دادگا و دادگایکردن لەهەرێمی کوردستاندا شانۆگەرییەکی گاڵتەجاڕییە

Tuesday, 09/03/2021, 1:42

9801 بینراوە


یاسا لەکۆمەڵێک ڕێسا و بنەمای گشتی پێکھاتووە، بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا جێ بەجێ دەکرێت بۆ ڕێکخستنی ژیانیان. دیارە لەدێر زەمانەوە مرۆڤ خەونی بەژیانێکی یەکسان و دادپەروەرەوە بینیوە، دەبینین فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لەکۆمەڵگە جیاوازەکاندا بۆ ڕێکخستنی ژیانی تاکەکان و بۆ بەدیھێنان و دابینکردنی ژیانێکی ھاوسەنگ و دوور لەچەوساندنەوە و دەست درێژی کردنی تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ سەر یەکتر، ھەوڵیانداوە کۆمەڵێک بڕیار و فەرمان دەربکەن، کە شوێنی یاسایان گرتووەتەوە، ئەگەرچی ئەم یاسایانە بەراوورد بە سەردەمی ئێستا دواکەوتوو و ناتەواون، بەڵام بۆ سەردەم و زەمانی خۆیان و بۆ ژیانی ئەوکات وەرچەرخانێکی مەزن و داھێنانێکی نوێ بووە بۆ ڕێکخستنی ژیانی خەڵکی.
دیارە یەکسان بوونی تاکەکانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر یاسادا، بنەما و بنچینەی دەسەڵاتێکی دادپەروەرە، جا دەوڵەمەند بیت یان ھەژار، لە نەتەوەی زۆرینە بیت یان کەمینە، لەزۆرینەی ئاینی بیت یان کەمینەی ئاینی، ھاوپەیمانی دەسەڵات بیت یان ڕکابەری دەسەڵات، گرنگ نییە، یاسا بۆ هەمووان وەک یەکە و بەیەکچاو سەیری ھاوڵاتیان دەکات و بەیەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دیارە یەکسانی مامەڵەی یاسا لەگەڵ ھاوڵاتیاندا ژیانێکی ئارام و پڕ لەئاسایش بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە دێنێتەکایەوە، دەبێتە ھۆکارێک بۆئەوەی تاک خۆی خۆشبوێ، ھەروەھا خاک و نیشتیمان و ووڵاتیشی خۆشبوێت. بەپێچەوانەوە کاتێک یاسا بۆ بەرژەوەندی چەند دەستە و تاقمێک بەکاردەھێنرێت و بڕیارەکانی دادگا و دادوەران بۆ ھێشتنەوە و بەھێزکردنی پێگە و ھەیمەنەی ئەوان دەبن، ئەوە ئەوکاتە کۆمەڵگە دابەش دەبێت و لێک دەترازێت، پشێوی و نائارامی و نائاسودەیی باڵ بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا دەکێشێت.
وەکو ئاشکرایە دادگاکان لەھەرێمی کوردستان دەزگای حیزبین، وەک ھەموو دامو دەزگاکانی تری حکومەت، دادوەر و کارمەندانی دادگاکانیش لەسەر بنەمای حیزبی دامەزراون و پلەو پایەیان پێدراوە، بۆیە دەبینین دادگا و بڕیاری دادوەرەکان لەخزمەتی ھەردوو حیزب و بنەماڵەی دەسەڵات دەردەچن. دەبینین خۆیان (جووت حیزب) بازرگانی لەگەڵ داعش دەکەن.. ئاساییە، خیانەت دەکەن و دەستی دوژمن ڕادەکێشن بۆ ئەتککردنی نیشتیمان.. ئاساییە، پارەی دەروازە سنوورییەکان دەخۆن.. ئاساییە، مووچەی فەرمانبەران بەناوی لێبڕینەوە دەدزن.. ئاساییە، بەڵام ھەر کەسێک بەئازادی ڕای خۆی دەرببڕێت و باسی گەندەڵی و بیری نەوت و فەزاحەتەکانی دەسەڵات بکات، دەبردرێتە بەردەم دادگا، دادوەرە دەم چەورکراوەکان دێن و لەشانۆگەرییەکی گاڵتەجاڕیدا، دەیان تاوانی بەسەردا دەسەپێنن، لەخەمخۆری خاک و نیشتیمان و گەلەوە، یان وەک شیروان شێروانی و ھاوڕێکانی دەیکەنە سیخوڕی بێگانە، یان وەک سەردەشت عوسمان دەیکەنە تیرۆریست.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتدارانی کورد پێشەنگن لە پێشێلکردن و ناشرین کردنی یاسادا، یاسا لەبنەمادا بۆ ڕێکخستنی ژیانی گشتی ھاتووەتەکایەوە، بەڵام ئەمان بۆ تێکدانی ژیانی گشتی و لێکترازانی کۆمەڵگە و لەناوبردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاری دەھێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە