تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان

Friday, 05/03/2021, 14:55

6198 بینراوە


تەکنەلۆژیا و کەمبوونەوەی کتێب و گۆڤاری منداڵان

ڕۆستەم خامۆش – هه‌ولێر

وەکو هەموومان دەزانین لەم سەردەمەی ئێستای مرۆڤایەتی تێیدا دەژی، دەبینین پێشکەوتن لە گشت بوارەکان هاتووەتە ئاراوە، کە داهێنانی گەورە ئەنجامدراوە و پێشکەوتنی زانست، هەمووانی دڵخۆش کردووە.
نکۆڵی لەوەش ناکرێ کە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی سەردەم، لایەنی باشەی بێ ئەژمار زۆرەو سوودێکی گەورەو فراوانی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، لێرەدا ئێمە ناتوانین بڵێین نابێ کەس بەکاریان بێنێ، چونکە ئەو پێشکەوتنە بەرهەمی بیرکردنەوە و ژیریی و هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە و سوودەکەشی بە پلەی یەکەم هەر بۆ مرۆڤە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم و کە لای هەمووان گرنگە بیزانین و خەمی بۆ بخۆین، ئەویش داهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن لەلایەن هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە، وە توانیویانە چەند ملیار مرۆڤ هۆگری خۆیان بکەن و کاتی بەنرخیان لێبستێنن، وە کاریگەرییەکی زۆریشیان کردووەتە سەر خوێنەران و دۆستانی کتێب، کە ئەوانیشیان بۆ لای خۆیان ڕاکێش کردووە و تا ڕادەیەک لە کتێبی کاغەز دووریان خستوونەتەوە و بەخۆیانیانەوە سەرقاڵ کردوون. بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین خەڵکانێک زیاد لە پێویست خوویان گرتووە بە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە ئەوەش بۆ داهاتوویان دەرئەنجامی باشی نابێ.

وەکو گوتمان مادام ئەو پێشکەوتنە بۆ سوودگەیاند بە مرۆڤ داهێنراوە، کەواتە پێویستیشە مرۆڤ پێی ئاشنا بێ و بۆ کەڵک وەرگرتن بەکاریان بێنێ، بەڵام تا ئەو کاتە بەکاریان بێنێ کە سوودی لێ وەردەگرێ، نەک زیاد لە پێویست کاتی بۆ تەرخان بکات، کە پاشان چەندین زیانی دەبێ، لەوانە: کاتێکی زۆر لە تەمەن بە فیڕۆ دەڕوات و کە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە، بە وتەی شارەزایان: زیانی بۆ تەندروستییش هەیە، کە چاو و مێشک ماندوو دەکەن و نائارامیی دەروونیی و  حاڵەتی خەمۆکیش دروست دەبێ.

خاڵی سەرەکی نووسینەکەی ئێمە ئەوەیە، کە زۆربەی منداڵان ئاشنای ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن و لە ئێستادا بە ئاسانی بەکاریان دەهێنن و بێ چاودێری دایکان و باوکانیان، یان وەک پێویست ڕێنمایی ناکرێن، کە چۆن بەکاریان بهێنن و تەماشای چی بکەن و چی بخوێننەوە، گەڕان بەدوای بابەتێکی سوودبەخش و پەروەردەیی و فێرکاریی لە نێو تۆڕی فراوانی ئینتەرنێتدا، ڕەنگە بتوانن زۆر بابەتی باش و بە کەڵک بدۆزنەوە، بەڵام لە ئەنجامی گەڕان بە دوای شتێکی بەسوود، چەندین بابەت و وێنە و ڤیدیۆی نەشیاو و خراپ دەکەونە بەر چاوانیان، کە دواجار زیانمەند دەبن لێی، وە ڕێگەی ڕووناک و ڕاستەقینەیی ژیانیان و ئاکارە بەرز و باشەکانیان لێ ون دەبێ و تووشی سەرگەردانی و بە فیڕۆدانی کات و تەمەنیان دەبن، وە گرنگی خوێندنی قوتابخانەیان لا کەمتر دەبێتەوە و ئاستی زانستییان دادەبەزێ و کەمتر ئومێدی ئایندەیان لەسەر هەڵدەچنرێ و دواتر دەبنە سەر ئێشە بۆ خانەوادە و کۆمەڵگە، وەلێ مەخابن دایکان و باوکانیش بۆ ڕازی کردنی دڵی منداڵەکانیان ئامێرەکانیان بۆ دەستەبەر کردوون و بە ئاسانی خراونەتە بەردەستیان.

وە گرنگیدان بە کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، بە شێوەی کاغەز زۆر کەمبۆتەوە، کە ئەوەش جێیگەی داخە، چونکە منداڵان بێ بەش دەبن لەو هەموو ژانرە ئەدەبیانەی، وەک: (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت... هتد). کە خوێندنەوەی ئەو بابەتە ئەدەبیانە زۆر چێژ بەخش و هەم سوود بەخشن بۆ منداڵان، وە حەز و ئارەزووی خوێندنەوەیان زیاد دەکات و کە تەمەنیشیان هەڵکشا، ئەوان هەمیشە دۆستی کتێب دەبن و خوێندنەوەی کتێب دەبێتە بەشێک لە ژیانیان، بەڵام لە ئێستادا هەم لایەنی تایبەت بەو بابەتە، وە هەم دایکان و باوکانیش کەم تەرخەمن لە دابین کردنی نامیلکەو گۆڤاری تایبەت بە منداڵان، هەر چەندە بە شێوەی ئەلیکترۆنی، یان لە ڕێی ماڵپەڕەکانەوە زۆر بابەتی سودبەخش دەستدەکەون، بەڵام ناگەنە ئاستی کتێب و گۆڤاری کاغەز، چونکە بە شێوەی کاغەز، زۆر به‌ جوانی بابەتەکانیان بۆ منداڵان داناون، کە لە ڕووی تەندروستیشەوە باشترن.
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان، هەوڵبدەن لە ماڵدا کتێبخانەیەک بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن، خۆیان ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە ئارەزووی لێدەکەن و چێژی لێ وەردەگرن، بەڵام باشتر وایە ئەو کتێبانە بخوێننەوە کە زیاتر باسی (منداڵناسیی و پەروەردەیی و فێرکاریی و دەروونناسیی و مافی منداڵ)دەکەن.
چونکە لە ئەنجامی خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەدا سوودمەند دەبن و زانیارییان زیاتر دەبێ بۆ ناسینی منداڵەکانیان و شێوازی پەروەردەکردنیان.
بەڵام زۆر بەداخەوە، کە منداڵانیش وەک پێویست کتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان نەبێ، یان کەم بێ و بە ئاسانی دەستنەکەون، ئەوا منداڵانیش کاتەکانی ژیانیان بە زۆر شتی بێ بایەخ و زیانبەخش و بێسوود پڕ دەکەنەوە، کە لە داهاتوودا زیانەکان زیاتر دەردەکەون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە