دنیایەکی چەند سەیرە، تێهەڵدراوەکان وەک پاڵەوان خۆیان نمایش دەکەن

Sunday, 07/03/2021, 0:41

7215 بینراوە


٣٠ ساڵە لە بەشێکی بچوکی باشووری کوردستاندا، کە خائین و سیخوڕەکان ناویان لێناوە هەرێم، لەو هەرێمە بچکۆلەدا هەرماوەیەک تێیدا ڕووداوێکی کۆمێدیمان بۆ نمایش دەکەن، کە لە هەموو جیهاندا نەک نمونەی وا ڕووی نەداوە، بەڵکو کەس دەرکی بەو قەشمەرخانەیە نەکردووە.وەک مشکی تاقیگا داگیرکەران لە رێگای ئەم خائینانەوە هەموو کارە قێزەونەکانی خۆیانمان لەسەر تاقی دەکەنەوە، بەردەوام درێژە بەداهێنانەکانیان دەدەن.لەو هەرێمەدا پارتە بەکرێگیراوەکان ئاسانکاری دەکەن بۆ ئەوەی کەسانێک پەیدا نەبێت کە ببێتە نومەنی رابەری راستەقینە و بە ویستی مەرجەکانی خۆیان پاڵەوان دروست دەکەن و لەسەر شکاندندنی شکۆی تاک بە تاکمان کاردەکات.
ئایا دەبێت بەو دۆخەی خوڵقاندویانە بڵێن ژیان؟ ئەم نووسینەم سوکایەتیی یان رەخنەگرتن نییە لەوانەی کە لێیان دەدەن، کە دوایی بەو شێوەیە دێنە سەر کەناڵەکان بە دەموچاوی بەستراوەوە پەنجەی سەرکەوتن بەرز دەکەنەوە و لێدوان دەدەن، بەتایبەتی غالیب موحەمەد، ئەم نووسینەشم بۆ وشیارکردنەوەی خەڵکییە کە دەبێت دوای ئەمە چی بکرێت!
تا ئیستا دەسەڵات لە چەندین کەسی داوە و سەرو روخساریان بریندار، یان وەکو هەتک کردن سەریان تاشیون.کە ناوەکان زۆرن، نامەوێت ناوین هەموویان لەم نووسینەدا ریز بکەم.
 لە کاتێکدا ئەگەر ترس لەهەموو جێگەیەکدا هەبوو، تەنها زیندبوون ژیان نییە، کاتێک مرۆڤ ناچار دەبێت لەسەر ئەژنۆکانی ژیان بکات، کە نەخۆشی و شکاندنی شکۆ لەهەموو کۆڵانێک سەرە تاتکێمان لێبکات، ئیتر مردن دەبێتە جوامێریترین هەڵبژاردە، تا هەوڵی بۆ بدەین، نەفرەت لەو ژیانە قێزەونە بکەین، کە لەسایەی ئەو دەسەڵاتە خائینەوە پێمان بەخشراوە.
 لە ناو ئەم هەموو هەڵچون و داچونەدا ڕۆژانە لە تەکیدا بەرخورد دەکەین، تێیدا نمایشێکی کۆمێدی سەری هەڵداوە کە تێهەڵدراوەکان دێن لەکەناڵەکانەوە پەنجەی سەرکەوتن بەرز دەکەنەوە و لەفەفێکیان لەسەرو چاویان بەستوە، یان کراس و کەوای خوێناوێکە داناکەنن، دەیانەوێت تێهەڵدانەکەیان بە ئازایەتی و جەوامێری لێوەرگرین و وەک جەنگاوەرێک خۆیان نمایش دەکەن و بێترس و دوودڵی دەڵێن: ئێمە لەپێناو خەڵکدا تێهەڵدانمان خواردوە.
سەردەمانێک لەو چیایە بووم، جارێک لە یەکێک لە شەرەکاندا، کە مەفرەزەیەکمان کردبوو بۆ شار، هاوڕێیەکمان گوللە بەر ڕانی کەوت، خوێنی زۆری لێڕۆی کە برینەکەمان بۆی پێچا شەرواڵەکەی دڕێنرا، بەڵام کەڵکی لەبەرکردنی مابوو، بەڕێکەوت دایکی هات بۆلای لەگەڵ خوشکێکیدا، هەواڵیان بەو هاوڕێیە دا کە دایکی هاتووە، ئامادە نەبوو بەو بەرگە خوێناویەوە بچێت بۆدیداری دایک وخوشکی، بەرگەکەی لەگەڵ هاوڕێیەکدا ئاڵوگۆڕپێکرد.بیرمە ووتی :"شەرمە بانەزانن زاماربووم، خەمم لێبخۆن".
ئەمڕٶش پرسیارەکە لەوەدایە ئایا تۆیەک نەتوانی خۆت بپارێزی، چۆن بەرگری لە خەڵک دەکەیت؟ من وەک تاکێکی کۆمەڵگا شەرم دەکەم نوێنەرەکەم ترسنۆک بێت، گەرچی هیچ یەکێک لە ئێوە نەک بەنوێنەر نازانم بەڵکو بەزەیم پیاتاندا دێتەوە کە هێشتا خۆتان ونن و بەدوای دۆزینەوەی خەڵکدا وێڵن.
 هەر ئەم کەلتوری شکۆ شکاندندنە وایکردوە کە چەکدارەکان کە خۆیان ناوناوە پێشمەرگە خۆکوژی دەکەن لە بەر دەم مزگەوتێکدا سەری کزیان دەخەنە سەر بەرماڵێک سواڵ دەکەن، ئەی چەکدار تۆیەک نەتوانی بەرگری لەکەرامەتی خۆت بکەیت، چۆن دەکاری بەرگری لە مافی گەلەکەت بکەیت و سنورەکان بپارێزی، بەسواڵ بەکڕوزانەوە یان بەبەند ووتن ؟
 هەڵبەتە ئەمە ئەنجامی سروشتی هەموو ئەو مرۆڤانەیە، کە ترسنۆکن و خۆیان لێبۆتە پاڵەوان، کەناڵەکان دێن مرۆڤێکی تێکشکاو نمایش دەکەن بۆمان و باسی جەوامێری و ئازایەتی لێدەپرسن.
بۆنمونە ئەم تێهەڵدراوە پەرلەمانتارێکە لە ووڵاتی عێراق، لەوێ ١٦ چەکداری بۆدانراوە، دیارە پێشتر ٢٩ کەس بوو، کەناویان ناون پێشمەرگە، ئەم ناوانە تەنها خەیاڵین و موچەکەی دەدزن، بۆ گیرفانی بۆگەنیان، دەنا چۆن کەسێک ئەوەندە پاسەوانی هەبێت 
لەکۆڕێکی "فاروق ڕەفیق"دا کەسێک داوای کرد کە قسە لەسەر مەسەلەیەک بکات، کە پەیوەندی هیچ بەباسەکەوە نەبوو، کاتێک میکرۆفۆن درایە دەستی کورد ووتەنی" ژێڕبەڕەی خستە سەر بەڕە" ئەو خۆیناساند وەک پاسەوانی "ئارام شێخ محەمەد" کە داوای لێ کردوون بۆ بەغداد نایان بات و پێی ووتوون کە ٢٥٠هەزار دیناریان مانگانە دەداتێ و قسە نەکەن، بڕۆن لەسەر عەرەبانە شت بفرۆشن و پیشەیەکی تر بکەن، باقی پارەکەشی بۆ خۆی هەڵگرتوە.ئەودەم پەرلەمانتارەکان ٢٩ پاسەوانیان بۆ دانابوون، ئێستا کەمیان کردۆتەوە بۆ١٦ پاسەوان.
هوشیار عەبدوڵا بە دوو ئۆتۆمبیل کە بیکەی سی لەسەرە لەگەڵ هەشت پاسەوان خۆی نمایش دەکات، هەموو ڕۆژێکیش لە کەنالەکانەوە باس لە موڕاڵ دەکەن.ئەم هوشیارە خەریکی بازرگانی کردنە و بە بڕی پێنج دەفتەر دۆلار لە مالیکی پارچە زەوییەکی وەرگرتوە.
هەم دەسەڵات پێویستی بەو سینارویانەیە و ئەم ترسنۆک و پاڵەوانانەش پێویستیان بەم تێهەڵدانە، ئاخر لە کوێدا بوە تێهەڵدراوێک وەک پاڵەوان قسەبکات، بەڕاستی سەیرە باوکی گردەکە چۆن ئەم هەموو ئیخوانەی هێنایە ئەم شارە و کردنی بەدەموچاوی سیاسەتی قێزەون ؟
ئینجا وەرە ئەم تێهەڵدراوانە لەشەڕدا زامار بکرێن ؟ ڕەنگە تا مردن ئەوجلوبەرگە نەگۆڕن کە لەکاتی تێهەڵداندا لەبەریاندا بووە، ئەمە سروشتی مرۆڤی ترسنۆکە کە تێهەڵدانی خۆی بە ئازایەتی بەخەڵک دەفرۆشێتەوە.
لەم شەوانەدا سەیری دنیای ئاژەڵانم دەکرد، دووئاژەڵ زۆر سەرنجیان ڕاکێشام شێر و هەڵۆ، کە شێرێک دەزانێت ئیتر ڕاوی بۆ ناکرێت دەچێت: دوور دەکەوێتەوە دەست دەکات بەڕۆژوگرتن دەچێتە خەڵوەتەوە تا دەمرێت و دنیا جێدەهێڵێت، شێر وەکو زۆربەی ئەم مرۆڤانە نیین، دەیانەوێت بەشکۆوە دنیا جێبهێڵێت.هەڵۆش کاتێک دەزانێت : چاوەکانی کز دەبێت و ئیتر بەئاسمانەوە نێچیرەکان نابینێت، تا لە توانایەتی بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە و دوایش باڵەکانی دادەخات لەو بەرزاییەوە خۆی بەزەویدا دەدات تا بەشکۆوە گیانی دەرچێت.
هەڵۆو شێرەکانی ئێمە لە بەغدادی تاوان چیان کرد؟ چیان دژی داگیرکاری و بوردومان تورکیان وتووە، تا ئێمە پێویستمان بە نوێنەرایەتی ئەوانە هەبێت؟

هیندییەکان دەڵێن: "گەر ترسنۆکەکان نەبن، ئیتر ئێمە چۆن ئازاکان بناسین".


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە