆمێنی: نووسەر و شاعیر
***ۆڵاند: ئەھریمەن، شەیتان (ڕۆمانی ڕابەر و مەرگەریتا)
****پیلاتێس: فەرمانڕەوای ڕۆم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە