جوجە پۆلیس

Sunday, 07/03/2021, 1:18

10279 بینراوە


پتر لە هەفتەیەک تێپەڕى غالب محەمەدى ئەندام پەڕلەمانى عێراق سەر بە قەوارەى هیوا لە بەرماڵەکەى خۆیدا و لەناو جەرگەى شارى سلێمانیدا و بەدورى کیلۆمەترێک کەمتر لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سلێمانى بەرچەقۆدرا لەهەوڵێکى تیرۆریستانەدا بەمەبەستى کوشتنى، تیرۆریستەکە زۆر بەئاسانى دەربازکرا بەناو ئەم هەموو دەزگا و چەکدارە جۆراو جۆرانەى یەکێتى.
 پاش ئەوە سێ پاراستنى حکومەتەکەى مەسرور لە هاوکارانى ئەو تیرۆریستە دەستگیرکران و بەپێى هەواڵەکان لەبەردەم دادوەرى تایبەتمەند دانایان بەو تۆمەتەدا ناوە، کە هاوکارى حەمیدە سورى تیرۆریست بوون بۆ کوشتنى دکتۆر غالب، بەڵام بەهەڕەشەیەکى مەسعود بارزانی یەکێتى شپرزە بوو و کەوتە لەرزە و دەمودەست ئەو سێ تیرۆریستە بەردران بەبێ ئەوەى یەکێتى هەڵوێستێکى جوامێرانەى هەبوایە و بیوتایە:
ئەوە لەدەست دادگاو یاسادایە و بریارى کۆتایی لەلاى ئەوانە، پاش بەردانى ئەو سێ تۆمەتبارەو و ڕەوانەکردنەوەیان بۆ هەولێر دادگاى سلێمانى و داواکارى گشتى ورتەیان لەخۆیان بڕیوە و سەبارەت بەم پێشێلکردنى زەق و لەبەرچاوەى یاسا و بێنرخکردنى ڕۆڵیان و لاسەنگردنى تەرازوى غیرەتیان.
 ئەوەش نمونەیەکی تر کەسیستەمى دادوەرى هەرێم بەدەست بنەماڵەى بەرزانیەوە چۆنیان بوێت ئاوەها بە بەرژەوەندى خۆیان مامڵەى پێوە ئەکەن، لەلایەک یاسا بۆ گرتن و حوکمدانى ڕۆژنامەنوس و چالاکوانانى بادینان بەکار ئەهێنن و بەقسەى خۆیان دژ بەدەستێوەردانن، بەڵام لەلایەکی تر بەبێ ئەوەى بچوکترین حورمەت بۆ یاسا دانانێن ئەگەر پیاو کوژانیان لەو دیوو دێگەڵەوە گیران.
 یەکێتى..هەتا ئێستا بالۆرەى کۆنگرەى چوارەم و گەڕانەوەى ئیرادە و بریارى سیاسى بۆ یەکێتى ئەژەنێت، بەڵام زۆر زوو ئاشکرا بوو کە ئەوە تەنها بالۆرەیەکى ڕاگەیاندنە و نان بەنرخى ڕۆژ خواردنە، یەکتى نەخاوەنى بڕیارى سیاسییە و نەئیرادەیەکى بەهێزى هەیە بەڵکو شاگردێکى بەئەمەکى پارتى زیاتر هیچیتر نیە و بە دیفاکتۆ و قبوڵنەکردنى خەڵکى دەڤەرەکە بەحوکمى بنەماڵەى بارزانی هێشتونیەتیەوە، ئەمەش زادەى ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە بەڵکو ئەوە ڕیشەى لەناو ناخى یەکێتیدا هەیە و ئەگەڕێتەوە بۆ کەلتورى تاڵەبانى و نەوشیروان و خۆ بەکەمزانینیان بەرامبەر بە مەسعود و بنەماڵەکەى، تاڵەبانى هەمیشە نەک پاساو، بەڵکو درۆى وەها شاخدارى کردووە بۆ خۆ بچوکرنەوە، وەک ئەوەی دەمێک مەلا مستەفاى لە ڕوسیا بینیوە و بوراوەتەوە، بۆ زانیاریتان قەت نە مەلا مستەفا و نە کەسیتر باسى ئەو سەردانەى نەکردووە پشتڕاستى نەکردۆتەوە، یان ئەڵێت بارزانی لاى من پیرۆز بوو، کاتى خۆى لە ژنێکى سوڵکەرى بارزانی بە دینارێک موى مەلا مستەفاى کڕیووە، نامە بۆ مەسعود ئەنێرێت و ئەڵێت لە دەرگاوە دەرم بکەیت لە پەنجەرەوە دێمە ژوورەوە، یان لە هەولێر ئەبم پەناهەندە...
 نەوشیروان مستەفا..لەسەروبەندى (ڕاپەڕین)دا نەیتوانى بەهیچ شێوەیەک بەبێ مەسعود بگەڕێتەوە، ئایا هیچ کات جورئەتى ئەوەى هەبووە حەقیەتى ئەوە بخاتە ڕوو، بێگومان نەخێر، یان ڕەخنە لەخۆى ئەگرێت کە هەڵوێستێکى دروستى لە مردنى مەلا مستەفادا نەبووە و ئەبوایە کارەساتى هەکارى لە بیر بکردایە، لە سەردەمى بزوتنەوەى گۆڕاندا تاو ناتاوێک و لەپڕێکدا لەسەرى ڕەشەوە سەرى دەرئەهێنا...ئەمیش بەئامانەتەوە کەلتورى پارتى هێنایە ناو حیزبەکەیەوە، بەڵام بەداخى بێوەفایی مەسعودەوە سەرینایەوە.هەر ئەم کەلتورەى پارتى وەها سەرى حیزبى گۆڕانى شۆڕکردووە وەکئەوەى بەدواى ئابڕویاندا بگەڕێن مەگەر لوشکە وشکى هەڤال ئەبوبەکر بەئاگایان بهێنێتەوە ئەویش بۆ فلیمێکى سینەمایی نەک بۆ دکتۆر غالبێک کەرۆژانێک لەڕیزى ئەو حیزبەدا بوە.
 مەلا بەختیارى سەردەستە و نوێنەرى ئەڵقە لەگوێى پڕۆپارتیەکان بە دکتۆر غالب ئەڵێت نەیار، بەقسەى ئەم خەڕەکەشکاوە هەرچى نەیارى پارتى بێت بە نەیارى دائەنێت و ئەڵێت:
(دۆخی كوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسیەكان، وەكو كەڵەكە بەردە، بە بچوكترین فشار دەتەپێ.چ رەوای هەقە، جارێ كێشەی بودجە لە بەغداد ماوە.موچە پچڕ پچڕ دەدرێ.هەڵبژاردنی عێراق بەڕێوەیە، كەچی لەسەر گرفتی پەرلەمانتارێك هەڵدەدێرێن؟ ).سەیرى ئەم کابرایە خاڵى لە هەموو بەها و ئەخلاقێک کەپێیوایە نابێت لەسەر هەوڵى بەئاکام نەگەییوى تیرۆرى ئینسانێک هەڵبدرێت، بە پاساوى کێشەى بوجە و هەڵبژاردن، وەک ئەوەى نەوتى کوردستان و بودجەى عێراق بەدەست دکتۆر غالبەوە بێت.
دوو بەچکەکەی مامی مردوو
 ئێستا دوو بەچکەکەى مامی مردوو زۆر بەدڵسۆزییەوە کەلتورى باوکیان ئەپارێزن و یەکێکیان مەسعود بە مام و کاریزما و ئەویتریان بووە بەسێبەرێکى دزێوى مەسرورى مەسعودە و خەریکە لە قوبادەوە ئەبێت بە مەقبود، شانازی برایم ئەحمەد کە جاران بەهۆ و بێهۆ پارتى ئەخستە ڕستەوە ئێستا پرتە و بۆڵەى نەماوە، هێشتا شۆکى فرۆشتنى زەوییەکانى بنارى گۆیژە لەلایەن برایەکى لاهورەوە بەرى نەداوە، مەگەر لەو سەردانەى بۆلاى مەسعود وەعدى قەرەبوى پێدابێت.
 هەر هەڵایەکى ڕاگەیانن و بەیاننامە و قنگەشەڕى ئیعلامى بۆ پەردەپۆشکردن و چاوبەستە و هیچ پەیوەندییەکى بەئازادى و پرسى ڕادەربرین و حوکمدراوانى بوێرى بادینانەوە نیە و هیچ پەیوەندیەکى بەدکتۆر غالبەوە نیە، بەڵکو لێدانە لەیەکێتى لەناو ماڵى خۆیدا و فشکردنەوەى ئەو باڵۆنەى کە ئەندامانى کۆنگرەى چوارەم خەریکى فووتێکردنى ببون.
 پێموایە لەساڵى ٢٠٠٩ دا بوو لەسەر داخوازى و پێداگرى کۆمەڵێک عەشایرى عەزاوى جەلال تاڵەبانى فرۆکەوانى بۆمبارانى کیمیاوى هەڵەبجە تاریق ڕەمەزانى ئازادکرد لەکاتێکدا داواکراوى دادگاى تاوانەکانى بالاى عێراق بوو، تاڵەبانى هیچ کات داواکانى مەسعودى ڕەتنەکردۆتەوە و هەمیشە و بەردەوام سازشکارێکى دۆڕاو بووە، ئێستا یەکێتیەکى بێئرادە ئەگەر مەسعودى سەرۆک خێلەکەى بەرزان داواى سێ چەقۆکێشى گیراوى لێبکات بۆچى کەلتورەکەى تاڵەبانى بەمەمنونیەوە چالاک نەکرێتەوە، وەکو پێشتر ووتومە یەکێتى شاگردێکى بۆڵەبۆڵکەرى پارتى زیاتر هیچیتر نیە و خاوەنى هیچ بڕیارێکى حکومەتى و سیاسی و شەڕ و ئاشتى نیە.

لاى خێلى بەرزان وشەى پۆلیس جنێوە، بەکەسێک ئەوترێت کەسوک و بێقیمەت بێت

 پۆلیس..لەهەر شوێنێکدا بێت تایبەتمەندە بە پاراستنى نەزم و ئاسایشى ناوخۆیی و بەربەستکردنى تاوانکارى و سۆراغى تۆمەتباران و گرتنیان و پاراستنى سەرو ماڵى هاوڵاتیان و جێبەجێکردنى ئەو ئەرکانەى یاسا و ڕێنماییەکان دیاریانکردووە، بەلام لەلاى خێلى بەرزان وشەى پۆلیس جنێوە بەکەسێک ئەوترێت کەسوک و بێقیمەت بێت، دواگەڕانەوەى مەسعود لەساڵى ١٩٩١ وە لە دێی دۆرێ و ناوچەى بەرزان ئەوکاتە وتویەتى : (ناهێڵم شەر و ئاشتى بەدەستى جوجە پۆلیس بێت )،
ئەگەر یەکێتى ئەوکاتەى بە جوجە (بەچکە) ناوبردبێت، ئەبێت ئەمانەى ئێستا زەڕنەقوتە بن، جیکە جیکى زەڕنەقوتەش داواى پڕپۆڵەکردنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە