ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی پەتای کۆڕۆنا بۆ سەر ژنان

Sunday, 07/03/2021, 0:43

6478 بینراوە


ساڵی ٢٠٢٠ بەگشتی ساڵێکی سەخت بوو بۆ مرۆڤایەتی. کۆڕۆنا ڤایرۆس بووە سەربار بۆ موسیبەتەکانی نیزامی سەرمایەداری، کە ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی جیهانی ٌووبەرووی سەختیەکی زۆر کردەوە. بەشێوەیەکی گشتی ژیانی ئاسایی لەبەریەک ترازاند. کاریگەریی لەسەر ژیان لەناو ماڵ، دەرەوە و شوێنی کار، خوێندنگە و کۆمەڵگە بەجێهێشت. دەست ڕاگەیشتن بەخزمەتگوزارییە گشتی و کۆمەڵایەتیەکانی قورس کرد. دیارە ڕادەی کاریگەرییەکانی ئەم دۆخەش جۆراوجۆر و لە کەسێکەوە بۆ کەسێک و لەژنەوە بۆ پیاو جیاوازی هەبوو.
ساڵی ٢٠٢٠ بڕیار بوو ساڵێکی چارەنووسساز بێت بۆ بزووتنەوەی یەکسانی ژن و پیاو بەپێی بەرنامەی کاری پەکین* و بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوە یەکگرتوەکانی ساڵی ٢٠٠٠، کە یەکەمین بەڵگەنامەی فەرمی یاسایی بوو لە ئەنجومەنی ئاسایش دەرچووبێت بۆ گەشەکردنی مافەکانی ژنان و پرسەکانی ئاسایش و ئارامی. بەڵام کۆڕۆنا دەستکەوتەکانی ئەو ٢٠ ساڵەی پێشووشی خستە مەترسیەوە.
پەتایەکانی پێشووی وەک ئایدز و سارس و ئەنفلەوەنزای بەراز و ئیبۆلاش دەریانخستووە کە زۆرترین ئەوانەی بەرکەوتەی ئاکامەکانی ئەو بەڵایەن لە وڵات و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان، ژنانن. کۆرۆنا ڤایرۆس جارێکی تر ئەو راستیەی نیشاندایەوە کە نایەکسانی نێوان نێرینە و مێینە و ستەمی سەر ژنان لەکاتی پەتا و قەیرانە جۆراوجۆرەکاندا بەشێوەیەکی یەکجار زۆر زیاد دەکات. 
گرنگە ئاکامەکانی ئەو پەتایە بزانین کە چین و چۆن لە بواری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ئابووری، بەپێی ستراتیجی کۆمەڵەی بانکی نێودەوڵەتی؛ کاریگەری لەسەر یەکسانی نێوان ژن و پیاو لەسەر ئەم لایەنانە دادەنێت:
١- هەلومەرجی ئابووری و سەرچاوەکان(الموارد).
٢- توانای تەندروستی و پەروەردە و فێربوون.
٣-پشتبەستن بە خۆ و سەربەخۆیی بوون( استقلالیة).

١-کاریگەریە ئابووریەکانی کۆڕۆنا:

• لەسەرتاسەری دنیادا ژن و پیاو لە پیشەسازی جۆراوجۆر کاردەکەن. ئەو ژنانەی لە کەرتەکانی خزمەتگوزاری کاریان کردووە بەتوندی بەرکەوتوون. بەنموونە: کەرتی تەندروستی، فەرمانبەرانی پێشوازی، چاودێری ناوخۆ و خزمەتگوزاری تەیارە(مضیفات)، چێشتخانەکان، ساڵۆنی قژبڕین و ئارایشگاکان، کرێکاری ناوماڵ...تاد. لەهەندێک بواری پیشەسازی کە ژن لەبەرهەمێنانیاندا ڕۆڵی زۆرتریان هەیە وەک: نیوەی ژنانی بەنگلادیش لەکەرتی چنین و پیشەسازی دروستکردنی جلوبەرگ کاردەکەن. بەملیۆنان لەوژنانە ناردراونەتە ماڵەوە و بێکارکراون، و زوربەیان ژنن و بەهۆی کۆڕۆناوە بێ مووچەن. لە ئەمەریکا پتر لە ٤٠ ملیۆن کار لەدەستدراوە و ٦٠٪ یان ژنان کاریان تێدا کردووە(The Institute for Women’s Policy Research )لە بەریتانیا ڕێژەی ئەو کارانەی لەدەستدراون ژنان ١٧٪ی ئەو کارانەیان لەدەستداوە لەبەرامبەر ١٣٪ی پیاوان(ڕۆیتەر).
• خاڵێکی تر کە پێویست دەکات ئاماژەی پێدرێت، بەتایبەت لەوڵاتە هەژارەکان کە بەوڵاتە داهات کەمەکان ناوزەد دەکرێت. ژمارەیەکی زۆری ژنان کاری نافەرمی(ناڕەسمی) دەکەن. لەئەنجامدا نەخشەی پارێزبەندی کۆمەڵایەتی( الحمایة الاجتماعیة) لە شێوەی بیمەی بێکاری نایان گرێتەوە. بەنموونە لە وڵاتە عەرەبیەکاندا ڕێژەی ٦١.٨٪ ژنان بەنافەرمی کاردەکەن.
• بەهۆکاری ئەوەی مردنی پیاوان زیاترە لەژنان بەهۆی کۆڕۆناوە (٢.٨٪ پیاوان دەمرن، ١.٧٪ژنان دەمرن). ژنانی ناچار کردووە هەوڵی زۆرتربدەن بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی خێزانەکانیان و داهاتێک بەدەست بێنن.
• لە وڵاتە عەرەبیەکاندا کە لەیاسادا وا دانراوە پیاوان سەرچاوەی داهاتن. بۆیە ئەو خێزانانەی کە ژنەکان سەرچاوەی داهاتن، ڕەنگە ڕووبەڕووی هەژاری زیاتر ببنەوە.
• ژنانی پەناهەندەی کار، وەک کاری خزمەتگوزاریەکانی ماڵان. لە کاتی ئەو پەتایەدا هەلومەرجی سەفەر و کار و پارەناردنەوە بۆ خێزانەکانیان کێشەی گەورەی تێدەکەوێت و ئەوەش هەر بەسەر ژناندا دەشکێتەوە.
• بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە ڕەنگە وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی لەدەستدانی ملیۆنێک و ٧٠٠ فەرمانبەر ببنەوە کە ٧٠٠هەزار وەزیفەیان ژنە. لەکاتێکدا بەشداری ژنان خۆی کەمە و بێکاریەکانی زۆر لەناو ژناندا هەیە کە لەساڵی ٢٠١٩دا گەیشتە ١٩٪ و بۆ پیاوان گەیشتە ٨٪. ٠
سەرەڕای ئەوەی پێش کۆڕۆنا ژنان کەمتر بەشداری کاریان کردەوە و سەرچاوەی پەیداکردنی داهات بوون، هەروەها ڕێژەی کرێی ژنان لەچاو پیاوان کەمتر بوو. بەهۆی ئەم پەتایەوە ڕەنگە ئەو ژنانەی کاریان لەدەستداوە بەزەحمەتر لەپیاوان دووبارە بگەڕێنەوە سەر کاری پێشوویان.

٢-کاریگەریە کۆمەڵایەتی و تەندروستیەکانی کۆڕۆنا بۆ سەر ژنان:

پرسێکی دیکەی گرنگی پەتای کۆڕنا ئەوە بوو کە توندوتیژی خێزانی زیاتر کرد،ئەوەش  بەهۆکاری نەچوومەدەرەوە و داخستنی شوێنەگشتیەکان (کەرەنتینەوە). بەتایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان و وڵاتە هەژارەکان. سەرەڕای ئەوەی ژنان بەهۆکاری کەلتور و هەلومەرجی نالەباری ئابووری و جەنگ و نائارامی سیاسی پێش کۆڕۆنا لەو وڵاتانە گیرۆدەی توندوتیژی دەبوونەوە. هەلومەرجی کۆڕۆنا کەشوهەوایەکی نالەبارتری ڕەخساند لەوەی ئەو کەسانەی توندوتیژیان لەبەرامبەریان بەکاردەهێنا لە ماوەی مانەوە لەماڵ و نەچوونە سەر کار تەواوی شەو و ڕۆژ دەبوایە بەیەکەوەبن، بە دەروونێکی نائارامی زیاترەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی زیاتر دەبوونەوە. تەنانەت بەپێی ئامارەکان توندوتیژی ٢بەرامبەر و زیاتر بۆتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەوڵاتە عەرەبیەکان ژمارەی پەیوەندیەکانی ژنان بە هێلی تەلەفۆنی یارمەتی و گەرم ٦٠٪ زیادی کردووە لە چاو ساڵی ٢٠١٩. تەنانەت پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان بەتەنیا داوای کۆمەک و هاوکاری ناکەن، بەڵکو داوای بەهاناوە چوونیان دەکرێت لە هەڕەشەی کوشتنی خۆی و منداڵەکان. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری نەکردنی حکومەتەکان لەلایەنی دارایی، کەئەمە فشاری زۆرتر دەخاتە سەرحالەتی دەروونی پیاوان. بەنموونە لە تونس توندوتیژی ٥ بەرامبەر زیادی کردووە. لە عێراق تەنانەت ژنێک دوای توشبوونی بەکۆڕۆنا و گەڕانەوەی لە نەخۆشخانە، هاوسەرەکەی ڕێگەی پێنەداوە بگەڕێتەوە ماڵەوە و لێی جیا بۆتەوە. تەنانەت هەندێک خێزان پێیان شەرمە ئەگەر کچەکانیان توشی ئەو ڤایرۆسە ببن، چونکە ئەوە کاردەکاتە سەر دواڕۆژی هاوسەرگیری، وەک پرسێکی شەرەف هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، بەوجۆرە ئەو کچانە دەکەونە حالەتی دەروونی زۆر خراپەوە. لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک فەرەنسا بەنموونە لە ماوەی هەفتەیەکی داخستنی شوێنە گشتیەکان توندوتیژی خێزانی بەرزبۆوە بۆ ٣٢٪.
لەلایەکی دیکەوە دابەشبوونی نایەکسان هەیە لە بەڕێوەبردنی خێزان لەنێوان ژن و پیاو لەکاتی ئاساییدا. ئەوەش بەهۆی دابونەریت و یاسای دژە ژنی داوکەوتوانە بەگشتی و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان بەتایبەتی. بەهۆی داخستنی خوێندنگەکان وجیاکردنەوەی بەساڵاچوان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆش لە خێزانەکاندا، بەرپرسیاریەتی ژنان زۆر زیاتر دەبێت. ئەم هەلومەرجەش مەسەلەیەکی ترسناکی دروستکردووە لە گوشار خستنە سەر ژنان لەسەرتاسەری دنیا.
هەروەها زۆربەی کاری ناوماڵ کە بێ بەرامبەرە، زۆرتر دەکەوێتە ئەستۆی ژنان و کچان لە هەموو جیهان، بەجۆرێک ٧٦.٢٪ کار بەپێی ئاماری فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، واتە نزیک بە ٣ ئەوەندەی پیاوان، ئەم ژمارەیە لە وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانوسی ئارام بەرزدەبێتەوە بۆ ٨٠٪. بەمشێوەیە کە چاودێری نەخۆش لەماڵەوە دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، ئەمەش هۆکارە بەتوشبوونی زیاتری ژنان بە ڤایرۆسی کۆڕنا. لە کاتێکدا ژنان لەو شوێنانەی هێڵی پێشەوە کاردەکەن وەک مامۆستا و کارگوزاری ناو تەیارەکان و شوێنە خزمەتگوزاریەکان ...تاد( لەسەر ئاستی دنیا ٨٨٪ی ژنان ئەو کارانەی هێڵی پێشەوە دەکەن، ٦٩٪ پسپۆری تەندروستین). بەنموونە ئەو ژنانەی لە ئیسپانیا لەکەرتی تەندروستی توشی نەخۆشیەکە بوون دەگاتە ٨.٧١٪ بەرامبەر ٢.٢٨٪ پیاوان) و ئەو شوێنانەن کە زۆرتر نەخۆشیەکەی تێدابڵاوە و توشی دەبن. لەماڵیشەوە دیسانەوە ژنان ئەرکی چاودێری زیاتریان لەئەستۆیە. کاتێکیش ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی داخستنی خوێندنگەکان و قەدەغەکردنی سەفەر و هاتوچۆ، خزم و بەساڵاچوانیش توشی نەخۆشیەکە دەبن، دووبارە ئەرکی ژنان زیاد دەکات و دەبێت زیاتر ئەرک بکێشن. تەنانەت ئەو ژنانەی بەنموونە لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن کە دیارە زۆرێکیان ئەرکی چاودێری خێزان و منداڵی لەسەرە، لەترسی لەدەستدانی کارەکەی پەنادەبات بۆ پەیداکردنی دایەنگە و شوێنێک کە منداڵەکانی لێ دابنێت لەکاتی داخستنی خوێندنگەکان.
لەکاتی بوونی هەر هەڕەشەیەکی وەک جەنگ و پەتا، ژنان زیاتر توشی دڵەڕاوکێ و ناجێگیری دەروونی دەبنەوە بەهۆی پەرۆشی زۆریان بۆ پاراستن و چاودێریکردنی خێزان و منداڵەکان بەتایبەت.
لەئەنجامی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە، ژنان بەگشتی و ژنانی دووگیان دووچاری ئاستەنگی گەورەی تەندروستی دەبنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارەییە تەندروستیەکان و سنووردارکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و گواستنەوە و دەست ڕاگەیشتن بە نەخۆشخانە و شوێنی چارەسەر و چاودێری ژنانی دووگیان. هەروەها توشبوونی ژنانی دووگیان بە خەمۆکی زیاتر بەهۆی ئەو هەلومەرجەی ڤایرۆسەکە هێناویەتە پێش، ئەمەش کاریگەری خراپی دەبێت بەسەر کۆرپەکە. 
لەکۆتاییدا ئەگەر سەیری وێنا گشتیەکەی ئاکامەکانی ئەم پەتایە بەسەر مرۆڤایەتی بەگشتی و بەسەر ژنان بەتایبەت بکرێت، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو پەتایە بزووتنەوەی ژنان بۆ گەیشتن بەمافەکانیان و یەکسانی لەماف لەگەڵ پیاوان، هێندەی دیکە ئەرکی گران کردوون و کۆرۆنا ئاستەنگەکان و کێشەکانی زیاتر و قووڵتر کردۆتەوە. 
بەڵام ئەم پەتایە کۆمەڵگەی بەگشتی ڕاچڵەکاند و فشارێکی گەورەی هێنا بۆ زیاتر بیرکردنەوەی خەڵک بەگشتی بۆ ئەو نابەرابەری و کارە دژە ئینسانییە ڕۆژانەیەی سیستەمی سەرمایەداریی بەگشتی دەیکات، و ئەو کەمتەرخەمیانەی مەیدانەکانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی بەتەواوی ڕیسوا کرد. بۆیە بڕوام وایە سەرەڕای ئەو ئاستەنگیانەی ئەو پەتایە هێناویەتە پێشەوە، لەبەرامبەردا بزووتنەوە ئینسانی و یەکسانیخوازەکانیشی وشیارتر و بەئاگاتر هێنایەوە و شەرمەزاری و ڕیسوایی و ڕۆڵی وێرانکاری ئەم سیستەمەی بەتەواوی ئاشکرا کرد.
خشتەی ئاماری ژنان لەچاو پیاوان لەو شوێنانەی لە هێڵی پێشەوە کار دەکەن.

*کۆبوونەوەی پەکین (چین) لە ئەیلولی ١٩٩٥، یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەوبۆنەوەی لەلایەن چەند وڵاتێکەوە بەرنامەکارێک بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانی یەکسانی و گەشەپێدان و ئاسایش بۆ هەموو ژنان لەسەرتاسەری دنیا و بۆ بەرژەوەندی هەموو مرۆڤایەتی پێشکەش کراو لە ساڵی ٢٠٠٠ بوو بە بڕیاری ١٣٢٥ی نەتەوەیەکگرتووەکان.
سەرچاوەکان:
١- ویکەپیدیا
٢- https://www.aljazeera.net/news/women/2020/5/2( سایتی الجزیرة)
٣- نەتەوەیەکگرتووەکان https://www.un.org/.../put-women-and-girls-centre-efforts...
سەرەتای ئازاری ٢٠٢١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە