کورتە هەواڵ

Tuesday, 12.24.2002, 0:47

589 بینراوە


* له‌ سلێمانی (به‌ درێژایی چه‌می قلیاسان) هه‌موو پارچه‌ زه‌وییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و لێپراسراوه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانییه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌.
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، سالار عه‌زیز، جه‌میل هه‌ورامی، به‌هادین ئه‌حمه‌د، چه‌ند نموونه‌یه‌کن له‌و  که‌سانه‌ی که‌ هه‌ر یه‌که‌یان له‌ سه‌رو  5ـ6 دۆنمیان به‌رکه‌وتووه‌ و به‌ (لانه‌ی شووشه‌یی) گه‌وره‌ ڕازاندوویانه‌ته‌وه‌ تا  سه‌وزه‌ و میوه‌یان تیادا بچێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  باخه‌وان و کرێکار کاری تێدا ده‌که‌ن. ئه‌و زه‌ویانه‌ ئه‌مڕۆ وه‌کو ناوچه‌یه‌کی قه‌ده‌غه‌کراو سه‌یرده‌کرێت و که‌سی دیکه‌ بۆی نییه‌ توخنیان بکه‌وێت.

* ئه‌و پارچه‌ زه‌وییانه‌ی که‌وتوونه‌ته‌ ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌ی دوکان و قه‌شقۆڵییه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی ده‌وڵه‌تی عێراقیشه‌وه‌  قه‌ده‌غه‌ کراوه‌، که‌ نابێت هیچ پڕۆژه‌یه‌کی ئاوه‌دانی تێدا دروست بکرێت ( چونکه‌ ده‌ریاچه‌که‌، بۆته‌ ناوچه‌یه‌کی ڕێگاپێنه‌دراو)، به‌ڵام وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی سه‌وز (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر) له‌گه‌ڵ چه‌ند لێپرسراوێکی دیکه‌دا ڕایان گه‌یاندووه‌ که‌ به‌ نیازن ئه‌و یاسا کۆنه‌ به‌ مۆڵه‌تی نا شه‌رعی لابه‌رن  (که‌ خۆی بۆ گۆڕینی یاساکه‌ لێپرسراوه‌ و ئه‌وه‌ خۆیه‌تی ده‌توانێت بڕیارێک له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ربکات). 
ئیستا فه‌ره‌یدون له‌ مشتومڕی ئه‌وه‌دایه‌ تا چۆن یاساکه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بگۆڕن و زه‌وییه‌کان بکه‌نه‌ موڵکی خۆیان و به‌ مه‌به‌ستی شوێنی تایبه‌تی پشوودان خانووی تێدا دروست بکه‌ن. هه‌روه‌ها به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی سه‌وز (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر) له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی شاره‌وانی سلێمانی (حاکم قادر) ئه‌مڕۆ له‌ ئاسایشی سلێمانی و دوکان زێد له‌  12 هاوڵاتی ناوچه‌ی دوکان و قه‌شقۆڵی گیراون، چونکه‌ ڕازی نین ئه‌و زه‌وی و موڵکه‌کانیان به‌ حکومه‌ت بفرۆشنه‌وه‌، هه‌ر که‌سێک له‌ خاوه‌نی ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌مه‌ ڕازی نه‌بێت هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنییان لێکراوه‌. ئێمه‌ له‌ ڕێگای ناسیاوێکه‌وه‌ به‌ ناوی  سه‌ردانی خزمه‌وه‌ چاومان به‌  دوو که‌س له‌و به‌ندانه‌ که‌وت که‌ ئیستا له‌ به‌ندیخانه‌یه‌کی ئاسایشدا ده‌ستگیرکراون.

* له‌ ساڵی پاره‌وه‌ له‌ سلێمانی له‌ ژێر دروشمی (کوردستانێکی که‌سک)دا هه‌وڵدانێکی به‌ربڵاو ده‌ستی پێکردووه‌ بۆ چاندن و په‌ره‌پێدان و ڕواندنی دره‌خت و هێشتنه‌وه‌ و پاراستنی دره‌خته‌ سروشتییه‌کانی ناو کوردستان. هه‌ر که‌سێک دره‌خێک ببڕێته‌وه‌  گه‌وره‌ترین سزا ده‌درێت. شاره‌وانی سلێمانی که‌ یه‌کێکه‌ له‌و ده‌ستگایانیه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کار ده‌کات و به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانییه‌که‌ به‌ناوی (حاکم قادر)ه‌وه‌، که‌  ئیستا ماڵ و زه‌وی و سامانێکی زۆری پێکه‌وه‌ ناوه‌، به‌ هۆی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م ناوبراوه‌وه‌ دارستانێک ئیفرازکراو کردیان به‌ پارچه‌ زه‌وی و  به‌ کاوه‌ی برای حاکم قادریان به‌خشی، ئه‌ویش زێدتر له‌ (37) داری تێدا بڕییه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ مشتومڕێکی زۆری له‌ ناو سلێمانیدا دروستکردووه‌، که‌ ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ مێدیای زه‌رد و که‌سکی کوردی له‌ کوردستاندا سه‌ربه‌ستی ڕاده‌ربڕینی هه‌یه‌ به‌ڵام وا نییه‌ چونکه‌ بۆ ئه‌مه‌ ڕۆژنامه‌کان هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنیان لێده‌که‌ن تا ئیستا ئه‌وانیش ناوێرن خۆیان له‌ قه‌ره‌ی بده‌ن و باسێکی لێوه‌ بکه‌ن .